b_300_220_16777215_00_images_SIASI_mstefa_barzani.jpgتێبینی: ئەم نووسینەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە "ناکۆكی نێوان ناوەندی کوردە موهاجیرە سیاسییەکانی مەسکەو و باکۆ " بەشێکە لە کتێبێکی تازەی جەمیل حەسەنلی

" لێبێرالیزمی سۆڤیەت لە ئازەربایجان دا، حاکمییەت. ڕووناکبیران.گەڵ (1959-1969 ) ، کە ساڵی ٢٠١٨ بە زمانی تورکی ئازەربایجانی بڵاو بووەتەوە. جەمیل حەسەنلی هەم مێژوونووس و هەم سیاسەتمەدارە و لە دژبەرانی ڕێبەرایەتی ئێستای جمهووری ئازەربایجانە. لەم نووسینە دا حەسەنلی بە پاڵپشتی بەڵگەی ناو ئاڕشیوی ڕووسیا، ئازەربایجان و بیرەوەری کاربەدەستان تێشکی تازە دەخاتە سەرکار و پێوەندییەکانی ئەو کوردانەی کە دوای ڕووخانی جمهووری کوردستان لە سۆڤیەت ژیاون و خەباتیان کردووە.
بە زمانی کوردی لە سەر ئەو بڕگەیەی مێژووی هاوچەرخی کوردستان نەک هەر هیچ لێکۆڵینەوەی بابەتیانە نەکراوە ، بەڵکوو لە سەر بنەمای دەنگۆی بێ بنەما لایەنێکی ئەو چیرۆکە ناجوامێرانە تاوانی وەپاڵ دراوە. ئەم نووسینەی حەسەنلی تیشکێکی تازە دەخاتە سەر ئەو لایەنە و دەرفەتی داوەریی دروست دەدا بە خوێنەرەوە. هەرچەند هێندێک هەڵەی ئاشکرا کەوتوونەتە ئەو نووسینەوە، ئەویش لە بەر بێدیقەتی سەرچاوەکان و نەک نووسەر بەڵام ئەوانە لە قورسایی ڕوونکردنەوەکانی ئەو بەشەی کتێبەکەی حەسەنلی کەم ناکەنەوە.
نووسینەکە بەو پەڕی ئەمانەتەوە وەرگێڕدراوە و هەڵەی فاکتی لە ناو وەرگێڕانەکەدا بە نیشانەی # دیاریی کراون بۆ ئەوەی لەگەڵ ژێدەرەکانی نووسەر تێکەڵ نەبن. هەڵەکان لە پەراوێزی ووتارەکە دا دەستنیشان کراون . وێنەکان لەگەڵ دەقی ماک نین و وەرگێر خستوویەتە پاڵ ئەم وەرگێڕانە. سپاس بۆ هاوڕێ ئەژدەر شێخۆ بۆ وەرگێڕانی هێندێک لە ژێدەرەکان کە بە زمانی ڕووسی بوون.

حەسەن قازی
ئۆکتۆبری ٢٠١٨

٣.ناکۆکی نێوان ناوەندی کوردە موهاجیرە سیاسییەکانی مەسکەو و باکۆ
نووسەر : جەمیل حەسەنلی
وەرگێڕان لە تورکی ئازەربایجانییەوە و پەراوێز بۆ نووسین : حەسەن قازی

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_kurde_mohajirekan.jpgلە کۆنفڕانسی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە نێوان دێمۆکڕاتەکانی ئازەربایجان و حیزبی دێمۆکڕاتی کورد (KDP ) #دا زنجێرەیەک دژایەتی هاتە گۆڕێ. سەرۆکی کوردە دێمۆکڕاتەکان ڕەحیم قازی لە ٦ی مانگی مارسی ساڵی ١٩٦٠ سەبارەت بە کاری کۆنفڕانس و ڕەفتاری غوڵام یەحیا دانشیان ، و سووکایەتی بە خۆی و بە کوردەکان لە کۆنفڕانس دا سکاڵانامەیەکی ٩ لاپەڕەیی بۆ کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان نارد. ئەو لە نامەکەی دا نووسی: " لە کۆنفڕانس دا هێندێک لەو هاوڕێیانەی کە قسەیان کرد هەر سووکایەتیان بە من نەکرد بەڵکوو سووکایەتیان کرد بە برای کووژراوم و بە گشتی بە شەڕەفی گەلی کورد.ئەو جۆرە ڕەفتارە نیشانەی خەسڵەتی ناسیۆنالیستی یە و بە هیچ جۆر لەگەڵ ئامانجی ئێمە بۆ ساز کردنی حیزبێکی تاقانە ، و لەگەڵ دروشمی ڕۆژانەمان بۆ پتەو کردنی چالاکی یەکگرتووی هەموو هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی ئێران یەک ناگرێتەوە. بۆ وێنە هاوڕێ ئەسڵانی گوتی: " ئازەربایجانییەکان پێویستییان بە پشتیوان نییە، ئێمە دەتوانین بۆ خۆمان خۆمان ئیدارە بکەین ... قازی کێیە؟ بە گشتی لە کوردستان هیچ کەس بنەماڵەکەی ناناسێ..." هاوڕێ چێشم ئازەر گوتی: " قازی لە بنەماڵەیەکی فێئۆداڵەوە دێ، ئەو چۆن دەتوانێ کەسێکی خزمەتکاری لێ دەرچێ ...؟ هاوڕێ دانشیان کە ئەو قسانەی دەبیست هیچی نەگوت و بێدەنگەی لێ ڕا کرد ،ئەو هاوڕێیەی کە گۆیا بۆ پێکهێنانی یەکێتیی هێزە پێشکەوتووەکانی ئێران "حەول " دەدا ، بێدەنگ بوو." [١]
