چرکەساتێکی مێژوویی: نووسینەوە دزە پێکراوەکان، ڕاوێژە نهێنیەکانی سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئێران ئاشکرا دەکەن
چرکەساتێکی مێژوویی: نووسینەوە دزە پێکراوەکان، ڕاوێژە نهێنیەکانی سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئێران ئاشکرا دەکەن
تایمز ئاف ئیزرائێل – مایکڵ باخنەر
گێڕانەوەکان ترسی مان و نەمان کە بووە هۆی هێرشی ئیسڕائیڵ، نەخشەی کوشتنی خامنەیی، هەوڵەکان بۆ قەناعەتهێنان بە ترامپ بۆ هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکەی ژێر زەوی و ناکۆکییەکان لە سەر هێرش بۆ سەر پاڵێوگەکانی نەوت ئاشکرا دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە ڕاپۆرتێک بڵاو بووەوە کە گێڕانەوە بەرفراوانەکانی ڕێبەرانی ئیسڕائیلی و کاربەدەستە پلە بەرزەکان پێش و لە ماوەی جەنگی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئێران، هۆی ئەو هێرشە نائاسییانەی شەوی ١٣ی جوون دەستیان پێکرد، هیوای تێوەگلانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ لەناو بردنی بنکەی ژێرزەویی فۆردۆ، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی هەلێک بۆ کوشتنی رێبەری گەورە عەلی خامنەیی و ناسەقامگیر کردنی ڕێژیمی تاران و هەروەها هەوڵەکان بۆ ناچار کردنی دانیشتووانی تاران بۆ چۆل کردنی شارەکە، ئاشکرا دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە هەواڵەکانی کاناڵی ١٣ وردەکارییەکانی بەشێک لە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە قەرارە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەتەواوی بڵاو بکرێتەوە و وتووێژێکی سەرۆک وەزیران بنیامین نەتانیاهوشی پێوە زیاد دەکرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا باس نەکرا چۆن نووسراوەکانی کۆبوونەوە فرە نهێنییەکانی پشت دەرگا داخراوەکانیان دەست کەوتووە.
لە ١٢ی جوون، کابینەی ئەمنییەتی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە پەناگەیەکی ژێر گردەکانی ئورشەلیم پێکهێنا. نەتانیاهو لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا گوتی: “ئێمە لە چرکەساتێکی مێژوویی داین کە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەخوازێت. بێتوو ئێمە [ئەوان] نەوەستێنین، لە ماوەی چەند ساڵ دا، ئەوان دەیان هەزار کیلۆگڕام تەقەمەنی [ناوکییان] دەبێت. ئێران هەر ئێستا ماددەی پێویست بۆ هەشت تا نۆ بۆمبی پیتاندووە و، ئێستا کار بۆ دروست کردنی بۆمب دەکەن.
ئەگەر ئێمە کارێک نەکەین، ئیتر لێرە نامێنین. ئێمە زەرەرەێکی مەزن بە ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵەکەیان دەگەیەنین، هێرش دەکەینە سەر زانستوانە پلەبەرزەکانیان و شوێنی دیکە. بەو هیوایە خودا یارمەتیدەرمان بێت.” نەتانیاهو هەروەها گوتی، “ئەوان خەریکە ببنە دووهەمین زلهێزی هاژەکی بالیستیک. دوای ئەوەی ئێمە هێندێک لە بنکە و زانستوانانیانمان لەناو برد، دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتنێک لە واقعێکی جیاوازدا بەرێوە دەچێت. ئێمە چەند مانگە گفتوگۆی دوورودرێژمان لەو بارەوە هەبوون.”
کاربەدەستێکی سەربازیی ناو نەدرکاو بە وەزیرەکانی گوت کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە خولقاندنی هەلومەرجێکە کە پێش بەوە بگرێت تا تاران لە درێژخایەندا ببێتە ڕێژیمێکی خاوەن چەکی ناوکی و “هاوسەنگیی ستراتێژیکی ئیسڕائیل باشتر بکات.”
تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێت فۆردۆ بۆمباران بکات
کاربەدەستەکە گوتی ئامانج هەروەها ئەوەیە کە بنکەی ناوکی ئێران لە نەتەنز “وێران” بکرێت، هێرش بکرێتە سەر کەسانی بەرپرسی بەرنامەی ناوکی و، هێرش بکرێتە سەر بنکەی گۆڕینی ئورانیۆمی پیتێندراو بۆ هەناوی کانزایی بۆمبی ناوکی.
