ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

وتووێژی کوردکاناڵ دەگەڵ بەرێز مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و نووسەری ناوداری کوردلە سەر مەسەلەی ڕێفراندۆم

mamowesta_hassanzadeh.jpgـ مامۆستا ئەوە چەند ساڵە باسی رفراندۆم دەکرێ لە هەرێمی کوردستان لە لایەن ڕاگەیەندراوەکانەوە. بۆ تا ئێستا نەکراوە. بە ڕای ئێوە گەورەترین کێشەکان یان کەند و کۆسپەکان بۆ ئەوەی کە ڕێفڕاندۆم بەرێوە بچێ چییە؟

 

* بە باوری من مەسەلەکە دوو جەنبەی هەیە، جەنبەیەکیان ڕێفڕاندۆمە و جەنبەیەک ئەو ئامانجەیە کە ڕێفڕاندۆمی بۆ دەکرێ، ئەوەی پەیوەندی بە ڕێفڕاندۆمەوە هەیە، ڕەنگە کارێکی زۆری نەوێ، وەختێکی زۆری نەوێ و هەزینەیەکی زۆریشی نەوێ ،چوونکە ١٠ ساڵ زیاتر بەر لە ئێستا، لێرە ڕێفڕاندۆمێک ــ هەرچەندە دەوڵەت بەرنامەی بۆ دانەنابوو ــ وەڕێخرا، خەڵکیش زۆر بە توندی بەشدار بوون و دەنگێکی یەکجار زۆریشی هێناوە. ئەگەر بە هەڵە نەچم دەوری 98 لەسەدی خەڵکەکە دەنگێان بۆ سەربەخۆیی دابوو، لە عەینی کات دا کە ڕێفڕاندۆم بۆ فدرالیزم دەکرا، ٧٥ لە سەدیش رەئیان بەوی دابوو، کە من پێم‌ وابوو ئەوە نیشانەی وشیاری خەڵکە. ئەوەڵیان تەعبیر لە ئارەزوو و ئامال و حەقی ئەو میللەتە دەکا، ئەوەی دیکە سەرو کاری لەگەڵ وەزعی مەوجود هەیە. ئەوەی کە ئێستا مومکینە. کەوایە ئەو دووانە لە واقع‌دا ناتەباییان بەیەکەوە نییە. ئەوەی دەبێتە باعیسی وەدوا خستنی ڕێفڕاندۆم ، وەک گوتم مەسەلەی ڕێفڕاندۆم نییە، مەسەلەی کارەکەی دوای ڕێفڕاندۆمە. ئەمە مەسەلەیەکە کە ئیحتیاجی بە لێ‌ووردبوونەوە، کار لەسەر کردن و موتالەعەیەکی زۆر هەیە. ئەوە کە میللەتی کورد حەقی هەیە سەربەخۆیی خۆی هەبێ، پێم وایە نە ئێمە و نە هێچ ویژدانێکی سەلیم ئینکاری ناکا. بەڵام ئەوە لێرە لە ناوچە و لە دنیادا چەندە عەمەلییە، چەندە لەگەڵ کەند و کۆسپ ڕووبەڕو دەبێ، ئەوەیان مەسەلەیەکی دیکەیە. وەدوا کەوتنی ڕێفڕاندۆم یان ئیعلانی سەربەخۆیی کوردستان پێموابێ دەگەرێتەوە سەر ئەوە کە تا چەندە زەمینە بۆ ئەو مەسەلەیە ئامادەیە. دەبێ زەمینەسازی بۆ بکرێ، زەمینەسازی لە نێوخۆ، لە ناوچە، لە ڕادەی نێونەتەوەیی‌دا، لەگەڵ زلهێزەکان کە ئەورۆکە دادەنیشن لە ژوورەکانی خۆیاندا و قەزایای دنیا دەهێنن موتالەعەی دەکەن و لە راستی‌دا بڕیاری یەکجاری ئەوان لەسەری دەیدەن، وەدوا کەوتنی ڕێفڕاندۆم بە باووەری من زیاتر دەگەرێتەوە بۆ ئەوە مەسەلەیە.
