وەرگێرانی چەند تویتێک. کەماڵ حەسەن‌پوور

زۆهار سالتی، سەرۆکی پێشووی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی موساد و سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی سیاسی-ئەمنییەتی وەزارەتی بەرگریی ئیسڕائیل ئەمڕۆ وتوێژێکی لەگەڵ پادکاستی نەدا پەری کردووە.

ئەو شرۆڤەی جەنگی هەنووکەیی نێوان ئیسڕائیل و ئێرانی کرد:

١- “هێندێک جار ئێمە لەبیرمان دەچێ کە ئێران چ وڵاتێکی زەبەلاحە، بە ٩٠ ملیۆن حەشیمەت و، ڕووبەرێک کە ٧٠ هێندەی ئیسڕائیلە. ئەو دوو هێزی سەربازیی هەن: سوپایەکی ئاسایی و سوپای پاسداران و هەر دووکیان فرە گەورەن.

٢- ئێمە سەرمان سوڕ ماوە کە سێهەمین فەرماندەی گشتی لە ماوەی حەوتوویەک دا ئێستا فەرمان دەدا (دوای لە نێو بردنی سەرکەوتووانەی دووانی پێشوو)، بەڵام لە بیرمان دەچێ شەڕ لە گەڵ وڵاتێک دەکەین کە خاوەن ستراتێژیی قووڵ و پیشەسازییەکە کە لە ژێر گەمارۆ دا درێژە بە بەرهەمهێنان دەدا.

٣- لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئیسڕائیل گەلێک جەنگاوە، بەڵام هەمیشە دژی ڕێکخراوی جۆراجۆر، قەت دژی وڵاتێک نەبووە.

٤- ساڵەهایە ئێمە پێمان وابوو هێرشێک بۆ سەر ئێران وەک هێرش بۆ سەر رێئاکتۆرەکانی سووریە و عێراق دەبێ: ئێمە دەفڕینە ئەوێ، جارێک بۆمباران دەکەین، ڕەنگبێ جارێکی دیکەش بۆمبارانیبکەین و بگەڕێینەوە ماڵێ.

۵- بۆیە مانشێتی ڕاستەقینە لێرە ئەو شتەیە کە هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل لە چلو هەشت کاتژمێری دەستپێکی ئەو جەنگە کردوویانە. ئەوە لە ڕوانگەی مێژووییەوە سەرسوڕ هێنەرە.

٦- هێزی ئاسمانیی ئاسمانی [ئێرانی] لە هەموو هاژەکەکانی سام پاک کردووەتەوە و، ئەو ڕاستییە کە دەوتانێ دەیان و سەدان هەڵمەت جێبەجێ بکات و جار لە دوای جار بگەڕێتەوە، سەرسوڕ هێنەرە.

٧- باسی پڕ کردنەوەی سووتەمەنی لە ئاسمان و لۆجیستیکەکەی ناکەین، ئەوەی بۆ من سەر سوڕ هێنەرە ئەوەیەکە فڕۆکەوانەکانمان بە ئازادی لە ئێران دەسووڕینەوە، ١۵٠٠ کیلۆمیتر دوور لە ماڵ. ئەوە هەرگیز ئەو سێناریۆیە نەبوو کە من بیستبووم، تەنانەت لە گفتۆکانی پشت دەرگا داخراوەکانیش دا، ئەوە شتێکە ئێمە تەنیا خەونمان پێوە دەدی بتوانێن شتێکی ئەوتۆ بکەین.

٨- من پێشدا گوتوومە کە خەڵک بە ڕاستی قەدری تواناییە ڕاستەقینەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل نازانن. پێموابێ ئەوە یەکەم جارە ئێمە بە ڕاستی دەبینین ئەو دەتوانێ چ بکات.

٩- لە کاتی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکە، من لەو بڕوایەدام ئێستا  نابێلە ڕادە بەدەر بیری لێ بکەینەوە. لە کۆتاییدا ئێمە ئیسڕائیلین؛ دوای جەنگ ئێمە هەموو شتێک شەنوکەو دەکەین و یەکتر لە سەر وردەکارییەکان شێت دەکەین، چ شتێک دروست بەرێوە چوو و چ شتێک هەڵەی تێدا کرا؟

١٠- بەڵام لە ڕوانگەی ستراتێژیکییەوە من پێموایە بڕیاری هەنگاونانەکە بە تەواوی دروست بوو. چەندە ورد بەڕێوە چوو، تا کوێ بچن، لە سەر کام شت لەگەڵ ئەمریکاییەکان و ئورووپاییەکان بگەنە لێک تێگەیشتن، ئەوانە پرسیاری جیاوازن.

