پوختەی سیناریۆی کوشتارە چەند هەزار کەسییەکەی ڕۆژانی ڕابردوو . قادر وریا

پوختەی سیناریۆی کوشتارە چەند هەزار کەسییەکەی ڕۆژانی ڕابردوو
قادر وریا ٢٠٢٦/١/١٣
ئاماژە:
بە بڵاوبوونەوەی بەرە بەرەی پەیامە دەنگییەکان، کورتە ڤیدیۆکان، زانیاریی جۆراوجۆر کە لە خەڵکی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دەگەن، هەروەها بە یارمەتیی لێدوان و دژکردەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم و بەرنامە و بابەتی تەلەڤزیۆن و ڕاگەیەنەکانیان لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا، خەریکە هەیکەل و چۆنێتیی سیناریۆی ئەو کوشتارە بە کۆمەڵەی لە شەوی پێنج شەمە لەسەر هەینی، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو و شەو و ڕۆژێک دواتردا لە خەڵکی ڕاپەریوی ئێران کراوە، هەتا ڕادەیەک دەردەکەوێ.
قۆناغی یەکەمی سینارێۆکە:
سیناریۆی کوشتاری ئەو خەڵکە بە داخستنی ئەنترنێت و تەیارکردن و جێگیرکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی سەر بە ڕێژیم، لە مزگەوتەکان، بنکەکانی بەسیج ماڵ و کۆڵان و شوێنەکانی نزیک بە بنکە و ناوەندە حکوومەتییەکان دەستی پێکردووە.
ئەو هیزانە فەرمانیان پێدراوە و دەستیان ئاوەڵا کراوە بۆ کوشتاری بێ پەروایانەی خۆپێشاندەران و خەڵکی ڕاپەڕیوی دەستبەتاڵ.
هاوکات بۆ دنەدانی لایەنگرانی ڕێژیم و هێنانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو ، هەوەها بۆ فریوان و بەهەڵە بردنی دنیای دەرەوە، بەکرێگیراوانی خۆیان لە ڕواڵەتی خۆپێشاندەراندا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی وەک مزگەوت سووتاندن، لەنێوبردنێ کەلوپەلی گشتی، سووتاندن و فڕێدانی قورئان و…ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی لە لایەک خۆپێشاندەران وەک تاوانبار پێشان بدەن، لەلایەکی دیکە بیانوویان بۆ زۆرترین کوشتار دابین کردبێت.
بەم جۆرە لە هەر شارێک، کە خەڵکی ڕاپەڕیو نەکشاوەتەوە و لەسەر خۆپێشاندان بەردەوام بووە، بێ بەزەییانە و بێ پەروایانە، بە ئامانجی نەجاتدانی ڕێژیمەکەیان لە ڕووخان، لێیان کوشتوون.
وادیارە خەڵکی ڕاپەڕیوی دەست بەتاڵ لە ژمارەیەک لە شارەکان، هەم ژمارەیان یەکجار زۆر بووە، هەم لەسەر خۆپێشاندان و مانەوە لە شەقام بە توندی پێداگر بوون، ئەمەش وای کردووەژمارەی کوژراو و بریندار یەکجار زۆر بێت.
قۆناغی دووهەمی سینارێۆکە:
دوای ئەو کوشتارە بێ وێنەیە، قوناغی دووهەمی سیناریۆکە بەڕێوە چووە. کە بریتی بووە لە کۆ کردنەوەی تەرمی کوژراوەکان لە ساردخانەکان، مزگەوتەکان ئەویش بەوناوە کە ئەمانە خەڵکی ئاسایی و بێگوناحن کە بە دەست “تێرۆریستە چەکدار ۆ “اغتشاشگر”ەکانی سەر بە ترامپ و ئیسڕائیل کوژراون.
خۆپێشاندەرانی برینداریشیان کۆ کردووەتەوە و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش دەریان هێناون، ئەوانیشیان کوشتووە، کوشتنی ئەوانیشیان بە ئەستۆی “تێرۆریستەکان”دا هێناوە، تا لە لایەک کەس لەوان زیندوو نەمێنێت کە دواتر شایەدی لەسەر کوشتارەکە بدات، لەلایەکی دیکە ئەوەندەی دیکە “تێرۆریستە بەکرێگیراو و ئاژاوەچییەکان” بەدناو و دڕندە بە دنیا بناسێنن.
قۆناغی سێهەمی سینارێۆکە:
لە قۆناغی سێهم یان کۆتاییدا کۆگا کۆگا تەرمی کوژراوەکان خستووەتە بەردەستی کەسوکاریان. نیگەرانی ئەوەش نین بکەونە بەرچاوێ ڕاگەیەنەکانی جیهان. چونکە بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، ئەو هەزاران یان دەیان هەزار کەسە، خەڵکی بێتاوان و ئاسایی وتەنانەت سەر بە نیزامن کە بەهۆی “اغتشاشگران” و تێرۆریستانی بەکرێگیراوی ترامپ و ئیسڕائیل کوژراون. ئەو خەڵکەش کە دەزانن ڕاستیی مەسەلەکە چۆنە، بە دیتنی تەرمی ئەو هەزاران لاو و مێرمنداڵە کە بە دەستی ڕێژیم کوژراون، تەمبێ و عیبرەت گرتوو دەبن و جارێکی دیکەبیر لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕین و ڕووخاندنی ڕێژیم ناکەنەوە.
ئەوە کە ڕێژیم هەروا لەسەر پچڕاندنی ئەنترنێت بەرودەوامە؛ ئەوە کە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی بە ڕواڵەت بۆ ئەو هەمووە کوژراوەی دەستی “اغتشاشگران” ڕاگەیاندووە؛ ئەوە کە عەباس عێراقچی، سەفیرانی ئورووپایی لە تارانی بانگ کردبوو تا ڤیدیۆی بە پێی ئەم سیناریۆیە ئامادەکراوەیان پێشان بدا؛ ئەوە کە بەڕێوەبەرانی ڕێژیم، لایەنگرانی نیزامیان لە ڕۆژانی ماتەمینیی گشتیدا هێنایە شەقام تا ورەی خۆیان و هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆیان کەمێک پێ بەرز بکەنەوە و… هتد، هەمووی بۆ جێخستنی ڕیوایەتێکە کە بۆ پاساودانی ئەم کوشتارە بێ وێنەیەی خەڵکی ئێران، دەیانەوێ دنیای دەرەوەی پێ فریوبدەن و لێکەوتە دەرەکییەکانی ئەم کوشتارە، ئەوەندە توند نەبێت کە ڕووخانیان خێراتر بکات.
(٭) ئەمەی نووسیومە بەرداشتی منە لە ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژە. سپاستان دەکەم ئەگەر ئێوەش لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییە پێوەندیدارەکاندا یارمەتیدەرم بن.