پەیامی بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە سەبارەت بە کۆچی دوایی کادری لەمێژنەی حدکا کاک سەید برایم کەیمی
زۆر بەڕێز دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
دەگەڵ سڵاو و ڕێز و ئاواتی سەرکەوتن،
هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری بەوەجی دێموکرات کاک سەید برایمی کەریمی بۆ من و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی یان لە دوورەوە شارەزای کار و تێکۆشان و دڵسۆزی و کۆڵنەدانی ئەو هاوڕێ قەدرگرانە بوون هەواڵێکی ڕاچڵەکێن و دڵتەزێنە. ئەو کە خاوەنی دەیان ساڵ کار و تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی و پێشمەرگایەتی و بەڕێوەبەری بوو، چاوەڕێ دەکرا ساڵانێکی زۆری دیکە خزمەتی ئامانجەکانی بکا و ببێتە سەرمەشقێک بۆ نەوەی نوێی خەباتکارانی دێموکرات.
لەدەستدانی ئەو خەباتگێڕە بەئەزموونە بەڕاستی خەسارێکی گەورە بۆ حیزبەکەمان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمانە. بەداخەوە لە دووروڵاتم و شانازیی ئەوەم نییە لە نزیکەوە بەشداری ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی بم. بۆیە لە ڕێگای ئەم پەیامەوە پەرۆش و دڵگرانیی خۆم ڕادەگەیەنم و لە دڵەوە سەرەخۆشی لە ئێوە و لە ڕێگای ئێوەوە لە هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و یەک یەکی ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەم و درێژەی ڕێبازەکەی و وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانی بەئاوات دەخوازم. ڕووحی شاد و ڕێگاکەی پڕڕێبوار بێ.
براتان عەبدوڵڵا حەسەنزادە
٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤- ١٨ی ئووتی ٢٠٢٥