حیزبی دێموکرات و “کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان” و خەباتی جەماوەری. سمایل شەرەفی

حیزبی دێموکرات و “کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان” و خەباتی جەماوەری
سمایل شەرەفی
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەسەر بنەما و ماهییەتی نەتەوەیی و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، هەر لەسەرەتاوە ڕوانگەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنەی بۆ بەستێنی کاروچالاکی و خەباتی خۆی هەبووە. ئەم حیزبە کە لە بنەڕەت ڕا خۆی بە “حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە” پێناسە کردوە، هەوڵی داوە خەباتی خۆی لە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری‌دا وێنا بکات؛ لەم پێوەندییەدا لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی بۆ بەشداریی نوێنەرانی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە خەبات دا کردوە، لەهەمان‌ کات‌دا خۆی بەرانبەر بە گشت پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەرپرسیار زانیوە.
کاتێک کە ڕێبەرانی سیاسیی کورد بڕیاری گۆڕینی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێکاف) – کە دامەزراوەیەکی نهێنی و لەهەمان کات‌دا بەرتەسک بوو – دەدەن بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و شێوازێکی ئاشکرا و مەیدانی بە خەبات دەدەن و هەموو چین و توێژێکی خەڵکی کوردستان دەتوانن تیایدا بەشدار بن، دیارە کە ئەم حیزبە ڕویکەرد و ڕوانگەیەکی تەواو گشتگیر و جەماوەری هەیە و بەشێک لە فەلسەفەی وجوودیی خۆی لە “خەڵک‌ و جەماوەرتەوەری”دا پێناسە دەکات.
لە بنەڕەت ڕا حیزبی دێموکرات کە خولیای نەتەوەسازی و دەوڵەتداری لە بەرنامەی دا بووە، بە بێ هەوڵدان بۆ ڕاکیشانی سەرنجی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری کە بە درووستی لە خاڵ و بەندەکانی مەرامنامەی ئەم حیزبەدا ڕەنگی داوەتەوە، نەیدەتوانی ئەم ئەرکە گرینگ و مێژووییە وەئەستۆ بگرێ. هەر بۆیە بۆ ئەم مەبەستە کار لە سەر دامەزرانی دەسەڵاتێکی جەماوەری و دێموکراتیک بە ناوی کۆماری کوردستان دەکات.

حیزبی دێموکرات و “کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان” و خەباتی جەماوەری

کۆماری کوردستان وەک نیزامێکی سیاسی و خۆبەڕێوەبەری کە لە هەلومەرجێکی تایبەتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی‌دا دێتە ئاراوە، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە نەتەوەی کورد کە بە سەدان ساڵە حاشا لە وجوود و ماف و ئازادییەکانی کراوە و لەم پێناوەدا بە دڕاندانەترین شێوەی مومکین دژایەتی و سەرکوت کراوە، هەست بە بوونی خۆی وەک میللەتێکی جیاواز بکات کە مافی ئەوەی هەیە وەک باقی نەتەوەکانی دیکەی سەر گۆی زەوی، ماف و ئازادیی خۆی هەبێت.
ڕێبەر و پێشەوای حیزبی دێموکرات، پێشەوا قازی محەممەد کە دامەزرێنەر و سەرۆکۆماری کۆماری کوردستان بوو، نەتەنیا لە ماوەی ١١ مانگی خزمەتەکانی کۆماری کوردستان بە خەڵک، بەڵکوو پیشتریش کە قازی و حاکمی شاری مهاباد بووە، هەموو هەوڵێکی بۆ لێک‌کۆکردنەوەی چین و توێژەکانی شار لە پەنا یەکتر و ئەرکدارکردنیان بە وەزیفەی جۆراوجۆر بووە. بۆیە لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنی کۆماری کوردستانیش‌دا لە ژێر کاریگەریی هەمان تێڕوانین‌دا، بە دامەزرانی یەکیەتییە سینفییەکانی وەک؛ ژنان و لاوان و ئاوڕدانەوە لە گشت چین و تویژەکانی کۆمەڵی ژێر دەسەڵاتی کۆمار، “جمهوورییەت” و جەماوەریبوونی ئەم دەسەڵاتە کوردییە زیاتر خۆ دەنوێنێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر ئەم بنەما هزریانە بۆچەسپاندنی دەسەڵاتی خۆماڵی و، دواتریش و لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی خۆی‌دا بە پاڕاستنی ماهییەتی نەتەوەییبوونی خۆی و دەرککردن بە هێز و وزەی تایبەت بە هەرکام لە بەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، خەسڵەتی جەماوەریبوونی خۆی و ڕوانگە گشتگیرەکانی بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاراستووە.
