کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین کاک مەلا عەلی ئیبراهیمی

لە ڕاستەوە: حەمەڕەسووڵ کەریمی، خاتوو ڕابی هاوسەری کاک مەلا عەلی، نەمر کۆچکردوو کاک مەلا عەلی ئیبراهیمی
لە ڕاستەوە: حەمەڕەسووڵ کەریمی، خاتوو ڕابی هاوسەری کاک مەلا عەلی، نەمر کۆچکردوو کاک مەلا عەلی ئیبراهیمی

کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین کاک مەلا عەلی ئیبراهیمی
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە تێکۆشەری دێرین، کادری ماندوویینەناسی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و ئەندامی لە مێژینەی دێموکرات، کاک عەلی ئیبراهیمی، ناسراو بە مەلا عەلی باییزی ئامانێ، خەڵکی گوندی پاشبەرد لە ناوچەی ڕەبەت، پاش تەمەنێک خزمەت بە گەل و نیشتمان و دوای نەخۆشییەکی بێ چارەسەر لە تەمەنی ٧٤ ساڵی دا لە ڕێکەوتی ٠٨ـ١٢ـ٢٠٢٥ ی زائینی لە شاری ڕانیە کۆچی دوایی کرد.
بنەماڵەی باییزی ئامانێ یەکێک لەو بنەماڵە دیار و تێکۆشەرانەی ناوچەی ڕەبەتن کە لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا، هەر لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانەوە، تا ئەمڕۆ لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان دابوون، ئەو بنەماڵە شۆڕشگێرە، قۆناخ بە قۆناخ، قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵیوە و چەکی شۆڕشیان وەک شۆڕشگێر بە شان دا کردووە و بوونە پێشەنگ و بوونە جێگەی متمانەی حیزبی دێموکرات و خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان.
لە ساڵانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە، مام خدری بایزی ئامانێ و چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان وەک پاڵپشتی شۆڕش و ئەندامی حیزب لەگەڵ تێکۆشەرانی وەک شەهیدان مەلا ئاوارە، سولێمان و عەوڵا موعینی و مینەشەم لە پەیوەندی دابوون و هەردەم وەک پشتیوانی بزووتنەوە هەم وەک پێشمەرگە و هەمیش وەک ئەندامی حیزب خزمەتیان بە جووڵانەوەی ساڵانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ی هەتاوی کردووە و لەگەڵ یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە گشتی چەندین کەس لەو بنەماڵەیە تێکەڵ بە شۆڕش و پێشمەرگایەتی بوون و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا وەک پێشمەرگە خزمەتیان کرد و لە پێناو ئازادی کوردستان دا چەندین شەهیدی پایەبەرزیان پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە.
یەکێک لەو کەسانەی بنەماڵەی باییزی ئامانێ، کاک مەلا عەلی پاشبەردی بوو، ناوبراو ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی چەکی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و زۆر زوو دەبێتە یەکێک لە سیما و ڕووخسارە دیارەکانی نێو شۆڕش و دواتر پلەی کادری سیاسی و تەشکیلاتی و کۆمەڵایەتی لە کۆمیتە شارستانی ڕەبەت وەر دەگرێ ، کاک مەلا عەلی وەک کادرێکی هەڵسوور و چالاک لە نێو جەرگەی خەبات و تێکۆشان دا، لە هێزی مینەشەم و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت دا خزمەت دەکا و لە دەیان عەمەلیاتی نیزامی بە دژی هێزی زۆر و بۆری ڕژێم دا بە پێی توانای خۆی بەشداری دەکا.
کاک مەلا عەلی کادرێکی پێگەیشتوو، پێشمەرگەیەکی جێگەی باوەڕی خەڵکی ناوچە و حیزبی دێموکرات بوو، بە لێوەشاوەیی خۆی، بە هۆی شارەزایی لە کار و ئەرکی ڕێکخراوەیی دا زۆر زوو توانی وەک مرۆڤێکی تێکۆشەر، لە چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دا، ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ و ببێتە کەسێک کە هەموو کات لە نێو توێژی، ڕیش سپی و گەورە پیاوانی گوندەکان دا ڕێزی لێبگیرێ. مەلا عەلی لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشان دا بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەی جۆاوجۆری کۆمەڵایەتی وەک مرۆڤێکی شارەزا دەچێتە نێو قوڵایی ناوچە و بە بێ ترس و خۆف لە نێو جەرگەی دەیان مۆڵگە و پایەگا و پادگانی دوژمن دا سەردانی گوندەکان دەکا و جیا لە کاری ڕێکخراوەیی، هاوکات کارە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕادەپەڕێنێ.