ڕەحیم قازی هەر لە قسەکانی لە کۆنفڕانسی دووهەمی فێرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دا ناڕەزایی دەربڕیبوو کە بە شێوەیەکی بەکەلک سوود لە کادرە کوردەکان وەرناگیرێ و کاندیدای وەرگرتنی دوکتورا لە زانستی ئابووری ، و جێگری رێداکتۆری ڕۆژنامەی ئازەربایجان عەلی گەلاوێژی مەبەست بوو و نووسیبووی کاندیدایەکی زانستی ئابووری لە بەشی ئابووری ئاکادێمی کۆماری دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی سۆسیالیستییان مەجبوور کرد لە سەر کتێبی " هۆپ هۆپ نامە" ی سابر شت بنووسێ. [٢]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_mstefa_barzani.jpgمەلا مستەفا بارزانی و نیکیتا خورشچۆڤ لە مەسکەو
پێوەندی نێوان ئەو حیزبە ذێمۆکڕاتە کوردەی کە لە ئازەربایجان بوو و ڕێبەری کورد مەڵا مستەفای بارزانی کە لە شاری مەسکەو بوو باش نەبوو ،بارزانی زۆرجار لە مەڕ ئەوەی کە سەرۆکی کوردە دێمۆکڕاتەکان لە باکۆ ڕەحیم سەیفی قازی وەسیلەیەکە لە دەست حاکمییەتی ئازەربایجان دا شکایەتنامەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سۆڤییەت نووسیبوو. خزمی مەلا مستەفا ، مستەفا سەڵماسی # کە لە شاری مەسکەو دەیخوێند لە نامەیەک دا کە هەر لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ کوردە موهاجیرەکانی دانیشتووی باکۆ حەسەن حیسامی و ڕەحمان گەرمیانی نووسیبوو تەشویقی کردبوون لە دژی ڕەحیم قازی ئیمزا کۆ بکەنەوە و بۆ مەسکەوی بنێرن. ئەو نووسیبووی: " دەبێ لە نەزەر بگرین کە، ئەورۆکە ئێمە کارێکی گەورەمان لە پێشە ، ئەوەش لە بناغە هەڵکەندنی ڕەحیم و گەلاوێژە کە لە شاری باکۆ ڕیشەیەکی قووڵیان داهێشتووە ، بەڵام دیارەکە ، ڕەحیم عەلی ئەو بابەیان مردووە و وەکوو مامم # (مەبەست مەلا مستەفایە . ج .ح ) دەڵێ ئەوانە نێویان کووژاوەتەوە . ئەمما ئێمە دەبێ ئیحتیات لە دەست نەدەین و لە خۆ نەچین و دوژمن بە فەقیر نەزانین چونکە مار وەختێک بە مردوو حیساب دەکرێت کە، سەری پان کرابێتەوە. ئێستا بۆ ئەوەی کە زووتر بە مووەفەقییەت بگەین دەبێ تێبکۆشین کە لە ئێک جەبهە دا بەربەرەکانی بکەین و بە هیچ وەجە نەهێڵین کە، دوژمنانی ئێمە یەک کەون و یا جەبهەیەکی دیکە بە پێچەوانەی ئێمە بکەنەوە. مەسەلەن بۆ خۆتان لە تەسەوەی بێنن کە، ئەگەر لە جیاتی ٣ ئیمزا ئەو عەریزەیەی ئێمە ٥ ئیمزای پێوە بایە ٥٠٠ دەفعە بە نرخ تر و بە هێزتر دەبوو ... بۆ ئەو مەتڵەبە ئەمنیش یاریدەتان دەدەم و مەخسووسەن کاغەزی بە درۆتان بۆ دەنێرم کە، بەو مەقسەدە دە کار بێت . " [٣]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_mstefa_selmasi.jpgمستەفا سەڵماسی ( شەڵماشی) لە مەسکەو
لە بناواندا مەلا مستەفا بۆ خۆشی ئەو کارەی پێ خۆش بوو و بۆ ئەوەی ببێ بە نوێنەری تاقانەی موهاجیرە کوردەکان لە یەکەتی سۆڤییە وبۆ ئەوەی حیزبی دێمۆکڕاتی کورد لە ئازەربایجان بکا بە پێڕەوی خۆی لەهەموو شتێک کەلکی وەر دەگرت. ئەو هەر لە ساڵی ١٩٥٤ ، لە کاتێک دا لە مەدرەسەی بەرزی حیزب وەک گوێگر ئامادە دەبوو کە لە نزێک کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت هەڵکەوتبوو داوای دیداری کرد بوو لەگەڵ ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت و لە ١٣ی دیسامبری ئەو ساڵە دا کاربەدەستی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی ف. و وولوشین چاوی پێی کەوتبوو . لە کاتی قسە کردن دا بارزانی بە تەئکیدەوە تکای لێ کرد بوو ئەو زانیارییانەی کە لە سەر ڕەحیم قازی هەیەتی ، کە لەو ڕۆژانەی دواییدا وەکوو جێگری سەدری فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دیاری کراوە بگەیێنێتە هاوڕێیانی سۆڤیەت . مەلا مستەفا گوتبووی دوای ئەوەی ، ڕەحیم قازی ئەو ئەرکەی بە ئەستۆوە گرتووە ، لە موهاجیرە کوردەکان لە باکۆ: سەڵماسی، ڕەحمان گەرمیانی، عەزیز شەمزینی، و حەسەن حیسامی یەوە نامەی بە دەست گەیشتوە . ئەوان تەئیید دەکەن ، کە دوای ئەوەی ئێران ڕێژیمە دێمۆکڕاتیکەکانی لە ئازەربایجان و کوردستان تێک و مەکان دا و ئەو خەبەرە لە ١٩٤٧ گەیشتە باکۆ ، هەر لەو کاتە دا ئەو هاوڕێ کوردانە لە خوێندنگەی نیزامی لە باکۆ دەیانخوێند، ڕەحیم قازی هاوڕێکانی کۆ کردووەتەوە و پێی گوتوون، " بمرێ یەکەتی سۆڤییەت ، بژی قەواموسەلتەنە ."