ڕوانگە و ڕوانینی جەماوەریی بۆ خەبات لە پێناو گەیاندنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ماف و ئازادییە ڕەواکانیان، ئەم حیزبەی بە سەرنج خستنە سەر توانا و پتانسێلی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵی کوردەواری ڕاهێناوە. حیزب بە خۆ دوورخستنەوە لە ڕوانینی تاک ڕەهەندی بۆ پرسەکانی کۆمەڵگە و نەخشە ڕێگەی خەبات و خۆ نەبەستنەوە بە ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت، هەوڵی داوە گشت کەلێن و دەفەتەکانی کۆمەڵگە و ڕەهەندەکانی خەبات و وەزەکانی تایبەت بەم خەباتە گشتگیر و جەماوەرییە ببینێ. بۆیە بەردەنگی خەباتکارانەی حیزبی دێموکرات هەمیشە “کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان” بووە، نەک چین یان توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگە.
ئەم تێڕوانینە جەماوەرییەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانی و ئەرک و بەرپرسیارێتیی قورسی خستۆتە سەر شان، بەڵام لەبەرانبەردا پێگەیەکی قوڵ و بەرینیشی بەم حیزبە بەخشیوە. حیزبی دێموکرات بە پێچەوانەی حیزبە چوارچێوەدارە ئیدئۆلۆگەکان کە بەردەنگ و پێگەیان تایبەت بە تەیفێک لە کۆمەڵگەیە و خاوەن گوتارێکی کۆنکرێتی بەرتەسکن، بۆ پاراستنی ئەم خەسڵەتە جەماوەرییەی خۆی، پێکهاتەیەکی کراوەی دێموکراتیک، گوتارێکی گشتگیر و چەتریی لەسەر بنەمای “ناسیونالیزمی دێموکراتیک” و ڕوانگەیەکی فرەڕەهەندی بۆ خەبات و تێکۆشان هەیە.
باوەڕی حیزبی دێموکرات بە بەجەماوەریکردنی خەبات و تێکۆشانی شوناسخوازانەی نەتەوەیی، تەنیا لە ئاستی گوتار و درووشم و ئیدیعادا نەبووە و نیە. پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵک و جەماوەری خەڵک و وەکارخستنی ئەم هێزە لە خەبات، بۆ حیزبی دێموکرات بە شێوەی مەیدانی و لە ئاستی بەرینی جەماوەریش‌دا بەردەوام خۆی پاتە کردۆتەوە. ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە نێو ئاپۆڕای بەرینی کۆمەڵانی خەڵک و نوێنەران و هەروەها بەڕێوەبردنی میتینگی سەدهەزار کەسی لە شاری مهاباد سەبارەت بە ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب لە دوای شۆرشی ١٣٥٧ی هەتاوی و بەڕێوەبردنی دەیان کۆڕوکۆبوونەوە و مانگرتنی جەماوەری، بۆ حیزبی دێموکرات هەم نیشانەی باوەڕمەندبوونی بە بەجەماوەریکردنی خەباتە و هەم نیشانەی پیگەی بەرزی جەماوەریی ئەم حیزبەیە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردی لە سەربنەما و مێتۆدی وتوێژ و لێکتێگەیشتنی دێموکراتیک بنیات ناوە و لەم پێناوەدا هەزینەی قورسیشی داوە، بەرانبەر بە ئەقڵییەتی پاوانخوازی و شەرئەنگێزی و پەلاماردەرانەی دەسەڵات و دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان، دەستەوەستان نەوەستاوە و بەستێنی خەبات و وزەی خەباتکارانەی کۆمەڵگەی کوردستانی لە چوارچیوەیەکی دیکەی خەبات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌دا خستۆتەگەڕ.