راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستان PAK سەبارەت بە هێرشی هاژەکی و درۆنیی ئێران

راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
سەبارەت بە هێرشی هاژەکی و درۆنیی ئێران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردیی، ٢١ی ژانویەی ٢٠٢٦ زاینیی، جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بارەگایەکی سپای میللیی کوردستانی بۆ جاری چەندەم، بەر پەلاماری هاژەکیی و درۆنی دا.
بە داخی گرانەوە لەم پەلامارە ترسەنۆکانەیەدا، هەڤاڵ مزەفەر محەممەدزادە، ناسراو بە نەبەز، ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان و ئەندامی یەکەی لۆجستیکی سپای میللیی کوردستان، گیانی بەخت کرد و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی ڕاپەڕینی بەفرانباری کوردستانەوە.
ئەگەرچی شەهید بوونی خەڵک و هەڤاڵانمان لە سەر شەقامەکانی نیشتمان و لەسەنگەری پڕ شکۆی پێشمەرگەدا، دڵتەزێن و کەسەرهێنە، بەڵام دوژمنی داگیرکەر دڵنیا دەکەین ڕۆڵەکانی کوردستان هەرگیز بە پەلامار و زەبروزەنگی ئەوان بەچۆکدا نایەن و رێگای ڕاماڵینی ئەوان و ئەستاندنی سەربەخۆیی پڕ ڕێبوارتر دەبێت.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ ک
٢١ ی ژانویەی ٢٠٢٦ ز


شەهید محەممەدساڵح محەممەدی ناسراو بە نەبەز
شەهید محەممەدساڵح محەممەدی ناسراو بە نەبەز

راگەیەندراوی فەرماندەیی سپای میللیی کوردستانPAK

کوردستانیانی ڕاهاتوو بە خەبات و خۆڕاگریی!

هاوکات لە گەڵ ڕاپەڕینی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان و گیانبازیی هەڤاڵەکانمان لە سەرشەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو و بەرەنگاریی ڕۆڵەکانی کوردستان لە ڕۆژاوای نیشتمان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، لە هەنگاوێکی ترسەنۆکانەی بێ بەهادا، بنکە و بارەگاکانی سپای میللیی کوردستانی بەر زنجیرەیەک پەلاماری هاژەکیی و درۆنی دا.
لەم پەلامارەدا، هەڤاڵ موزەفەر محەممەدزادە ناسراو بە نەبەز، ئەندامی یەکەی لۆجستیکی سپای میللیی کوردستان، گیانی بەختی ڕێگای پڕ شانازیی سەربەخۆیی کوردستان کرد و هەڤاڵێکی دیکەش بریندار بوو.
ئەمە یەکەمجار نییە کە تاران پێیوایە بە درۆن و هاژەک دەتوانێ ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی کوردستان، ئەوانەی ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و نەبەردی پردێیان تۆمار کرد، لە سەنگەری پاراستنی نیشتمان و ڕێگای خەبات لە پێناو ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان لابدات. تاران دەبوو دەرس وەربگرێت کە هەر دڵۆپەخوێنی پێشمەرگەیەکی ئەم لەشکرە دەبێتە وزە و گوڕ و تینی بەردەوامیی و هێزی زیاتر و گیانبازیی لە پانتایی و بەستێنی فراوانتردا. تاران دەبێ باش بزانێ بە شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەک دەیان لاوی کورد بۆ هەڵگرتنەوەی چەکەکەی ڕوو لە سەنگەرەکەی دەکەن و بەهای پێشمەرگە بوون و باوەڕی ڕزگاریی کوردستان جار لە گەڵ جار بەرهەم دێتەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی هەڤاڵ موزەفەر و شەهیدانی ڕاپەڕینی بەفرانبار

شەکاوە بێ، ئاڵای ڕاپەڕین و بەرخۆدانی کوردستان

سپای میللیی کوردستان
فەرماندەیی گشتیی

١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ ک
٢١ی ژانویەی ٢٠٢٦ ز