پەیامی بەڕێز و تێکۆشەر مامۆستا عبداڵلە حەسەنزادە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی نەمر ئاوارە حەسەنزادە
خوشک و برا بەڕێزەکان!
نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان!
کەسایەتییە سیاسی، زانستی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکان!
تێکۆشەرانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران!
سڵاوتان لێبێ و ئەم کاتەتان باش.
بەناوی خۆم و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەمانەوە سوپاسی یەکبەیەکتان دەکەم کە لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە بۆ بەشداری لە پرسەی ڕۆڵەی گۆڕغەریبم ئاوارەی حەسەنزادەدا زەحمەتتان کێشاوە و تەشریفتان هێناوە. حاشای لێناکرێ کە مەرگی ئازیزان، ئەویش یەکی وەک ئاوارەی کوڕم کە پێویستیی پتری بە سۆز و پێڕاگەیشتن هەبوو، لە وڵاتی غەریبایەتی و بێ ئەوەی کەسێکی نیزیکی لەبن سەری بێ و بۆ تاکە ساتێک سەری لەسەر کۆشی خۆی دانێ، سەر بنێتەوە کارەساتێکی ناخهەژێن و کۆستێکی دڵتەزێنە.
بەڵام خۆ ئەمن یەکەم جارم نیە جگەرگۆشەیەک لە دەست دەدەم، لە دەیان ساڵی تەمەنمدا هەزاران ڕۆڵەی بەنرخم ئەویش لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا شەهید بوون. لە بەرامبەریشدا بە هەزاران کوڕ و کچی جێگای شانازیم لە مەیداندان و دڵنیاتان دەکەم بە بوونی ئەوانە ئاسانی بەرگەی ئەم کۆستە دەگرم و شوکرانە بەسەری ئێوە و ئازیزەکانی دیکەم دەبژێرم.
بەڕاستی هاودەردی و هاوخەمیی بەربەرینی ئێوە سێبووریی پێداوین، خەمی لەدڵ تەراندووین و تەمی لەسەر ڕەواندووین. بۆیە بەهەق سوپاس و پێزانینی ئێمە ناتوانێ بارتەقای ئەو هاودەردییە بەرینە بێ مەگەر ئێوە بە گەورەیی خۆتان بمانبەخشن.
ئازیزانم! ئەگەر لێم قبووڵ بکەن ئەمن ناوی ئەم کۆڕە بەشکۆیە نانێم پرسە و سەرەخۆشی، بەڵکوو پێیدەڵێم کارنەڤاڵی خۆشەویستی کە ئێوە بە پێکهێنانی هەم گەورەیی خۆتان نیشان دا و هەم بنەماڵەی ئێمەتان منەتبار و قەرزدار کرد. ڕێگام بدەن بڵێم خوا لەجیاتی ئێمە پاداشی خێرتان بداتەوە و لە ڕووداوی لەو بابەتە دوورتان بخاتەوە.
لەکۆتاییدا دەمەوێ وەک ئەمەگناسی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە لە وەڕێخستن و بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمەدا زەحمەتیان کێشاوە، بەتایبەتی ئاکۆی کوڕم کە لەو ماوەیەدا ئەرکی قورسی لەسەر شان بوو، سوپاسی میللەت و دەوڵەتی سوێد بکەم کە ماوەی چل ساڵ ئەم کوڕەمیان گرتۆتە خۆ و پێیڕاگەیشتوون و هەروەها بە شاهیدیی ئێوە سوپاسی کیژ و کوڕەکانم بکەم کە هەرکام بەپێی توانای خۆیان سەری ئاوارەیان داوە و لەجیاتی من پێیڕاگەیشتوون. لەو نێوەدا موحەممەد کوڕە گەورەی من و برا گەورەی ئاوارە و کاترین خانمی هاوسەری جێگایەکی تایبەتییان هەیە. لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا چەندین جار دەرفەتی دیداری ئاوارە و بنەماڵەیان ڕەخساندوە و بە سەدان جار هەردووکیان یان موحەممەد بەتەنیا سەری ئاوارەیان داوە و نازیان کێشاوە. کورتی کەمەوە: بە کردەوە ئەوان دایکوبابی ئاوارە بوون. تەمەنیان درێژ بێ و مەرگی وان نەبینم.
دوو بارە ڕێز و سوپاسم بۆ هەمووان و هەر خۆش بن.
عبداللە حسنزادە
ئارڤیکا- سوێد ١٨\ ٠٧\٢٠٢٥
پەیامی بەڕێز و تێکۆشەر مامۆستا عبداڵلە حەسەنزادە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی نەمر ئاوارە حەسەنزادە لە شاری ئارڤیکا لە وڵاتی سوئێد، ئەو پەیامە لە لایەن خاتوو گەلاوێژ حەسەنزادە خوشکی نەمر ئاوارە حەسەنزادە پێشکەش کرا