ـ مامۆستا ئێوە باسی ئەوە دەکەن کە ڕێفڕاندۆم یان برێوەچوونی ئەو گشتپرسیەی کە لە هەرێمی کوردستان باس دەکرێ پێویستی بە زەمینە یان بەستێنێکە بۆ ئامادە بکرێ لە عێراق بەستێن بۆ ئەوە هەیە کە ڕێفڕاندۆم بکرێ بۆ سەربەخۆیی بوون بە مەعنای ئەوەیە کە عێراق هەڵدەوەشێتەوە، زەمینەی ئەوەی تێدایە کە عێراق هەڵوەشێتەوە؟
* جارێ من پێم خۆش بوو هەر لە ئەوەڵەوە بڵێم ئەو مەسەلەی سەربەخۆییە، ئەوە باسی ئەمرۆیە کە باس لە سەربەخۆیی باشووری کوردستان وەک بەشێک لە کوردستان دەکرێ، دەنا ئەو حەقە حەقی میللەتی کوردە بە گشتی کە لە چوارچێوەی یەک وڵات‌دا وەکو یەک دەوڵەت، یەک دەوڵەتی سەربەخۆی هەبی، یانی ئەوە تەنیا پەیوەندی بە ئێرەوە نییە، ئەوی دیکە: پێموابێ ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد یان دەوڵەتی کوردی لە کوردستانی باشوور باش رەفتار دەکەن کە زۆر لەسەرەخۆ ــ وەک دەڵین ــ بە شێنەیی کار بۆ ئەو مەسەلەیە دەکەن، چونکە بە بێ شک ئیعلانی ڕێفڕاندۆم و لەوی زیاتر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەگەڵ هیندێک کەند و کۆسپ رووبەروو دەبێ. یەکێک لەوانە، تەنیا یەکێک لەوانە مەسەلەی هەڵوەشانی عێراقە، بۆیە کارێکی زۆر باشە هەموو ڕێبەرانی کورد وەختێک دێنە گۆ باس لەوە دەکەن کە ئێمە دەمانهەوێ بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە، بە شێوەیەکی شارستانیانە ئەو مەسەلەیە لەگەڵ عێراق حەل کەین. هەرچەندە ئەگەر تماشا بکەین هەتا ئێستێش ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان یان سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان ئەمەی یەکلایی نەکردۆتەوە کە بڵێ تەنیا رێگای ئێمە، تەنیا هەڵبژاردەی ئێمە رێفراندۆم و ئیعلانی سەربەخۆییە، لەپێشدا شتێکی دیکە دادەنێ: ئەگەر ئێمە حقوقی مساویمان لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراق هەبێ، ئەگەر موشارەکەتێکی تەواو لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی هەبێ، وەکو قانوون دەڵی تەنانەت وەکوو ئەوەی دەستووری عێراق دەڵێ، ئێمە درێژە بەوەی دەدەین کە بەشێک بین لە عێراق. بەڵام ئەگەر قەرار بێ بوون لەگەڵ عێراق هەمووی موشکلات بێ، هەمووی بێبەشی بێ، تەنانەت نانبڕین بێ، ئەو وەختەی ئێمە وەکوو میللەتێک حەقمان هەیە بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە لەوە بارەیەوە دیارە ئەگەر کوردستان رفراندۆم بکا رفراندۆم لە کوردستان دەکرێ، عێراق مەعلوومە مل نادا، بەڵام لە جێ‌دا درووستیش نییە ئێمە لە هەموو عێراق بپرسین ئەرێ باشووری کوردستان حەقی هەیە سەربەخۆ بێ یان نا؟ ئەوە مەسەلەیەکە کە دەبێ لە خەڵکی کوردستان بپرسرێ، هەروەکوو لە “کبک”‌ی کانادایە کە فەرانسەیی لێ دادەنیشن، هەر ١٠ ساڵ جارێک ڕێفڕاندۆم دەکەن کە داخوا ئەو خەڵکە سەربەخۆیی دەوێ یا دەیهەوێ بەشێک بێ لە کانادایە، هیچ وەختێکیش لە هەموو کانادایە ئەو ڕاپرسییە ناکرێ تەنیا لە “کبک”‌ی کانادایە دەپرسن کە عادەتەن خەڵکەکە بۆخوی داوتەڵەبانە هەتا ئێستێ ماونەتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی کانادایان هەڵبژاردوە، چونکە چوون لە وڵاتێک دان کە حقوقیان مەحفووزە، کە قازانجی مادی و داراییان تەئمینە، ئازادیەکانیان تەئمینن. بۆیە ڕێفڕاندۆم دەبێ لە کوردستان بکرێ. پاشان ئەوە کە عێراق تەجزییە دەبێ رەنگە بە دڵی دەوڵەتی عێراق نەبێ، ڕەنگە بە دڵی بەشەکانی تری عێراق نەبێ، بەتایبەتی بەشی دەسەڵاتدار کە بڵێین بەشی شیعەی عەرەبە، بەڵام وەختێک قەرار بێ میللەتێک لە چوارچێوەی وڵاتەکەی دا لە هەموو مافەکانی بێبەش بێ، تەنیا مەحروومییەتی بۆ بمێنێتەوە، ئەو وەختی ئەو میللەتە رەنگە فرمێسک بۆ یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە هەڵنەرێژێ.
ـ مامۆستا هەڵوێستی ئێران و تورکیە چ دەبێ لە وەها حاڵەتێک دا ئێوە پێتانوایە هەڵوێستی وەکوو یەکیان دەبێ، بەهەر حاڵ ئەوانیش پرسی کوردیان هەیە بۆخۆیان؟
* بە داخەوە هەڵوێستی ئەوانە زۆر ئیحتیاجی بە پێشبینی نییە، چونکە هەر دووکیان لەگەڵ ئەوەکە موناسبات و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی باشووری کوردستان جیاوازی زۆرە، بە تایبەتی تورکیە بۆ هەرێمی کوردستانیش بایەخێکی زیاتری هەیە، رێگایەتی بۆ دنیایی دەرەوە، نەوتی پیدا دەنێرێ، میزانێکی یەکجار زیاتر گۆرینەوەی بازرگانی لەگەڵ تورکیە هەیە، لەگەڵ هەموو ئەوانە، بەڵام لە واقع‌دا جیاوازیەکەی بەینی ئێران و تورکیە لەمانە دایە، دەنا لە هەڵوێستیان لە بەرابەر ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەمن جیاوازیەک نابینم، هەردووکیان ئیعلانیان کردوە نە جارێک، زیاتر لە جارێک کە ئەوان لایەنگری تەواوییەتی خاکی عێراقن، لایەنگری تەواویەتی خاکی عێراق هەر لە خۆی‌دا بە مەعنای ئەوەیە ئەوان دژی سەربەخۆیی کوردستانن، بەڵام ئیرانییەکان خۆ لەوەشیان تێپەراند تەنانەت بە ناشیرینترین کەلیمە نارەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە پرسی ڕێفڕاندۆم و ئەوانە دەربڕی، تەنانەت کەلیمەیەکیان بۆ ئێرە بە کارهێنا کە ئیدی بە هیچ جۆر پیاو لە ڕویی نایا بیشیلێ.
