یوبیلیی هەشتاساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران. مستەفا شەڵماشی

یوبیلیی هەشتاساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکڕاتی کودستانی ئێران، هەشتاهەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ. لە و هەشتا ساڵە دا لە زۆر بواردا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و شانازی بۆ نەتەوەکەی خوڵقاندوە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان یەکەمین حیزب لە کوردستان دا بوو کە بە شێوەیەکی مودێرن دامەزرا و لە یەکەم کۆنگرەی خۆی دا بەرنامەیەکی بۆ سەردەمی خۆی پێشکەوتوو، ڕێبەریەکی دەستەجەمعی و ڕێبەرێکی لێهاتوو و پێشکەوتووی هەڵبژارد. شێوەی دروستبوون و هاتنە مەیدانیشی تەواو سەردەمیانە بوو. چوونکی لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژ.ک دامەزرا کە ڕێکخراوێکی پێشکەوتووی پێکهاتوو لە هەڵبژاردەکانی ئەو کاتی کوردستان بوو. ئامانجی ژ.ک بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بوو بۆ نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانیش هەر بۆ هەمان ئامانج دامەزرا. هەرچەند بەرنامە وپێڕەوی خۆی بەڕۆژ کردەوەو هەوڵی دا لەگەڵ کەش و هەوای سیاسیی سەردەمی دامەزرانی خۆی بیگونجێنێ و نێوەرۆکێکی کێشداری پێ بدا تا بتوانی لەگەڵ کاراکتیڕە زلهێزەکانی ئەو سەردەم دا کە لە سەر کوردستان و وەڵاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست هێژەمۆنی و دەستڕۆیشتووییان هەبو، خۆی بگونجێنی.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران پێکهێنەری یەکەمین دەسەڵاتی مۆدیرنی کوردی بوو کە نیزێکەی ساڵێک دوای دروستبوونی خۆی، بەسەرۆکایەتی پێشەوای ڕووناکبیر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ڕێبەری حیزب، پێشەوا قازی محەممەد دامەزراو لە مێژوودا یەکەمین کۆماری کوردستانی بۆ تۆمارکردین.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە قوربانی دانیش دا پێشەنگە و تەنانەت ڕەنگە لە دنیاش دا حیزبێکی دیکە ی ئەوتۆ نەبێ کە چوار بەر پرسی یەکەمی بە دەستی دوژمنان شەهید کرابن، کە سەرۆک کۆمار و ڕێبەری کاریزمای حیزبەکە لە سێدارە درابێ، کە دوو ڕێبەری کاریزمای دیکەی لە نێو جەرگەی وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا تیڕۆر کرابن و کە نیزیکەی سەد کەس لە ئەندامانی ڕێبەری لە قۆناغە جۆربەجۆرەکانی خەبات دا شەهید کرابن.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە گەڵ هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە هاتوونە سەر ڕێگای و زۆرجار نەخۆش کەوتووە و تا سنووری کەوتن چووە، بەڵام هەمووجارێ هەستاوەتەوەو بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیسان خۆی گرتوەتەوە و بوەتە وە چاکە سواری مەیدان و جڵەوی خەباتی وەدەست گرتوەتەوە. هەرچەندە لە قۆناغی جۆراو جۆر دا تووشی لێکدابڕان و پەرەوازەیی بووە، بەڵام بە هیممەتی کادرە وردبینەکانی، جارێکی دی ڕیزەکانی خۆی پتەو کردوەتەوە و نەمامەکانی دواڕۆژی خۆی بە ئاوی یەکیەتی ئاو داوەتەوەو دوژمنانی ناکام کردوە.
