خاوەنی کۆڕی سروودی چوار چرا، محەممەد نەقشبەندی ” میرۆ پیران “. سەید عەلی هاشمی
خاوەنی کۆڕی سروودی چوار چرا، محەممەد نەقشبەندی ” میرۆ پیران “
سەید عەلی هاشمی
مێژووی هەرنەتەوەیەک پڕە لە کەسانی فیداکار ، کە لەرۆژانی سەختی خەبات بۆ ڕزگاری نیشتمان هاتوونەتە نێو ڕیزی شۆڕشگێڕان و گیان بەخت کەران و بوونەتە بەشێک لە کاکڵەی ئەو خەباتە. ئەو کەسانە لە ناو مەتەرێزی کوردایەتیدا بە پێنووس، بە خوێندنەوەی سروودی دوژمن شکێنی ” چوار چرا” لە مەیدانی شەرەفدا سینگی خۆیان کردۆتە قەڵغان لەڕووبەڕووی داگیرکەرانی کوردستان دا، هەرگیز چۆکیان بۆ دوژمن
دانەداوە، بە پێنووس و شیعر و هونەر، وەک پێشمەرگەیەکی ناو مەتەرێزی شەڕەف لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازی ئەو نەتەوەیان بۆ نەسلی دوای خۆیان بەجێ هێشتوە.
یەکێک لەو ڕووناک بیرانە ڕێزدار محەممەد نەقشبەندی (میرۆ پیران) لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ی زایینی دا رەوانەی کەمپی پەنابەرانی” الطاش ” لە رۆژئاوای شاری بەغداد کراوە. بە هۆی دۆخی دژواری ژیانی کەمپ و دوورە وڵاتییەوە ناوبراو لە بەهاری هەمان ساڵ دا دەستی داوەتە پیشەی مامۆستایەتی و قوتابخانەیەکی بە نێوی قوتابخانەی خاکەلێوە کردۆتەوە، ناوبراو ناوی خاکەلێوەی لە بەر چەند هۆکار بۆ قوتابخانەکەی هەڵبژاردوە: – یەکەم، پێشەوای نەمر قازی محەممەد لە رۆژی ١٠ خاکەلێوە دا شەهید کراوە. – دووەم، خاکەلێوە نێوی یەکەم مانگی ساڵ و هێمای بەهار و ژیانەوەی سرووشتی کوردستانە، لەمانگی خاکەلێوەدا زەوی دەژێتەوە و دووبارە گیا شین دەبێتەوە، مەڕوو ماڵات بەلێوەکانیان چێژ لە تامی چوزەی گیای تازە شین بوو وەردەگرن. – سێهەم، خاکەلێوە ناوێکی کوردی بوو کە دیارە لەو سەردەمەدا قوتابخانەکان زیاتر بە ناوی مامۆستاکانیانەوە دەناسران.
مامۆستا محەممەد لە نێو کەمپەکەدا لە بەر هۆگری زۆری بۆ مێژوو و ئەدەبی کوردی بەشێک لە کاتەکانی خۆیی بە خوێندنەوەی کتێبی مێژوویی، شیعر و هونەر و بەرهەمی شاعیرە ناودارەکانی کوردەوە تەرخان دەکرد. بۆ ئەوەی کۆڕێکی نیشتمانی جیاوازی پەروەردە کردبێ، دەستی دایە کاری هونەری شؤڕشگێڕانە و ئەو بابەتەی وەک وانەیەکی تایبەت بە بابەتەکانی قوتابخانەکەی زیاد کردوە، ناوبراو کۆڕێکی سروودی بە نێوی کۆڕی سروودی ” چوارچرا ” دامەزراند کە ئەویش لە بەر سۆزی بۆ بوێری وچاونەترسی و لە خۆ بوردوویی پێشەوای شەهید قازی محەممەد بووە، کە لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد دا لە سێدارە درا.
