هەڵبژاردنی پارلەمانی نۆرویژ. نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد
هەڵبژاردنی پارلەمانی نۆرویژ. نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد
هەڵبژاردنی ئازاد و سەربەست باشترین رێگای دێموکراسیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی. پارلەمان یەکەم شوێنی یاسایە بۆ بریار دان. ئەو نوێنەرانەی کە لە لایەن گەلەوە بە دەنگی نهێنی و ئازاد هەڵبژێردراون، ئەو بەڵێنانەی کە بە دەنگدەرانیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن داوە، تێکۆشن بە گوێرەی پەیرە و پرۆگرامی حیزبەکانیان جێ بە جێیان بکەن. نوێنەرانی پارلەمان دەنگی گەلن و داوخوازەکانی خەڵک جێ بە جێ دەکەن. بۆ ئەوەی کە متمانەی دەنگدەران لە دەست نەدەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو، هەوڵدەدەن کە بەڵێنیەکانی دەنگدەران جێ بە جێ بکەن و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن. ئەرکەکانی پارلەمانی بریتین لە، یاسا دانان و پەسەند کردنی یاسا، دانانی یاسای نوێ و لابردنی یاسای کۆن و بە سەر چوو، هەموار کردنەوەی یاسا، پەسەند کردنی بودجەی ساڵانە کە چۆن حکومەتی داهات بە کار بێنێ. کۆنترۆڵی کردنی کارەکانی حکومەت. پارلەمان بۆی هەیە کە لێپرسینەوە لە وەزیرەکان بکات بۆ بە کار هێنانی داهات بۆ خەڵک یان یاسا شکاندن. جاری وا هەیە کە وەزیڕێک لە بەر یاسا شکاندن یان پشتگوێ خستنی ئەرکەکانی متمانەی پارلەمانی لە دەست دەدات و دەبێ لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە. پارلەمان بریار دەدات کە چۆن حکومەت بودجە و داهات بە کار بێنێت. ئاگاداری حکومەت بێت کە یاساکانی پارلەمان جێ بە جێ بکات. هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پارلەمانی نۆرویژ بەرێوە دەچیت. هەڵبژاردنی پارلەمان بە شێوەیەکی دێموکراسییانە و دێبێتی جۆرا و جۆر ئەنجام دەدرێت. دوو لایەنی سەرەکی لەو هەڵبژاردنە بەشداری دەکەن. ئەو دوو لایەنەش بریتن لە باڵی چەپ و باڵی راست. حیزبەکانی باڵی چەپ هاوکار و هاوسۆزی یەکترین و هەروەها حیزبەکانی باڵی راستیش هاوکاری یەکترن. لەو هەڵبژاردنەدا ٤٠٥٨٨٥٥ کەس مافی دەنگدانی هەبوو. حیزبەکانی سیاسی نۆرویژێ بە گوێرەی قەوارەی خۆیان بەربژێریان هەبوو. سەرجەم ئەو حیزبانەی کە بەشداری هەڵبژاردن بوون ٢٢ حیزب بوون. تەنیا ٩ حیزب توانیان لەو هەڵبژاردنەدا نوێنەریان بۆ پارلەمان سەرکەون. پارلەمانی نۆرویژ ١٦٩ نوێنەری هەیە. بەواری پێش وەختی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی نۆوریژ ئەمساڵ لە ١١ی ئەوگۆستی را هەتا ٥ی مانگی سەپتامبر بوو. لە بەرواری ٨ ی سەپتامبر رۆژی دەنگدانی گشتی بوو.
لەو ٢٢ دوو حیزبە تەنیا ٩ حیزب نوێنەریان بۆ پارلەمان بە دنگی خەڵک سەرکەوتن کە بریتین لە:
١ـ پارتی کرێکارانی نۆورویژ، رێژەی دەنگ ٢٨٪ ، کۆی دەنگ ٩٠٢٢٩٦ ،کۆی نوێنەرانیان لە پارلەنان ٥٣ کورسیە
٢ـ فرێمسکریت پارتی ( حیزبی پێشکەوتن) رێژەی دەنگ ٢٣.٨٪ کۆی دەنگ ٧٦٧٩٠٣ کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٤٧ کورسیە
٣ـ حیزبی هۆیەرە، رێژەی دەنگ ١٤.٦ ٪ ، کۆی دەنگ ٤٧١٦٠٢ .کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٢٤ کورسیە
٤ـ حیزبی سوسیالیستی چەپ، رێژەی دەنگ ٥،٦ کۆی دەنگ ١٨١١٩٢ ، کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٩ کورسیە
٥ـ سەنتێر پارتی، رێژەی دنگ ٥،٦ کۆی دەنگ ١٧٩٩٩٤، کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٩ کورسیە
٦ـ حیزبی سور، رێژەی دەنگ ٥،٣ کۆی دەنگ ١٧١٣٤٢ ، کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٩ کورسیە
٧ـ پارتی ژینگە، رێژەی دەنگ ٤،٧ کۆی دەنگ ١٥٢٧٨٢، کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٨ کورسیە
٨ـ حیزبی گەلی مەسیحی، رێژەی دەنگ ٤،٢ کۆی دەنگ ١٣٥٢٣٠، کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٧ کورسیە
٩ـ ڤێنسترا پارتی، رێژەی دنگ ٣،٧ کۆی دنگ ١١٨٩٤١، کۆی نوێنەرانیان لە پارلەمان ٣ کورسیە
پارتی کرێکارانی نۆرویژ، فرێمسکریت پارتی ( حیزبی پێشکەوتن)، حیزبی سور، پارتی ژینگە، حیزبی گەلی مەسیحی، رێژەی دەنگیان لە هەڵبژرادنی پارلەندا چۆ سەرێ و متمانەی دنگدەرانیان زیاتر بە دەست هێنا.
نوێنەرانی پارلەمان بە سەر دوو ئاراستەی چەپ و راستی حیزبەکاندا دابەش دەکرێن. لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ دا بە گوێرەی دەنگەکانیان باڵی چەپ ٨٨ نوێنەری پارلەمان دەبێت و باڵی راستیش ٨١ نوێنەر. حیزبەکانی باڵی چەپ بریتن لە، پارتی کرێکارانی نورویژ، حیزبی سوسیالیستی چەپ، حیزبی سور، سەنتێر پارتی و حیزبی ژینگە. حیزبەکانی دەستی راست بریتن لە، فرێمسکریت پارتی ( حیزبی پێشکەوتن)، حیزبی هۆیەرە، حیزبی گەلی مەسیحی و ڤێنسترا پارتی.
نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد
لە شاری هامار، لە وڵاتی نۆرویژ