ڕێبەرێک کە لە پێناو ئاشتی و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلەکەی دا،گیانی خۆی فیدا کرد. ڕەحمان کاژەیی
ڕێبەرێک کە لە پێناو ئاشتی و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلەکەی دا،گیانی خۆی فیدا کرد.
٣٦ ساڵ لەمەو پێش، ڕێبەری مەزن، دوکتور قاسملوو، لەلایەن تیڕۆڕیستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە ڤیەن، پێتەختی وڵاتی ئوتریش، لە سەر مێزی وتووێژ، لە پێناو چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تیڕۆڕ کرا.
ئەو ڕووداوە تاڵ و دڵهەژێنە و دەیان و سەدان ڕووداوی هاوشێوە، نیشاندەری ئەوەن کە داگیرکەرانی کوردستان، هیچ کاتێک نەیانویستووە و نایانەوێ، دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دابنێن و دەست لە داگیرکاری هەڵگرن، لە ڕاستیدا مان و مەوجودییەتی خۆیان، لە نەمانی کورددا دەبینن. هەربۆیەشە پیلانگێرییەکانیان دژی ئەو گەلە، لە ئەولەوییەتی کارە قێزەونیەکانیان دایە.
ئەوە زیاتر لە سەد ساڵیشە، کورد بە گشتی خەبات دەکا بۆ ڕزگاری لە دەست چەوسانەوە و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، لە سەر خاکی باب و باپیرانی بە شێوازی جۆراوجۆر.
ئاشکراشە لە سەرتاسەری گۆی زەوی، گەلێک بە حەشیمەتێکی شێست – حەفتا میلیۆنی، شک نابەی و نادۆزیەوە کە لە سەر خاکی خۆی، ئاوا هەڵوەدا و بێ کەیانێکی سەربەخۆبێ و لە لایەن داگیرکەرەکانیشیەوە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و نامرۆڤانە، سەرکوت بکرێ.
کە وابوو کێشە سەرەکییەکە لە کوێدایە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە، ئەوەندە هاسانە کە پێویست بەوە ناکا لە کتێبە فەلسەفییەکان دا بۆی بگەڕێی، ( ئەگەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی، بۆ وەدەستهێنان و دەستەبەرکردنی یەک ئامانج، بە چوار ئاڕاستەی لێک جیاواز دا هەنگاو بنێن، ئاکامەکەی بێجگە لە سەر لێشێواوی و مایە پووچ بوون،دەتوانێ چ بەرهەمێکی دیکەی هەبێ؟ )
باوەڕ ناکەم کەس هەبێ، نکۆڵی لەوە بکا کە بەشی هەرە زۆری نەهامەتییەکان و ڕۆژڕەشی گەلی کورد، بە پلەی یەکەم، گرفتە نێوخۆیەکانن. کە ئەوە وایکردووە، ڕاستەوخۆ بێ متمانەیی کۆمەڵگای جیهانیش، بەرانبەر بە مەسەلەی کورد، بە دوای خۆیدا بێنی:
کاتێک گەلێک ئامانج و ئیستیراتیژییەکی ڕوون و یەکگرتووی بۆ چارەسەری بنەڕەتی لە سەر پرسە نیشتمانییەکانی خۆی نەبێ، سەر لە کۆماڵگای نێودەوڵەتیش دەشێوێنێ، ( کە داخوا گرفتەکە، نێوخۆییە، یا چارەسەری گەلێکی دەیان میلیۆنییە کە زیاتر لە سەد ساڵە، بێ چارەسەر ماوەتەوە؟ ).
ئەوە لە کاتێک دایە کە دەیان بەڵگەی زیندوو لە بەر دەستدان و ئاماژە بەوە دەکەن کە مەسەی کورد، ناکرێ و ناگونجێ، چارەسەرێکی نێوخۆیی بۆ بدۆزرێتەوە، سەری نەگرتووە و قەتیش سەرناگرێ.
لە کۆتایی داو بەو بۆنە خەمناکەوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم:
ئەگەرگەلی کورد بیهەوێ بۆ هەمیشە خۆی لە دەستی تیڕۆڕ، ڕەشەکوژی و وێرانی ڕزگار بکا، پێویستە یەکگرتووانە و بە یەک ئاڕاستە دا، هەنگاو بنێ. مەسەلەی کورد، یەک مەسەلەیە و چوار نین. هەتا بە چواری بزانین، چوار وڵامی جیاوازیش وەر دەگرینەوە کە بۆمان ناخرێنەوە سەریەک و دابڕانەکەش، درێژەی دەبێ و چارەسەری بنەڕەتیش، هەرگیز بەدی نایە.
بۆیە زیاتر لە هەر کات و زەمانێک، حیزبە سیاسی و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیارییەتێکی مێژووییان دەکەوێتە سەرشان لە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوو و مێژوودا. بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن، بە دڵنیاییەوە، مێژوو نایان بەخشێ.
سڵاو لە گیانی پاکی ڕێبەری مەزن، دوکتور قاسملو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان. مردن و نەمان بۆ کۆماری تیڕۆڕیستی ئیسلامی ئێران.
ڕەحمان کاژەیی