شێعری “پڕشنگی ئاوات” هۆنینەوەی شێعر: عەلی حەسەنیانی (هاوار)
شێعری “پڕشنگی ئاوات”
هۆنینەوەی شێعر: عەلی حەسەنیانی (هاوار)
ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٦٠
٢٥ی گەلاوێژی ١٣٥٨ (١٦ی ئوتی ١٩٧٩)
ئەوەی وریا ، بوێر ، ئازا و بە جەرگە
ئەوەی دوژمن لە ئاستی ناگرێ بەرگە
ئەوەی ئاگای لە دەردی نیشتمانە
ئەوەی پارێزەری پاوانی مانە
ئەوە کێیە؟ هەڵۆی سەرما و زەردە
ئەوە پێشمەرگەیە، مەردی نەبەردە
کە گیانی خۆی لە ڕێی گەلدا دەبەخشی
بە خوێنی ئاڵی کوردستان دەنەخشی
بژی پێشمەرگە، ئەی پڕشنگی ئاوات
بژی پێشمەرگەکەی حیزبی دێموکرات
گەلی کوردی هەمووی چاوی لە تۆیە
لە تۆوە نیشتمانم سەربەخۆیە
ژیانت بێ شکان و بێ بەدی بێ
بە ئاواتم کە ئاواتت وەدی بێ