ـ بەرای ئیوە مامۆستا دەتوانن کێشە بۆ ئەوێ دروست کەن ئەگەر ڕێفڕاندۆم بەرێوە بچێ بەهەرحاڵ نەتیجەیەک وەک کە دەوڵەتی کوردی رابگەیەنن بە تایبەت لە بواری ئابوورییەوە؟
* دەزانی چۆنە، لە ئیعلانی سەربەخۆیی، ئەگەر بمانهەوێ ئەو سەربەخۆییە ئیعلان بکەین و ئیدامەی بدەین و سەرکەوتوو بێ، هێندێک زەمینەی دەوێ. بێجگە لەوەی زەمینەی نێوخۆیی، دەبی وتارمان یەک بێ، دەبێ ئامادەییمان هەبێ، بێجگە لە هەمووی ئەوانە پاراستنی سەربەخۆیی دەبێ چەند شتی زامن بن. یەکیان ئەوەیە دێموکراسییەک لە وڵات و لە مەنتەقەدا حاکم بێ کە بڵێین ئەو میللەتە حەقی خۆیەتی وەک ئەو میللەتانەی دیکە لەو دنیایەدا مافی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێ، کە بەداخەوە ئەوەمان نییە. یەکی دیکە ئەوەیە کە میللەتی کورد بۆخۆی لەپاڵ خۆی‌دا ئەوەندە ئیمکانیاتی هەبێ هەر هوجوومێکی بۆسەری بکرێ، ئیقتسادی، سیاسی، تەنانەت سەربازی، بۆخۆی بتوانێ دەفعی بکا. سێهەمیان ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرعییەتی نێودەوڵەتی کە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان‌دا خۆی دەبینێتەوە، بگرە لەوان موهیمتریش ئەو زلهێزانە، ئەو دەسەڵاتە سەرزلانە کە لە دنیایە دا هەن و نەقشە بۆ هەموو مەنتەقەیەک لە هەموو دنیایە دا دەکێشن، ئەوانە پاڵپشتی بکەن، پێموابێ مەعلوومە ئەگەر ئەوانە نەبن هەم ئێران، هەم عێراق بە تایبەتی کە وەک دەڵێن رێگەی دەرباز بوون لە هەرێمی کوردستانەوە زیاتر بە تورکیە و دوایە بە ئیران دایە، دەتوانن موشکلە ساز کەن، ئەگەر هیچ کەس نەبێ بڵی بۆچی وادەکەن. مەسەلەن من پێم خۆش بوو ئەوە بڵیم ئەگەر تەعقیبی مەسائیلەکە بکەی، بیر و بۆچونەکە لە پێوەندی لەگەل پرسی ڕێفڕاندۆم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان دا دوو بۆچوون هەن کە بە باوەری من هەردووکیان کەمێک زێدەرەویان تێدا هەیە. بەشێکی ئەوەیە کە دەیهەوێ دنیا ببێتە ماستی مەییو، فەرشی سوورمان بۆ ڕاخەن، جا ئەو جارەکە ئیعلانی سەربەخۆیی بکەین. لە نێو خۆدا هەموو شتێک ئامادەبێ، لە مەنتەقە دا ئامادە بی، لە دنیایە دا ئامادە بێ. ئەوی دیکەشیان ئەوەیە کە دەڵێن نا ئێمە سەربەخۆیی رادەگەیەنین و چ دەبێ با ببێ. بە باوەری من رەئی رێبەرایەتی کوردیش هەر ئەوەیە کە هیچ یەک لەو دووانە نا، مەعلوومە ئیعلانی سەربەخۆیی کە حەقێکە و وەدەست هێنانی ئەو حەقە، هێندێک خەتەر و ریسکی لە پێشدا هەیە دەبێ، میللەتێک کە دەیهەوێ سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنی یان سەربەخۆیی بەدەست بێنی، خۆی بۆ گیر و گرفتەکانیشی ئامادە بکا وەک ئەو شتەی لە ئیران دا هەیە کە لە کوردیدا نیمانە دەڵێ: ئەو کەسەی کاڵەک دەخوا دەبێ خۆی بۆ تاو و لەرزەکەشی ئامادە بکا ئەگەر ئیعلانی سەربەخۆیی دەکەین دەبێ خۆمان بۆ دژوارێکانیشی ئامادە بکەین. رەنگە گەمارۆمان بکەوێتە بەردەم، رەنگە هێرشمان بۆ بکرێ رەنگە