١١- هەر کەسێک پیشەی ئەمنییەتی هەبێ لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات فێر دەبێ هێز هەمیشە سنووردارە. هێندێک جار سنوورەکە سووتەمەنییە، هێندێک جار هێزی مرۆییە، هێندێک جار ملیۆنێک شتی دیکەن. پرسیارەکە لێرە ئەوەیە: لە کوێ ڕادەگەیەنین کە مەئموریەتەکە جێبەجێ کرا؟

١٢- وەسوەسەیەکی مەزن هەیە کە هاوسەنگی لەکیس بدەین و بڵێن “با بەردەوام بین.” بەڵام ئێمە دەبێ پرسیار بکەین ئاخۆ مابەینی ئەوەی لە چەند ڕۆژی یەکەم دا گیرمان کەوتووە و ئەوەی دواتر دەستمان دەکەوێ بە ڕاستی فرە بەرچاوە.

١٣- لێرە هۆشدارییەک هەیە: ئێمە لێرە تەنیا لایەن نین. لایەنی دیکە ئێرانە، ئەویش دەبێ ئاگربڕ قبووڵ بکات؛ تەنیا لەبەر ئەوە کە ئێمە دەڵێین بردمانەوە بەو مانایە نییە ئەوانیش بەو ئاکامە گەیشتوون، بۆیە ئەوە دەتوانێ درێژە بکێشێ.

١٤- ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە پێویستیمان بە وڵاتە یەکگرتووەکان و ٣ زلهێزەکەی ئورووپا: ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیایە، چونکە هەر ڕێککەوتنێک لە کۆتاییدا دەبێ واژۆی هێزە مەزنەکانی بەسەرەوە بێ.

١۵- من پێشنیار دەکەم گفتوگۆکە لە بارەی ئەوە کە چ دەستکەوتێکمان هەبووە و چەند پێشمان بە ئێران گرتووە دەستی بە بۆمبێک ڕابگا جارێ ڕاگرین. ژمارەیەک ئەگەر هەن کە ئێستا ناچمە نێو وردەکارییەکان. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئێمە بە هەموو کەسمان پیشان داوە دەزانین چۆن بکەین و، بێتوو ناچار بین، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە.

١٦ لە پەیوەندییلەگەڵ هەوڵی ئێران بۆ وەدەستهێنانی بۆمبێک، من بە وردی گوێ لە ئەمریکاییەکان دەگرم، بە تایبەت سەرۆک کۆمار ترامپ، کە بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە ئیزن بە ئێران نادا ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

١٧- ترامپ دەتوانێ لە بارەی لێدان لە ئێران لە ئێستادا کایە بکات، بەڵام ئەو هەمیشە دێتەوە سەر هەمان پەیام: “من ئیزنتان پێ نادەم ببنە خاوەن بۆمبەکە.”

١٨- ئێمە زۆر باسی چەکە ناوکییەکانی ئێران دەکەین، بەڵام ئێمە هەروەها ئەو هێرشە لە چوارچێوەی ٧ی ئۆکتۆبەر دا ببینین. ئەو ڕۆژی بوومەلەرزەیەکی مەزن بوو، بە پاشلەرینەوەکانی لە لوبنان و سووریە.

١٩- لە ڕوانگەی ستراتێژیکییەوە، ئەگەر تۆ پرسی ناوکی بۆ ماوەیەک وەلا نێی، تەنیا پەیوەندییەکی مەزن مابۆوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێ: خودی ئێران. تەنانەت جیا لە بەرنامەی ناوکی، هەڵمەتی ئێمە لە ئێران فرە گرینگە چونکە ئەو تەواوی دیمەنی ناوچەکە دەگۆڕێ.

٢٠- ئێران سەری هەشتپێیەکەیە: ئەقڵانی نییە هەموو بەکرێگیراوەکانی لێک هەڵوەشێنی بەڵام کارت بە تاران نەبێ.

