ئەو خونچانەی پێش پشکووتن هەڵوەرین. (یادێک لە هونەرمەندی جوانەمەرگ، شەهید کاوە حەکیم زادە)

ئەو خونچانەی پێش پشکووتن هەڵوەرین
(یادێک لە هونەرمەندی جوانەمەرگ، شەهید کاوە حەکیم زادە)
قادر وریا
“دایکم دەیگوت ئەو شەوانەی
شەختە و کڕێوە و بارانە،
ئەو شەوانەی دنیا تارە
باڕێز و تۆف و زریانە،
ڕۆڵە مەنوو، چاوەڕوان بە
ئیمشەو بابە دێتەوە دێ
دڵنیا بە، ئێستا دێت و دیارییەکی
جوانت بۆ دێنێ،
زۆر چاوەڕێت بووم بابە گیان
هەتاکوو خەو چاوی لێک نام
دەمەو بەیان بە دەنگی شیوەنی دایکم ڕاتڵەکام
هۆ بابە گیان
هێشتا نیگای تۆم نەدیبوو
ماڵاواییت کرد
تەنیا دیارییەک کە جێت هێشتبوو
چەکەکەت بوو
وا هەڵم گرت، هەروەک بۆ خۆت داخوازیت بوو
ئەوا بوومە بە پێشمەرگە”
(شێعری یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی جوانەمەرگ کاوە حەکیم‌زادە)
*
وەرز بەهارێكی تەژی له سە سەوزی و جوانیى ساڵى ١٣٦٦ی هەتاوییه.
شوێن: شیو و دۆلێکی به دارستان داپۆشراوی تەنیشت گوندێکی به زۆر چۆلکراوی داوێنی قەندیله. دراوسێی تازەی بنکەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانن که سەرکانی و بن دارەتوویەکی ئەم شیوەیان کردوه به بنکه. بنکە کەپرێکی شاعیرانەی له گوێن ئەو کەپره جوانانەیه که له حەیرانی کوردی دا وەسفیان کراوه، بەڵام له جیاتی به ڕیحانه و بەیبوون به گوڵه لاولاو دیواری بۆ هەڵچنراوه . له بن ئەو کەپره دا، بەیانی و ئێواران ڕۆژێ چەند سەعاتێک دەنگی ویۆڵۆن و ئۆرگ و جاز و هتد، تێکەڵ به نەغمەی چەند لاوێکی دەنگخۆش دەبێ و له گەڵ بۆن و بەرامه ی گوڵ و گیای ئەم ناوه دا به دەوروبەردا بڵاو دەبێتەوه. دەنگێکیان به گوێم ئاشنایه. دەنگی منداڵێکه پێشتر له ڕادیوی دەنگی کوردستاندا چەند جارێک بەر گوێم کەوتوه: هەر ئەو دەنگەیه که له سروودى منداڵانى قوتابخانەی نیشتمان”دا، له سروودی “لێره ناڕۆم” دا بیستوومه، دەنگەکه دەنگی منداڵی خاوەن بەهره، کاوه حەکیم‌زادەیه .
له گەڵ کاوه و هاوڕێ و هاوکارانی له کۆڕی هونەری دەبین به هاوئۆرگان و لێره به دواوه له ڕێوڕەسمەکانی یەکیەتیی لاوان و فێرگەی سیاسی – نیزامیی حیزب و، جێژن و بۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبدا که چەند مانگ دواتر دەبێته دراوسێی تازەمان لەو ناوچەیه‌دا، گوێمان و چاومان به سروود و گۆرانی و شانۆ و بەرهەمه هونەرییەکانی دیکەیان ڕادێ و چێژ وەردەگرین، تا ئەو كاتەی ٦ ساڵ دواتر لەو بناره هەڵمان دەکەنن، نێوه نێوه کاوه به بەرهەمی تازه دەبینمەوه و له بەهره و دەنگ و بەرهەمه نوێیەکانی دا داهاتوویەکی گەش دەخوێنمەوه . لەو ساوه ئەو بەرهەمانه لەو کاسیتانەدا که کاتی خوی کۆڕی هونەریی حیزب بڵاوی کردنەوه ، دەبیسمەوه؛ ئەگەرچی ئێستا تۆزى فەرامۆشييان لە سەر نیشتوه و به ڕێکەوت و به دەگمەن بڵاو دەبنەوە.
**
وەرز، هاوێنێکی گەرمی ساڵی ۱۳۷۵ی هەتاویی دەشتی کۆیەیه. بنەماڵەکانمان به دوای تۆپ و مووشەکبارانی کەمپ و بارەگاکانمان له لايەن كۆماری ئیسلامییەوه له بەردەركی un له هەولێر مانیان گرتوه. بنەماڵەی کاوەش که هەر دوای وێرانکردنی شاروچکەی سەنگەسەر له لایەن ڕێژیمی بەعسەوه، جارێکی دیکه تووشی ڕاگوێزتن بوون، له ڕانیه گیرساونەوه و کاوەی هونەرمەند بووه به هاوکاری تیپی موسیقای ڕانیه. لەو هەلومەرجه ناخۆشەدا هەواڵی تیرورکرانی تازه لاوی هونەرمەند کاوه حەکیم‌زادەمان پێدەگا، جەستەی بێ گیانی که شوێنەواری دڵتەزێنترین ئەشکەنجەکان و دڵڕقانەترین جۆری کوشتنی پێوه دیاره، له دەرەوەی شار فڕێ دراوه. چلۆن دڵیان هاتووه لاوێكى ۱۹ ساڵەی بێ ئازار بەم هەموو بەهره هونەرییەوه به تونی مەرگدا بکەن؟ دەکەومەوه بیری ئەو قسەیه که له بواری وەڕگێڕان دا بیستوومه ” وەڕگێڕانی شێعر وەک ئەوه وايه بولبولێک بۆ گوشتەکەی سەر ببڕن”. ئەدی ئەوانەی ئەم لاوه هونەرمەندەیان کوشت، بۆ چنگێک پووڵی دەزگای جاسووسی و تیرۆری کۆماری ئیسلامی نەبێ، له پێناوی چیدا ئەم تاوانەیان ئەنجام دا؟ باوەڕ کردنی زەحمەته بەڵام نەدیتنەوەی به یەکجاریی کاوه ، جگه له بڕوا هێنان بەم ڕاستییه تاڵه، ڕێگای دیکەم بۆ ناهێڵێتەوه .
***
نێوه ڕاست مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۷۷ی هەتاوییه به یادی كاوه و وەک ڕێزلێنانێک لەو هەموو زەحمەت و ئەرکەی بنەماڵەی حەکیم‌زادەکانی سەردەشت له پێناوی حیزبی دێموكرات و خەباتی حەقخوازانەی نەتەوەکەیاندا، وەخۆیان گرتووه ، له “كارلسکوگا “ی سوئێد له دايک و باب و خوشک و برا جەرگبڕاوەکانی وەژوور دەکەوم، جێگای خاڵیی کاوه له کۆڕی ئەم بنەماڵەیەدا، به وێنەی سەر دیواری کوڕه شەهیدەکەیان پڕکراوەتەوە. فیلمی فیدیۆیی بەشداریی ” کاروان” برای بچووکتری کاوه له ڕێوڕەسمێکی بنەماڵەییدا دەبینم. دەنگی خۆشی “کاروان”، دەنگی برا جوانەمەرگەکەیم له گوێدا دەزرینگێنێتەوه و بۆنی خونچه هەڵوەریوەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری لێ دەکەم. بەیانی به دڵپڕی و بەو ئاواتەی “كاروان” له بواری هونەرییشدا جێگای براکەی بۆ هۆگرانی ئەم دەنگه شەهیده پڕبکاتەوه، به جێیان دێڵم.
پاشکۆی “ئەدەب و هونەر”ی ڕۆژنامەی “کوردستان”، ژمارە ٤٦١، ١١ی بانەمەڕی ١٣٨٦ ، (١ی مای ٢٠٠٧)
(*)لە کۆمێنتی یەکەمدا ڕوونکردنەوەیەک لەسەرئەم بابەتە بخوێننەوە.
لینکی سروودی گەلاوێژ بە دەنگی هونەرمەندی جوانەمەرگ کاوە حەکیم زادە:

هەروەها لینکی سروودی لێرە ناڕۆم بە بەشداریی کاوە حەکیم زادە:

لە سەر ئەو نووسینە چرکە بکەن بۆ دیتنی سروودی لێرە نارۆم


کۆمێنتی یەکەم
(*) لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ لە پاشکۆی “ئەدەب و هونەر”ی ژمارەکانی٤٥٥-٤٨٨ی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، گۆشەیەکم لەژێر ناوی” ئەو خونچانەی پێش پشکووتن هەڵوەرین”دا دەنووسی. هەر جارەی یادێکم لە تازەلاوێکی خاوەن بەهرەی نێو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا دەکردەوە کە بە داخەوە پێش ئەوەی بەهرەکەیان بە تەواوی بخەمڵێ و لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا لە بواری تایبەت بە بەهرەکەی خۆیاندا، داهاتوویەکی گەشیان هەبێت، شەهید بوون. کاوە حەکیم زادە، یەک لەو لاوانە بوو.
کاوە حەکیم زادە، کوڕی دادە نازدار و کاک محەمەد حەکیم زادە، یەک لە مندالانی بەشدار لە کۆرسی سروودی “لێرە ناڕۆم”بوو کە کاتی خۆی بە بۆنەی چل سالەی دامەزرانی حیزبی دیموکرات، ئامادە و پێشکەش کرا. هاوینی ١٣٧٥ (١٩٩٦) لە ڕانیە لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران تێرۆر کرا. ئەم ڕۆژانە کە نوێکرانەوەی سروودی “لێرە ناڕۆم” لە شاری بۆکان، پاڵی وەیادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بوو و، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرنجەکان چووبوونە سەر هەر دوو کۆرسی ئەمساڵ و چل ساڵ لەمەوبەری ئەو سروودە، یەک لە پرسیارەکان کە ورووژابوو، ئەوە بوو کە ” کاوە حەکیم زادە، کێ بوو و بۆچی و کێ شەهیدی کرد؟” من بە بۆنەی خزمایەتی و تێکەڵاویی هاوڕێی خۆشەویستم کاک حەمە رەسووڵ کەریمی لەگەڵ بنەمالەی کاوە و حەکیم زادەکان بە گشتی، داوام لێکردبوو کە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، کەچی ئەو، ئەم باباتەی خۆمی لە ئەرشیڤی ڕۆژنامەی “کوردستان” و “ماڵپەڕی گیارەنگ”دا بۆ دیتبوومەوە و وێنەی بۆ گرتبووم و بۆی ناردم، تەنانەت زەحمەتی تایپ کردنەوەکەشی بۆ کێشام. ڕاستییەکەی لەبیرم نەمابوو کە کاتی خۆی یادێکی واجوانم لە کاوە کردووەتەوە. دنیایەک ڕێز و پێزانین بۆ حەمەرەسووڵی خۆشەویست.