کۆچی دوایی مرۆڤێک لە ڕەنگ و بۆنی خاک و چیا

کۆچی دوایی مرۆڤێک لە ڕەنگ و بۆنی خاک و چیا

کاک حاجی عەبدوڵلا حەیدەری خەڵکی گوندی جبەڕەند لە ناوچەی ڕەبەت بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەیان دا کۆچی دوایی کرد و خەمی خستە سەر دڵی گشت ئەندامانی بنەماڵە و خزم و ئاشنا و خەڵکی ناوچەی رەبەت.

کاک حاجی عەبدوڵڵا مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە، کاسبکار و زەحمەتکێشی گوندی جبەەند بوو، حاجی عەبدوڵڵا نموونەی خۆڕاگری و خۆشەویستی و ئیمانداری بوو، پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە و شۆڕشگێرانی هەموو قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوو، هیچ کەند و کۆسپێک و هیچ هەڕەشەیەکی ڕژێم نەیتوانی خۆشەویستی ناوی پێشمەرگە و ڕەمزی کوردایەتی لە دڵ و دەروونی خاڵە حاجی دا کەم ڕەنگ بکاتەوە، بەڵکوو هەمیشە شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکرد و پشتیوانی سەرەکی شۆڕش و شۆڕشگێرانی دێموکرات بوو، کاک حاجی عەبدوڵڵا لە مەیدانی کردەوە دا نیشانی دابوو کە ڕژێمی ئێران هەر چەند زیاتر زەخت و گوشاری بخاتە سەر ئەوە بەرێزیان سوورتر و مکووڕتر دەبێ لە یارمەتیدانی هەژاران و هێزی شۆڕشگێر و پێشمەرگەکانی کوردستان و بە تایبەت حیزبی دێموکرات.

کاک حاجی عەبدوڵڵا بە کردەوە، بە بوێری، بە چاونەترسی لە سەر ماف و ویستەکانی خۆی و گەلی کورد سوور و ڕاوەستاو بوو، مرۆڤێکی تەژی لە مێهرەبانی، دڵ پاکی، سەداقەت و ڕاستی بوو، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچە و هێزی پێشمەرگە بوو، خەمخۆری هەموو لایەکمان بوو، ژیانی تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان و هاوگوندی و خەڵکی ناوچە کرد بوو، خاوەن قسە و ڕیش سپی مەسڵەت و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بوو، قسەی لە هەر بابەتێک دا کردبایە، خەڵک بە دڵەوە لێیان وەر دەگرت، خۆشەویستی کاک حاجی عەبدوڵلا بۆ گەلەکەی و بۆ هاونیشتمانیان و هێزی پێشمەرگە و بە تایبەت خاتوو گوڵێی کچی و کاک حەسەن غەمباری هەردەم پێشمەرگە و پێشەنگ سنووری نەبوو، ژیانی پڕ بوو لە سەرفەرازی و سەربەرزی.

کاک حاجی عەبدوڵڵا ئەزموونێکی باشی هەبوو لە ئاست چۆنیەتی هەڵس و کەوت لەگەڵ دەوروبەری خۆی و ژیانی خەڵک و هەروەها پێڕاگەیشتن و کردنەوەی گرێ کوێرەکانی دەستی خەڵک و ناسیاوانی دوور و نێزیکی خۆی.

ڕژێمی ئێران و جاش و چڵکاوخۆرەکانی سەر بە ڕژێم ئەوەندەی لە دەستیان هات، حاجی عەبدوڵڵایان بە زیادەوە ئازار دا، بۆ ئەوەی بە چۆکی دابێنن، ئەشکەنجەیان کرد و لە گرتووخانە و زیندانەکان دا بێ‌حورمەتیان پێکرد، بەڵام حاجی عەبدوڵلا هەروەک کێوی برایم جەڵاڵ ، زمزیران ، فێرەگ و خاڵەباد لە ئاست هەموو نەهامەتی و ئەشکەنجە و زوڵم و زۆرییەکانی ڕژێم دا ڕاوەستاو و سەربەرزانە ئەو قۆناخە ناسک و هەستیار و پڕ مەترسییەی بە خۆڕاگری خۆی تێپەڕاند و بە دوژمنی سەلماند کە هیچ هەڕەشە و زەبر و زەنگێک ناتوانێ پێش بە هەستی شۆڕشگێرانە و پیاوەتی و مرۆڤدۆستی و گەلدۆستی ئەو بگرێ، هەر وەک چۆن ڕووباری خوڕێن بە هاژە و گڕفە لە چیا ڕا دێتە خوار و گەڕانەوەی بۆ نییە، ئەوە کاک حاجی عەبدوڵلاش هەروا وەک ڕووبار هەموو گابەردێکی سەر ڕێگای دەقەڵشێنێ و تێکەڵ بە شەپۆلەکانی دەریای بێ سنوور شۆڕش و کوردایەتی دەبێ و ناوی دەبێتە ڕەمزی خۆڕاگری. بە دڵنیایەوە نەوەی داهاتوو ئەزموون لە گەورەیی و خاکەڕایی و دڵسۆزی کاک حاجی عەبدوڵلا وەردەگرێ و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی دەگرن.

بە هیوای ئەوە کە ئامانجەکانی کاک حاجی عەبدوڵڵا کە ئازادی و سەربەستی گەلەکەی بوو بە هیممەتی هەموو لایەک بێتە دی.

بە بۆنەی کۆچی دوایی و ناوەختی کاک حاجی عەبدوڵڵا لە ناخی دلەوە سەرەخۆشی لە خاتوو گوڵێی شۆڕشگێر و کاک حەسەن غەمباری هەردەم پێشەنگ و پێشڕەو و ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.

لە ئاست ئەم کۆستە گەورەیە دا هیچ وشەیەک شک نابەم کە بتوانێ هەڵگری ئەو خەمە گەورە بێ و ئاواتەخوازم کە ئەندامانی بنەماڵەی کاک حاجی عەبدوڵلا ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بن.

رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

ناو و یادی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

حەمەڕەسووڵ کەریمی