بۆ کاک شۆڕش ئاهی پیکەرتاش و نیگارکێشی دەست و پەنجە ڕەنگین
بۆ کاک شۆڕش ئاهی پیکەرتاش و نیگارکێشی دەست و پەنجە ڕەنگین
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا هەموو ئەوانەی سەردانی کوردستانیان کردووە و چوونە قەڵای دێموکرات و بنکەکانی حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بارەگای چەند لایەنی دیکەی پارچەکانی دیکەی کوردستان، لە نزیکەوە چەندین پۆستێر و وێنەی قەوارە گەورەی لە سەر دار و دیوار و تەنانەت شەقام و کۆڵانەکانی هەرێمی کوردستان دیتوون.
وێنەی ڕێبەرانی شەهید، پێشەوا قازی، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی، هەروەها ئیسماعیل شەریفزادە، مەلا ئاوارە، نەسرین حەدداد و سوهەیلا قادری و شەهید سمائل ئاغا سمکۆ لە نێو قەڵای گەورەی دێموکراتەکان دا سرنجی زۆرێک لە میوان و کادر و پێشمەرگەکانی بۆ لای خۆی رادەکێشا.
جیا لەوانە وێنەی دەیان ئەندامی ڕێبەری و کادر و فەرماندەی شەهید و چەندین پەیکەری نموونەیی لە سەرکردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، پەیکەری دەیان شاعیر و نووسەر لە پارک و شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە داری بە جێماوی دوای لافاوەکان، لە گڵ و خۆڵی کوردستان، لە گەچ و چیمەنتۆ و هەروەها قوڕی شێلاوی تایبەت بە پەیکەر و هەروەها بە فڵچە و ڕەنگی ڕەش و سپی و یا خۆڵەمێشی و ڕەنگ خاکی دەبیندرێن.
هاوکات بە دەیان پەیکەر لە باڵەندەی کێوی و پەلەوەر و ئەسپ و گیانلەبەری جۆراوجۆر دەستکردی شەو و شەونخوونی مرۆڤێکی ڕەنگ خۆڵەمێشی، کوڕی شەهیدێکی پایەبەرزی گەلی کورد کاک شۆڕش ئاهی دەست ڕەنگین و ماندوویینەناسە، کاک شۆڕش هونەرمەند و مامۆستایەکی بە توانای بواری نیگار کێشی و پەیکەرتاشییە، بەرێزیان بە سەبر و تەحەموول و لێزانی خۆی ، بە شارەزایی و بە وردبینی خۆی سوژەی کارە هونەرییەکەی خۆی هەڵدەبژێرێ و هەوڵ دەدا بۆ هەر بۆنەیەک و هەر قۆناخێک بەرهەمێکی هونەری جوان و سرنج ڕاکێش درووست بکات.
زۆر چاکم لەبیرە کاتێک ١٧ی خەرمانان بە مووشەکی بالستیکی هێرش کرایە سەر بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات، بە هۆی بەهێز بوونی دەنگی تەقینەوەکان، دیوارەکانی قەڵا و بنکە و بارەگاکانی حیزب جێی سەدان پریشکی مووشک و تەقینەوەکانی پێوە دیار بوو و بەشێک لە دیوارەکان قەڵشا بوون و زۆریک لە وێنەکانی سەر دیوارەکانیش تێکچوو بوون، چەند ڕۆژێک دواتر کاک شۆڕس ئاهی و هاوسەری ژیانی بە هیممەت و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، وێرای نەوژەن کردنەوەی وێنەی سەر دیوارەکان ، هاوکات وێنەی شەهید نەسرین حەدداد و شەهید سوهەیلا قادری بە قەوارەیەکی یەکجار گەورە و هونەری لە شوێنی شەهید بوون و تەقینەوەکە درووست کرد، کە ئەوەش لە نەوعی خۆی دا بێ وێنە بوون، وێنەکان بە رادەیەک جوان و سرووشتی کێشرا بوونەوە کە سرنجی هەموو لایەکی بۆ لای خۆی رادەکێشا و کەم کەس هەیە کە ڕێی لە قەڵا و دەفتەری سیاسی کەوت بێ و وێنەی لەگەڵ ئەو شەهیدانە و وێنەی شەهیدانی دیکەی سەر دیوارەکان نەگرت بێ.
کاک شۆڕشی دەست ڕەنگین دیواری قەڵایەکی کۆنی سەربازی، کرد بوو بە پێشانگای بەشێک لە کارە هونەرییەکانی خۆی و هاوکات کردبویە وێنەگایەکی هونەری پڕ لە جوانی کە مرۆڤ بە دیتنی وێنەکان خەبات و تێکۆشان و گەورەیی شەهیدەکانی وەک فیلمێک دەهاتە بەرچاو.
کاری گەورە و خوڵقاندنی ئەو شاکارە بێ وێنانە لە لایەن کاک شۆڕش ئاهییەوە، جیا لە خۆشەویستی بۆ کاری نیگار کێشی، هاوکات درێژەدانی ڕێگای خەبات و تێکۆشانی باوکی شەهید و هەروەها هەموو شەهیدانی کوردستانە لە ڕێگای کاری هونەری و پێشمەرگانەوە، زەحمەتەکانی وەفایە بۆ نیشاندانی ڕێز و خۆشەویستی بەرامبەر بە خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە و هەروەها چاونەترسی و بوێری هەموو شەهیدانی کوردستانە، وەفا و ئەمەگە بۆ کەم ئەندامانی سەنگەر و بۆ زیندانیانی سیاسی کورد و بنەماڵەی سەربەرزی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، لە هەمانکاتدا نیشان دانی مرۆڤ کوژی و قەڵاچۆکردن و دڵڕەقی و دیکتاتۆرییە لە ئاست خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد، بۆ ئازادی، لە لایەن حکوومەتی نگریسی پەهلەوی و ئاخوندی و هەموو حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر کودستان دان.
بێشک کاری کاک شۆڕش بەو چەند دێرەی من هەڵناسەنگێندرێ، چوونکە قەدری زێر لای رێرینگەرە و منیش وەک خۆم تەنیا جوانییەکانی ئەو بەشە دەبینم و هەڵسەنگاندنی کارە هونەری و پڕ لە جوانییەکانی بە کەسی شارەزا دەسپێرم.
ئەوەی کاک شۆڕش لە هەموو نیگارکێش و هونەرمەندەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە بەڕێزیان بە بێ ئەوەی فەرق و جیاوازی لە نێوان ڕەگەز و ئایین و ناوچەکان دا بکا، سوژەی کاری خۆی هەڵدەبژێرێ، بەر لەوەی کە بیر لە بەرپرسایەتیی کەسەکان بکاتەوە، بیر لە سوژە و کاری خۆی دەکاتەوە و بۆ هەموو بۆنە و ڕۆژە مێژووییەکان و هەروەها بۆ کەسایەتییەکان لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەدا کار دەکا و پەیکەر و پۆستێر خۆبەخشانە و بە دڵەوە بۆ هەموویان وەک یەک ساز دەکا.
هیوادارم کە لە ژێر هێژموونی و ئەزموونی هونەری کاک شۆڕش دا کە بۆ خۆی قوتابخانەیەکی تایبەتە، بە هەزاران قوتابی ئەو بوارە بە هەست و سۆز و بە لێزانی کاک شۆڕش پەروەردە ببن و کوردستان هەزاران ڕۆڵەی ئاوا دەست ڕەنگین لە ئامێزی خۆی بگرێ.
دەمهەویست ئەوە بڵێم کە بە بێ ئەوەی کە ئاگام لێ بێ، وێنەیەکی منی وەک یادگاری لە لای خۆی هەڵگرتووە و دواتر وەک سەدان وێنەی دیکە بە دەست و پەنجە ڕەنگینەکانی خۆی درووست کردووە و دواتر یەکێک لە هاورێیەکانی پێشمەرگایەتیم کە ئێستاش لەوێ پێشمەرگەی کورد و کوردستانە بۆی ناردووم، کاتێک چاوم بە وێنەکەم کەوت هەستم کرد کە نە هیچ کات بریندار بووم و نە هیچ زەحمەتێکم بۆ کوردستان کێشاوە و بە دیتنی وێنەکە هەستم کرد کە قەرزداری خوێنی شەهیدان و نەتەوەی کوردم و هەر بۆیە جارێکی دیکەش بەڵێنم دا کە لە تەنیشت کاک شۆڕش و کاک شەهاب و هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان بم و هەوڵ بدەم کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەو بەرێزانە و هەموو گەلەکەمان دابم.
سوپاس کاک شۆڕشی ئاهی خۆشەویست، بەڵێن دەدەم کە لە سەر ڕێگەی خەبات و تێکۆشان و ڕێبازی باوکی شەهیدت و هەروەها هەموو شەهیدانی کوردستان هەنگاو بنێم.
چەند ساڵیک پێش ئێستا کاک ڕەسووڵ سوڵتانی ، شاعێر و وەرگێر و نووسەری بە توانای کورد بە چەند دێر شێعر قەرزداری گەورەیی خۆی و گشت لایەکی کردم و کاتی خۆی لە نووسێنێک دا سوپاسی گەورەیی و خاکەڕایی بەڕێزیانم کرد بوو و ئێستاش جارێکی دیکە بە دانانی ئەو کۆپلە شێعرە و بە دانانی وێنەی کێشراوی بەندە لە لایەن کاک شۆڕش ئاهییەوە هەم سوپاسی کاک ڕەسووڵ دەکەم و هەمیش سوپاسی کاک شۆڕش ئاهی دەکەم.
بۆ حەمەڕەسووڵ کەریمی
من پاڵەوانێك شك نابەم لەم دەڤەرە
خۆی رانابێ و
لە مەیدانی ئازایەتی ئێریی بەو نەبردبێ
ئەم جەستەیە
وەك نیشتمانەكەم وایە
شوێن نەماوە ماچی گوللە زامێكی تێ نەكردبێ
ئەم سەرە هەر سەرێك نییە
سەدان سەربردەی شیرین و
هەزارانی تاڵی تیایە
بۆیە بەفر زۆر زوو لێی نیشت
چون سەر نییە
ئەمە لووتكەی سەد چیایە
**
ڕهسووڵ سوڵتانی
٠٩-١١-٢٠١٥
نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٤ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٥ی زائینی
