wrya3.jpgقادر وریا: «بەرەی کوردستانی» یەکێک لە ئامانجەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانە. دیمانە: مەنسوور مروەتی

 زیاتر لە چوار مانگە پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکیان بۆ پەرەپێدان بە هاوکاریی نێوان حیزبەکان پێک هێناوە. دانانی ئەم ناوەندە لە حاڵێکدایە کە خەڵک چاوەڕوانیی زیاتریان لەو حیزبانە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە مێژە داوای پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی دەکەن. ڕەنگە پرسیاری سەرەکی ئەوە بێ کە چوار لەم حیزبانە هەمان دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکراتی پێشوون کە لەم ساڵانەی دواییدا لێک جیا بوونەوە و هەرکام لەو دوو حیزبە بوونە سێ کۆمەڵە و دوو دێموکرات، ئێستا چۆن دەتوانن هاوکاری جیددی بن لە حاڵێکدا پێشتر لە حیزبێکدا تەحەمولی یەکتریان نەدەکرد. داهاتووی ئەم ناوەندە بەرەوکوێ دەڕوا و ئایا ئەوان دەتوانن لە داهاتوودا ناوەندی هاوکاری بکەنە بەرەیەکی کوردستانی؟

بۆ گرتنی وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەند بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار بە ئامانج و کار و چالاکیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، «کوردستان» وتووێژێکی لەگەڵ کاک قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی هەیئەتی حیزب لەو ناوەندەدا پێک هێناوە:

کاک قادر با یەکەم پرسیار ئەوە بێ کە ناوەندی هاوکاری کەی و چۆن پێک هات؟
بیرۆکەی پێویستیی هاوکاریی بەردەوام لە نێوان حیزبەکان لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە هەبوو. زۆر جار کە پرس و ڕووداوێک لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات دەهاتە پێش کە پێویست بوو حیزبەکان پەیام و هەڵویستی خۆیان لە بارەیەوە ڕاگەیاندبا، هەستت دەکرد یەکدەنگ نەبوون و یەکهەڵوێست نەبوونی ئەو حیزبانە، نەک هەر لە کاریگەریی تەئسیری پەیام و هەڵوێستی ئەوانی کەم کردوەتەوە، هێندێک جار دەگەیشتیە ئەو ئاکامە کە ئەو نایەکبوونە و جیاوازیی پەیام و هەڵوێستەکان، زیانیشی بە جووڵە و ڕەفتاری خەڵک گەیاندوە. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دیدار و دانیشتنەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام ڕەخنەمان لەو وەزعە دەگرت و ئەو داوایەمان لەگەڵ باس دەکردن کە پێویستە لە سەر پرس و بابەتە هاوبەشەکان، یەکدەنگ و یەکهەڵویست بین و بە هاوبەشی و کۆدەنگی بەرەوڕووی پرس و ڕووداوەکانی نێوخۆ ببینەوە. پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا توانیبوومان جۆرێک یەکدەنگی و یەکهەڵویستی پێک بێنین و بە یەکەوەش ڕای بگەیەنین. بەڵام لە ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦، لە دانیشتنێکی هاوبەشی ٥ حیزبی ڕۆژهەڵاتی کە لە سەرپێشنیاری حیزبی ئێمە و لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەئامادەبوونی سکرتێرەکانی ئەو حیزبانە پێک هات، بە تێکرایی وا ساغ بووینەوە کە لەمەودوا، هاوکاریی نێوان ئەو حیزبانە ببێتە ڕەواڵێکی هەمیشەیی و بۆ ڕێکخستن وبەرەوپێشبردنی ئەو هاوکارییانە کۆمیتەیەک یا ناوەندێکی هاوبەش پێک بێ.
لە ٣٠ی بەفرانبار و لە دانیشتنێکی دیکەی نوێنەرانی ئەو ٥ حیزبەی ئێستا بە یەکەوە ئەو ناوەندانەیان پێک هێناوە، لە بنکەی سەرەکیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەو ناوەندە پێک هات و پێکهاتنەکەی بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا. لەو کاتەوە تا ئێستا بە ڕێکوپێکی کۆبوونەوەکانی ناوەند پێک هاتوون، هەر جارەی لایەنێک بە شێوەی دەورەیی، ناوەندەکەی بەڕێوە بردوە و هاوکارییەکان بە ڕێکوپێک درێژەیان هەبووە.

