kamal_hassanpour.jpgو لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
ڕوانگەی تاران: ڕێبازی میلیشیایی ئێران
ئەنستیتۆی تۆنی بلەیر بۆ ئاڵوگۆڕی جیهانیی

– سەعید گۆلکار، کەسرا ئەعرابی

(٢-١)

[ئەو وتارە بەشێکە لە ڕاپۆرتێکی ٦٢ لاپەڕیی لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، دەوری ئایدۆلۆژیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە و دروست‌کردنی تاقمی میلیشیا بۆ برەودان بەو ئایدۆلۆژییە. وەرگێڕ]

لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠، چەند ڕۆژ پێش کۆتایی‌هاتنی ئابلۆقە ١٣ ساڵەکەی چەکوچۆڵ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژی ئێران، فەرماندەیەکی پلەبەرزی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لێدوانێکی خۆهەڵکێشانەدا باسی ڕایەڵەی میلیشیاکانی وەفاداری خۆیانی کرد. موحەممەدڕەزا نەقدی ڕایگەیاند کە، ” ئەو هێزەی ئێمە ڕێکمان خستووە [کە لە سەرانسەری جیهان بە ئەندام گرتوونی] زۆر لە هاوپەیمانی لەگەڵ هەر هێزێکی سەربازی ترسناکترە چونکە… ئەو خەڵکە بڵاوەی پێکراوە و نەناسراوە”. ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە، کاتێک ئەو هێزە نەناسراوانە هێرش دەکەن، “دوژمن نازانێ کێ هێرشی کردۆتە سەریان”. قسەکانی نەقدی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە مەزنترین سامانی کۆماری ئیسلامیی دژی وڵاتانی ناوچە و خۆرئاوا و هەروەها ماکەی گیروگرفتی بەناو بەکرێگیراوانی ئێران ئەوەیە: ئەگەری حاشاکردن.

نەقدی سەرۆکی ڕایەڵەی شەڕکەرە ڕاهێنراوەکانی ئێران بوو کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی، سوپای ئایدولۆژیکی ڕێژیمی مەلایان، ماوەی چوار دەیەیە بۆ برەودان بە ئامانجە ستراتێژیک و ئایدۆلۆژیکییەکانی کۆماری ئیسلامی کەلکی لێ وەرگرتوون. ئەو ئامانجانە لەسەر سێ کۆڵەکە دامەزراون: هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتگیری لە جووڵانەوە ئیسلامی و دژە ئەمریکاییەکان و لەنێوبردنی ئیسڕائیل. بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، دەوری سوپای پاسداران بۆ پەروەردەکردنی توندئاژۆیی لە بەرهەمهێنانی میلیشیای هاوتەریب لەگەڵ ئایدۆلۆژییەکەی، وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان، تا پشتیوانی لە تاقمی جەماوەریی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش یان تاکتیکی، لە حەماس ڕا بگرە تا تالیبان دەگرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای پەرەگرتنی هەڕەشەی پشتگیریی ئێران لە تاقمی چەکداری بەرهەڵستکار، دەوڵەتان و داڕێژەرانی سیاسەت نەیانتوانیوە بڕیار بدەن کە ئاخۆ ئەو ئەکتەرە ناحوکومییانە تا چ ڕادەیەک گوێڕایەڵی تارانن و سوپای پاسداران چەندە کۆنتڕۆڵی بەسەر ئاکارەکانیانەوە هەیە. ئەو بۆشایی زانیارییە ئاسەواری سیاسیی گەلێک بەرچاوی لێ کەوتوونەوە، کە ئێزنیان داوە بە ڕێبەرانی ئێران تا لەو میلیشیایانە بۆ بەئامانج‌گرتنی دەوڵەتانی ناوچە و هێرش بۆ سەر بنکەکانی خۆرئاواییان کەلک وەرگرن و بتوانن خۆ لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی ببوێرن و لەو ڕێگایەوە پێش بە بەرپەرچدانەوەی نێونەتەوەیی بگرن.

