بۆ سەلاح شەشە ورەبەخشی مەیدانی خەبات و تێکۆشان.

بۆ سەلاح شەشە ورەبەخشی مەیدانی خەبات و تێکۆشان.

پێنووسم لە ئاست گەورەیی و مەزنی و خۆبەخشی، کاک سەلاح شەشە کەمی دێنێ، لە مێژ ساڵە لە نزیکەوە دەیناسم، دەچمە لای و گوێ لە ووتە و قسە خۆشەکانی دەگرم، گوێ لە ڕێنوێنی و پێشنیار و تێ‌بینییەکانی دەگرم، گوێ لە بیرەوەری منداڵی و پێشمەرگایەتی و تاراوگەی دەگرم، لە هەموو قۆناخەکان دەدوێ و لە هیچیان کەمی ناهێنێ.باسی دەورانی گازەرد (پەهلەوی) بکەی بە قەد کتێبخانەیەک بیرەوەری دەگێرێتەوە و باسی قارەمانەتی زیندانیانی سیاسی و هەڵسووڕانی کادرەکانی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ی هەتاوییت بۆ دەکا، باسی دەورانی مەلا و ئاخوندە ڕەشەکان بکەی، بۆ خۆی لە نێو ئەو دەورەیە دا گەورەترین شانازی خوڵقاندوون، سەلاح شەشە لە ناوچەی مەهاباد و موکریان و زۆربەی کوردستان لمبۆزی دوژمنی لە خۆڵ وەرداوە و باسی داشکستان و دارەلک و نێو شاری مەهابادت بۆ دەکا، باسی تاراوگە بکەی ئەوە وەک فەرماندە و پێشمەرگەیەکی زامدار چۆنیەتی ناساندی کورد و پێشمەرگەت لەگەڵ دوکتور و پەرستارە سوئێدییەکان بۆ دەکا و لە هەر بابەتێکەوە بدوێی ئەوە وەک هەنبانە بۆرینە بۆت تەواو دەکا.

لە هەموو شوێنێک هەیە و لە هیچ شوێنێکیش دیار نییە، ژیانی تەرخانی خزمەت بە شەهیدانی کوردستان و گەلەکەی و حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد کردووە، هەر لە سەر ئەو خزمەتانەی جەستەی خۆی بە دەستی خۆی رادەکێشێ و هەر کاتێک بیبینی، لێو بەخەندە و لێو بە بزەیە و هەناوی پڕە لە خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان.لە کۆڕوکۆبوونەوەکان دا ، لە خۆپێشاندانی کوردانی دیاسپۆرا، لە ڕفراندۆم و هاتنە سەر شەقامی ژینا و گشت کۆڕ و سمینارێک و لە بەردەم باڵوێزخانەکانی ئوتریش و ئێران و زۆر شوێن بە ئاڵای کوردستانەوە دەبیندرێ و بەشێکی زۆر لە هاوڕێکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و ورەیان پێ دەبەخشێ و ئەرکی نیشتمانی خۆی بە زیادەوە بەڕێوە دەبا.

شەهیدی زیندووی گەلەکەمان کاک سەلاح شەشە شایانی هەموو ڕێز لێ گرتنێکە و هیوادارم کە لە ژیانی دا هەردەم سەربەرز و سەرکەتوو بێ.

دەستی کاک شۆڕش ئاهی دەست و پەنجە ڕەنگین خۆش بێ کە ئەو وێنانەی ئامادە کردوون و بە حەق بۆ ئەوە دەبن لە سەر دیواری هەموو شەقام و شوێنە گشتییەکان دا بە قەوارەی گەوەی وەک هێمای خۆراگی و سیمبوولی شەهیدانی زیندوو گەورە بکرێنەوە، سوپاس بۆ کاک شەهاب غەوارە کە ئەو وێنانەی بۆ ناردووین و هەر بژین.

سەلاحی برام خۆشمان دەوێی و شانازیت پێوە دەکەین و جێگەی شانازی گەلەکەمانی.
حەمەڕەسووڵ کەریمی