هەنگاوێکی گرینگی دیکەی ناوبراو ئەوە بوو کە سەرجەم ئەندامانی کۆڕەکەی لە کچان پێک هێنابوو. دیارە دژواری ژیانی ناو کەمپ و باری کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە کۆسپ بوون بۆ ئەوەی کچانیش بتوانن شان بە شانی کوڕان لە کاری هونەری و کۆمەڵایەتی و قوتابخانەکان دا چالاک بن، ئەو هەوڵەی مامۆستا محەمەدیش بە یارمەتی و پشتگری دڵسۆزان، ئەو بەستەڵەکەی سەر ڕێگایان شکاند و تواندەوە و ڕێچکە شکێن بوو کەکچانیش بێنە ناو کۆڕی خەبات و تێکۆشان.
. لە ساڵی ١٩٨٩ دا کۆی بەرهەمەکانی کۆڕی سروودی چوارچرا گەیشتە ٢٤ ئاوازی شؤڕشگێڕی. مامۆستا محەممەد پاشان بۆ تۆماکردنی بەرهەمەکان پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حیزبی دیموکرات لە شارەکانی بەغدا و سولێمانییەوە دەکات، ئەوانیش بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە کارەکانی کرد و بابەتەکەیان رەوانەی کۆڕی هونەری حیزبی دیموکرات لە قەندیل کرد، دوای لێکۆڵینەوەی هونەری لە کارەکانی، داخوازیەکەی رەوانەی کومیسیۆنی پەیوەندییەکانی حزب و سەرئەنجام دەفتەری سکرتێری گشتی حیزب دوکتۆر قاسملوو کرا. دوکتۆر قاسملوو وێرای پشتیوانی گەرم لە کارەکانی بەڵێنی ئەوەی دابوو کە پاش ئەوەی لە سەفەری دەرەوەی وڵات بگەڕێتەوە ئیمکاناتی پێویست و کار هاسانی بۆ ئەو کۆڕەکە بکات.
دوای ماوەیەکی کورت هەواڵی شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو لە دەرەوەی وڵات بڵاو کرایەوە. ئەو هەواڵە دڵتەزێنەش کاریگەرترین هەواڵی ناخۆشی ژیانی هەر نیشتمان پەروەرێک بوو، کارەساتی لە دەستدانی دوکتۆر قاسملوو تەواوی روح و جەستە و بیر و هۆشی هەر کەسێکی دڵسۆزی نیشتمانی، بە فرمێسک و هەنیسک(نزگەرە) و هەناسەی سارد بۆ رەنجەڕۆیی نەتەوەکەی کردە دیارییەکی تاڵ. دوکتۆر قاسملوو رێبەرێکی زانا و دانا لە بواری ئاکادیمی، بلیمەت و کاریزماتیک لە مەیدانی سیاسەت و دیپلۆماسی دا بوو، لە خەباتی نەتەوەیی کورد و پەیوەندی نێودەوڵەتی دا کەم وێنە بوو. دوکتۆر قاسملوو رۆڵ و کاریگەرییەکی بەر فراوانی بۆ بزوتنەوەی هەموو کورد لە چوارپارچەی کوردوستان دا هەبوو. بۆیە لە دەست دانیشی کارەسات و ئەنفالێکی دیکە بوو بۆ نەتەوەکەمان.
بەو هۆیەوە مامۆستا محەممەد شیوەنی لە دەستدانی ئەو رێبەرە گەورەیەی لە ڕێگای هۆنینەوەی شیعرێک و دانانی ئاوازێک بە ناوی ” ئەی مامۆستای مەزن و زانا ” دەربڕی. سروودی ئەی مامۆستا، هەر زۆر زوو بوو بە وێردی زمانی گەورە و بچووک، بوو بە سەمفۆنیایەکی پڕ لە جۆش و خرۆش، تێکەڵ بە ناڵەی ئای ئایی گەرمیان، چریکەی سیاچەمانە و، کۆڕی زیکر و زایەڵەی دەفی پیرشالیار، هۆرەیەکی ئاهورایی، ڕمەی دەهۆڵ و چەمەرانی و هاواری وەی وەی و ڕۆ ڕۆی ئیلام و کرماشان، سۆزی حەیران و دەلالۆ و لێ لێ و لۆلۆی هەولێر و موکریان و، دێهکانی قاڕنێ و قهڵاتان و سۆفیان، کولیج و سهرووکانی و ئیندرقاش، وسووکهند و خانهگی و حهڵبو کۆیک ،کهرێزه و دیلانچهرخ و شەهید مامۆستا مهلا سهید حوسێن هاشمی گوندی سۆفیان، هەنیسکی شمشاڵە مەلوول و ناخ هەژێنەکەی قالەمەڕە ، بۆ لە دەستدانی مامۆستا و ڕێبەر، سەرداری شؤڕەسوار و هەڵکەوتووی مێژوو، دوکتور قاسملووی کورد.
