ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆنگرەی ٥ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی ژنانی پێشەنگ)
ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆنگرەی ٥ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی ژنانی پێشەنگ)
ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتی ژنان!
سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بە بەشداری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کۆنفڕانسەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان و هەروەها دەستەی بەڕێوەبەری پێشووی ڕێکخراو، کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتی ژنان(کۆنگرەی ژنانی پێشەنگ) بە دروشمی؛ “پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا دەکەینە هەوێنی خەبات و تێکۆشانمان” بەڕێوەچوو و لە کۆتاییەکانی شەوی هەمان ڕێکەوتدا، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
” کۆنگرەی ژنانی پێشەنگ” لە دەسپێکی کارەکانیەوە تا ڕاگەیاندنی کۆتایی، لە کەش و هەوایەکی دێموکراتیکدا بەڕێوەچوو و کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی گرینگی بۆ قۆناغی نوێی کاری ڕێکخراوەیی پەسەند کرد.
لە دوایین بڕگەی کاری کۆنگرەدا ئەندامانی نوێی بەڕێوەبەری یەکیەتی ژنان هەڵبژێردران و لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریدا، خاتوو “شنە دروودگەر” بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی بەڕیوەبەری ئەسڵی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، بە سکرتێری ڕێکخراوەکەمان هەڵبژێردرایەوە.
کۆنگرەکەمان لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ناوچەکە و جیهان لە گۆڕانێکی خێرا دایە و ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی هەیە.
بێگومان ژنی کوردیش وەک نیوەی کۆمەڵگەی کوردستان، کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە و دەبێ رۆڵی خۆی وەک هێز و کاراکتەرێکی شوێندانەر، لە پێناو دابینکردنی مافە نەتەوایەتی و سێنفییەکانی خۆی، هەنگاو هەڵبگرێت.
ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی دوای بزووتنەوەی “ژن.ژیان.ئازادی” دەرفەتێکی نوێی بۆ خەباتی ژنان درووست کرد. ژنانی کوردستان و پەیام و داخوازییەکانیان لە ئاستی سەرانسەری ئێران و تەنانەت لە کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکاندا دەنگیان دایەوە و هاتنە بەر باس. بزووتنەوەی ژینا ئاستی ژنی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی بەرز کردەوە وسرنجی زۆر لایەنی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و هێز و ئیرادەیەکی نوێی بە ژنی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان بەخشی. ئێستا ژنان و کچانی کوردستان بە باوەڕبەخۆبوونێکی بەهێزتر لە جاران، بەشداری لە ئەکتە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، زمانی و بەگشتی تێكۆشانە شوناسخوازانەکاندا دەکەن، بە جۆرێک کە پێشەنگایەتییان لە زۆر لە بوارەکاندا سرنجڕاکیش و دڵخۆشکەرە.
هەر بۆیە بە دەرک و تێگەیشتن لە ئاستی ڕۆڵگێڕانی ژنان و کچانی کوردستان لە بزووتنەوەی نوێی گەلەکەمان و کارتێکەرییە ئەرێنییەکانی بزووتنەوەی ژینا لەسەر زەین و کەسایەتی خەباتکارانیان، کۆنگرەکەمان، پێنجەمین کۆنگرەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر ناوی “ژنانی پێشەنگ”دا، درووشمی؛ “پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا دەکەینە هەوێنی خەبات و تێکۆشانمان”ی کردە بەشێک لە نەخشەڕێی خەبات و تێکۆشانی داهاتوومان.
ژنانی خەباتکاری کوردستان!
ڕێژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دوای بزووتنەوەی ژینا و لەمەیداندا مانەوەی خەڵکی کوردستان بەتایبەت ژنان و کچانی دەروەست، لەگەڵ تێگەیشتنی لە ئیرادە و هۆشیاری خەباتکارانەی گەلەکەمان، دیسانیش لە سەرکوتکارییەکانی بەردەوامە و گوشارەکانی بۆسەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان هەروا بەردەوامە و لە پەرەسەندن دایە. بەڵام وەک لە ڕۆژانە دەیبینین و لە چەندین تێکۆشانی جەماوەریشدا دەرکەوتووە، ژنان و کچانی کوردستان، وێڕای چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵی کوردەواری، لێبڕاوانەتر لە جاران و هۆشیارتر لە هەمیشە و یەکگرتووانەتر لە ڕابردوو، لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خۆیان بەردەوامن.
بۆیە لەم پێوەندییەدا وەک بەڕێوەبەریی یەکیەتی ژنانی دێموکرات خۆمان بەرانبەر بە ڕاسپاردەکانی دوایین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەمان بە دروەست دەزانین کە ئەرکدار کراوین؛ وێڕای چالاکترکردنەوەی کاروباری ڕێکخراوەییمان، دەنگی ڕاستەقینەی ژنان و کچانی نێوخۆی وڵات بین و کار لەسەر وەسەریەکخستنی هێز و توانای ژنانی کوردستان بکەین و هەروەها لە کۆڕ و کۆبوونەوەی نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە ژناندا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەنگ و پەیامی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین.
لە بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کچان و ژنانی نێوخۆی وڵات کە پێشەنگایەتی ئەم بزووتنەوەیان لەسەر شانە، لە تێچوودانیشدا پشکی شێریان بەرکەوتووە؛ هەر ئێستا کە ئێمە سەرکەوتووانە کۆتاییمان بەکارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەمان هێناوە، کۆمەڵێک ژن و کچی ئازای کورد و کوردستان تەنیا بە هۆکاری تێکۆشانی یەکسانیخوازی و شوناسخوازای لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە، بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا – بەتایبەت کچان و ژنانی ئەم بنەماڵە سەربەرزانە – لە ژێر گوشار دان و تەنانەت بەشێکیان لە چوونە سەر گڵکۆی شەهیدەکانیان بێبەش کراون و بەگشتی سێبەری ڕەش و کۆنەپەرەستانەی یاساکانی ئەم ڕێژیمە بەسەر ژنانی وڵاتەکەمانەوە قورس و سامناکە.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەشتا ساڵ ڕابردووی پڕ لە شانازی و داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی ژنانی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی ژنی کوردستان لە کۆمەڵگەدا، خۆی لە پێناو درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان دژ بە چەوسانەی ڕەگەزی و سەقامگیربوونی کۆمەڵگەیەکی بەختیار بە ئەرکدار دەزانێ.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی بەڕێوەبەری
٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