ناڕوونییەکانی ئاشکرا لە پێوەندیی لەگەڵ مەودای دەستڕۆیشتوویی دەرەکیی ئێران هەر جۆرە هەڵسەنگاندنی مەترسیی لە ئەگەری کێشە لەگەڵ ئەو ڕێژیمەی گەلێک ئاڵۆز کردووە. هەڵسەنگاندنی دەستڕۆیشتوویی جوگرافیای بەناو بەکرێگیراوانی ئێران گەلێک دراماتیکە و لە هەموو دۆخێکدا یان زێدەڕۆیی تێدا کراوە یان زۆر بە کەم گیراوە.

کاتێک خۆرئاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان هەوڵی کۆنترۆڵ‌کردنی میلیشاکانی سەر بە ئێرانیان داوە، ئەوان لە پێش هەموو شتێکدا لە سۆنگەی ئابلۆقە ئابوورییەکانی دژی تاران ئەو کارەیان کردووە، بەو گریمانەیە کە نەبوونی پارە بەدەست کۆماری ئیسلامییەوە لە کۆتاییدا پێش بە پشتگیری لە تاقمە میلیشیاکان دەگرێ. بەڵام لە کاتێکدا کە گەمارۆ ئابوورییەکان ئابووریی تەریک‌کەوتووی ئێرانیان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە، ئەوان نەبوونە هۆی گۆڕینی پێشترییەتیدانەکانی ڕێژیم. ژمارەی میلیشیاکانی پشتیوانیکراو لە لایەن ئێران زیادیان کردووە و هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان درێژەی هەبووە.

گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەڵوێستی یەک شێوە گەمارۆ بۆ گشت کێشەیەک ئەو ڕاستییە پاشگوێ دەخا کە لە کاتێکدا کە پێوەندیی نێوان ڕێژیمی ئێران و بەشێک لەو تاقمانەی کاریان لەگەڵدا دەکا لەسەر سوودی کەلوپەل و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە، هێندێک تاقمی دیکە پێوەندییەکی گەلێک قووڵتریان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیۆلۆژی، کولتوور و ڕوانگەی جیهانیی هاوبەش. تاقمەکانی دەستەی دواتر نەتەنیا لەلایەن سوپاوە دامەزراون، بەڵکو لێکدانەوەی بەرتەسکی تاران لەمەڕ چەمکی ویلایەتی فەقێی ئیسلامی شیعەیان، پرەنسیپێک کە لەویدا ڕێبەری گەورەی ئێران ڕێبەری سەرجەم شیعەکانی جیهانە، قەبووڵ کردووە. لە ئاستی جیاجیادا، ئەو تاقمانە ڕێبەرایەتیه ئایدۆلۆژیکیی ڕێبەری گەورە و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییان قەبووڵ کردووە.

تێگەیشتن لە ڕیشەی پێوەندیی نێوان ئێران و ڕایەڵەی میلیشیاکانی، و سروشتی هەنووکەیی ئەو پێوەندییە، دەتوانێ تیشک بخاتە سەر کەمایەسییەکانی ئەو هەڵوێستە کە تەنیا پشتی بە گەمارۆی ئابووری بەستووە. خورئاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان، پێویستیان بە هەوڵی مەزنتر و هاوئاهەنگتر بۆ ئاشکرا کردن و پچڕاندنی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەو میلیشیایانە هەیە کە هۆی پێوەندییەکانیان لە بەرژەوەندیی کەلوپەل تێپەڕ دەبن.

کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، کە بەرپرسی ڕایەڵەی میلیشیاکانی تارانە، لە جانیوەری ٢٠٢٠ نەبووە هۆی کەمبوونەوەی توندئاژۆیی پشتیوانیکراو لە لایەن ئێران. زیاتر لە دوو دەیە، سولەیمانی وەک داڕێژەری مەیدانیی لە پشت خولیای ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بۆ بە میلیشیایی کردنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ئافراندنی دەوڵەتێکی پان شیعە بە ڕێبەرایەتی خۆی وەک ڕێبەری گەورەی سەرجەم موسڵمانانی شیعە بوو. بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو توندئاژۆیی شیعەی لە سەرانسەری ناوچە و ئەولاتر، بە دروست‌کردن و پشتیوانی‌کردنی میلیشیای غەیرە حوکومیی، پەرە پێ دا.