کاربەدەستەکە لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، “لە تاران، ئێمە هێرش دەکەینە سەر گەلێک ئامانجی جۆراجۆر، چونکە ئەوێ شوێنی چەقی سەرنجی ئێرانییەکانە.” ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە “فۆردۆ تەنیا بە هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکان وێران دەبێت.”
بنکەی ناوکی فۆردۆ لە ژێر کێوێک و لە بن هەرد دروست کراوە و تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکان بۆمبی بەهێزی ئەوتۆی هەن کە بتوانێت دزە بکاتە نێو ئەو بنکە پتەوە.
ئەو هەروەها هۆشداریی دا کە “گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئێران هێشتا خاوەن ماددەی پیتێندراو دەبێت. لە یەکەم ڕؤژەکاندا، ئەوان دەتوانن سەدان هاژەک ئاراستەی ئیسڕائیل بکەن.”
کاربەدەستەکە هۆشداریی دا کە کاردانەوەیەکی هەرگیز نەبیبراو لە خاکی ئیسڕائیل ڕوو دەدات و گریمانە دەکرێت لانی کەم دەیان ئامانج لە ناوخۆی ئیسڕائیل بە هاژەکی مەزن بپێکرێن و دەیان تا سەدان هاژەک و فڕۆکەی بێفڕؤکەوانی خاوەن تەقەمەنی سووک دەگەنە نێو خاکی ئیسڕائیل. بەڵام ئەو هۆشدارییەشی دا کە جەنگەکە لە کۆتاییدا پێویستە بە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک کۆتایی پێ بێت. کاربەدەستە سەربازییەکە گوتی، “دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بەس نابن و دەبێت تەواوکەری دیپلۆماتیکیان هەبێت.”
لە زمان کاربەدەستێکی پلەبەرزی هەواڵگریی دەگێڕنەوە کە گوتوویەتی “ئۆپەراسیۆنی پەشۆکێنەر بەڕێوە دەچن کە لە ماوەی چەند ساڵ دا ئامادەمان کردوون. بەشێکیان دژی هاژەکی زەوی-بۆ-زەوین، [بێجگە لەوە] ئۆپەراسیۆنێکی هەوواڵگریی بۆ لێکهەڵتەکاندنی چالاکییەکانی دوژمن، لە ناویاندا چالاکیی ناسەقامگیر کردنی ڕێژیمیش بەڕێوە دەچن.”
سەرۆکی شین بێت، ڕۆنەن بار گوتی ئیسڕائیل خۆی بۆ سێناریۆیەکی سەرهەڵدان لە نێو ئیسڕائیلییە عەڕەبەکان، لەو شارانەی عەڕەب و جوولەکە پێکەوە دەژین، ئامادە کردووە.
کۆبوونەوەکە بە پەسەند کرانی ئۆپەراسیۆنەکە کە قەرار بوو کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ١٣ی جوون، بە ژمارەیەک هێرشی پەشۆکێنەر بۆ سەر بەرگریی ئاسمانی، زانایانی ناوکی و فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دەست پێ بکات، بە کۆی دەنگ کۆتاییهات.
لە ئیسڕائیل، ئاژیرەکان لە سەرانسەری وڵات لە چاوەڕوانیی بەرپەرچدانەوەی بەربڵاوی هاژەکیی ئێران دەنگیان دایەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تا چەند کاتژمێر دواتر هیچ هێرشێک ڕووی نەدا.
گەڕان بەدوای ڕێبەردا درێژەی هەبوو
پاش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتی شەو، وەزیرەکان و بەرپرسانی ئاسایش جارێکی دیکە لە ڕۆژی هەینی، ١٣ی جوون کۆبوونەوە.
وەزیرەکان جەختیان لەسەر چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بۆ یارمەتی وەرگرتن لە وڵاتە یەکگرتووەکان کردەوە، هەم بۆ پڕ کردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکەکان لە ئاسمان کە ئیزنی بە جێتەکانی ئیسڕائیلی دەدا لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجی دوور مەودا بەردەوام بن و هەروەها زەخت خستنە سەر سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ، بۆ هەڵکردنی چرای سەوز بۆ هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر فۆردۆ.