هەڵسەنگاندنی جەنابت لە کار و کۆبوونەوەکانی ئەم چەند مانگەی ناوەندە چیە؟
کارو کۆبوونەوەکانی ئەم چەند مانگە بە باش هەڵ دەسەنگێنم. هەموو لایەنەکان هەست دەکەین کە پێوەندی و دانیشتن و باس و دیالۆگی بەردەوام و ڕێکوپێک، یارمەتیی داوە بە باشتر لێکتێگەیشتمان، بە دروستبوونی متمانە لەنیوانما‌ندا، بەهەستکردنمان بەو هەمووە ڕوانگە و خوێندنەوە هاوبەش و لێکنزیکە کە لە نیوانماندا هەیە. خەڵکیش بەوە خۆشحاڵن کە دەبینن پێوەندی و هاوکاریی بەردەوام لە نیوانماندا هەیە و پێشوازییان لێ کردوە. ئەگەر ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە و لە بیرمان بێ کە لە پێشوودا پێوەندیی نێوان حیزبەکان پڕ بوو لە ساردی و سستی و، ئیمکانی ئەو جۆرە هاوکارییانە نەبوو؛ ئەمەی ئیستا دەکرێ بە قۆناغێکی نوێ لەو پێوەندییانە دابنێین.

b_525_290_16777215_00_images_WTOWEZH-CHAWPEKAUTN_nawendi_hezekan.jpgبەو پێیەی کە ئەم چەند حیزبە بە جۆرێک هەر دوو حیزبەکەی پێشوون کە لێک جیابوونەتەوە تا چەند ئیستعدادی پێکەوە هاوکاری کردنیان هەیە؟
دیارە ئەم پێنج حیزبەی ئێستا هەر تەنیا پاشماوەکانی دوو دێموکرات و کۆمەڵەی یەکگرتووی پێشوو نین، لایەنی دیکەی وەک سازمانی خەباتیشیان لەگەڵ دایە و لە داهاتووشدا ئەگەری ئەوە هەیە لایەنی دیکەشیان پێوە زیاد بێ. بەڵام هەرخودی هاوکاریی نێوان ئەو لایەنانەش کە ئاماژەتان پێ داوە، لە چوارچێوەی ئەو ناوەندە‌دا لەگەڵ پێشوو جیاوازیی هەیە و باشتر بووە. پێشتر لایەنی وا هەبوو ئامادە نەبوو لە نێو هاوکارییەکی چەند قۆڵیدا بێ کە لایەنێکی دیاریکراوی تێدایە. بە خۆشییەوە ئێستا هەموو لایەنەکان ئەم جۆرە کۆسپانەیان لە بەر دەم خۆیان کە جاران ڕێگر بوون لە کاری هاوبەش، لابردوە. لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە کۆسپ و مەرجانە لە پێشووشدا لە دانیشتنە چەند قۆڵییەکاندا، جێگای ڕەخنە بوون و هەوڵی هەموو لایەکمان ئەوە بوو کە هاندەر بین بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کۆسپانە نەمێنن. سەرئەنجام ئەم هەوڵانە نەتیجەی باشیان هەبوو.