دوای کوژرانی سولەیمانی، ئەو چاودێرانەی گوتیانە کە کۆماری ئیسلامیی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو لاواز بوون و لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە پاشەکشەدان، پەرە ئەستاندنی پێشووی ڕایەڵەی میلیشیاکانی ئێرانیان تەنیا بە هی سولەیمانی دەزانی. بەڵام لە کاتێکدا کە ڕێبەریی سولەیمانی دەورێکی سەرەکیی لە ڕۆچوونی هێزی قودس لە قووڵایی گۆڕەپان، لە ئەفغانستان و عێراق تا سووریە و یەمەن هەبوو، ئەوە ڕێبازی میلیشیایی هەردەم لە گەشەی ئێرانە کە ڕێنوێنیکەری چالاکییەکانی ئەو هێزەیە، و درێژە بەو چالاکییانە دەدا. بە بێ لەبەر چاوگرتنی مردنی سولەیمانی و ئەو گورزە ستراتێژیکییەی لە تاران درا، بەڕێوەبردنی ئەو ڕێبازە شێوەی هەڵسوکەوتی سەرەکیی ئێران لە دەروەی سنوورەکانی دەمێنێتەوە. هیچ نیشانەیەک بۆ گۆڕانی سەرنجی ڕێژیم، سەرەڕای گوشارەکانی ناوخۆیی بەدی ناکرێ.

لێک‌کردنەوەی ڕێبازی میلیشیایی ئێران

سیاسەتێکی کاریگەر بۆ سنووردارکردنی هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بە لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران یان بە بچووکتر کردنەوەی سامانەکانی ژێردەستی سوپای پاسداران، پێویستە دوو فاکتەران لەبەر چاو بگرێ. یەکەمیان پلەی خاوەن مافی تایبەتی سوپای پاسداران و هێزی قودس لە سیاسەتی دەرەوە و دامودەزگا ئەمنییەتییەکان و ڕێژەی پشتیوانیی ڕاستەوخۆ کە لە ناوەندە دەسەڵاتەکانی نەرم و ڕەقی تاران بۆ وەدیهێنانی ڕێبازی میلیشیایی ئێران پێیان دەدرێ. دووهەم فاکتەر لە پێوەندیی نێوان سوپای پاسداران و خودی میلیشیاکان و سروشتی دەسەڵاتی ئەو پێوەندییە بەسەر ئاکارەکانیاندا.

بۆ لەبەر چاو گرتنی ئەو دوو فاکتەرە، ئەنستیتۆی تۆنی بلەیر بۆ ئاڵوگۆڕی جیهانی بەرنامەیەکی بۆ کارکردن لەسەر سوپای پاسداران و میلیشیا شیعەکان بە نێوی ئەندامگیریی، ڕادیکاڵ کردن و بەکارهێنان دەست پێ کرد: سوپای پاسداران و بە حیزبوڵڵاکردنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو بەرنامەیە ئاشکرای دەکا کە چۆن سوپا دەستڕۆیشتوویی خۆی لە چەند شوێن پەرە پێ داوە و چۆن پێشترییەتی بە میلیشیا جیاوازەکان دەدا و پشتیوانییان دەکا. بە کەلک‌وەرگرتن لە سەرچاوەی ڕەسەنی سەرەتایی، ئەو پرۆگرامە سروشتی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ ژمارەیەک لەو مییشیایانە ئاشکرا دەکا کە سوپا پشتیوانییان لێ دەکا. بە شێوەیەکی تاقانە، ئەو بەرنامە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە لێنزی سوپای پاسدارانەوە شەنوکەو دەکا تا لە ئامانجەکانی ئێران لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی نزیک تێبگا.

