تیڕێژی سەربەستی. وریا ماملێ

تیڕێژی سەربەستی
ئەو دەمەی تیڕێژی سەربەستیت، لە بستوو دەرکەوێ
ئەو دەمە، زەردە لە خەندەی ڕۆڵەکانت ناکەوێ
ڕۆژی گەش، خۆشیی شەوانتم، ها کە هاتوو دەست کەوێ
دێنمە سەر چۆک دووژمنت، تاکوو لەبەر پێت وەرکەوێ
ئەی وەتەن خاکی ڕەسەن مەرگم ڕە پێش مەرگت کەوێ
کوێر بێ دووژمن، چاوی پیسی وا بە ئازادیت کەوێ
تێدەکۆشم بۆ گەشەت، ناهێڵم ساتێک دوا کەوێ
گەر نەیانویست جامنت، سپڵە و نەیار کۆستیان کەوێ
ئەی هەڵۆ چاوزیتەکان، گەر بێتوو بەر تیرو کەوێ
ڕای‌ بنێن و دووی کەون داگیرکەری، لەمنو کەوێ
شایی گێڕن هەڵپەڕن، دەستو لە دەستی یەک کەوێ
کاتی شادی پڕ بە قورگ، گۆرانی بێژن وەک کەوێ
یادی یاران و شەهیدان، با لە زارتان نەکەوێ
جوان بپارێزن وڵات، ئاڵاو لە دەستی نەکەوێ
بێتو ڕاست بێ و پاش نەمان، چاوم بە چاوی خوا کەوێ
بۆی نییە پرسیاری کورد کا، تیژ لە گۆڕم دەرکەوێ
سەربڵیندم وا کە کوردم، کورد دەبێ هەر پێش کەوێ
پشت لە پشت بن یەکگرن با دووژمنو نێوکی کوێ
سێ دەراو هەن ڕمزن بۆ کورد، تا بەوێدا سەرکەوێ
کورد دەبێ یا سەرکەوێ یا سەرکەوێ یا سەرکەوێ
وریا ماملێ