لە باری سیاسی و ئێعلامییەوە بەربەرەکانیمان لەگەڵ بکرێ، کە وابوو دەبێ ئێمە هەموو زەمینەکان ئامادە بکەین، بەڵام لە عەینی حاڵیش دا ئامادەبین بۆ ئەوە کە ئەگەر گیر و گرفتێک دێتە پێشێ بەربەرەکانی لەگەڵ بکەین، دەست بەجێ پاشەکشە نەکەین، یانی وا نییە کە دنیا پشتیوانی لێدەکا و پێشوازی لێ دەکا بە بێ هیچ موشکیلەیەک. شتێکی دیکە کە من پێم وایە حەق وایە کاری لەسەر بکرێ کار کردنە لەگەڵ زلهێزەکان، ئەو کوردستانەی کە ئێستا لە چەند بەش‌دا خۆی دەبینێتەوە، دابەشکردنی دستی کورد نییە، دابەشکردنی هێندێک زلهێزی جیهانییە. ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ــ لەو رۆژانە ١٠٠ ساڵەی تێپەری ــ کە ئیمپراتوری عوسمانی هەڵوەشا، بە پێچەوانەی ئیرادەی کورد و لە پشتی سەری ئیرادەی کورد، هاتن کوردستانیان بەسەر سێ وڵات‌دا دابەش کرد. ئێستا ئەکتەرەکان لە جێی خۆیانن. ئینگلیس و فەرانسە و روسیە و بە تەبەعییەتی ئەوان ئامریکا ــ چونکە ئەو وەختی ئامریکا بڵێین تەئسیری راستەوخۆی تێدا نەبوو ــ لە جێی خۆیانن. میللەتی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دا و بۆخۆی و مافەکانی و داواکانی لەجێی خۆیین، دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان دا هەمووی لەسەر خۆیین، حەق وایە کورد ئەگەر ئێستا ناتوانێ بە یەکدەنگ هەمووی بچێ بەربینگ بەو دەوڵەتە گەورانە بگڕێ، بڵێ ئەوەتان بەسەر کورد هێنا، وەرن قەرەبووی ئەو تاوانەی خۆتان لەگەڵ میللەتی کورد بکەنەوە، ئێستا کورد لە جێیەکەوە نوێنەرایەتی هەیە، ئێستا کورد حکوومەتێکی هەیە لەم بەشەی کوردستان‌دا، کە سەرۆکەکانی دەچنە جێیان، وەکوو سەرکۆمار پێشوازییان لێ دەکرێ و فەرشی سووریان بۆ ڕادەخرێ، حەق وایە کار لەسەر ئەوە بکرێ کە ئەوانە پشتیوان بن بۆ ئیعلانی سەربەخۆیی کوردستان. ئەوەی منیش تێی بگەم لە پێشداش گوتم، پێموایە سەرکردایەتی سیاسی کورد زۆر لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئەو رەزامەندییە، ئەو پشتیوانییە بەدەست بێنێ، هەرچەندە بەداخەوە ئەو زلهێزانە هەتا ئێستا هەر کامیان هاتۆتە قسە، قسەکەی هەر ئەوە بۆ کە تەرفداری یەکپارچەیی خاکی ئێراقن.
ـ مامۆستا مەسەلەن ئێستا ئەگەر بتهەوێ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریە لە بواری ئابوورییەوە موقایسە بکەی، سووریە وەکو ئێرە گرینگی ئابووری نییە، مەسەلەن زۆر وڵاتیش لە سوریە خەریکی شەڕن و یارمەتی دەکەن و تەواو ناوچە لە باری تەنانەت سەربازییەوە هەڵوێستی سیاسییەوە دابەش کراوە، لە حاڵەتێکی ئاوادا هەڵوێستی روسیە چ دەبێ؟ لێرە ئەو گرینگییەی کە بە سوود و مانەوەی دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەدا بۆ دەوڵەتی کوردستان چ هەڵوێستێکی دەبێ؟
*جوانت تەعبیر کرد. شەڕی نیابەتی لەو وڵاتەدا هەیە لە واقع‌دا ئەوە حکوومەتی بەشار ئەسەد و بەرەی نوسرەو ئەوە ئەمەی دیکە نییە بەشەر دێن.