وەزیری کاروباری ستراتێژیک، ڕان دەرمەر لە کۆبوونەوەکەدا گوتی کاتێک نەتانیاهوو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترامپ کردووە، بە “مانۆڕ و گوشارەکانی” هەوڵی داوە ترامپ بڕیاری ناردنی فڕۆکەی سووتەمەنی گەیێن بۆ یارمەتیدانی هێرشەکانی ئیسڕائیل، بدات.
لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو پرسیارە کە ئاخۆ واشینگتۆن هێرش دەکاتە سەر فۆردۆ، دەرمەر گوتی بەرداشتی ئەو ئەوەیە کە ترامپ وێدەچێت ئەو کارە بکات، “بەڵام لە کاتێکی گونجاودا.”
وەزیری بەرگریی، ئیزڕائێل کاتز گوتی وەزیری بەرگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، پیت هاگەسەت پێی گوتووە کارەکان بۆ ناردنی فڕۆکەی سووتەمەنی گەیێن کراون، کە لە کۆتاییدا چەند ڕۆژ دواتر هاتن. کاتز ئەوەشی زیاد کرد، “من گرینگیی لێدان لە فۆردۆم بۆ شیی کردەوە.”
فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل، ئەیال زەمیر گوتی یەکەم هێرشەکان “دەستکەوتی لە ڕادە بەدەریان هەبووە،” ئەوەشی زیاد کرد کە هێرشەکە لەپێش وادەی دیاریکراوە و ڕۆژی داهاتوو هێرشی دیکەشی بەدوادا دێت.
ئەو گوتی، “هەموو شتێک بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت. بێتوو وڵاتە یەکگرتووەکان هاوکاریمان بکات، ئێمە دەتوانین لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا هێرش بکەین. ئێران بە هێرشەکان وەلەرزە کەوتووە،” ئەوەشی زیاد کرد کە ئێران “بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەکانمان، ژمارەیەک کەمتر [هاژەک]ی هاویشتوون.”
ڕێبەری حیزبی شاس، ئاریە دەری داوای لە هێزی سەربازیی کرد هێرش بکەنە سەر ئەو ئەفسەرانەی وەک جێگرەوەی ئەوانی لە یەکەم هێرشەکاندا کوژراون، هەروەها هێرش بکەنە سەر بینای دەنگ و ڕەنگی دەوڵەتیی ئێران و بنکەی فەرماندەیی پۆلیس.
لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا وەک یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگەکە نەدرکێندرا، نووسراوەکانی کۆبوونەوەکان ئاشکرای دەکەن کە ئیسڕائیل هەوەها بە تەمای ناسەقامگیر کردنی ڕێژیم و تەنانەت کوشتنی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی بووە.
وەزیری ئابووری، بەزالەل سمۆتریچ بە ئاماژە بە خامنەیی گوتی ئیسڕائیل پێویستە “درێژە بە گەڕان بەدوای ڕێبەردا بدات” دواتر کاتز گوتی ئورشەلیم بە تەمای کوشتنی بووە بەڵام دەرفەتێک بۆ ئەو کارە هەڵنەکەوتووە.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەدا بە بەشداریی ڕێژەیەکی کەم لە وەزیرانی کابینەی ئەمییەتی، نەتانیاهو گوتی “کاری سەرەکی” لێدان لە فۆردۆ و “چاوترسێن کردنی بەرچاوی” ئێرانە. ئەو گوتی پێشترییەتی سەرەکی ئاگر تێبەردانی ئەمبارەکانی سووتەمەنی لە تارانە، هەولدان بۆ کوشتنی ئەو ئەفسەرانەیە کە بوونە جێگرەوەی ئەوانی کوژراو و هەروەها لەناو بردنی خامنەیی.
نەتانیاهو هەروەها گوتی دەبێ تەواوەتی گەڕەک و ناوچەی ئێران چۆل بکرێن و، ئیسڕائیل دەبێ کار بۆ ناسەقامگیر کردنی رێژیمی ئیسلامی بکات.
ئەو گوتی هێرش بۆ سەر فۆردۆ وەک دەستکەوتێکی دووهێندەیە، بەرنامەی ناوکی لەناو دەبات وهەروەها “بێتوو خامنەیی بەرپەرچی هێرشی ئەمریکا بداتەوە، ئەوە دەتوانێت بە مانای کۆتایی ڕێژیم بێت.” ئەو گوتی، “فۆردۆ دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی خێرای جەنگ. بێتوو ئێران درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێمە بدات، دیسانیش ترامپ هەوڵ دەدات کۆتایی بە جەنگ بێنێت.”
بە گوتنی ئەوە کە تا ئەو کاتی لە ئێران ٢٢٤ کوژراو و ١٣٣٠ بریندار هەن، زەمیر گوتی ئامانجەکانی جەنگ دەتوانن لە پێنج بۆ شەش ڕۆژدا دەستەبەر بکرێن، بەڵام ئیسڕائیل دەتوانێت کاری زۆرتر بکات.
ئەو گوتی، “تا ئێستا، ئێمە خەریکی هێرش بۆ سەر فەرماندەیی لە ڕؤژاوا بووین وئێستا هێرش دەکەینە سەر فەرماندەیی ناوەند،” مەبەستی ناوبراو ئەوە بوو کە هێرشەکانی هێزی ئاسمانی هاژەک هاوێژەکان و بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژاوای ئێران و پاشان لە ناوەندی ئێرانیان لە ناو بردووە کە بووتە هۆی ئەوە تا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل بتوانن بە ئازادیی لە ئاسمانی تاران بسووڕێنەوە.
ژێرخانی مەدەنی
وەزیران گفتوگۆیان لە بارەی لێدان لە ژیرخانە مەدەنییەکان وەک پاڵێوگەی نەوت، دوای دانی هۆشداریی بە دانیشتووانی نزیک ئەو شوێنانە بۆ چۆل کردن، کرد.
کاتز گوتی، “گواستنەوەی دانیشتووان شتێکی کردەنی و سیمبۆلیکە. ئێمە دەبێ لە ژێرخانە مەدەنییە دەوڵەتییەکان بدەین تا ڕێبەر ناسەقامگیر بکات.”
دەرمەر هاوڕا نەبوو، بەڵام گوتی “بێتوو ئێمە ئێستا هێرش بکەینە سەر ژێرخانی مەدەنی، جەنگەکە دەتوانێ بەر لە دەستەبەر کردنی ئامانجەکانمان و هێرش بۆ سەر فۆردۆ، تەواو بێت. خامنەیی سەری لێشێواوە بەڵام مکوڕە و کۆنەپەرستی ئایینییە. ئەو، وەکوو نەسڕوڵڵا، پێی وایە ئێمە کۆمەڵگەیەکی لاوازین.”
کاتز وەڵامی دایەوە، “ئەوان بە توندی کار بۆ چالاک کردنەوەی بەکرێگیراوانیان دەکەن. حیزبوڵڵا هێشتا تێکەڵ نابێت و لەبەر ئەو هۆیە [ئێران] دەخوازێت هێزی خۆی پیشان بدات،” و ڕوو بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە گوتی ئیسڕائیل ناتوانێ تا ڕۆژی هەینی کۆتایی بە جەنگ بێبێت.
کاتز گوتی، “خامنەیی کۆنەپەرستێکی لاسارە. ئەگەر تەسلیم بن، ئەو بەرهەمی ژیانی خۆی لەکیس دەدات. من تەنیا بە مەرجێک لەگەڵ کۆتاییهێنان بە جەنگم کە لەگەڵ فۆردۆ و چەند شتی دیکە هەڵسوکەوتمان کردبێت. بەڵام ئەوە بە دەست ئێمە نیە، بۆیە دەبێت بەو شێوەیە لەگەڵ شتەکان هەڵسوکەت بکەین کە هەن. ئێمە دوای چۆل کرانیان لە لایەن خەڵکی مەدەنییەوە چەند بینا وێران دەکەین، بێتوو ئێران درێژە بە هێرش کردن بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان بدات. لە تاران چەند ئامانجی سەربازیی هەن کە لە نێو شوێنی ژیانی خەڵکی مەدەنی هەوڵکەوتوون. بێتوو خەڵک تاران جێهێڵن، ئەوە سەرکەوتنێکە.”
بەڵام ئەو هۆشداریی دا کە لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل هێشتا هیچ ژێرخانی مەدەنی نەکردوونە ئامانج، بێتوو هاژەکەکانی ئێران ژێرخانی ئیسڕائیل بە ئامانج بگرن، ئەوە دەگۆڕدرێت. ئەو گوتی، “بێتوو [ئێران] هێرش بکاتە سەر وێستگەکانی کارەبا، ئیتر ئێمە دوودڵ نابین. ئێمە ئێستا هێرش دەکەینە سەر ژێرخانی مەدەنی، ئەگەرچی ئەوانە ئامانجێکن کە دەمانهەوێت بۆ دواتر ڕایانگرین.”
زەمیر، بە نۆرەی خۆی، بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دڵنیا کردەوە کە هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل “ئەو حەوتوویە هێرشێکی قووڵی بۆ سەر نەتەز و یەکیش بۆ سەر فۆردۆ و هەروەها هێرش بۆ سەر تارانی ئامادە کردوون.” ئەو گوتی، “تێگەیشتن لە ئاستی سەرکەوتنەکانی ئێمە لە ئێران دژوارە. زیاتر لە ١٢٠ هاژەکهاوێژ لەناو چوون و، لانی کەم ٨٠ دانەیان کار ناکەن.”
کاربەدەستێکی هەواڵگریی ناو نەدرکاو ئەوەی زیاد کرد کە ئیسڕائیل هەروەها ڕۆژی پێشتر هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ناوەندیی فەرماندەیی ئێران، کە لە کەم بوونەوەی ڕێژەی هێرشەکانی ئێران و چوونە سەری ئاستی ئاشکرا کردنی هاژەکەکان بەرەو ئیسڕائیل دەردەکەوێت.
دەرمەر دڵنیایی دا بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کە وڵاتە یەکگرتووەکان “لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر دا لە حاڵەتی بەرگریی تەواو دا دەبێت” چونکە ترامپ هێزە کانی وڵاتە یەکگرتووەکانی لە ناوچەدا بەهێزتر کردووە.
بەڵام، بۆ ڕۆژی دووشەممە وێدەچێ شێوازی ئاخاوتنی کاربەدەستانی بەرگریی گۆڕابێت، چونکە داوایان لە بەشدارانی کۆبوونەوەیک کرد کە بیر لە کۆتاییهێنان بە جەنگ بکەنەوە، کە ئەوە بووە هۆی تووڕەیی نەتانیاهوو.
نەتانیاهوو سەرزەنشتی ئەو لێدوانەی کرد و گوتی، “دەست لە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ بێنن. شتی ئەوتۆ نابێت. ئێمە کارمان تەواو نەبووە و، ئەو جۆرە داوایانە دەبێ کۆتاییان پێبێت. ئەو جەنگە تا هەر کات پێویست بێت و تا دەستەبەر کردنی ئامانجەکانمان درێژەی دەبێت. ئێمە لە لێواری سەرکەوتنین. ئێوە دەڵێن ئامانجەکان کۆتاییان هاتووە، ئەوە چ پەیامێک دەداتە دوژمنانمان؟ ئەوجار گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل دەڵێ ئێمە دەبێ کۆتایی پێبێنین؟ ئێمە سیاسەتێکمان هەیە. بە گوێرەی ئەو سیاسەتە کار بکەن. ئێمە تا دەستەبەر کردنی ئامانجەکانمان دڕێژە دەدەین. بیروڕای گشتی لێرە گەلێک بەهێزە.”
لە تەواوەتی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی کاناڵی ١٣، قەرارە وردەکاریی زۆرتر لە بارەی پێکرانی ڕاستەوخۆی ناوەندی پزیشکیی سۆرۆکا لە بیرشێبە لە لایەن ئێرانەوە و زەختی ئیسڕائیل بۆ سەر ترامپ بۆ هێرش کردنە سەر فۆردۆ بڵاو بکرێتەوە.
ئێران بە هاویشتنی ٥٠٠ هاژەک و نزیکەی ١١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆڵەی هێرشەکانی ئیسڕائیلی کردەوە. بە گوێرەی کاربەدەستانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان، هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی ٣١ کەس و بریندار بوونی ٣٠٠٠ کەس لە ئیسڕائیل.
لە سەر یەک، ٣٦ هاژەک و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەوتنە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک، لە ئاکامدا ٢٣٠٥ خانوو لە ٢٤٠ بینا زەرەریان پێگەیشت، لەگەڵ دوو زانستگە و نەخۆشخانەیەک و بە سەر یەکەوە ١٣٠٠٠ ئیسڕائیلی ئاوارە بوون.