٢١- ئەو تواناییانەی ئێستا دەیانبینین ئاکامی چەندین ساڵ کارە. گەلێک خەڵکی باش کاریان پلان دانانی ئەو جۆرە کارانەیە، زۆر پێش جێبەجێ کردنی. ئەوە ئاکامی نەخشەی پڕ تێچوو، تێکەڵ لەگەڵ بیر کردنەوەی ستراتێژیک و تاکتیکییە.

٢٢- پرسیارەکە ئەوەیە چۆن هەموو شتەکان هاوئاهەنگ بکرێن تا ئەو هەموو “قرتاندنی سەران [کاربەدەستە پلە بەرزەکانی ڕێژیم]” کە دەتهەوێ لەنێویان بەری، هاوکات ڕوو بدا. ئەوە بە ڕاستی شێتانەیە.

٢٣- لە لایەکی دیکەوە، ئەوەی لە کۆتایی دا گرینگە ئەوە نییە ئۆپەراسیۆنەکە چەند شیک دێتە بەر چاو، بەڵکو ئاخۆ بە ئامانجەکانی دەگا و دوژمن ناچار دەبێ بەو ئاکامە بگات کە دەبێ پاشە کشە بکات. لە کۆتاییدا، چۆن دەتوانی پارێزگاریی لە شارۆمەندانی ئیسڕائیل بکەی؟

٢٤- و ئێمە دەبێ لەبیرمان بێ، بە تایبەت لەبەر شاگەشگەبوونی دوای سەرکەوتن، دەپێکرێین، وەک ئەو بەیانییە لە نەخۆشخانەی سۆرۆکا دیتمان. من درێژە بە سنووردار کردنی خۆم دەدەم و وەبیر خۆمی دێنمەوە کە هێشتا ڕەنگبێ ڕۆژانی دژوارمان لە پێش بن.

٢۵- خەڵک لێم دەپرسن ئاخۆ ئێرانمان کیش و مات کردووە؛ من وەبیریان دێنمەوە کە ئەوان داهێنەری شەترەنج بوون. با ئەوان بە کەم نەگرین. ئێران ڕاکەری ماراتۆنانە: چل ساڵە ئەوان بە دوای ئەو بەرنامە ناوکییەوەن.

٢٦- ئەوان جیددین. من دڵخۆشم و قەدری ئەو ئۆپەراسیۆنە دەگرم، هێندەی ئەو کاتە دڵخۆشم کە هەڵمەتی دژی حیزبوڵڵامان بە شەش حەوتوو جێبەجێ کرد. دوای چەند ساڵ ئامادەکاری، تیکشکاندنی ئەو پیاوخراپانە سەرسوڕهێنەرە. بەڵام بەر لەوەی جەژن بگرین، با ڕاوەستین تا ئەو کارە بە شێوەی شیاو کۆتایی پێ بێنین.

٢٧- بە خوێندنەوەی تواناییەکانی ئێران بۆ وەسەریەک خستنی بۆمب و هاژەک، بۆچوونی هەواڵگریی ئێمە لە پێش چاوی ئێمە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ. من دەتوانم باسی ئەو شتانە بکەم کە تا پێش دەستپێکی شەڕ دەمزانی، بەڵام کات دەبا بەر لەوە ئێمە زانیاریی هەواڵگرییمان پێدەگا وزیانەکانی جەنگ هەڵدەسنگێنین.

٢٨- ئێمە پێویستە ببینین لە نەتەنز چی ڕوویداوە و چی لە فۆردۆ ڕوو دەدا، چی بەسەر ئەو ناوەندانەی زانیاریی هات کە ون بوون، ئێستا ئەو ئۆرانیۆمەی تا پلەی ٪٦٠ پیتێندراوە لە کوێیە.

٢٩- منیەک تۆن پرسیارم هەن. ئێمە بەڕاستی جارێ ناتوانین وەڵامی پرسیارەکان لەمەڕ پرسی ناوکی بدەینەوە. ئێمە هەروەها دەبێ هێندێک بڕیاری گەلێک دژوار بدەین. ئەوانەی من ئێستا باسیان ناکەم تا سەرەداوان نەدەم بە کەس، بەڵام ئەو ڕووداوە فرە ئاڵۆزە.

