كۆچی دوایی دۆستێكی جولانەوەی كورد، لە رۆژهەڵاتی كوردستان
كۆچی دوایی دۆستێكی جولانەوەی كورد، لە رۆژهەڵاتی كوردستان
ئێوارەی ٢٦ لە سەر ٢٧ـ٠٤ـ١٤٠٤ی هەتاوی، واتە ئێوارەی رۆژی هەینی، ئەحمەد ئیبراهیم زادە، ناسراو بە ئەحمەد شكاكی گوندی مێونە، كە دەكاتە ئامۆزای مام حاجی وبمام هەمزە و مام حەسەنی خدری حاجی مێونەی، واتە مامەكان و باوكی مریەمی هاوسەرم، كۆچی دوایی كرد.
ئەحمەد شكاک پیاوێكی لە سەرخۆ و قسەخۆش و كۆمەڵایەتی بوو، لە نێو خەڵكی گوندی مێونە و ناوچەی رەبەت و دەوروبەریدا، زۆر خۆشەویست بوو، ناوبراو هەمیشە لە شایی و شینی خەڵكدا بەشدار بوو، ، هەر لە تەمەنی لاویەتیەوە تا لە پێ كەوت لە خزمەت كۆمەڵگای خۆی دابوو.
ئەحمەد شكاک جووڵانەوەی خەڵكی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە رێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران زۆرخۆش دەویست، هەر بۆیەش كاتێک پێشمەرگەكان دەچوونە گوندی مێونە، هەر چەند ماڵەكە لە چەند متری مۆڵگەی پاسدارەكان بوو، پێشمەرگەكان لێی میوان دەبوون و بە گەرمی لە باوەشی دەگرتن و ، بۆیان دەدوا و ، دەستی بە وتە و قسەی خۆش دەكردن، تێر لە لای دەحەسانەوە.
لەو كاتەدا كە پاسدارەكانی كۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران، رێگای باسكی پشتی گوندی مێونەی بۆ قەڵات كەوان و گوندی نستان مین رێژ كردبوو، دوو كووڕی ئەحمەد شكاک، بە ناوەكانی ناسر و ئیبراهیم ، لە تەمەنەكانی سێزدە و چواردە ساڵدا، كە شوانی مەڕو ماڵاتی خۆیان بوون ، كەوتنە سەر ئەو مینانەو ، هەردووكیان شەهید بوون.
ئەوە خەمێكی گەورەی خستە سەر دڵی ئەحمەد شكاک و ، هەموو ئەندامانی بنەماڵە و ، گشت تایەفەی خدری حاجی و ، تێكڕای خەڵكی گوندی مێونەو ناوچەكە.
بە دوای ئەوەشدا، دڵ و دەروونی ئەحمەد شكاک زیاتر بەرەو سەربەستی نەتەوەكەی كشاو ، بێزی لە گشت هێزەكانی دوژمن دەبۆوە. پوور ئایشی دایكی ئەو دوو كوڕە سێزدەو چواردە ساڵە ، هەمیشە لە فكری ئەو دوو كوڕە جوان و منداڵكارانەی دا بوو، زۆر جاران كە لە كاتی جەولەكانمان لە مووچەی فەقێ مادین دەماینەوە، دەماندیت و گوێمان لێدەبوو كە بە دەنگ و سەدایەكی خۆش ، پێی هەڵدەگوتن و دەیلاواندنەوە.
لێرەوە، دوور لە زێدی خۆمان، خۆم و ئەندامانی بنەماڵەمان، یەك بە یەك سەرەخۆشی لە گشت خزمان دەكەین و ، خۆمان بە شەریكی خەمیان دەزانیین.
پرسەی ناو براو ئەمڕۆ، ٢٧ـ٠٤ـ١٤٠٤، لە نێو شاری رەبەت ،لە مزگەوتی چوار ڕێیانی نەبی ،دەبێت
روحی ئەحمەد شكاک و كوڕە جوانە مەرگەكانی شادو جێگایان بەهەشتی بەرین بێت.
ئەحمەد مەكڵاوەیی