b_300_220_16777215_00_images_qasm-meweidzade_helo.jpgیاره‌ ژیکه‌ڵانه‌که‌م! گوڵم!
به‌ هه‌ر نیگایێ، مه‌وجی چاوه‌ مه‌سته‌کانت،
ده‌چێته‌ ناو دڵم ! هه‌ر به‌ گوێی دڵم!

گوێ ده‌گرمه‌ گرفه‌ گرفی شێعره‌ ئاگرینه‌که‌ت.
شێعره‌ ڕێک و پێکه‌که‌ی به‌ تاو و تینه‌که‌ت!
هه‌ر به‌ چاوی دڵ ده‌ڕوانمه‌ دیمه‌نی ئه‌وینه‌که‌ت!
تۆ ئه‌وینمی!
ڕێک و پێک‌ترینه‌ شێعری ئێسته‌ هه‌ڵنه‌به‌ستراوی ژینمی!
تۆ!
هه‌ڵۆی خه‌یاڵی هه‌ڵفڕینمی!
هه‌ر ده‌که‌ومه‌ سه‌ر هه‌وا، به‌ هه‌ڵفڕینه‌که‌ت!
به‌ جازیبه‌ی ڕه‌وه‌ندی تێپه‌ڕینه‌که‌ت!
به‌ شێعری باڵی چه‌نده‌ ڕه‌نگی تاوسی خه‌یاڵ بە خوێندنه‌وه‌ی سروودی مه‌رگی کۆرپه‌ نازه‌نینه‌که‌ت
دە لاده‌ لاده‌ لاده‌ لا له‌چکه‌ ته‌سکه‌ که‌سکه‌که‌ت!
خۆشه‌ویسته‌که‌م!
عه‌زیزه‌که‌م!
گه‌زیزه‌که‌م!


تاقه‌ ڕۆڵه‌ جوانه‌مه‌رگه‌که‌ی به‌هاری کورت!
ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی ته‌لان و کێو و چه‌م!
تۆ!
هه‌زار ئایه‌تی، له‌ کانیاوی پڕ له‌ ئاو و خیزه‌که‌م!
له‌ کاتی تونییایه‌تی، له چه‌شنی بیری به‌رزه‌فر، بێ سنوور و بێ نیهایه‌تی
تۆ!
قیامه‌تی!
دڵستێن و دڵڕفێن و خه‌و ڕه‌وێنمی! تۆ!
ته‌واونوێنی عه‌شقی پاک و خه‌م ڕه‌وێنمی!
تۆ!
په‌ل و نه‌مام ڕاوه‌شێنی باخی باده‌ هێنمی!
تێکه‌ڵاوی گوشت و پێست و ئێسک و خوێنمی!
خوێنی خوێنه‌که‌م!
هیچ وه‌بیرته‌ ئه‌وده‌مه‌ی
که‌ که‌وتمه‌ جه‌غزی که‌سکه‌ که‌سکی چاوه‌ مه‌سته‌ که‌سکه‌کانی پڕ له‌ سێحر و جوانی تۆ؟
بوومه‌ مه‌ستی مه‌ست و سێحری سێحری چاوه‌ مه‌سته‌کانی تۆ؟
ده‌ستی خۆم بڕی به‌ به‌ژنی باڵی شێعری ئاڵی ته‌م نیشانی تۆ.
بۆیه‌ کورته‌ ده‌ستی ئه‌من و خوێن ده‌بارێ هه‌ر له‌ هه‌وری عاسمانی تۆ.
جوانه‌ بووکه‌که‌!
هه‌ر هه‌نووکه‌ ده‌مهه‌وێ که‌ بێمه‌ جێی ژوانی تۆ.
مه‌رگی کۆرپه‌ نازه‌نینه‌که‌ت
لاده‌ لاده‌ لاده‌ لاده‌ له‌چکه‌ ته‌سکه‌ که‌سکه‌که‌ت!
ها… ترووسکه‌که‌م!
جامی دڵ پڕی شه‌ڕابی شه‌وقی شێعری شه‌و شه‌وه‌ به‌و نیگایه‌ پاکه‌ مه‌نده‌یه‌ت
وه‌سوه‌سه‌ی دڵی پڕم هه‌لا هه‌لاکه‌،
ببیه‌ شیعره‌که‌م!
ببیه‌ شیعره‌که‌م تاکه‌ ڕۆشنایی خانە‌ هه‌وری دڵ برووسکه‌که‌ت.
تا ڕه‌ها بی گوڵپه‌ڕی خه‌یاڵی ناسکی
تاسکه‌ تاسکی
ئاسکی باسکی
بسکه‌که‌ت.
لاده‌ لاده‌ لاده‌ لاده ‌له‌چکه‌ ته‌سکه‌ که‌سکه‌که‌ت شەو تەرینەکەم

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد