کۆچی دوایی کەسایەتیی خۆشناو و خۆشەویست کاک ئاکۆ هەباس ئاغا
کۆچی دوایی کەسایەتیی خۆشناو و خۆشەویست کاک ئاکۆ هەباس ئاغا
بە داخ و پەژاەیەکی زۆرەوە کاک ئاکۆ هەباس ئاغا لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سولێمانی کۆچی دوایی کرد.
بڵاو بوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی دیار و خۆشناو، کەسایەتی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەی دەڤەری ڕاپەڕین، کەسایەتی ناوچەکانی دەشتی بیتوێن و پشدەر، سەرۆکی هۆزی ئاکۆیان لە سەرکەپەکان و ڕانیە، وەک هەورە ترشقە لە هەموو کوردستان و دەرەوەی وڵات دەنگی دایەوە و بوو بە هۆی خەم و پەژارەی هەموو ئەو کەسانەی کە بەرێز کاک ئاکۆی هەباس ئاغایان دەناسی.
کاک ئاکۆ هەباس ئاغا، کوڕی چوارەمی کاک هەباس ئاغا، لە گوندی سەرکەپکان لە دەڤەری ڕانیە لە دایک ببوو، دەورانی لاوەتی خۆی لە تەنیشت باوکی و گەورەپیاوانی ئەو دەڤەرە تێپەڕ کردووە و زۆر زوو بۆتە جێگەی متمانەی بنەماڵە و هۆزی ئاکۆیان، لە ساڵی ١٩٧٦ی زائینی ڕوو لە شۆڕشی نوێ دەکا و دەبێتە پێشمەرگە و دواتر وەک کەسایەتییەکی دیاری ناوچە ڕۆڵی سەرەکی لە ئاشتی و تەبایی لە نێو خەڵک و شۆڕش دا دەگێڕێ.
بەرێز ئاکۆ ئاغا وەک سەرۆک هۆز و وەک سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆیان، مرۆڤێکی تێگەیشتوو، مێهرەبان، سەخی و دەست ڕۆیشتوو، لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەر و کۆمەڵایەتی و ساحەب مەسڵەت و بە مشوور بوو، بە دەیان و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی لە سەر دەستی بەڕێزیان چارەسەر کراون و هەمیشە پاڵپشتتی سەرەکی شۆڕش و شۆڕشگێران و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، لە ئاست حیزبی دێموکرات دا وەک کەسایەتییەکی دیار و جێگەی متمانە بووە و بە بێ ئیدیعا خزمەتی بە حیزبی دێموکرات و کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و هەمیشە موڵک و مووچە و مەزرا و گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی تەرخانی هەموو ئەو حیزب و لایانانە کرد بوو کە ڕوویان لە دەڤەری ئاکۆیان کردبوو.
تێکەڵاوی کاک ئاکۆ هەباس ئاغا لەگەڵ خەڵکی ئاسایی، لەگەڵ خەڵکی گوندەکان و هەروەها کاسبکار و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا لەوپەڕی سادەیی و ساکاری و خۆشەویستی دا بوو، ئەگەر نەڵێین بە هەزاران بنەماڵە لە ژێر پێراگەیشتن و خزمەتەکانی بەڕێز کاک ئاکۆ دا ژیاون ، ئەوە دەتوانین بە دڵنیایەوە بڵێین کە بە سەدان بنەماڵەی لێقەوماو و بێ دەرتان لە ناوچەی ئاکۆیان ژیاون و جێگە و ڕێگەیان بۆ دیاری کراوە و لەوێ حاواونەوە.
سەردانی خەڵک بۆ دیواخان و شوێنی بنەماڵەی ئاکۆ ئاغا نیشانی دەدا کە بەڕێزیان لە وەرگرتنی میوان و ئەو کەسانەی کە بە هەر مەبەستێک سەردانی دەکەن، لە لایەن بەریزیانەوە وەک ئەرکێکی ڕۆژانە سەیری بکرێ، بە دەیان سەرکردەی بە ناوبانگ و بە دەیان گەورەپیاو و مامۆستای ئایینی و هەروەها خەڵکی دوور و نێزیک سەردانی بەڕێزیان دەکرد و ئەویش بە دڵەوە پێشوازی لێدەکردن.
کۆچی دوایی بەرێز کاک ئاکۆ و بەشداری بەرینی خەڵکی کوردستان و هەروەها نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو سەرۆک حیزبەکانی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان نیشانی دەدا کە، بەڕیزیان چ جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، لە نێو حیزب و لایەنە سیاسییەکان، لە نێو کۆمەلگەی کوردستان و لە دەڤەری ڕاپەڕین و بیتوێن و پشدەر دا هەیە، بێشک کۆچی دوایی کاک ئاکۆ هەباس ئاغا خەسارێکی گەورەیی کۆمەڵایەتیی و بنەماڵەییە، بۆ ناوچە و بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە بەرێزیان کاری خێرخوازی و خزمەتگوزرای تێدا کردوون.
بە ناوی ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئاکۆ هەباس ئاغا، لە هۆزی ئاکۆیان و دەڤەری ڕاپەڕین و بیتوێن و پشدەر و هەموو خەڵکی کوردستان و خۆشەویستانی بنەماڵەی بەڕێز ئاکۆ هەباس ئاغا دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانین، بە هیوای ئەوە کە ئەندامانی بنەماڵەی کۆچکردوو بتوانن لە سەر ڕێچکە و هێژموونی نەمر کاک ئاکۆ هەباس ئاغا هەنگاو بنێن و ئەوانیش ببنە نموونەیەک لە شێوەی نەمر کاک ئاکۆ هەباس ئاغا.
ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٥ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٥ی زائینی