ئەوە یەکەم ڕاپۆرت لە ئاڵقەیەکی لێک‌کردنەوەی ڕێبازی میلیشیایی ئێرانە، بناغەی سیاسەتی دەروەی کۆماری ئیسلامیی کە بەو ڕێبازەوە تاران ویستوویەتی دەستڕۆیشتوویی، نفووز و تواناییە سەربازییەکانی خۆی پەرە پێ بدا. ڕێبازەکە لە پرۆسەی تاقیکاریی و هەڵە لە ١٩٧٩ بەولاوە گەشەی کردووە و بە لەبەرچاو گرتنی ڕاستییەکانی جوگرافیای سیاسی و ئەزموونەکانی فەرماندەی سەربازیی جۆراجۆر داڕێژراوە. ڕێبازی میلیشیایی کورتکراوەی هۆگریی درێژمەودای تاران بۆ بە میلیشیایی‌کردنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وەک ئامرازێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچە بۆ وەدیهێنانی ئامانجە ئایدۆلۆژیکەکانی سیاسەتی دەرەوەیە. ڕێبازەکە ژێرخانەکانی سیاسی، ستراتێژیکی، تاکتیکی و بەڕێوەبردن دەگرێتە خۆ کە سوپای پاسداران بۆ پەرە پێدانی دەستڕۆیشتوویی ئێران، پشتگیریی لە توندئاژۆیی و برەودان بە پرسە شۆڕشگێڕانەکەی لە ڕێگای ڕایەڵەی میلیشیا، خانەی پێکهاتوو لە توندئاژۆیان و سیخوڕان، گەشەی پێداون.

تێگەیشتن لە ژیریی ئەو ڕێبازە توانایی ئەوتۆ دەدا بە لێکۆڵەران و داڕێژەرانی سیاسی تا ئاراستەی ڕووداوەکان دەستنیشان بکەن و شێوەی بەڕێوەبەریی کارەکان بدۆزنەوە. بەڵام لە بنەڕەتدا، ڕێبازەکە ئەرکێکە کە بە مانەوەی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دراوە و توانیویەتی چوار دەیە بەردەوام بێ و چەند قەیران، ڕووداوی سیاسی و کێشە تێپەڕ بکا.

ڕێبازی میلیشیایی بە دەسەڵاتی ڕەقی ئەکتەرەکانەوە سنووردار نەکراوە، بەڵکوو کەلک لە ڕێکخراوەکانی خاوەن دەسەڵاتی نەرم و چالاکییەکانی تارانیش لە پەنا شەڕاشۆیی بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی ڕێژیم وەردەگرێ. ئەوە هاوکاریی نێونەتەوەیی لەگەڵ، یان بە ئامراز کردنی، ئاژانسە پەروەردەیی، کولتووری، مرۆڤدۆستانە و سیاسییەکانی تاران دەگرێتەوە کە دەوری سەرەکی لە یارمەتیدان، بە ئەندام‌گرتن و توندئاژۆ کردنی میلیشیاکان و پشتیوانی‌کردن لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان دەگێڕن. ئەو ڕێبازە تارانی گەیاندۆتە ئاستێک کە کەلک لە بۆشاییەکانی دەسەڵات و کێشە وەرگرێ و ڕایەڵەیەکی لەو شوێنانە دروست کردووە کە ئێران بەبێ ئەوان نەیدەتوانی لەوێ بوونی هەبێ. ئەوەی هەستیارە ئەوەیە کە تێکەڵ‌کردنی ڕێبازی میلیشیایی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی کۆماری ئیسڵامیی، توانایی ئەوەی بەو ڕێژیمە داوە کە کەڵک لە تاقمە میلیشیاکانی دەستەمۆی خۆی وەرگرێ تا هاوکات خولیا ئایدۆلۆژییەکانی برەو پێ بدا و دۆخی ترسێنەریی خۆی بەهێز بکا.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد