کۆچی دوایی کەسایەتی شۆڕشگێری کورد ئەندامی پێشووی ڕێبەری حدکا کاک سەید برایم کەریمی

کۆچی دوایی کەسایەتی شۆڕشگێری کورد ئەندامی پێشووی ڕێبەری حدکا کاک سەید برایم کەریمی

بەداخ و پەژارەیەکی یەکجار زۆرەوە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٥ی زائینی کاک سەید برایم کەریمی، پێشمەرگە، فەرماندە، کادری تەشکیلاتی و کادری رێبەری و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی ڕاوەستانی دڵ ماڵئاوایی یەکجاری لێکردین.

کۆچی دوایی کاک سەید برایم بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەسارێکی گەورەیە و لە هەمان کاتدا کەلێنێکی زۆر گەورەشە لە نێو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ناوچەی مەهاباد و شامات و شاروێران و چۆمی مەجیدخان دا.

کاک سەید برایم لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەبێتە ئەندام و لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دەبێتە پێشمەرگە و لەو کاتەوە لە دەیان داستانی حەماسی و پڕ سەروەری دا بەشداری کردووە و دانەبڕانی لە نێو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ناوچەی مەهاباد کەسایەتییەکی شۆڕڕشگێر و تایبەتی لە کاک سەید برایم درووست کرد بوو، بە کار و چالاکی خۆی و هاوڕێیانی توانیبووی لمبوزی دوژمن لە خاک و خۆڵی کوردستان وەربدا، بە لێزانی و وردبینی و شارەزایی خۆی بە دەیان پیلانی چەپەڵی ڕژێم پووچەڵ کردبوونەوە، یەکێک لەو تیمە تەشکیلاتیانە بوو کە بە نەهێنی دەیتوانی لە نێو دەیان و سەدان مۆڵگەی ڕژێم دا کاری تەشکیلاتی و ڕێکخستن بکا، کاک سەید برایم بە حەق وەک شاکلیلی دەرگاکانی لێهاتبوو.

کاک سەید برایم بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی هەموو پلەکانی پێشمەرگایەتی تا بوون بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بڕێبوو، مرۆڤێکی بە مشوور و لێزان بوو، لە باری ئەمنییەتییەوە و تەشکیلاتییەوە کەسێکی بە ئەزموون و لێهاتوو بوو، هەر بۆیەش لە هەموو ئۆرگانەکانی حیزبیش دا وەک کەسێکی جێی متمانە و لێزان وەردەگیرا و ڕاوێژی لەگەڵ دەکرا.

کاک سەید برایم لە هەموو قۆناخە سەختەکانی ماوەی ٤٧ ساڵی پێشمەرگایەتی دا وەک چیا سەربەرزەکانی کوردستان خۆراگری کرد و لەو پێناوەشدا خۆشەویستی ژیانی و هاوسەری خۆشەویستی شەهید هاجەر زەرگە لە مووشەکبارانی ٦ی ڕەبەزری ١٤٠١ی هەتاوی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب دا لە تەنیشت خۆی شەهید دەبێ و خەمێکی گەورە بۆ کاک سەید برایم بەجێ دەمێنێ.

کاک سەید برایم کەریمی کۆچی دوایی کرد، بەڵام ئامانج و ڕێگا و ڕێبازی هەروا پڕ ڕێبوارە و تا سەرکەوتنی یەکجاری بە ڕێگای شەهیدانی کوردستان دا هەنگاو دەنێین.

لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان لە نێوخۆی کوردستان و هاورێ و هاوسەنگەرانی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و گشت خەڵکی کوردستان و ناوچەی مەهاباد دەکەین.

ڕووحی شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

١٨ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٥ی زائینی