٣٠- ئەوەی لێی دڵنیام ئەوەیە کە چەند پرسی ستراتێژیک دەبێ ئێستا چارەسەر بکرێن:

٣١- یەکەم، بڕیاری ئێرانییەکان. ڕێبەری گەورە لە سەر دوو ڕێیانێکی یەکلاکەرەوەیە. ئاخۆ “جامی ژارەکە دەخواتەوە،” لە کاناڵیکی نهێنییەوە دەست بە دانووستان لەگەڵ ئەمریکاییەکان دەکات و دەگاتە ئاگربڕێک، یان بەردەوام دەبێ و ڕێژیمەکەی لە مەترسی داوێ؟ ئێمە نازانین ئەو چ بڕیارێک دەدا.

٣٢- هەواڵگریی ڕێگەیەکی ڕاستەقینەی بۆ هەلسەنگاندنی ئەوە نییە کە کام بڕیار دەدرێ. خۆشخەیاڵییەکی زۆر لە ئارا دایە کە ئێمە دەبێ لێی وریا بین، چونکە جێبەجێ کردنی بێ بەشداریی ڕاستەوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕادە بەدەر دژوارە. لە کۆتاییدا ڕێبەر دەبێ بڕیار بدا ئاخۆ دەیهەوێ دەست هەڵگرێ یان درێژەی پێ بدا.

٣٣- دووهەم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هێندێک کەس لە ئیسڕائیل ئیددیعا دەکەن ئورووپا گرینگە، بۆ بازرگانی و چونکە ئێمە دەمانهەوێ لەگەڵ دنیای دێموکڕاتیکی ڕۆژائاوا بین.

٣٤- تەنانەت ئێمە لەسەر پرسی فەلەستینیش هاوڕا نەبین، بایەخی هاوبەشمان هەن و، لە هەر بڕیارنامەیەکی داهاتوودا ئێمە دەمانهەوێ ئورووپاییەکان لە لای ئێمە بن.

٣۵- ئێمە هەروەها ڕمێنێکی لە ڕادە بەدەرمان بۆ پیشەسازییە سەربازییەکەمان هەبووە، لە ناویاند گەلێک لە کۆمپانیای تازە دامەزراو کە ئێوە نایانناسن و، بێگومان سێ کۆمپانیا زەبەلاحەکان: پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسڕائیل، ئێلبیت و ڕافائێل، کە هەر کامیان زیاتر لە ۵٠٠٠ ئەندازیاریان هەن.

٣٦- ئیسڕائیل دەبێ ئەمە بخەمڵێنێ و ژیریی دەستکرد باشتر بکات، شوێنێک کە ئێمە هێشتا ئەوەندەی پێویستە لێی باش نین. دەوڵەت لە ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا بە گوێرەی پێویست وەبەرهێنانی لە ژیریی دەستکرد دا نەکردووە. یەکێک دەبێ پێشقەدەم بێ و پشتگیریی دارایی بکات، بە هەمان شێوە کە پیشەسازیی سایبەریی ئیسڕائیل دروست کرا.

٣٧- و دوایین کەس کە پێویستە ئەوە شی بکاتەوە سەرۆک وەزیرانە، کە دەورێکی مەزنی لە شۆڕشی سایبەریی ئیسڕائیل دا هەبووە و ئێستا ئێمە نەگەیشتووینە ئەو شوێنە، بەڵام دەبێ لە ترۆپکدا بین.

٣٨- من پێموایە ئۆپەراسیۆنی ئێران ئەو دەرفەتەمان پێ دەدا تا بارمتەکان بێنینەوە ماڵێ. لە ڕوانگەی ستراتێژیکییەوە، ئێستا ئێمە دەرفەتی بەستنی هەردوو پەروەندەی ئێران و غەززەمان بە یەکەوە هەیە.

٣٩- ئەوە دەبێ دوایین ڕووداوی شەڕی ٧ی ئۆکتۆبەر بێ. ئێمە خەڵکەکەمان دەگێڕینەوە و ئەو برینە ئاواڵایە ساڕێژ دەکەینەوە.

٤٠- لەوی بەولاوە، ئێمە دەرگا بەرەو خۆرهەڵاتی نێوەڕاستێک دەکەینەوە کە دەتوانێ بە تەواوی جیاواز بێ. جەخت کردنەوەی چڕی ئێمە لەسەر ئێران، شتێک کە ئێمە ساڵانێکی زۆر بوو لێی دەترساین، ڕەنگبێ دامرکێتەوە.