لە دەستدانی قاسملووی ڕێبەر گشت گوند و گرد و، شاخ و بەرد و، دۆڵ و هەرد و، دەشت و مێرگی کوردستانی تازیەبار کرد، ئاسمان یەخەی دادڕی، هەتاو گڕی گرت، زریان بە دەم ژان و هاوارەوە دەیقیژاند، زەریا بوو بە هەڵم و هەور فرمێسکی خەمی داڕشت. لەکاتی ئەو برینە بەژانەدا ئەو هەڵوێستەی مامۆستا محەممەد و دانانی ئەو سروودە، کەمێک سوکنایی بە دڵی پڕ لەژانی کچ و کوڕان و هەموو چینو توێژەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا و زیاتر هاندەر بوو کە قوتابیانی ڕێبازی د. قاسملوو، سوورترو شێلگیرتر ئەو ڕێبازە بپێون و درێژەی پێ بدەن.، کە ئێستاش دەیبینین.
دوژمن پێ وابوو بە لەناوبردنی دوکتۆر قاسملوو خەڵکی کورد بەچۆک دادێنێ. هەڵەبوون،خەیاڵیان خاوبوو، قاسملوو رێبازێکە کە بە لە دەست دانی یەک تاکی کورد لە نێو ناچێ، هەروەک چۆن شەهید کردنی سمکۆی شکاک، شێخ سەعیدی پیران، سەید رەزای دێرسیم، پێشەوا قازی محەمەد و زۆر کەڵەڕێبەری دیکە ،دوژمن نەیتوانی کورد بتوێنیتەوە لەبەینی بەرێ، کەوابوو بەشەهید کردنی د. قاسملووش ئاوری مەشخەڵی خەبات بۆ رەزگاری نئشتمان، نەک کز بوو، بەڵکوو بەتین تربوو.
چل ساڵ دوای شەهید بوونی قاسملوو و هاوڕێکانی، مەشق و بیرۆکەکانیان ڕێکارە و چرایەکی ڕووناکە بۆ ڕێگا و ڕێبازی خەڵکی کوردستان و پاڵنەرێکە بۆ یەکگرتوویی و یەکێیەتی، ئەو پەیامە نەتەوەیی و ئینسانیەی کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕات نیشانەیان کردوە، لە ناخی کۆمەڵگادا زیندووە و بە کارە هونەری و ڕۆشنبیریەکان بەردەوام دەبێ.
ئەلێرەش جێی خۆیەتی کە باسی گەورەیی(وەک مامۆستا موحەممەد خۆی وتەنی) حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەین، کە زۆر یارمەتی مامۆستا محەممەدی دا بەهاوکاری بنەماڵەکان. بەڵام ئەوەی کەسانی وەک مامۆستا محەمەد بێنە پێشەوە و توانیان کارێکی وا بکەن، جێی سەرسوڕمان نییە بەو پێیەی حیزبێکی ئەوها مەلەف سپی هەبووە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەباشی دامەزراوە و ئیلهامبەخشی هەزاران کەس بووە بۆ بیرکردنەوە لە خاک و زێدی خۆیان و گەلەکەیاندا.
سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکرات و شانازی بۆ مامۆستا محەممەد، بۆ کارەکانی لە ساڵانی سەختی پەنابەریدا.
سڵاو لە گیانی پاکی قازی و قاسملوو شەڕەفکەندی و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٥/١١/٣٠