سوپاس و داوای لێبوردن. عهبدوڵڵا حهسهن زاده
سوپاس و داوای لێبوردن
لە ڕۆژی ٢٢ی ژووئهنی ٢٠٢٥ی زایینی (ڕێکەوتی ١ی پووشپهڕی ١٤٠٤ی ههتاوی)یهوه کە هەواڵی کۆچی دوایی جگەرگۆشەی گۆڕغهریبم ئاوارەی حەسەنزادەم ڕاگەیاندوە، شەپۆلێکی یەکجار بەربەرینی سەرەخۆشی و هاودەردی ڕووی کردۆتە دڵ و هەناوی من و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەمان کە بەڕاستی باری قورسی پەژارەی لەدەستدانی خۆشەویستەکەمانی سووکتر کردووه.
بێجگە لە هەزاران دڵسۆزی هاوسۆز کە ڕاستەوخۆ ئامادەی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی (لە هۆڵی پرسە و سەرەخۆشی یان لە ماڵێ) بوون، پۆلێکی لەئەژمارنەهاتووی دۆستان و سەروەران بە پێوەندیی تەلەفۆنی و ئیمەیل و نامەی دەستی و دانانی کۆمێنت لە ماڵپەڕ و پەیجەکانیاندا گەورەیی و هاودەردیی خۆیان نیشان داوە.
لەنێو ئەو سەروەرانەدا لە هاوڕێیانی حیزبی و هاوەڵانی نیزیکی ڕۆژە سەختەکانی خەبات لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هەبوون تا نووسەران و وەرگێڕان و شاعیرانی ناوداری کورد و سەدان کەسایەتیی دەستەبژێری حیزبی و ڕێبەران و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبە کوردستانییەکان و ئەندامانی پارلمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە سەروویانەوە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
خۆزگە دەمتوانی لە نیزیکەوە سوپاس و پێزانینم پێشکەشی هەمووی ئەو بەڕێزانە بکەم یان هەرنەبێ یەکبەیەک وەڵامی هەموو نامە و ئیمەیل و تەلەفۆنەکانیان بدەمەوە، کە بەداخەوە لەو بارەیەوە تەنیا داخوکەسەرم بۆ ماوەتەوە.
بۆیە ئێستا کە سەرەخۆشییەکە تەواو بووە، وێڕای سوپاس و پێزانین بە حورمەتەوە داوای لێبووردن لە هەمووان دەکەم و ساغی و سڵامەتیی هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازم. هیوادارم ڕۆژی ڕەش نەبینن و سێبەری لوتف و مەرحەمەتیان لەسەرم بەردەوام بێ.
عهبدوڵڵا حهسهن زاده
کۆیە، ٢٧ی ژووئهنی ٢٠٢٥ (٦ی پووشپهڕی ١٤٠٤)