٤١- هەروەها ١۵٠ هەزار هاژەکی حیزبوڵڵاش چیدیکە ئەو هەڕەشە نییە کە سەردەمێک هەبوو و؛ تواناییەکانی حەماس بۆ بەشێکی زۆر کەم لە هی پێش ٧ی ئۆکتۆبەر دابەزیوە. کات دەبا تا هەموو شتێک هێور بێتەوە، بەڵام گرینگترین شت ئێستا ئەوەیە کە سعودییەکان بێنین [بۆ نێو ڕێککەوتنی ئیبراهیم. و.].

٤٢- ئێستا ئەوان وریان و دەڵێن لە کاتێکدا کە شەڕی غەززە بەردەوامەڕێککەوتن ناکەن، بەڵام کاتێک ئەو تەواو بوو دەپرسن: ئاخۆ ئیسڕائیلم دەوێ بە ئەو هەموو تەکنەلۆژیایە و تیری-٣ تا هاوبەشم بێ یان نا؟ من پێموایە وەڵامەکە ئەرێنی دەبێ.

٤٣- ئەوە هاندەرێکی زەبەلاحی ئابووری دەبێ و ئێمە پێویستیمان بە ڕێبەریی خاوەن دیدی دوور دەبێ کە نەترسێ. لە کۆتاییدا هەموو ئەو ڕووداوانە دادەگەڕێ بۆ لای دوو یان سێ کەس لە ڕێبەریی ئیسڕائیل کە دەبێ ئیدارەی بکەن.

٤٤- ئەوان دەبێ خۆ لە شاگەشکە بوون ببوێرن و تێبگەن کە ڕاکێشانی سعودی بۆ ڕێککەوتن لە هەموو کاتێک یەکلاکەرەوەترە. بۆچی؟ چونە عەڕەبستانی سعودی دوایین وڵاتی مەزنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ لەگەڵ ئێمە لە ئاشتی دا بێ و ئەوان هەروەها ئەندۆنێزیا لەگەڵ خۆیان دێنن، وڵاتێکی خاوەن ٢٧٠ ملیۆن موسڵمان.

٤۵- بێتوو ئەوە ڕوو بدا، ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ٣٠-٢٠ ساڵی داهاتوودا ئێمە ئێجگار زۆر بێ قڕەتر و خۆشبژیوتر دەژین. بێتوو ئەوە ئاکامی جەنگەکان بێ، ئێمە دەتوانین بە خەڵک بڵێین: ئێمە تێچوویەکی ترسناکمان لە ٧ی ئۆکتۆبەر دا، بەڵام ئێمە هەروەها ئاسۆیەکی ڕوون دەدەین بە ئیسڕائیل.

٤٦- دەبێ بڵێین ” ئێمە ئێران لە هاوکێشەکە دەر داوێین.” ئێمە نازانین کێ جێگرەوەی ڕێبەری ئێستا دەبێ، ئەو دەتوانێ میانڕەتر یان توندئاژۆتر بێ. ئێمە هیچ کۆنتڕۆڵێکمان بە سەر ڕووداوی ئەوتۆوە نییە و دەبێ هۆشیار بین.

٤٧- سبەینێ بەیانی دەتوانێ هەموو شتێک بگۆڕدرێ و ئێران دەتوانێ ببێتە دێموکراسی، بەڵام ئەو ئەگەرەی ئێمە کاری لەسەر دەکەیندەبێ ئەوە بێ کە بەو شێوەیە نابێ و ئەوەپەڕەکەی ئێمە بە شێویەکی خۆش سورپرایز دەبین. ئەوە سووریەش دەگرێتەوە، ئێمە هێشتا نازانین جۆلانی کام رێگە دەگرێتە بەر.

٤٨- ئێمە دەبی چاوکراوە بین، درێژە بە بەهێز ڕاگرتنی  هێزی بەرگریی ئیسڕائیل بدەین و هەمیشە دەرفەتەکان بۆ بەرەو پێش چوون بقۆزینەوە، وەکوو چۆن وڵاتمان لە ٧٧ ساڵی ڕابردوودا گەشە پێداوە.