خەڵک و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لە مێژە داوای پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش دەکەن له ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تا ئێستا نەکراوە. ئایا ئەم ناوەندە ئیستعدادی ئەوەی هەیە حیزبەکانی دیکەش بێنێتە نێو ئەم بازنەیە و دواتر بەرەیەک پێک بهێنن؟
ئەم چاوەڕوانی و داوایەی خەڵک و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات زۆر لە جێی خۆی ‌دایە. ئێمە دەستپێکردنی ئەو هاوکارییانەی ئێستا لەنێوان حیزبەکان هەن، بەسەرەتایەک دەزانین بۆ گەیشتن بەهاوکارییەکی هەمەلایەنە، گشتگیر و ستراتیژیک. خۆ بەرەیەکی هاوبەش کە ئامانجی گەورە و درێژماوەی هەبێ بە شەوێک پێک نایە. هەر لە سەرەتای پێکهاتنی ئەو ناوەندەشەوە، ناوەند بەردەوام دووپاتی کردوەتەوە کە هەوڵدان بۆ پێکهاتنی هاوپەیمانەتی یا بەرەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەک لە ئامانجەکانیەتی. بە بڕوای ئێمە، ئەو ناوەندە ئیستیعدادی ئەوەی هەیە کە لایەنی دیکەشی پێوە زیاد بن. هەروەها ئەگەر پەلە نەکرێ و لە قۆناغی ئیستادا هەوڵ بدرێ هاوکارییەکان شۆڕببنەوە بۆ ڕەهەندی جۆراوجۆر و لایەنەکانی دیکەش بێنە نێو چوارچێوەی ئەو هاوکارییانە، هاوکات کاری جۆراوجۆر بکرێ بۆ ئامادەکردنی زەمینەکانی پێکهێنانی بەرە، دەتوانین بەوە هیواداربین کە ئەزموون و دەسکەوتەکانی ئەم قۆناغە و ئامادەکارییەکان، لە داهاتوودا پێکهێنانی بەرەیان لێ بکەوێتەوە.

ئایا ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن بێنە نێو ئەم ناوەندەوە؟ لەو پێوەندییەدا هیچ شەرت و مەرجێک هەیە لەلایەن ناوەندەوە؟
قەرار نیە ئەم ناوەندە هەر تەنیا ئەم پێنج لایەنەی ئێستا بگرێتەوە. بنەمای پەیوەستبوون بەم ناوەندە، قبووڵکردنی ئامانجەکان و پێڕەوە نێوخۆیەکەتی. هێز یا لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کە خوازیاری هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێ و ئامانجەکان و بنەماکانی ئەو هاوکارییانەی قبووڵ بێ، بەپێی ئوسوول و مەنتیق، دەبێ لەو چوارچێوەیەدا جێی بێتەوە. بەڵام کاتێک لەم بارەیەوە دەتوانین ڕوونتر قسە بکەین کە بەڵگەنامە سەرەکییەکانی ناوەند، پەسند و بڵاو ببنەوە. جارێ هەر وا خەریکین کاریان لە سەر دەکەین.

تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەکی نووسراو لە نێوان ئەندامانی ناوەنددا هەیە کە هاوکارییەکان قایمتر و بەڵگەمەند بکا؟
گەڵالەی دوو بەڵگەنامەی سەرەکی لە ناوەنددا قسەیان لە سەر کراوە. یەکێک لە بەڵگەنامەکان پێوەندیی بە ئامانجەکانی ناوەندەوە هەیە، کە پێویستە ئامادەتر بکرێ بۆ ئەوەی لە ناوەنددا ڕێککەوتنێکی گشتی لە سەر بکرێ. بەڵگەنامەکەی دیکەش تایبەتە بە پێڕەوی نێوخۆ کە دەتوانم بڵێم بە شێوەیەکی گشتی پەسند کراوە.

ڕەخنەگرانی ناوەند دەڵێن ئەم ناوەندە تا ئێستا لە دەرکردنی چەند ڕاگەیاندراوێک نەترازاوە بۆ کاری هاوبەشی بەکردەوە، ئێوە دەڵێن چی؟
بۆخۆشمان وەکوو ئەندامانی ناوەند لە کۆبوونەوەکانی ئەو ناوەندە‌دا ئەم باسەمان کردوە کە پێویستە چوارچێوەی هاوکارییەکان بەرینتر بکەینەوە و تەنیا بە دەرکردن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هاوبەش، ڕازی نەبین. دیارە بە کردەوەش لەوەمان تێپەڕاندوە. بۆ وێنە لە زستانی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە حیزبەکانی ئەم ناوەندە، بە بۆنەی ٨ی مارس سمیناری هاوبەشیان بەڕێوە برد. هەر لەم مانگەشدا، ناوەندی هاوکاری، سمینارێکی لە بارەی «تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان» پێک هێنا. لە داهاتووشدا قەراری ئەوەمان هەیە لە سەر پرس و بابەتە گرنگ و هاوبەشەکان، ئەم جۆرە چالاکییانەمان هەبێ.

لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەییدا هیچ فکرێک بۆ دیپلۆماسییەکی هاوبەش کراوە لە ناوەندی هاوکاری؟
دەرەوەی وڵات، بوارێکی باشە بۆ هاوکاریی نێوان حیزبەکان. هەر بۆیە لە ناوەندی هاوکاریدا وا ساغ بووینەوە کە هاوکاریی نێوان حیزبەکان بۆ دەرەوەی وڵاتیش بگوازینەوە. لەم پێوەندییەدا هەر کام لە حیزبەکان نوێنەرێکیان لە دەرەوەی وڵات بە ناوەند ناساندوە. ناوەند بە تازەیی هێندێک ڕاسپاردە و ڕێنوێنیشی پەسند کردوە بۆ ئەوەی ئەم هاوکارییانە لە دەرەوەی وڵات بە زوویی پێ بنێنە قۆناغی کردەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو هاوکارییانە لە دەرەوەی وڵات، دەتوانێ کاری دیپلۆماسی و پیوەندیگرتن بە ناوەندە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ بی. بە گشتی کاری دیپلۆماسی بە هاوبەشی لە ئاستی هەرێمی و نیودەوڵەتیدا، وەکوو ئامانجێکی ناوەند کە لە داهاتوودا دەبێ جێبەجێی بکەین، لە بەرچاوی ئەم ناوەندە ون نەبووە بەڵام هەتا ئیستا هەنگاوێکی وامان هەڵنەگرتوە.

چی پێویستە بکرێ بۆ هاوکاریی ئەندامانی ناوەند بۆ کاری عەمەلی لە ڕۆژهەڵات؟
یەکەم شت کە پێویستە بکرێ، ئەوەیە کە ئەم ناوەندە و ئەو هاوکارییانەی چەند مانگێکە لە نێوانماندا هەیە، بیپارێزین. دووهەم شت ئەوەیە، هاوکارییەکان لە دەربڕینی هاودەنگی و هاوهەڵوێستی بەرامبەر بە ڕووداو و ئالوگۆرەکاندا سنووردار نەکەین، بەڵکوو بیانگوازینەوە بۆ بوارەکانی دیکەش، وەکوو هاوکاری لە ئاستی دەرەوەی وڵات، کاری دیپلۆماسی، هاوکاری لە بواری ئەمنیەتی و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، پێکهێنانی کۆر و کۆبوونەوە و سمینار بۆ دیالۆگ و بیروراگۆڕینەوە لە بارەی ئەو پرسانەی پێوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە و هتد. لە پێوەندی لەگەڵ پرس و ڕووداوەکانی نیوخۆی ڕۆژهەڵاتیشدا، بەر لە هەر شتێک پێویستە خوێندنەوەمان لەبارەی خەباتی مەدەنی و جەماوەری و حەرەکەتە ئێعترازییەکانی نێوخۆ، هەر وەها چۆنیەتیی شوێندانان لە سەر ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی نێوخۆ، لەگەڵ یەکتر باس بکەین. ئەگەر لەو بارەوە لێک نزیک بووینەوە، پێویستە بە هاوبەشی و یەکدەنگی کار لە سەر زەرفییەتەکان و دەرفەتەکان بکەین. ئەمە هەم ئاستی کاریگەریی پەیامی حیزبەکان بەرەوژوور دەبا، هەم هاندەری یەکگرتوویی خەڵک و بەردەوامیی جموجۆلە مەدەنی و جەماوەرییەکان لە ژوورەوە دەبێ. جگە لەمەش پێوەندیی حیزبەکان و خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز لە نێوخۆ، بە هێزتر دەکا. لە بوارەکانی پێشمەرگایەتی، چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتەکانی داهاتوو کە کاریگەرییان لە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ، پێویستە بچینە نێو کاری عەمەلی. گرینگ ئەوەیە عەلاقە و ئیرادەی ئەوەمان هەبێ کە بە خۆشییەوە من ئەو عەلاقەیە دەبینم.

سپاس بۆ کاتدانانت بۆ ئەم وتووێژە
سپاس بۆ ئێوەش، ماندوو نەبن.
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)
هیوا وریا: