هەرەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان . نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد

هەرەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

ئەحمەد شەرع بە پلان و بەرنامەرێزی رژێمی تورکیا دەسەڵاتی سوریای بە دەستەوە گرت. لەو کاتەیەوە کە ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، حکومەتی سوریا چەندین جار توشی ئاڵۆزی و شەر و پێکدادان بووە لە گەڵ کەمینەی ئاینی دروزەکان لە باشوری سوریا لە پارێزگای سوەیدا. مەترسی تورکیاش لەو تێکهەڵچون و راپەرینانە زیاتر بووە. هەر بۆیە تورکیا هوشداری دەدات بە کورد و دروزەکان کە داوای خۆسەری یان حکومەتی سەربەخۆ نەکەن. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا زۆر جار لە مێدیاکان رایگەیاندووە، کە دابەش بوونی سوریا مەترسی گەورەیە بۆ سەر ئاسایەشی تورکیا. هەروەها فیدان بە راشکاوی راگەیاندووە، ئەگەر پلانی دابەش کردنی سوریا هەبێت، حکومەتی تورکیا راستە و خۆ دەستێوەردان لەو کارە دا دەکات و بەرگری هەڵوەشانەوەی سنورەکانی سوریا دەکات. ئەو داوا لە کورد و دروزەکان دەکات کە خۆیان تێکەڵی راپەرین لە دژی سوریا نەکەن و بۆ سوریایەکی یەکگرتو هەوڵ بدەن. تورکیا دەلێت واباشە کە کورد و دروزەکان کلتور و ئاینی خۆیان لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتو بپارێزن و لە گەڵ حکومەتی سوریا یەکگرتو بن.
لە هەڵس و کەوتو و بۆچونەکانی ئەحمەد شەرع جوان دەردەکەویت، کە ئەو رازی نابێت بە داوخوازەکانی کورد و دروزەکان و مافیان پاشگوێ دەخات.
دروزەکان لە باشوری سوریا لە پارێزگای سوەیدا راپەرین و داوای مافی خۆیان و خۆسەری دەکەن. لە نێوان هۆزەکانی بەدەوی عەرەب و درزەکان شەر و تێکهەڵچون کرا و سەربازی سوریاش پشتیوانی هۆزەکانی بەدەوی عەرەبی کرد. حکومەتی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی دروزەکان بە فرۆکە هێرشی بۆ سەر کاروانی لشکری سوریا لە پارێزگای سوەیدا کرد. هەروەها بە فرۆکە بۆمبارانی وەزارەتی سوپای سوریای لە شاری دەمەشق کرد. درۆزکان بە پشتیوانی ئیسرائیل زۆر دڵخۆشن و ئاڵای ئیسرائیل لە گەڵ ئاڵای خۆیان بەرز دەکەنەوە. دروزەکان بە راشکاوی و ئاشکرا داوا لە ئیسرائیل دەکەن کە پشتیوانیان بکات. ئیسرائیل دەیهەوێت دروزەکان لە سوریا بپارێزێت. هەروەها حکومەتی ئیسرائیل ئاوات و ستراتیجی سەرەکی ئەوەیە کە سوریا هەمیشە بێ هێز و لاواز بێت و پێگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان دا زۆر کەم بێت. نایهەوێت لشکری بە هێز و تۆکمەی هەبێت، هەتا بتوانیت بە ئاسانی کاریگەری لە سوریای داهاتو هەبێت. نایهه‌وێت لە داهاتودا سوریا ببێتە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل دەیهە‌وێت بەشێک لە خاکی سوریا داگیر بکات و وەک کارتێکی بە هێز لە داهاتودا بە کاری بێنێت.
تورکیا لە پشتیوانی ئیسرائیل بۆ دروزەکان زۆر نیگەرانە و زۆر جار لە مێدیاکاندا بە دژی ئیسرائیل رای خۆیان دەربریوە. ترسی هەرێ گەورەی تورکیا دابەش بوونی سوریایە بە سەر عەرەب، کورد و دروزەکان.
لە ساڵی ٢٠١٦ را هەتا ئێستا سوپای تورکیا چەندین جار بە توندی هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە. تورکیا نایهەوێت خۆسەری بەرێوەبەری رۆژئاوا دەسەڵاتی هەبێت و بە پلان و هەر جۆرێک بێت دەیهەوێت، دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان لە بەین بەریت.
بە گوێرەی رەوانگەی مافی مرۆڤ لە سوریا زیاتر لە ١٢٦٠ نەفەر لەو شەر و پێکدادانەی چەند رۆژی دوایدا گیانیان لە دەست داوە.

نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد
شاری هامار وڵاتی نۆرویژ
بەرواری ٢٣/٧/٢٠٢٥