٤٩- لە پەیوەندی لەگەڵ فۆردۆ، باشتر دەبێ ئەمریکاییەکان هێرشی بکەنە سەر. ئەوان بە ڕاستی توانایی ئەوەیان هەیە ئەو شوێنە بکەنە “تۆزی بانان” و من ئەو وشەیە بەئانقەست هەڵدەبژێرم. تواناییەکەیان لەو پەڕی بڕوا کردن دایە و ئەوان ئامرازی ئەوتۆیان هەن کە ئێمە نیمانن.

۵٠- گیروگرفتەکە ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان نایانهەوێ کەڵک لەو تواناییانە وەرگرن. سەرەڕای ئەو هەموو شتەی ئێران کردوویەتی، کوشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق، لوبنان، ئەمریکاییەکان قەت هێرشیان نەکردووەتە سەر ئێران.

۵١- ئێرانییەک کە لە تاران دەژی لە ١٩٨٨ بەولاوە ئەزموونی بۆمبارانی نییە، ئەوە یەکەم جارە ئەوان دەڕواننە ئاسمان و  فڕۆکەیF-35  و F-16 دەبینن.

۵٢- با وەبیر خۆمانی بێنینەوە: کاتێک ئەمریکاییەکان لە ٢٠٠٣ عێراقیان داگیر کرد، ئێران بەرنامە ناوکییەکەیان تەنیا لە ترسی ئەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکان بچێتە سەر ئەوانیش، سڕ کرد. ئەگر شتێک هەبێ کە ئێرانییەکان لێی بترسن، ئەوە ئەمریکایین.

۵٣- لە بارەی بەستنی گەرووی هورموز، جێگای سەرنجە کە نرخی نەوت لە ماوەی ئەو جەنگەدا هێندە بەرز نەبووەتەوە، و هێندێک کەس دەڵێن تەنانەت بێتوو ئەوە ڕووش بدا، ئەمریکاییەکان زۆر نیگەران نابن چونکە بۆخۆیان نەوتێکی زۆر هەلدێنجن.

۵٤- من تەنانەت ئەو حەوتوویە لە لێکۆڵەرێکی جیددی وڵاتە یەکگرتووەکانم بیست: “دەزانی چی؟ مندڵنیا نیم لە بەرژەوەندیی ئێمەدانەبێ ئەگەر ئێرانییەکان تاقی بکەنەوە.” نازانم ئەو ڕاست دەکات، بەڵام بە ڕوونی ئەو کارە بەقەد  چەند ساڵ لەوەپێش گرینگ نییە.

۵۵- لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک کۆمار ترامپ بە ڕاستی ڕقی لە جەنگە؛ ئەو بە ئاشکرا باسی دەکات. ئێمەی ئیسڕائیلی بیر دەکەینەوە، “ئێ گیروگرفتەکە چییە، لێگەڕێ تاکە فڕؤکەیەکی B-2 لە ئەمریکاوە هەستێ ولێیدا”، بەڵام ئەمریکاییەکان بەو شێوەیە نایبینن.

۵٦- ئەوان هەمیشە بیر لە نەخشەی جێگرەوە بۆ سێناریۆی جۆراجۆر دەکەنەوە، چ کاریگەرییەکی لەسەر بنکەکانیان، وڵاتانی کەندا و ئوردون دەبێ؟

۵٧- وڵاتانی کەنداویش، وەکوو ئێمە، دەیانهەوێزیان بە ئێران بگەیەنن و تا کۆتایی بچن، بەڵام لە هەمان کاتدا ، ئەوان گەلێک دەترسن. هاژەکەکانی ئێران دەتوانن بە یەک خولەک و نیو بگەنە بەحرەین و، سعودییەکان هێشتا دڵەڕاوکێی هێرش بۆ سەر ئارامکۆ لە لایەن حوسییەکانی سەر بە ئێران لە ٢٠١٩یان لەبیر ماوە.

۵٨- لەو هێرشەدا ۵٠ لە سەدی ڕێژەی بەرهەمهێنانی سعودی لە دوو و نیو کاتژمێردا کەم بووەوە و، ئەوان وێنەی   زەرەرەکانی هاژەکی بالیستیکیان لە ئیسڕائیل بینیوە؛ ئەوان دوای بیست ساڵی ڕابردوو ئەو هێزەیان نییە کە ئێمە هەمانە. من لەوبارەوە سەرکۆنەیان ناکەم.