ئاوارە ناوێک پڕ لە جوانی و پڕ لە خەندە و سادەیی

ئاوارە ناوێک پڕ لە جوانی و پڕ لە خەندە و سادەیی

کاکە ئاوارە حەسەن‌زادە کوڕی بەڕێز و تێکۆشەر، کەسایەتی سیاسی و ئەدیب و نووسەر و وەرگێری ناوداری کورد مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە وڵاتی سوئێد بە نەخۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد.

پێش ئەوەی هەواڵەکە بە نووسین لە لایەن مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بڵاو بێتەوە، ڕۆژێک پێشتر هەوڵم دا کە لەگەڵ برا گەورەی نەمر کاکە ئاوارە، واتە کاک محەمەد حەسەن‌زادە لە فەرانسە پەیوەندی بگرم و هەواڵەکەی بە شێوەیەک لێ بپرسم، بەڵام بە هۆی ئەوە کە کاک محەممەد بەرەو کوردستان وەڕێ کەوت بوو، نەمانتوانی بە یەکەوە قسە بکەین، هەر دووکمان بە پەرۆشی ئەو هەواڵە بووین و نەمدەویست لە ڕێگەی منەوە باوک و دایکی کاکە ئاوارە ئاگادار ببنەوە، ئەگەرچی پێشتر مامۆستا ئاگادار کرابۆوە، بەڵام دیسانیش دڵم بەرایی نەدەدا ئەم هەواڵە دڵتەزێنە بە مامۆستا و بە دایکی ئاوارە ڕابگەیێنم.

لەو کاتەوە گوێبیستی کۆچی ناوەختی ئاوارە بووم، دەستم بۆ هیچ کارێک نەدەچوو، هەوڵم دا شتێک بە کورتیش بێ بنووسم، بەڵام دەستم بۆ نووسین نەدەچوو.

ئاوارە حەسەن‌زادە و دایە مەلاژن، دایکی نەمر کاکە ئاوارە، وێنەگر حەمەڕەسووڵ کەریمی

ئێستا کە ئەو چەند دێرانە دەنووسم دۆڵی کانی مێو و گەورەدێ و تەنیشت قوتابخانەی گەورەدێم دێنەوە بەرچاو، کە بە جووڵە و خەندە و هەڵسوورانی بەردەوامی ئاوارەی دوو جار ئاوارە، جموجۆڵ دەکەوتە نێو قوتابیان و هەموو منداڵە بێ نازەکانی نێو شۆڕش ، نیشتەجێ لە بنکەی دەفتەری سیاسی حدکا دا.

ئاوارە کوڕێکی خوێن شیرین، هەڵسوور و پڕ ئینرژی و لە هەمانکاتدا وریا و چاوکراوە بوو، باری تەندرووستی باش نەبوو، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئاوەدانی نێو بنکە و بارەگاکانی حیزب بوو، لە بەردەم هەموو بنکەکانی حیزب دا هەڵدەسووڕا، لە بەردەم کتێبخانە بچکۆلانەکەی گەورەدێ ڕادەوەستا و جارجار لەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە گەڵ گرمەی تەیارە بۆمب هاوێژەکانی کۆماری پەت و سێدارە و تەقەی پەدافەندەکانی حیزب کە کاک عەلی شەم سەرپەرەستی دەکردن، خۆیان بە کونە تەیارەیەک دا دەکرد و ماوەیەک خۆیان حەشار دەدا و دواتر دەهاتنەوە دەر و بەرەو ماڵەکانی خۆیان دەچوونەوە.

ئاوارە خۆشەویستی هەموو پێشمەرگە و بنەماڵەکان بوو، سەردانی زۆربەی بنکە و بارەگا و بنەماڵەکانی دەکرد ، لە کاتی شایی و هەڵپەڕین دا یەکێک لەو کەسانە دەبوو کە یارمەتیدەری زۆر کاری ورد دەبوو، کەس دڵی لە کاکە ئاوارە نەدەیشا، ترسی لە هیچ شتێک نەبوو، کایە و یارییەکانی منداڵانی زۆر پێ خۆش بوو، لە قسەکردن دا ڕاوێژی تایبەت بە خۆی هەبوو، هەندێک ناوی بۆ خۆی بۆ چەند پێشمەرگەیەک کە هاتووچۆی لای بنەماڵەکەیانی دەکرد، دانابوو. کاکە ئاوارە ئەوەندە خۆشەویست بوو کە تەنانەت دوای ڕۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵاتیش ڕەمزی هەندێک لە قسەکانی لە سەر بێسمەکانی حیزب دەگوترانەوە کە تەنیا ئەو کەسانە ئەو رەمزانەیان دەزانین کە گوێیان لە وشەکانی ئاوارە ببوو.

لە سەرەتای ساڵەکانی دەیەی شەستی هەتاوی دا لە شەڕی نێوان ڕژێم و پێشمەرگەدا پۆلێک پێشمەرگە زۆر بە تووندی بریندار و کەمئەندام ببوون و دەبوو حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەری برینەکانیان و هەروەها حەسانەوە و پێڕاگەیشتن شوێنێکی گونجاویان بۆ دیاری بکا ، هەر بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو یەکەم گرووپی کەم ئەندامانی حیزبی بەرەو سوئێد ئامادە کردن و بە خۆشیەوە کاکە ئاوارەش یەکێک لەو کەمئەندامانە بوو کە ڕەوانەی وڵاتی سوئێد کرا.

ئاوارە لە یەکێک لە شارەکانی باشووری وڵاتی سوئێد لە شوێنی پێڕاگەیشتن و ڕاهێنانی تایبەت بە کەم ئەندامان دەژیا، کوڕێکی پاک و خاوێن، دەم بە خەندە، بە ڕاوێژێکی تێکەڵ بە کوردی و سوئێدی لەگەڵ کەسەکان دەدوا، ئەو شانسەم بە نەسیب بوو کە چەند جارێک بە تایبەتی بە دوای دا بچم بۆ شوێنی ژیانی خۆی و لەوێ ڕا بە یەکەوە بگەڕێنەوە بۆ لینشۆپینگ و یا ئەو شوێنەی کە بەڕێز مامۆستا دەبوو بیبینێ.

لە هەموو ئەو ماوەیە دا کە بە یەکەوە لە ڕێگا دا دەبووین، ئاوارە دەنگی زەبتی ماشێنەکەی بە ڕادەیەک بەرز دەکردەوە کە بە یەکەوە نەماندەتوانی قسە بکەین و یا لێک حاڵی ببین، دەبوو پێشتر سروودی کوردی و سروودی حەماسی ئامادە بکەم، لە ماوەی ڕێگا دا دەیان جار کاسێتەکەی دەگێڕایەوە بۆ سەرەتا و زۆرجاریش لە کاتی گەیشتن دا شریتەکەی لە خۆشەویستی ناوی بەرزی  “پێشمەرگە و شەهیدەکان” هەڵدەگرت و دەیگووت جا دوایە دەتدەمەوە.

کاک محەممەد کەسرایی دوو کاسێتی سروودی بۆ ناردبووم، هەر دوو کاسێتەکەم کۆپی کردبوون، هەر جارێک لەگەڵ ئاوارە یەکترمان دەگرتەوە، دەبوو پێشتر کۆپیان بکەمەوە چوونکە هەموو جارێک کاسێتەکانی هەڵدەگرتن، نازانم لە شوێنی ژیانی کاسێتەکانی لێدەدان یا نا؟ بەڵام بە گشتی لەگەڵ ڕیتم و بەرز و نزمی سروودە کوردییەکان دەژیا، هەندێک کەسی زۆر خۆشدەویستن و تەنانەت دوای چەندین ساڵ ئاوارەیی لە وڵاتی سوئێد، ناوەکانی هەر لە بیر مابوون، بۆ هەندێک لە شەهیدەکان لە چۆکی خۆی دەدا و ئەگەر هەواڵێکی لە سەر کەسێک دەبیست، یەکەم شتی کە بە بیرو مێشکی دا ڕادەبرد، وشەی شەهید بوو و یا دەیگووت ئەویش بریندار بووە.

چەندین بیرەوەری خۆش و لەبیر نەکراوم لەگەڵ ئاوارە هەن و لە یەک دوو زەماوەندیش دا کە لە لایەن بنەماڵەوە بەشداری پێدەکرا، لە خەندەکانی بێ‌بەش نەبووم، کوڕێکی بێدەنگ بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ لە هێز و گوڕ و تین و تا کۆتاییش هەروا بە گوڕ و تینەوە هەڵدەسووڕا.

داخی گرانم کاک ئاوارە بە بێ ئەوەی پێشینەی نەخۆشی درێژخایەنی هەبێ، تەنیا بە دوو ڕۆژ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و بە ماڵئاوایی یەکجاری هەموومانی خەفەتبار کرد.

لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێز و تێکۆشەری کورد مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە، دایە مەلاژن دایە ئەستی ، خوشک و براکانی ڕێزداران ( کاک محەممەد، خاتوو گەلاوێژ، خاتوو نەسرین ، کاک ئاکۆ و کاک د. ئاسۆ) ، زاوا دڵسۆزەکانی کاک محەممەد کەسرایی و کاک مستەفا مەعرووفی، پوور و مام و خاڵەکانی ( مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی و کاک قادر) و گشت خزم و کەس و کاری لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم، منیش وەک خۆم سوپاسی کەس و کاری کاکە ئاوارە دەکەم کە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو دا بە سەردانیان بۆ شوێنی ژیانی، بە بانگهێشت کردنی بۆ لای خۆیان، ڕێزیان لە ئاوارەی خۆشەویست گرت و دڵیان خۆش کرد و نەیانهێشت بێ کەسی پێوە دیار بێ ، بەڵکوو هەمیشە ڕۆژمێریان دەکرد کە بتوانن کاکە ئاوارەی خۆشەویست زووتر ببینن.

ڕووح و ڕەوانی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٢ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٥ی زائینی