مەندەش بە بێ ئەوەی لە محاکمەی گەل دا محاکمە بکرێ ژیانی سەرشۆڕانەی کۆتایی هات

مەندەش بە بێ ئەوەی لە محاکمەی گەل دا محاکمە بکرێ ژیانی سەرشۆڕانەی کۆتایی هات

مێژووی گەلی کورد پرە لە داستان و قارەمانەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. پێشمەرگە بۆتە سیمبوولی ئازایەتی و لەخۆبردوویی و خۆشەویستی، هەر بۆیەش لە نێو گەلی کورد دا، ڕێزی زۆری لێدەگیرێ و خەڵکی کوردستانیش شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکا ، ناوی پێشمەرگە دوژمن تۆقێنە و هەڵمەتی پێشمەرگەش دوژمن تەزێنە.

لە بەرامبەر هێزی لەبڕان نەهاتووی پێشمەرگەدا، هەندێک زۆڵە کوردی خۆفرۆشی کار نەکەر و چاوچنۆک، هەندێک بەزیو و دۆڕاوی نێو کۆمەڵگای کوردەواری، خۆیان دەخەنە پاڵ دوژمنانی گەلەکەیان و چەکی جاشایەتی بە پشت و ملی شۆڕیان دا دەکەن. ئەو توێژە لە کۆمەڵگا دا هێندە دزێون، کە لە مێژ ساڵە خەڵکی کوردستان، ناوی جاش و جاشۆڵکەیان بە سەر دابڕیون و بوونە دزێوترین توێژی کۆمەڵگای کوردەواری.

وشەی جاش پڕ بە پێستی ئەو کەسانەیە کە چەک بۆ دوژمن هەڵدەگرن و یا دەبنە داردەستی ڕژێم و لە ڕێگای سیخوڕی و خۆفرۆشیەوە، بۆ وەرگرتنی هەندێک سەروەت و سامان پشت لە هەموو بەها ئینسانی و مرۆڤایەتییەکان دەکەن و بەردەوام خەریکی هاوکارین لەگەڵ ڕژێم.

وشەی پێشمەرگە لە ئاست خۆشەویستی و نەبەزی و بوێری دا، بۆتە سروودی نیشتمانی و بۆتە وێردی سەر زمانی ورد و درشتی خەڵکی کوردستان، لە بەرامبەریش دا وشەی جاش بە هۆی دزێوی ، سیخوڕی ، حیزی‌گەری و ترسنۆکی بۆتە مایەی شەرم، نەک تەنیا بۆ جاشەکە، بەڵکوو بۆتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەموو بنەماڵەکەیان.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا یەکێک لە دزێوترین جاشەکانی ڕژێمی ئێران بە ناوی حەمەدەمین ڕەسووڵی ناسراو بە مەندەی مەلا عەلی ، “مەندەی جاش”، خەڵکی گوندی شێوەبرایمەی سەردەشت  کە بە ڕەگ و پێست و ئاکار دوژمنی گەلەکەمان بوو، بە نەخۆشی و بە زەلیلی سەری نایەوە.

مەندەی مەلا عەلی لە ژێر هێژموونی و ڕێنوێنی هەندێک گەورە جاشی‌تر، بوو بە جاش و دواتر بە هۆی هەڵکوتانە سەر گەنج و لاوەکان و بنەماڵەی شۆڕشگێران لە لایەن ڕژێمەوە وەک جاشێکی خۆش خزمەت چاوی لێدەکرا. مەندە و چەند جاشی دیکە وەک سەگی هار بە دوای پلە گوشتێکی ڕژێمەوە بوون، ڕژێم بۆ دانی مووچە کاری لێدەویستن و ئەوانیش و بە تایبەت مەندە لە هیچ کارێکی دزێو و قێزەوەن دەستیان نەدەگێڕاوە.

مەندەی جاش لە یەکەم کەسەکانی شاری سەردەشت بوو کە چەکی جاشیەتی بە ملی شۆڕی دا کرد، مەندەی مەلا عەلی لە کاتێک دا چەکی جاشیەتی هەڵگرت کە بە هەزاران کەس چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان بە شانی پڕ لە شەوکەت و شکۆیان دا کرد بوو. لەو کات و ساتە دا هەڵگرتنی چەکی جاشیەتی بۆ ڕژێمێک کە تا سەر ئێسقان دوژمنی گەلی کورد و هاوکات، تینوی خوێنی کوردان بوو، شتێکی نامۆ و پڕ لە شەرمەزاری بوو، لەو کاتەوە تاکوو سەری وەبەردی ئەلحەد کەوت، لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە بە دژی گەلەکەی و خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری نەپرینگایەوە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی ئەوە کە سەری زیاتر بچێتە نێوئاخوڕی ڕژێمەوە دەستی پڕ لە جینایەتی زیاتر و زیاتر پیس کردن.

مەندەی جاش سیفەت لەگەڵ چەند جاشێکی دیکە، قێزەونترین کارەکانیان دەرحەق بە گەلەکەی کرد، هەر لە سەرەتاوە دەستی بە ئەزیەت و ئازاری ئەو کوڕ و کچ و خەڵکانە کرد کە پێش گرتنەوەی شاری سەردەشت لە هاتووچۆی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە دابوون و لە ماوەیەکی کورت دا، پۆلێک لە خەڵکیان بە گرت دا، شەوانە لەگەڵ چەند ئیتلاعاتیەکی ڕژێم لە ترسی زەبری پێشمەرگە، خۆیان دەشاردەوە و ڕۆژانەش لە ڕێگای قوتابخانە و باشگا و بازاڕ دا وەک سەگی هار پەیدا دەبوون و خەڵکیان بە گرت دەدا.

لەو سەردەم دا، شەو نەبوو کە هێزی پێشمەرگە بە هاتنە نێو شار و هێرش کردنە سەر پایەگاکانی ڕژێم لەمبوزی ڕژێم لە خۆڵ وەر نەدەن، ئەوەش ڕژێمی شێت و هار کرد بوو، ئیتلاعاتی و سوپاییەکان خەڵکیان نەدەناسی، بەڵام مەندەی خائین لەگەڵ چەند جاشی هاوتەمەن و هاوئاخوڕی خۆی، دەبوونە چاوساخی ڕژێم و خەڵکیان بە گرت دەدا و زۆرجار هەڵیان دەکوتایە سەر بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شۆڕشگێرانی دیکەی گەلەکەمان.

کاتێک هێزی شەهید موعینی لە شەڕگەی دارساوێن و خڕێ دووهەزار و گوندی بناوێ و جادەی پیرانشار ، سەردەشت و شەڕەکانی نێو شاری سەردەشت و دەوروبەری ڕژێمیان بە چۆک داهێنابوو، کەسانێکی نەفس نەزم هەبوون کە نۆکەریان بۆ ڕژێمی ئێران دەکرد. لە سەردەمێک دا کە هێزی شەهید موعینی لە قوچی ماڕەغانی هێرشی زۆر و بۆری ڕژێمیان بە هەڵمەت و بەرگری خۆیان تەفر و تونا کرد و حاجی ئەکبەری گەورە فەرماندەی ئەو کات و دەیان پاسداریان بە کلیلی بەهەشتەوە بەسزای خۆیان گەیاند، لەو کات و سەردەم دا، ئەوە مەندەی خۆفرۆش و چەند جاشی دیکە بوون کە لەگەڵ سوپای پاسداران هێرشیان دەکردە، سەر بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە، دوژمن بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستی خۆی، زۆر نامرۆڤانە هێرشی دەکردە سەر خەڵک و دانیشتووانی شاری سەردەشت، کەم نین ئەو بنەماڵانەی کە بە هۆی زەخت و زۆری مەندەی جاش و چەند خۆفرۆشێکی دیکە بە ناچار شاریان بەجێ هێشتووە و ئاوارەی شار و گوندەکانی دەوروبەری بوون.

کاتێک ڕژێم لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەدا زەبوون و دەستەوەستان دەماویەوە، ئەوە جاشەکان بوون کە دەبوونە، چاو ساخی هێزی دۆڕاوی دوژمن بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵ و دووکانی بنەماڵەی شۆڕشگێران دەست بەسەر دابگرن و بە تاڵانی بەرن، بە دەیان بنەماڵەیان بە زەبری زۆر لە ماڵی خۆیان وەدەرنان، ژن، کوڕ و کچ و منداڵی بنەماڵەی پێشمەرگەکانیان ڕاپێچی زیندان و گرتووخانە دەکرد و زۆر جاریش دایک و باوکی پێشمەرگەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە زێدی خۆیان دوور دەکردنەوە.

مەندە وەک زۆربەی جاشەکانی دیکە لە ئاست شەڕی پێشمەرگەدا، کەسێکی بێ ورە، بێ غیرەت، ترسنووک، دۆڕاو و بەزیو بوو، کەسێک بوو کە نەیدەوێرا لەگەڵ ڕەوەی جاشەکان ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگە ببێتەوە، سەرەڕای ئەو ترسنۆکیەش مەندە بۆ ئەوەی ڕژێم متمانەی پێ بکات، لە هیچ کردەوەیەکی دزێو دریغی نەدەکرد.

ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی کاتێک کاک عەلی مینایی (عەلی عەبەی شوانەی) شەهید بوو، مەندەی جاش و خۆفرۆش لە نێو شاری سەردەشت دا شیرینی دەبەشیەوە. لە بەگرتدانی کاک جەعفەر مەلا شێخی دا دەستی باڵای هەبوو، کاتێک کاک ساڵحی مەحموود کەڵێژی نیسکاوێ دەگیرێ و لە زیندان دا دەبێ، پێش ئەوەی لە لایەن ڕژێمەوە ئێعدام بکرێ، ئەوە مەندەی جاش و یەک دوو نۆکەر سفەتی وەک مەندە بوون کە شاهیدیان، لە سەر ئەو زیندانییە و زیندانیەکانی دیکە دەدا.

سەبارەت بە خائین و خۆفرۆش و جاش و چڵکاوخۆر مەندەی مەلا عەلی، خاڵە ڕەشەکانی لە ژیانی سەرشۆڕانەی دا یەکجار زۆرن. مەندەی مەلا عەلی زۆربەی کاتەکان گەنج و لاوەکانی تەشویق دەکرد کە هەر لە نێو شاری سەردەشت دا، بە ناوی سەربازی، چەکداری و جاشیەتی ڕژێم بکەن. ئەو توێژە دواتر بە ناوی جاش سەرباز ناویان دەرکرد بوو، کەم نین ئەو جاش سەربازانەی کە دوای فریو خواردنیان بوونە قوربانی سیاسەتی جاشایەتی مەندە و ڕژێمی ئێران.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان و یەک لەوان شاری سەردەشت بەشێک لە شەقامەکانیان بە ناوی جاشە کوژاوەکانی سەر بە ڕژێم کردوون، ئەو شەقامانە ئێستاش هەر وەک ساڵانی پێشوو بە شەقامی دووکاندارەکان و یا گەڕەکە کۆنەکان وەک ئادرەس باسیان لێدەکرێ، لە داهاتووی ئازادی کوردستان و شاری سەردەشت دا، ئەو شەقامانە ناوەکانیان بە ناوی سەربەرزی شەهیدان و گەورە کەسایەتییەکانی کوردەوە دەگۆردرێ و لەوەش دڵنیام کە ناوی شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان هێندە زۆرن کە لە هیچ شەقام و کۆڵانێک دا جێگەیان نابێتەوە و ناوی ئەو جاشانەش بۆ هەتا هەتایە وەک سەرکردە دۆراوەکانیان دەچێتە نێو زبڵدانی مێژووەوە.

لە کۆتایی دا لەوە دڵنیام کە خەڵکی کوردستان کردەوەی جاشەکانیان هیچ کات لەبیر ناچێ و لە دواڕۆژی ئازادی کوردستان دا، تۆڵەی هەموو خەیانەتەکانیان لە دادگای گەل دا لێدەکرێتەوە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

حەمەەسووڵ کەریمی

٢٣ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٥ی زائینی