ـ شەری ئێران و عەرەبستان؟
*ئێران و عەرەبستانە، تورکیەو ئێرانە، روسیە و ئامریکایە، یانی هێزەکانی دەرەوە لێرەدا شەرەکەیان لە خۆیان دوور خستۆتەوە، لەوێ دەیانهەوێ حیسابەکەی خۆیان لەگەڵ یەکتر یەکلا بکەنەوە. کەوا بێ لەگەڵ هەموو فەرقێک کە هەیە، ئەگەر لە باشووری کوردستان شتێکی وا ئیعلان بکرێ، دەبێ چاوەروان بین کە رووسەکان بێ هەڵوێست نابن، بەڵام بە باوەری من ئیدی ئێرە سوریە نییە. سوریە ئێستا بە پشتیوانی روسیەوە ماوە، لە باشووری کوردستان بێجگە لەوەی کە بە خۆشیەوە میللەتەکە بەسەر هەموو گیر و گرفتەکان لە سەر پێی خۆی راوەستاوە، توانیویەتی بە خەڵکی نیشان بدا کە لایقی ئەوەیە میللەتی خۆی و وڵاتی خۆی هەبێ. هێزەکانی کە لێرەدا بریار دەدەن رووسیە نییە، دەسەڵاتە فێعلیەکە بەدەستی وانەوە نییە، لە مەنتەقەدا دیارە زیاتر بەدەستی ئێرانەوەیە، چونکە تەئسیری لەسەر زۆربەی حەشیمەتی عێراق و دەوڵەتی عێراق هەیە، بەڵام لە بەینی زلهێزەکان‌دا بە دستی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیەتی، بۆیە ئەو نفوزەو ئەو جێ پێیەی کە سوریە هەیەتی، روسیە نە ئێستا هەیەتی و ئەمن پێشبینی دەکەم نە لە ئایەندە دا هەروا بە ئاسانی هەیبێ کە بتوانێ کۆسپێکی گەورە سەر رێگای سەربەخۆیی کوردستان بێ، بەڵام ئەوە بەو شەرتەیە کە لایەنەکانی موقابیلی حیمایەتێکی واقعی لە سەربەخۆیی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.
ـ مامۆستا ئێوە پێتان وایە رۆژئاوا و لە رۆژانی رابردوو، سەرۆک ئەرکانی تورکیە بوو کە باسی ئەوەیان کردبوو کە ئێران و تورکیە هەرگیز ناهیڵن لێرە دەوڵەتی کوردی تەشکیل بدرێت و رۆژئاواش بە تایبەت ئامریکا ئاڵای سەوز هەڵناکا بۆ ئەو شتە، یانی رۆژئاواش موافقەت ناکا، بەڕای ئێوە رۆژئاوا یان ئامریکا وەها هەڵوێستێک وەکوو تورکیە و ئێرانیان دەبێ؟
* ئەمن کوتم دەبێ هەوڵ بدەین یانی رێبەرایەتی کورد هەوڵ بدا کە ئەو موازنەیە بگۆرێ، کار بکا بۆ ئەوەی رەئی رۆژئاوا لەو وەزعییەتەی کە تا ئیستا هەیەتی، ئیعلان کراوە، لەوێ بێتە دەرێ، دەنا مەعلوومە دێمۆکراسی لە عێراق‌دا نییە، لە مەنتەقە دا نییە، دەوڵەتانی دراوسێی عێراق موافقی سەربەخۆیی کوردستان نین، دنیای دەرەوە بە تایبەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیشی موخالیفەتی لەگەڵ بکەن، سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ کەند و کۆسپێکی ئەوەندە گەورە رووبەروو دەبێ کە باشتر وایە پێش ئیعلانی پتری بیر لێ بکەینەوە.
ـ ماموستا هەر وەک لە سەرەتا دا ئاماژەتان بە سەدەمین ساڵی سایکس ــ پیکۆ کرد. ئێستا باسی زۆری لەسەر دەکرێ کە ئەو گرێبەستە بە کۆتایی گەیشتوە و لە رۆژانی رابردووش‌دا سایتێکی ئیرانی باسی لەوە کردوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا، مەعلوم نییە ساڵانی ئایەندە چەند سەعاتی دیکە، چەند مانگی دیکەیە کە شتێک بە ناوی دەوڵەتی عێراق و سوریە لەسەر نەقشەی ئەو ناوچەیە نامێنێ، بلێی ئێران بۆخۆشی هاتبێتە سەر ئەو قەناعەتە کە کۆتایی ئەو دوو دەوڵەتە هاتبێ لەو ناوچەیە؟
* من نازانم نیاتی ئێران لە پشتی ئەو قسانە چییە، بەڵام هەموو نیشانەکان ئەو ئیلهامە دەدەن کە نەک بڵێین دوو دەوڵەت بە ناوی سووریە و عێراق نامێنن، بەڵام سووریە و عێراق بەو تەرکیبەی ئێستا نامێنن. مەسەلەن عێراق بەشێکی دەبێتە عیراق و بەشێکی دیکە. هەر وەکوو سودان بوو بە دوو دەوڵەت، بووبە سوودان و سوودانی جنووبی، عێراقیش شتێکی ئاوای لێدەبێ. کوردستان دەبێتە وڵاتێک. کوردستانی باشوور و رۆژئاوا دەبن بە وڵاتێک، هەردووکیان لەگەڵ عێراق دەبن بە یەک. مەنتەقەی شیعەنشینی عێراق ــ کە من پێموایە نابێ ــ زەمیمەی ئیران دەبێ. دەبێ ئەو ئیحتمالاتە هەبن، کە گوتم پێم وانیە وا دەبێ، چونکە ئەوەندەی ئەمن هەستم پێ کردبێ لەگەڵ ئەوەی شیعە لە عێراق دا هاوپەیمانی ئێرانە لە بواری مەزهەبییەوە، بەڵام لە باری هەستی نەتەوایەتییەوە، ئەو موخالفەت و ناکۆکییە ریشەدارەی کە لە کۆنەوە لە بەینی ئێرانیان و عەرەبان هەبوە، لە جێی خۆیەتی. زۆر بە زەحمەت وایە عەرەب لە عێراق دا مل بدا بەوەی بچێتە ژێر نیلی حاکمیەتی ئێران، ئێستا مەنافعی لەوە دایە کۆمەگی لێوەرگرێ، یارمەتی لی وەربگرێ، بەڵام بە هەر حال ئەوەی کە لەبەر چاوە و لە ئاسۆدا دەبیندرێ ئەوەیە کە عێراق و سوریە بە تەرکیبی ئێستایانەوە زەحمەتە بمێنن، بەڵام بەو جۆرەی کە ئێران پێشبینی دەکا یان ئارەزوو دەکا، بە باوەری من شەرت نییە وابێتە دی.
ـ مامۆستا بۆ ئاخرین پرسیار: ئێوە پێتانوایە پرۆسەی دەوڵەت ــ نەتەوە لەو ناوچەیە شکستی خواردوە؟
* پڕۆسەی دەوڵەت ــ نەتەوە نە وەختی ئەوەیە کە بڵێین شکستی خواردوە، نە ئەوەیە کە بڵێین ئیدی تەسبیت بووە. دەوڵەت ــ نەتەوە لە عێراق و ئێران و تورکیە بە شێوەیەکی نا تەبیعی دروست بووە، مەسەلەن ئێران ئیستاش لەگەڵ ئێمە مخالەفەتیان لەسەر ئەوەیە کە دەڵێن ئیران یەک نەتەوەی تێدایە، یانی نەتەوەیەکی وەک دەڵێ ناهەمگون یا نامتجانیسیان دروست کردوە، ئەوە مەحکوومە بەوە کە لە ئایەندە دا ئاڵو گۆری بەسەر دا بێ، رەنگە ئەگەر بمانهەوێ لە ئایەندەدا دەوڵەت ــ نەتەوە لەسەر ئەساسی واقعی دروست بی، یەعنی ئەو نەتەوانە: کورد بۆخۆی دەوڵەتی خۆی هەبێ، فارس هەیبێ، تورک هەیبێ. دەنا ئەو دەوڵەت ــ نەتەوانەی کە لەو مەنتەقەیەدا دروست بوون، بە شێوەیەکی ناتەبیعی دروست بوون و شانسی بەقا و دەوامیان هەر نییە، هەرچەندە تائێستا هەڵنەوەشاون.


لە ژماره‌ ٦٨٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