کاک محەممەد وەیسی تێکۆشەر ، یاد و ناوت هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە
کاک محەممەد وەیسی تێکۆشەر ، یاد و ناوت هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە
بە بۆنەی کۆچی دوایی گەورە تێکۆشەری گەلەکەمان، کادری لە مێژینە و دڵسۆز و بە ئەمەگی حیزبی دێموکرات، کاک محەممەد وەیسی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاوسەی ژیانی دادە خەجیج و کوڕ و کچ و نەوەکانی و گشت ئەندامانی بنەماڵەکانی تەدەیون و وەیسی لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
بڵاو بوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی مەزنە تێکۆشەری ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کاک محەممەد وەیسی بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەڕێزیان و بنەماڵەکانی تەدەیون و وەیسی تێکۆشەر دەناسن بۆتە مایەی خەم و پەژارە.
کاک محەممەد وەسیی مرۆڤێکی سادە و خاکەڕا، تێکۆشەرێکی دیار و خەمخۆری گەل و نیشتمان و کادرێکی پسپۆڕ و لێزانی بەشی فەننی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و بەشی بێسیم بوو، کادر و پێشمەرگەیەکی کات ناس، بە نەزم و دیسیپلین و لە هەمان کاتدا جێی متمانەی ئەندامانی ڕێبەری حیزب و بە تایبەت شەهیدانی ڕێبەر، کاک دوکتو قاسملوو و کاک دوکتور سەعید و ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
کاک محەممەد مرۆڤێکی تێگەیشتوو، قسەخۆش و لە هەمان کاتدا بەرپرسێکی لێهاتوو و شارەزا بە سەر کار و ئەرکی حیزبی دا بوو، هەر شوێنێک بەرێزیان کاری لێ کردبا، بە دڵ و بە گیان پێی ڕادەگەیشت و نەیدەهێشت کەمترین کەموکوڕی پێوە دیار بێ و بەردەوام هەوڵی دەدا کە ئەو هاورێیانەی کە لە بنکە و بارەگای پێشمەرگایەتی دا لەگەڵی بوون، وەک برا و هاوڕێ و هاوسەنگەر فەرقیان پێ نەکا و هەمیشە لێو بەبزە و دەم بە خەندە لەگەڵیان بجوڵێتەوە، کار و تێکۆشان و خزمەتەکانی کاک محەممەد لە ڕێزی پێشمەرگایەتی و لە دەرەوەی وڵات لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دا لە ئەژمار نایەن و نووسینەوەی کار و ئەرکی کاک محەممەد چەندین پەرتووک لەخۆ دەگرێ.
کاک محەممەد لە بنەماڵەش دا کەشێکی زۆر هێمنانە و پڕ لە خۆشەویستی درووست کرد بوو و هەمیشە لە ناخۆشترین کاتەکانی نێو شۆڕش دا ژیانێکی گەرم و پڕ لە مێهرەبانی بۆ خۆیان و جیرانەکانیان پێک هێنا بوو، یارمەتیدەری هەموو لایەک بوو و کەسێکی سەخی و بەخشەندە بوو، بە هیوای ئەوە کە گەلی کورد نموونەی کەسایەتی لە چەشنی کاک محەممەد وەیسی لە ئامێزی خۆیدا زیاتر پەروەردە بکا.
بەداخەوە کاک محەممەدی تێکۆشەر بە بێ ئەوەی کە ئازادی گەلەکەی ببینێ، دوای ماوەیەک نەخۆشی درێژخایەن لە ڕێکەوتی ٠٨ـ١٠ ـ ٢٠٢٥ی زائینی لە شاری ئورێبرۆ لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد و خەمێکی قووڵ و گەورەی خستە سەر دڵی هەموو لایەک.
لە ئاست ئەم کۆستە گەورەیە دا هیچ وشەیەک شک نابەم کە بتوانێ هەڵگری ئەو خەمە گەورە بێ و ئاواتەخوازم کە هاوسەری ژیانی و کوڕ و کچە و نەوەکانی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیان ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بن.
رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
ناو و یادی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٩ـ١٠ ـ ٢٠٢٥ی زائینی