بێگومان لەو ماوە دوور و درێژەدا و لە نێو تۆفانی ئەو هەموو دژواری و نابەسامانییەی کە بەسەر حیزب و گەلی کورد دا هاتووە، ڕەنگە لە هێندێک قۆناغ دا تووشی هەڵەی تاکتیکیش بووبێ، بەڵام یەک شانازی گەورە بۆ ئەو حیزبە خوشەویستەی گەلی کورد ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز و لە هیچ قۆناغیک دا نەبوەتە داردەستی دوژمنان و هیچ کاتێک سەربەخۆیی خۆی لە دەست نەداوە. تەنانەت ئەگەر هەڵەشی کردبێ، بە دەستووری هیچ جێگایەک نەبووە و لە خانەی هەڵەی سیاسی و تاکتیکی دا خۆی دیوەتەوە، یا لە لایەن هێز و لایەنی دیکەڕا و بە هۆی هەل و مەرجی نالەبارەوە بە سەری دا سەپاوە.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەرچەند لە تەمەن دا ساڵانێکی تێپەڕاندووە، بەڵام لە بۆچوون و گوتار دا تازە و لاوە، هەرچەند لە نێو گیر و گرفتی جۆراوجۆردا ماندوو دیارە، بەڵام ئیمکانات و ئێنێرژی گەشە کردن و پێسکەوتنی هەیە و هەرچەند بنەماڵەکەی لێکترازانی زۆری بەخۆوە دیوە، بەڵام ویست و پتانسێلی کۆکردنەوەی نێوماڵی خۆی و بەرهەم‌هێنانی یەکیەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانی خۆی هەیە.
لە هەشتاهەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی حیزبی ڕێبەرانی شەهید پێشەوا، قاسملو، شەڕەفکەندی و دەیان شەهیدی سەرکردەی دیکەی وەک مەلائاوارە، شەریفزادە و موعینیەکان و شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات و دەیان شەهیدی دیکەی ڕێبەری، سەدان شەهیدی فەرماندە وهەزاران شەهیدی پێشمەرگە و ئەندام و دەیان هەزار شەهیدی لایەنگر و هەزاران شەهیدی قارەمان لە زیندانە کان دا، چاوەڕوانیم لە هەموو ڕێبوارانی ئەو ڕێگا پیرۆزە هەیە، کە بە هەموو توانای خۆیان هەوڵ بدەن شانازییەکان زیندوو کەنەوە و ئیمکانات و پتانسیێلەکان بە یەکگرتوویی ویەکڕیزی بەکار بێنن و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لووتکە بگەیەننەوە. تا جارێکی دیکە شاهیدی ئەوە بین کە ئەو حیزبە مەزنە دەسکەوتی گەورەی وەک پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە مهاباد بەدەست بێنێ و ئاواتی شەهیدان وەدی بێنێ.
با بەئیمان بەو هێزە لە بڕان نەهاتووەی کە لە دەوری حیزب کۆبوەتەوە و بە بەکارهێنانی ئەو ئێنێرژی و پتانسێیلەی کە بۆ ئەو حیزبە خۆشەویستە ڕەخساوە، ڕوو بکەینە مەیدانە گەورەکەو سیاسەتێکی کەڵان دەست پێ بکەین تا بتوانین هێز و تواناکانمان دەکار کەین و ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕین لە گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا. جێگای خۆیەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ئیبتیکاری ئاڵتەرناتیڤسازی بۆ هەموو ئێران و درووستکردنی بەرەیەکی بەرین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستەوە بگرێ. تا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بتوانێ ڕۆڵی شیاو و بارتەقای ئەو هەموو خەبات و قووربانیدانەی کە پێشکەشی ئازادی دێموکڕاسی کردووە، لە ئیدارەی ئێران دا بەدەست بێنێ و بۆ کوردستانیش مافە نەتەوایەتیەکانی دەستەبەر بکا.
بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی دەڵێم بە ڕێبەرایەتیی حیزب، بە هەموو ئەندامان، پێشمەرگەکان و بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە و هەموو ئۆگران و لایەنگرانی ئەو ڕێگایە. هیوادارم بەر هەمی هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ببینن و گەلەکەمان بە لووتکەی سەرکەوتن بگەیەنن.