کۆچی دوایی مامۆستا محەممەد ناسراو بە محەممەدی شەمێ لە شاری سەردەشت
کۆچی دوایی مامۆستا محەممەد ناسراو بە محەممەدی شەمێ لە شاری سەردەشت
لە هەر دەڤەر و شار و گوندێک کەسانێک هەن کە بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دەبنە پشت و پەنا و دەبنە مۆمی ڕووناکی بۆ خەڵک و بۆ خۆشیان دەبنە خۆشەویستی کۆمەڵگە و خەڵکی ناوچەکە.
شاری سەردەشت یەکێکە لەو شارانەی کوردستان کە بە خۆشیەوە لە ئامێزی خۆی دا زۆر کەسایەتی بەرز و بەڕێزی لە هەموو توێژەکان دا پەروەردە کردوون. یەکێک لەو کەسایەتییە جوان و بە ناوودەنگ کاک محەممەد ئیرانمەنش ناسراو بە محەممەدی شەمێ هەر لە ئامێزی گردەسوور و شاری سەردەشت دا پەروەردە بوو، بۆ خزمەت کردن بە خەڵک و بە تایبەت بە توێژێک بە ناوی قوتابی.
بنەماڵەی شەمێ لە شاری سەردەشت بنەماڵەیەکی خۆشناو، بنەماڵەیەکی بە خزمەت و لە هەمان کاتدا مێهرەبان و ساحەب ناو و ناوبانگی خۆشەویستین، لە ئامێزی ئەو بنەماڵەیە دا چەند کوڕ و کچ و نەوەیان پێگەیشتوون، کاک محەممەدی شەمێ مرۆڤێکی تەژی لە خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان و پڕاوپڕ لە خزمەت کردن و پێگەیاندن و پەروەردەی منداڵان و قوتابیان بوو.
کاک محەممەد لاوێکی خوێن گەرمی ئاماڵ ڕەش تاڵە، کوڕیکی لێو بەخەندە، کەسێکی جێگەی باوەڕ و متمانەی کۆمەڵگا و گەڕەک و شاری سەردەشت بوو، لە ڕاپەڕین و شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دژی ڕژێمی پاشایەتی یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە هەموو خۆپێشاندان و مانگرتنەکان دا بە گەرمی بەشداری کرد و لە سەرەتای شۆڕشدا وەک هاندەرێک زۆر کەسی هاندا کە بە خەم گەل و نیشتمانەوە بن و ئەوەندی بۆی کرا زۆر دڵسۆزانە هەوڵی دا کە مرۆڤێکی خەڵکی و خاکی و نیشتمانپەروەر بێ، دواتر کاک محەممەد ژیانی تەرخانی پێگەیاندنی منداڵان لە قوتابخانە کرد، وەک مامۆستایەکی قوتابخانە هەم لە گوندەکانی دەوروبەری شار و هەمیش لە نێو شار خزمەتێکی دیار و بەرچاوی بە منداڵان کرد، وەک مامۆستا لە گوندەکانی ئەسپەمێزە و دۆڵگەرم و چەند گوندی دیکە بۆ ساڵانێک لە ئامێزی سرووشت و ئامێزی گەرمی خەڵکدا، خزمەتی مامۆستایەتی قوتابخانەی کرد و وەک کەسایەتییەکی خۆشناو، وەک مامۆستایەکی پلە بەرز و وەک مرۆڤێکی جێگەی متمانە توانیبووی ژیانی خۆی لەگەڵ خەڵکی گوندەکان و قوتابیان وا لێک گرێ بدا کە هەموو ئەوانەی دەیانناسی ڕێزی لێ بگرن، بە ئاکار و خوو و ڕەوشتی بەرزی ئینسانی خۆی ، بە کردەوە نیشانی دابوو کە خزمەتکاری گەل و نیشتمانە و لە شوێنێکی پیرۆز بە ناوی قوتابخانە دا کار بکا.
کەم نین ئەو گەنج و لاوانەی کە ئێستا پێگەیشتوون و پێشتر لە ژێر هێژموونی و ئەزموونی مامۆستا محەممەد شەمێ دا تا پلەی بەرزی خوێندن هەنگاویان ناوە و ئەمڕۆ یا وەک مامۆستای قوتابخانە دەرس دەڵێنەوە و یا لە ئیدارە و لە شوێنە گشتییەکان دا و یا وەک پێشمەرگە خزمەتی کۆمەڵگەی خۆیان دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی بەرچاو لەو لاوانە قەرزداری مێهرەبانی و خزمەتەکانی مامۆستا محەممەدی شەمێن.
کاک محەممەد جیا لە کاری مامۆستایەتی هەمیشە لە نێو خەڵکی شار و گوندەکانی دەوربەری سەردەشت دا وەک مرۆڤێکی تێکەڵ و کۆمەڵایەتی بە خەمی هەموو لایەکەوە بوو، ژیانێکی مامناوەندی هەبوو، مرۆڤێکی دەستگرەو و ساحەب ئیرادە و کەسێکی بە هیممەت بوو.
کاک محەممەد لە بنەماڵەی خۆیان دا بچووکترین ئەندامی بنەماڵەکەیان بوو، دوو خوشک و دوو برای لە خۆی گەورەتری هەبوو، بەڵام بە هۆی ئەوە کە هەم خوێندەواری هەبوو و هەمیش لە نێو خەڵکدا زیاتر دەر دەکەوت و بنەماڵەکەیان کاک محەممەدیان وەک گەورەی بنەماڵە سەیر دەکرد، کاک محەممەد بۆ بنەماڵەی خۆیان وەک باوک و برایەکی مێهرەبان دەجووڵایە و دەستی مێهرەبانی بە سەر سەری خوشک و برا و نەوەکان و هەروەها گشت خزمانەوە هەبوو، بە ڕاوێژی خۆشی و بە هەڵسوکەوتی جوانی توانیبووی بەهەشتێکی بچووک لە ماڵی خۆیدا درووست بکا و ببێتە ناجی و یارمەتیدەری گشت لایەک و لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵگاش بە زیادە خزمەتی کرد و خزمەتەکانی لە بیر هیچ لایەک ناچنەوە و ئاکار و خوو و ڕەوشتی بەرزی ئینسانی کاک محەممەد هەمیشە لە یاد و بیرەوەری گشت لایەک دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
کۆچی دوایی کاک محەممەد بۆ بنەماڵەی گەورەی شەمێ، بۆ خەڵکی شاری سەردەشت و هەموو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە دەیانناسی خەمێکی گەورەیە، هەر بۆیەش لە کاتی بە خاکسپاردنی دا ئاپۆڕای بەشداران جمەی دەهات و هەر هەمووشیان بۆی دڵ بە خەم و بە پەرۆش بوون.
جێگەی خۆیەتی کە لێرەوە سوپاسی خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری بکەم کە خاوەنداری لە کەسایەتیەکانی خۆیان دەکەن و بۆ ئەسپاردە کردنی کاک محەممەد کاتی خۆیان تەرخان کرد و بە بەشداریان خەمی کۆچی کاک محەممەدیان لە سەر شانی ئەندامانی بنەماڵەکەی سووک کرد.
سەرەخۆشی لە گشت لایەک، لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە خەڵکی شاری سەردەشت و هەموو دۆست و ناسیاوانی کاک محەممەدی شەمێ دەکەم.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٢-٠٧-٢٠٢٥ی زائینی