لە ڕۆژانی سەختی خەبات دا، کاک مەلا عەلی وەک تیمی تەشکیلاتی گوند و مووچە و مەزرا و هەوار و کوێستان و پێدەشتەکان دەگەڕا و وەک کادرێکی بە ئەزموون دژی کۆماری ئیسلامی خەباتی دەکرد و زۆرجار وێرای کادر و پێشمەرگەکانیش لە بەرەکانی شەڕدا بەشداری دەکرد و لە دابین کردنی کەل و پەل و شتوومەکی پێشمەرگە، بۆ بەرەکانی شەڕ و هەروەها پەیدا کردنی پێداویستیەکانی پێشمەرگە زەحمەتێکی زۆری دەکێشا.
کاک مەلا عەلی لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە یەکێک لە شەڕەکانی ناوچەی ڕەبەت لە کوێستانەکانی نێوان گاگەش و گەرۆر دا زۆر بە تووندی بریندار دەبێ و دواتر بە هۆی سەختی برینەکانی و بۆ چارەسەری زامەکانی، چەندین مانگ و ساڵ لە هاتووچۆی نەخۆشخانە دا دەبێ.
بەداخەوە بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی دواتر نەیتوانی وەک ساڵانی پێشوو لە نێو خەڵکی ناوچەدا هەڵسووڕانی هەبێ، بەڵام لەم قۆناخەش دا زۆر خەمخۆرانە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، پەیوەندی تەشکیلاتی لەگەل خۆی هەبوو و لە مەئموریەتەکانی دیکەی کۆمیتە شارستان، لە نێو بنکە و بارەگاکانی حیزب و هەروەها لە شوێنەکانی دوورتر بەشداری دەکرد، مخابن بە هۆی ئازاری زۆری زامەکانی، لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕووی لە هەندەران کرد و لە ئەمریکا ژیانێکی دیکەی دەست پێکرد و لەوێش وەک ئەندامێکی حیزبی دیسان خزمەتی خۆی دەست پێکردەوە و تا کاتی ماڵئاوایی هەروا دڵسۆز بە خاک و نیشتمان و حیزبەکەی کاری کرد.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا بە هۆی نەخؤشی شێرپەنجە ژیانی یەکجار پڕ لە ئازار بوو، دوای ئەوە دوکتوورەکان لێی بێ هێوا بوون، کاک مەلا عەلی، دڵ پڕ لە هیوا، کە ژیانی خۆی بۆ ئازادی کوردستان تەرخان کرد بوو، بڕیاری دا کە دوایین نیگاکانی هەر لە خۆر و ئاو و ئاسمان و خاکی نیشتمان بێ و بۆیە ماوەیەک پێش ئێستا گەڕایەوە باشووری کوردستان و دوایین ساتەکانی ژیانی لە چاوەڕوانی مردن دا لە نیشتمان و زێدی کوردان بەڕێ کرد، بەداخەوە کاک مەلا عەلی بە بێ ئەوەی ئازادی پیرەوڵات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببینێ، وەک چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی گیانی کردە پردەبازی ئازادی و چاوە پڕ لە هیواکانی بۆ هەمیشە لێکنا و ماڵئاوایی یەکجاری لە گشت لایەک کرد.
شایانی باسە کە لە بنەماڵەی باییزی ئامانێ دا، چەندین کوڕیان بوونە پێشمەرگە و لە ڕێگەی ئازادی دا گیانیان پێشکەش بە نیشتمان کرد، شەهیدانی سەربەرز، شەهید ڕەسووڵ ئاوارە، شەهید خالید پاشبەردی و هەروەها نەمرانی سەربەرز ڕزگار ئیبراهیمی و هونەرمەندی بە توانای گەلەکەمان کاک سمایل سەردەشتی و تێکۆشەرانی دێرین کاک مەلا عەلی و مام خدر لە کەسە دیارەکانی ئەو بنەماڵەیەن کە گیانیان بەخشیوە بە نیشتمان.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مەلا عەلی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی باییزی ئامانێ، لە هاوسەری ژیانی و لە کوڕ و کچ و برا و خوشک و گشت خزمانیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەروەها لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی ناوچەی ڕەبەت و کوردستان دەکەم.
ڕووحی شاد و ڕێگەی خەبات و تێکؤشانی پڕ ڕێبوار بێ.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٨ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٥ی زائینی