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەم ڕەهەندە سەخت ئامێرییەی خەباتی خەڵکی کوردستان و هەڵگرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسیاریتییە دژوارەی کە دەکەوتە سەر شانی، حیزبی دێموکرات لەژێر کارتێکەریی هەمیشەیی و بەردەوامی ڕوانینە جەماوەرییەکی بۆ خەبات و غافڵ نەبوون لە چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە لانی زۆری وزەی خەباتکارانەی کۆمەڵگە، پێداگری لەسەر بەشداریپێدانی گشت چین وتوێژەکان لە ڕەهەندە جیاوازەکانی خەبات کردوە و هەمیشە لەو باوەڕەدا بووە کە “رێگاکانی خەبات و بەشداریی لە بزووتنەوەی گەلی کوردستان‌دا زۆر و هەمەجۆرن”.
ڕوانگە و باوەڕی حیزبی دێموکرات و هەوڵەکانی بۆ وەگەڕخستنی هێز و ماتەوزەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە دوو – سێ دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە خۆی بە ڕوونی دەرخستووە و نەتیجەی وەرگرتۆتەوە. پشتیوانی لە کۆر و کۆبوونەوە و رێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان و بەڕەسمی‌ناسینی جموجۆڵی مەدەنی درێژەی هەمان تێڕوانینە.
ئامانجی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە خەباتی جەماوەری یان بە جەماوەریکردنی خەبات، بەشداریی بەرینی خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی خەبات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی وەک نەتەوەیەک کە پرسی تایبەت بە خۆی هەیە. هەروەها هەوڵدانە بۆ دوررخستنەوەی تاک و کۆی کۆمەڵی کوردەواری لە بێ‌تەفاوەتی و خۆ لە پەراویزخستن و پاسیڤبوون.
بە وردبوونەوە لە ڕەفتاری گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بۆنە و ڕووداو و پیشهاتە جۆراوجۆرە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و ژینگەپارێزی و زمانی و هەر جۆرە جووڵەیەکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کە لەم یەک دوو دەیەی ڕابردوودا لە وڵات بەڕێوەچوون، دەتوانین بە پانەوە ئیدیعای ئەوە بکەین کە بە خۆشییەوە تێڕوانین و هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر خەباتی جەماوەری جێ کەوتوون و چەسپاون.
بزووتنەوەی ژن.ژیان.ئازادی و کارنەڤاڵە نەرۆزییەکانی کوردستان و ڕەفتار و هەڵوێستی گشتی و جەماوەریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەو نموونە هەرە بەرز و ناسراوانن کە دەیسەلمێنن خەباتی خەڵکی کوردستان پێناسەیەکی تەواو گشتی و جەماوەری بەخۆیەوە بینیوە و لە زۆر بار و بواردا لەگەڵ پەرەسەندن و خۆبەهێزکردنی، پاشەکشەی بە دەسەڵاتی سەرکوتکار کردوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی لەم بارەوە شانازی بە خۆی و بەئاکامگەیشتنی تێڕوانین و هەوڵەکانیەوە دەکات، وەک هەمیشە بەرانبەر بەم خەسڵەتە خەباتکارانە، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ و شیلگیرانەتر لە هەمیشە، پێگەی جەماوەریی خۆی لە پێناو بەجەماوریترکردنی خەبات‌دا دەخاتە گەڕ.