نامەی شێخ ئەمینی بێژوێ بۆ وڵامی نامەی پێشەوا قازی محەممەد
نامەی شێخ ئەمینی بێژوێ بۆ وڵامی نامەی پێشەوا قازی محەممەد کە پێش دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یا پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان بۆ شێخ ئەمینی نارد بوو .
(بسمه تعالى وتقدس: وتحيتهم فيها سلام)
بەرز و بەڕێز و خۆشەویستم جەنابی قازی محەممەد، بەر لە هەموو شتێک بۆ گوێڕایەڵی لە فەرمایشتی ئاسمانی، بۆ عالەمی ئینسانی: “و إذا حيّيتم بتحيّة فحيّوا بأحسن منها”، منیش لەوەڵامی سەلامی ئێوەی عەزیز عەرزتان ئەکەم: وعليكم السلام ورحمة الله أهل البيت إنّه حميد مجيد.
کاکەگیان.! غەم و پەژارە ئەوەن زۆرە هەموی نانووسرێ، خەفەت و کەسەر ئەوەن بڵاوە، هەمووی ناگوترێ، “ليقضي الله أمرا كان مفعولا”
لە بارەی پرس و مەشورەت بۆ ئەو کارە گرنگ و ئاڵۆزەی کە لە پێشەو لە منت نوسیوە و پرست پێکردوم، چی بڵێم و چی بنووسم.! باشتر وابوو کە لەگەڵ یەکێ لێزانتر، ئەهلی تاقی و تەجرەبەتر (سیاس و سەرناس) ئەو باس و خواسەت باس بکردایە، منی دوعاگۆ لەکوێ سەری خۆ لەو کارە ئاڵۆزە دەر ئەکەم؟
بەڵام بەهەر حاڵ لە ڕوی: المستشار مؤتمن، فاستخرتُ الله في ذلك، وام ئەکەوێتە دڵەوە: ئەوکارە کە تۆ وەخۆی گری، عەمرت کورت ئەبێ و ناو و شۆرەت درێژ. تەمەنی کەم و چووک و ئاوازی زۆر گەورە.
(وفي العكس العكس بلا لبس) (فاستفت قلبك) (وما أغني عنك من الله من شيء ٳن الحكم إلّا لله).
جاخۆت ئەزانی لەم کورت و درێژە یەکێ هەڵبژێری، وكان أمرالله قدرا مقدورا.
فەلەک هەرگا کەسێکی هەڵبڕی، وەقتی هەلاکەتیە
کە کورسی بۆ گەیینی مل بەپەت بێ، ڕەفعەتی عەینی فەلاکەتیه