b_300_220_16777215_00_images_SIASI_rahim_qazi.jpgڕەحیم قازی . ئەو کاتەی کە جێگری سەدری فیرقەی دینۆکڕاتی ئازەربایجان بووە
بە پێی زانیارییەکانی ئەوان هەر ئەو ڕۆژە ئەو چووەتە کۆنسولخانەی ئێران لە باکۆ و داوای کردووە ویزای بدەنێ بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئێران و بۆ ئەو کارە هاوڕێیانی خۆشی هان داوە . وولوشین لە ڕاپۆرتەکەی دا بۆ بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی سەبارەت بە قسەکردنی لەگەڵ بارزانی دەنووسێ : " ئەو کوردانەی کە نامەیان بۆ بارزانی نووسیبوو و لەهەمان کاتدا بارزانی خۆشی وای دادەنێن دانانی ڕەحیم قازی لەو پلەیە دا لەبەر ئەوەیە کە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیست سیمای ڕاستەقینەی ئەو کابرایە ناناسێ. گومانی بارزانی ئەوە بوو کە، سەدری شووڕای بەرزی کۆماری سۆسیالیستی ئازەربایجان میرزا ئیبراهیمۆف ڕیی خۆش کردبێ بۆ ئەوەی ڕەحیم قازی ئەو ئەرکەی پێ بسپێردرێ . بە پێی زانیارییەکانی مەلا مستەفا ، مامی ڕەحیم قازی، محەمەد قازی # لە ساڵانی ١٩٤٦ – ١٩٤٧ دیاری زۆر بە قیمەتی دابوو بە میرزا ئیبراهیمۆف. " [٤] ناوەرۆکی قسەکانی ف.وولوشین لە گەڵ مەلا مستەفا ڕۆژێک دواتر لە لایەن جێگری بەڕێوەبەری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت وینۆگرادۆف ناردرا بۆ سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان ئیمام مستەفایێف و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەوەی گەلۆ قازیی محەمەد " دیاریی بە قیمەت "ی داوە بە میرزا ئیبڕاهیمۆف لە مەسکەو را کۆمیسیۆنێک ناردرا بۆ باکۆ . بەڵام لێکۆڵینەوەکان "گومانەکانی بارزانی " تەسدیق نەکرد بوو و وەدوایەی دابووەوە. [٥]

 


b_300_220_16777215_00_images_SIASI_ali-gelawej.jpgعەلی گەلاوێژ و قادر مەحموود زادە (٢٩ی ئاوریلی ١٩٧١، فڕۆکەخانەی باکۆ)
دژایەتی و پێوەندی ئەوتۆی مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵ ڕێبەرایەتی ئازەربایجان و ئەو ژمارە کەمە لەو موهاجیرە کوردانەی کە لە ئازەربایجانی سۆڤیەت دەژیان زیاتر سەرچاوەکەی لە مەسکەوەوە بوو. ئۆرگانەکانی خزمەتی تایبەتی سۆڤیەت هەر لە ساڵی ١٩٤١ وە دەستیان کرد بوو بە چالاکی لە ناو کۆردەکانی ڕۆژهەڵاتی نیزیک. [٦] لە دوای شکانی حکوومەتی میللی لە مانگی دیسامبری ١٩٤٦ ماوەیەکی کورت دوای هاتنی ئازەربایجانیە دێمۆکڕاتەکان بۆ یەکەتی شوڕەوی سۆسیالیستی لە ١٧-١٨ی ژووەنی ١٩٤٧ لە ژێر سەرکردایەتی بارزانی دا، ٤٩٩ سوارەی کورد# لە ناوچەی جوڵفا دەربازی ئازەربایجانی سۆڤیەت بوون. ئەو دەستەیە هەر چەند ١٥ ساڵ پێشتر لە عێڕاقیش بووبن هاتبوونە ناو ئێران و ژیانی کۆچبەریان هەبوو و بە ڕێگای ڕێگری# چەرخی ژیانی خۆیان هەڵدەسووڕاند. بارزانی هەر لە دوای هاتنی بۆ یەکەتی سۆڤیەت کاربەدەستانی ئاگادار کرد پێی خۆشە " بە دژی ئێران درێژە بدا بە خەباتی چەکدارانە ". [٧] بەڵام دەستەی بارزانی هەر کە گەیشتنە نەخجەوان چەک کران و لەوان ٣٠٣ تفەنگ، ٥ ئۆتۆمات ، ٥٥ دەمانچە ، ٥٤ نارنجۆک ، ١٣ دووربین ، و ١٣ هەزار فیشەک وەرگیرا. و بە پێی ئامۆژگاری وەزاڕەتی کاروباری ناوخۆیی کۆمارە سۆسیالیستیەکانی سۆڤیەت فەرماندەی هێزەکانی ئیدارەی سنووریی ئازەربایجان ژەنەڕاڵ مالیشێڤ کاتێک چاوی بە مەلا مستەفا کەوت مەلا مستەفا ڕایگەیاندئامادەیە بە دژی کۆنەپەرستیی ئێران هەموو ئامۆژگارییەکانی حکوومەتی سوڤییەت جێ بە جێ بکا. [٨]
دەستەی بارزانی حەوتوویەک دوای هاتنیان بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت لە کاتێکدا کە بەرەو ناوچەی جوڵفا دەچوون ، کۆمیساریای سنووری ئێران باقر زادە نامەیەکی بۆ ئیدارەی سنووریی یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤییەت لە نەخجەوان نووسی و ڕایگەیاند ئەوان ٢٠ ڕۆژ پێشتر لە خاکی تورکیاوە چوونەتە ناو خاکی ئێران و خەرێکی تاڵان بوون و داوای کرد نزیکەی ٤٠٠ کەس لە سوارە کوردەکان بگێڕدڕینەوە بۆ ئێران. [٩] بەڵام بە پێی تەعلیماتی ڕێبەرایەتی سۆڤیەت ئیدارەی سنووریی نەخجەوان دەستی لەوە گێڕاوە دەست بە سینگی دەستە کوردەکانەوە بنێ و بیانگێڕێتەوە بۆ ئێران. بارزانی داوای لە حکوومەتی سۆڤییەت دەکرد ، دەستەکەی چەندمانگێک لە سۆڤیەت بحاوێندرێنەوە، تەعلیمات ببینن و دیسان ئیزن بدرێن بگەڕێنەوە ئێرانێ. بۆ ئەو مەبەستە میرجەعفەر باقرۆف پێشنیاری بە مەسکەو کرد بوو دەستەی بارزانی لە یەکێک لە کەمپەکانی کەناری دەریاچەی خەزەر دابمەزرێندرێن و لەوێ تەعلیماتی نیزامی بدرێن. بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی وا لەبەر دەست ئۆرگانە ئیستیخباراتییەکانی سۆڤیەت دابوون و لێکدانەوەیان ئەوان بەو نەتیجەیە گەیشتن ئامانجی بارزانی بەر لە هەموو شت دامەزراندنی دەوڵەتێکی تاییفەیی – فێئۆدالی یە . [١٠]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_rahman_germiani.jpgڕەحمان گەرمیانی لە ماڵی خۆی لە مەسکەو
بە پێی ئامۆژگاری وەزیری ئەمنیەتی دەوڵەتی یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت ویکتۆر ئاباکۆمۆف ئەوان لە خەڵکی خۆجێی نەخجەوان جیا کرانەوە. دوای دامەزرانیان لە نەخجەوان بارزانی پێشنیاری کرد لە سەر خاکی ناوچەی نۆراشەن کە دەکەوێتە باکووری ئەو ویلایەتە و لە سەر سنووری نێوان ئەرمەنستان و تورکیایە ئیدارەیەکی خودموختاری کورد دابمەزرێندرێ .[ ١١] میرجەعفەر باقرۆف بە تێ گەیشتن لە نییەتی بارزانی بە پێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی ئۆرگانەکانی یەکەتی سۆڤیەت مەسەلەی دوور خستنەوەی دەستە چەکدارە کوردەکانی لە سنوورەکانی ئێران لا برد. [١٢]

 

mstefa_barzani1.jpgمەلا مستەفا بارزانی لە مەسکەو
هەر لە ساڵی ١٩٤٧ دا، سەرۆکی ئیدارەی کەشفیات و دژی جاسووسی وەزارەتی ئەمنییەتی دەوڵەت ژەنەڕاڵ پاڤڵ سوداپۆڵاتۆڤ کە بە ناوی ماتییێڤ وەکوو جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تێلگڕافی یەکەتی سۆڤیەت هاوڕێێەتی دەستە عەسکەرییە کوردەکانی کرد بوو کە هاتبوونە ناو خاكی سۆڤییەت ، لە لایەن ئاباکومۆڤ پێی ئەسپێردرا لەگەڵ بارزانی دانوستاندن بکا و بەڵێنی پەنابەریی سیاسی بداتێ و ئاگاداری بکا کە جەماعەتەکەی لە ئوزبەکستان دادەمەزرێندرێن. لە هەمان کاتدا بە ناوی ڕێبەرایەتی سۆڤییەت بە بارزانی ڕاگەیاندرا ، کە ئەو بۆخۆی، و بەشێک لە ئەفسەرەکانی لە خوێندنگە نیزامی و ئاکادێمییەکانی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤییەت دا دەکرێ بە شێوەی تایبەتی پەروەردە بکرین.[١٣]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_hassan_hisami.jpgحەسەن حیسامی
پاڤل سوداپڵۆتۆڤ لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێ: " ئاباکومۆڤ لێی قەدەغە کردم ناوەرۆکی قسەکانم لەگەڵ بارزانی ، بەتایبەتی ئەوەی کە ستالین ڕەزایەتی نیشان داوە ئەفسەرانی کورد لە داو دەستگا نیزامییەکانی ئێمە دا پەروەردە ببینن لەگەڵ ڕێبەری پارتیی کۆمۆنیست ئازەربایجان باقرۆڤ باس بکەم. ئەو مەسەلەیە لە بەر ئەوە بوو کە باقرۆف دەیویست حەول بدا بۆ کەلکوەرگرتن لە بارزانی و پیاوەکانی بۆ تێکدانی سەباتی ئازەربایجانی ئێران. بەڵام مەسکەو وای لێک دەداوە، بارزانی دەتوانێ بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئینگلیس پەرستی عێڕاق دەورێکی زۆر گرینگتر بگێڕێ، و لەوەش دەرچێ ، بە تایبەتی هی هەرە گرینگ، بە یارمەتی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و دەریای ناوەڕاست ( دەریای مدیترانە) دەمانتوانی دابین کردنی بەرهەمی نەوتی کانگاکانی نەوتی عێڕاق لە (مووسڵ) کە گرینگییەکی تایبەتی هەیە لە درێژخایەن دا لە دەست گشت دەستەبەندییە نیزامییەکانی ئینگلیس – ئەمریکا دەر بهێنین."[١٤]
بەو مەبەستە وەزاڕەتی کاروباری ناوخۆی یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤیەت لە ٩-ی ئووتی ساڵی ١٩٤٨ بڕیاری دا بۆ ڕاگوێستنی دەستە بارزانییەکان بۆ ئوزبەکستان. لە دوای ڕاگوێزران بۆ ئوزبکستان بارزانی لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٨ چاوی کەوت بە سکرتێری یەکەمی ئەو کۆمارە عوسمان یۆسپۆڤ و زنجیرەیەک داوخوازی لەگەڵ هێنا گۆڕێ. بارزانی داوخوازی کرد کە ٥ کەس لە ئەفسەرەکانی بنێردرێنە خوێندنگەی پارتی لە تاشکەند و پاشماوەی پێشمەرگە و ئەفسەرەکانیشی لە بواری فڕۆکەوانی، تانک ئاژۆتن و کاری سیخوڕی دەرفەتی پەروەردەیان بدرێتێ و زەمینەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ستالین بڕەخسێندرێ. بارزانی بە یۆسپۆڤ ی ڕاگەیاند بێتوو ئیزنی پێ نەدرێ بۆ چاوپێکەوتنی ستالین ، خۆی دەکووژێ.
لە ساڵی ١٩٤٩ دا بۆ بەڕێچوونی دەستە نیزامییەکانی بارزانی لە فۆندی نهێنی ٤٦٢،٦٦٧، ٦ مەنات خەرج کرا بوو . لە دوای ئەو داواکاریانەی بارزانی وەزیری کاروباری ناوخۆی یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستیەکانی سۆڤیەت سێرگێی کرۆگلۆڤ پێشنیاری بە ستالین کرد، کە ڕاگرتنی کوردەکان لە کەمپێک دا بە یەکەوە جێی مەترسییە و ئەوان دەبێ بە گرووپی پچووک پچووک دابەش بکرین و بنێردرێنە شوێنی جیاواز لە ئوزبەکستان. بە پێی بۆچوونی کروگلۆڤ ، بەو شێوەیە ئەوان لەیەک دادەبڕێن ، و پێوەندی مەلا مستەفا لە گەڵ دەستە کوردەکان لاواز دەبێ و بارزانی ناتوانێ بە ناوی ئەوان چ داواکارییەک بکا. مۆڵۆتۆف سەبارەت بەو پێشنیارەی کروگلۆڤ ڕازی کرا بوو.[١٥]
هەڕەشە کردنی بارزانی لەو کەمایەتییە کوردەی کە فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان پەنای دا بوون و هەڕەشە لە ریبەرانی خۆ جێیی ئازەربایجان کە پشتیوانییان لێ دەکردن، لەو سۆنگەیەوە بوو کە لە ئاسۆی پرۆسەی تێکدانی سەباتی ڕۆژهەڵاتی نزیک دا مەسکەو " باوەڕ"ی بەرزی بە مەلا مستەفا هەبوو . لە ساڵی ١٩٥٧وە دەستگای ئەمنییەتی دەوڵەت لە ناو ڕێکخستنە نەتەوەییەکانی کورد و عەشیرەتە کوردەکان دا بە مەبەستی خۆڕاگری لە بەرانبەر ئێران دا ئیدی دەستی کرد بوو بە ئامادەکاری. [١٦]
جێگری سەدری فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ڕەحیم کوڕی ئەبولحەسەن سەیفی قازی لە ساڵی ١٩٢٦ لە مەهاباد لە ناو خێزانێکی خاوەنمڵک دا هاتە دنیاوە . باوکی ئەبولحەسەن کە سەر بە عەشیرەتی دێبۆکری # و قازی شاری مەهاباد بوو یەک لە خاوەنملکانی خاوەن نفووز بوو لە ناو خەڵکی دا . دایکی ڕەحیم قازی ، وەجیهە سەیفی قازی ئازەربایجانی بوو. ڕەحیم، لە سەرەتاوە ٣ ساڵ لە مەهاباد دەرسی خوێندبوو ، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥- ١٩٤١ دا لە مەدرەسەی ناوەندی خوێند بووی. لە ساڵی ١٩٤١ دوای چوونی ئەڕتەشی سۆڤییەت بۆ ناو ئێران، ڕەحیم قازی بوو بە ئەندامی حیزبی " کۆمەڵەی ژیانی کوردستان"# کە ئامۆزاکەی قازیی محەمەد لە ساڵی ١٩٤٣ دای مەزراندبوو. لە ساڵی ١٩٤٥ لە کاتی دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە لایەن محەمەدی قازی، سەدری قازی و برا گەورەی ڕحیم قازی ، محەمەد حوسێن قازی ، ڕەحیم قازی لەو حیزبە دا بوو بە ئەندام. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٦ دا لە کاتی دامەزرانی حکوومەتی میللی کوردستان دا ڕەحیم قازی لە ئەڕتەشی نەتەوەیی دا خزمەتی دەکرد و لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٤٦ دا بۆ خوێندن ناردرا بۆ مەدرەسەی نیزامی باکۆ. [ ١٧]
لە دوای دامەزرانی کۆماری مەهاباد سەرکردە کوردەکان بە ڕێگای جۆر بە جۆر لە ڕەزائییە ( ورمێ )، خوێ، شاپوور و میاندواو لە ناو خەڵکی ئازەربایجانی دا تەبلیغاتیان دەکرد و تەشویقیان دەکردن لەگەڵ کۆماری کورد بکەون و ناوەرۆکی بانگەشەکەیان ئەوە بوو ، ئەگەر خەڵکی ئازەربایجانی ئەو شارانە لەگەڵ کوردەکان بکەون ئەوان لە دانی ماڵیات و خزمەتی نیزامی تەرخان دەکرێن. ژمارەیەک لە سەرۆکە کوردەکان – ئەمەر خان، نووری بەگ، قۆتاس بەگ و ئەوانیدی، حکوومەتی میللی ئازەربایجانی ئێرانیان بە ڕەسمی نەدەناسی و دوای کشانەوەی ئەڕتەشی سوور و ڕۆیشتنی بە ئاشکرایی ڕایانگەیاند کە بە زەبری چەک ڕەزائییە (ورمێ)، خوێ، شاپوور و ماکۆ وەسەر خودموختاریی کورد دەخەن. بەو مەبەستە ئەوان لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٤٦ ئەو شارانەیان گەمارۆ دابوو و تەنیا لەبەر بەبڕیاری حکوومەتی میللی ئازەربایجان و دوای دەستێوەردانی بەشە هۆردووی سۆڤیەت دەستە چەکدارە کوردەکان کشابوونەوە سنوورەکانی مەهاباد و ڕۆیشتبوون. [١٨]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_karim_ayobi.jpgکەریم ئەیووبی لە بەشی کوردناسی لە زانکۆی لێنینگڕاد

لە دوای ڕووخانی کۆماریی کورد لە مەهاباد ڕەحیم قازی لە باکۆ مایەوە لە پێشدا چووە دانشکەدەی مێژوو لە زانکۆی دەوڵەتیی ئازەربایجان ، دوایەش ناردرا بۆ مەدرەسەی حیزبی. لە ساڵی ١٩٥١ چووە بەشی دوکتورا و دیفاعی لە بابەتی تێزی دوکتورایەکەی کرد کە بریتی بوو لە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕێبەر و ڕێکخەری بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستانی ئێرانە ( ١٩٤٥ – ١٩٤٦) . قازی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ – ١٩٥٣ دا وەک رێداکتۆر و بەڕێوەبەری بەشی کوردی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان، و لە هەمان کاتدا ڕێداکتۆری ڕۆژنامەی "کوردستان " کاری کرد. لە دوای شکانی کۆماری مەهاباد، لە ساڵی ١٩٤٧ سەرۆکی ئەو کۆمارە قازیی محەمەد ، براکانی # ڕەحیم قازی و ئەندامی مەجلیسی شووڕای میللی ئێران لە مەهابادەوە سەدری قازی و وەزیری شەڕی حکوومەتی میللی کوردستان محەمەد حوسین سەیفی قازی ئێعدام کران. بەر لەو ڕووداوە حکوومەتی ئێران حەولی دا بوو بە ڕێگای کونسولخانەکەی ڕەحیم قازی بەڕێتەوە ئێران. سەرۆکوەزیر قەواموسەلتەنە بۆخۆی بانگهێشتنی نارد بوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە. بەڵام کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان گەڕانەوەی ویان بۆ ئێران بە مەسڵەحەت نەزانیبوو. لە مەهاباد برا پچووکەی عەبدوڵا، هاوژینی گەوەرتاج ، کوڕەکەی حەسەن و خوشکەکەی مابوونەوە. ئەو لە ساڵی ١٩٤٨وە پێوندیی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی پسا بوو. [١٩]


b_300_220_16777215_00_images_SIASI_kurdistan4.jpgنموونەی ڕۆژنامەی 'کوردستان ' کە ڕەحیم قازی سەر نووسەری بووە
ڕەحیم سەیف قازی بۆ ماوەی درێژ لە بەشی کوردی فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان دا بوو ، دوایەش ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ی کرد بوو. لە دوای دوور خستنەوەی میر جەعفەر باقرۆف لە ڕێبەرایەتی کۆمار، غوڵام یەحیا لە خەباتی خۆی دا بە دژی گاردی کۆنی کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە "خزمەتەکان ' ی ڕەحیم قازی کەلکی وەردەگرت . بۆ وێنە لە کۆبوونەوی کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان کە لە ١٨ی مانگی ژووییەی ساڵی ١٩٥٤ لە حەوزەی تیب بەڕێوەچوو ، ڕەحیم قازی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی ناوەندی زەینەلعابدینی قیامی کە سەدری دادگای بەرزی حکوومەتی میللی بوو بە ' شێت ' ناودێر کرد و لە بەر ئەوە قیامی لە ٢٢ی ژووییە لە ئەندامەتی فیرقە ئیستیعفای دا و سکالانامەیەکی ١٩ لاپەڕەیی پرۆتێستی بۆ کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان نووسیبوو. [٢٠] ئەو لە نامەکەی دا دەنووسێ. ئەمن ئەو کاتەی لە ئێران لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دا بووم بابی # ئەو ڕەحیم قازی یەی کە ئێستا بە من دەڵێ شێت ، قەت ئەو شێعرە بەناوبانگەی سەبارەت بە ئازایەتی، پیاوەتی، عەقڵ و دیانەتی من نەدەنووسی. ئەمن چ بکەم، هیچ شوێنێک لە خەسڵەتەکانی ئەو بابە ، لەو کەسە دا نییە." [٢١]
لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دا رەحیم قازی سەبارەت بە وەزیری ئەرتەشی نەتەوەیی حکوومەتی میللی ئازەربایجان جەعفەر کاویانیش قسەی ناخۆشی کرد بوو و بڕیاری نهێنی گردبوونەوەی حەوزەی ٢- ی تیب ی ئاشکرا کرد بوو. لەو بارەیەوە کاویان بۆ ئیمام مستەفایێف [سکرتیڕی ئەو دەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان ] دەنووسێ : " بە حورمەتەوە ڕادەگەیێنم ، کە ڕۆژی ڕابردوو، یانی لە ١٨ی ژووییە لە حەوزەی ژمارە ٢ی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە بریارە نهێنییەکانی ئەو ڕۆژە ڕەحیم قازی هێندێکیانی بە ئامادەیی ٣٠ – ٤٠ کەس باس کردووە و منی شەخسەن وەکوو خائینێک لە قەڵەم داوە و چەندین جار دووپاتەی کردووەتەوە. کچەکەی منیش کە هەر ئەندامی ئەو حەوزەیەیە گوێی لێ بووە و ووڵامی نەداوەتەوە. وەک ئێوەش دەزانن حکوومەتی ئێران منی بە خائین داناوە، پاشملە مەحکوومی کردووم بە ئێعدام. جا لە بەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم لە وەزعی من بکۆڵنەوە ئەگەر ئەمن بە خائین بە ووڵاتی سۆڤییەت ناسرام . با بە سزای خۆم بگەم ." [٢٢]
ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کورد کە لە ئازەربایجان دامەزرابوو بۆ خۆڕاگری نێشاندان لەئاست ئەو گیرو گرفتانەی بارزانی بۆی ساز دەکرد پەرەی بە چالاکییەکانی خۆی دەدا بۆ ئەوەی ڕاستە و ڕاست لەگەڵ مەسکەو پێوندیی دابمەزرێنێ. لە داوخوازنامەیەک دا کە بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجانیان نووسیوە ڕەحیم قازی، عەلی گەلاوێژ، قادر مەحموود زادە، عەبدوڵا ڕەزم ئاوەر، سوڵتان وەتەمیشی و کەریم ئەییووبی دەڵێن: "ئێمەی کورد کە لە ساڵی ١٩٤٦ هاتووینە یەکەتی سۆڤییەت لە بناواندا ئەركێکمان لە سەر ئەستۆی خۆمان داناوە . ئەو ئەرکەش بریتی یە لە وەرگرتنی پەروەردەی سۆڤیەت، خۆ چەکدار کردن بە باوەڕی مارکسیزم – لێنینیزم و لە کۆتاییەکانی ئەو نیو سەدەیە دا پەرە پێدانی خێرا بە خەبات لە پێناو ئازادیی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خۆمان و خزمەت بە گەلی کورد ." [٢٣] ئەوان لە نامەکەیان دا دەڵێن ، لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ١٩٤٧وە تا مانگی ئووتی ساڵی ١٩٥٣ لە ستاسیۆنی نهێنی ڕادیۆوە بە ناوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تەبلیغاتیان کردووە بۆ گەلی کورد و کاردانەوەکانی هەم کۆنەپەرستیی ئێران و هەم ئی عێڕاق گرینگی ئەو تەبلیغاتە تەسدیق دەکا. بەڵام بە بۆچوونی ئەوان ڕاگرتنی ئەو بەرنامە ڕادیۆیی یە موهاجیرە کوردەکانی دانیشتووی باکۆی لە خزمەت کردن بە گەڵەکەی خۆیان بێ بەش کردووە. ئەوان زۆر جار پێشنیاری خۆیان دەنارد بۆ کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت، و داوایان دەکرد بۆ وەگەڕ خستنی گەلی ٩ میلیۆنی کورد یارمەتی بدرێن بۆ ئامادە کردن و بڵاو کردنەوەی چاپەمەنی کوردی لە کوردستان دا. لەو ڕادیۆیانەی کە لە مەسکەو و باکۆ بە زمانەکانی فارسی، تورکی و عەڕەبی بەرنامە بڵاو دەکەنەوە سەبارەت بە گەلی کورد، مێژووەکەی و تێکۆشان و خەباتی بابەتی زیاتر بڵاو بکرێنەوە؛ لە ڕادیۆی مەسکەو یان لە ڕادیۆی باکۆ دا وەکوو زمانە لاوەییەکانی دیکە بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردیش دابمەزرێ؛ بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی نهێنی، کوردە موهاجیرەکان بنێردرێنە کوردستان؛ ئاسەوارە کلاسیکە مارکسیستی – لێنینیستیەکان بە زمانی کوردی وەربگێردرێن و هەلومەرجی ناردنیان بۆ کوردستان پێک بهێندرێ؛ بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕووداوانەی وا لەو مانگانەی دواییدا لە خاکی کوردستان و لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا قەوماون بۆ کار کردن لە ناو ئەو کوردانەی پێوەندییان بەو ڕووداوانەوە هەیە ئیزن بدرێ بۆ ناردنی موهاجیرە کوردەکان بۆ سووریا. [٢٤]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_rahim_qazi1.jpgسوڵتان وەتەمیشی و ڕەحیم قازی لە مەسکەو
ئەوان لە نامەکەیان دا سکاڵایان دەکرد کە، " ئیمە کە لە یەکەتی سۆڤیەت پەروەردە بووین و خۆمان بە تیوری مارکسیزم – لێنینیزم چەکدار کردووە لە حاڵی حازر دا بە تەواوی لە خەبات تەریک کەوتووین و بە کردەوە ناتوانین هیچ خزمەتێک بە گەلەکەمان بکەین. لە ساڵی ١٩٤٧وە کە ڕۆژنامەی ' کوردستان ' مان ئیدارە کردووە و ئێستا دەستمان لێ هەڵگرتووە لە کوردستان ناگاتە دەست خوێنەوەران. بە پێی ئەوەی بیستوومانە لەو دواییانە دا بۆ نوێنەرانی حیزبی توودەی ئێران و هەر وەها نوێنەرانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان کە لە یەکەتی سۆڤیەتن بۆ دیاریی کردنی ئاڕاستەی خەباتی گەلانی ئێران بە ڕێگای ڕادیۆ وە لە ووڵاتە سۆسیالیستیەکان ئیمکان و دەرەتانی تەبلیغاتی پێک هێندراوە. لە ئێران نزیکەی ٣ میلیۆن نەفەر کورد دەژین، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ڕێبەرایەتی خەباتی گەلی کورد دەکا. بۆ گوڕ پێدانی خەباتی دژی ئەمپریالیستی و بردنی بەرەو ئاراستەیەکی دروست لەو تەبلیغاتەی دا کە دەکرێ گەلی کورد و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان نابێ لە بیر بکرێن. بە تایبەتی لەبەر ئەوەیکە، لە ئێران دا خەباتی گەلی کورد دەورێکی گرینگ دەگێڕێ. و لەوەش زیاتر بە ناوی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان زیاتر لە ٦ ساڵ بە ڕێگای ڕادیۆ وە بەیەکەوە تەبلیغاتێکی زۆرمان کردووە. " [٢٥]
ئەوان بۆ گەیاندنی نامەکانیان بە کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکەتی سۆڤییەت و قسە کردن داوایان دەکرد ئیزن بدرێ دوو کەسیان بنێردڕێن بۆ مەسکەو.[ ٢٦]
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٣ بڵاو کردنەوەی بەرنامەی کوردی لە باکۆ وە ڕاگیرا ڕەحیم قازی بۆ بووژاندنەوە و بە گوڕ کردنی تەبلیغات لە نێو کوردەکاندا و وەگەڕ خستنەوەی بەرنامەی ڕادیۆیی زنجیرەیەک پێشنیازی پێشکێشی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان کرد. لە مانگی ژانوییەی ساڵی ١٩٥٤ دا سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی میر تەیموور یەعقووب ئۆف بۆ سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی یەکەتی سۆڤییەت میخاییل سوسولۆف دەنووسێ: " پێشنیارەکانی ڕەحیم سەیف قازی کە خەڵکی کوردستانی ئێران و ئەندامی کۆمیتەی ڕابەرایەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانە سەبارەت بە هەنگاو نان بۆ باشتر کردنی تەبلیغات لە کوردستان دەنێرم. کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان لە لایەن خۆیەوە هەبوونی بەرنامە بە زمانی کوردی و بڵاو کردنەوەی ڕێک و پێکی لە یەکێک لە ستاسیۆنە ڕادیوییەکانی سۆڤیەت دا بۆ دانیشتووانی کورد لە ئێران، تورکیا و عێڕاق و پەسندی پێشنیارەکانی ڕەحیم سەیف قازی لەو بارەیەوە بە موناسیب دەزانێ." [٢٧]
بەڵام مەسکەو ئەو پێشنیارەی بە ئەرێنی وەرنەگرت. جێگری بەڕێوەبەری لقی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت وینۆ گڕادۆف بە پێی ئامۆژگاری سوسولۆف لە ١٨ی مانگی مەی ساڵی ١٩٥٤ دا تەلەفۆنی کرد بۆ ئیمام مستەفاییف سکرتێری یەکەمی تازەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان و پێی ڕاگەیاند، تەماشای نامەکەتان کراوە سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی بەرنامە بە زمانی کوردی لە یەکێک لە ستاسیۆنە ڕادیۆییەکانی کۆمارە سۆسیالیستیەکانی سۆڤییەت دا " پێمان وایە پێشتر هەبووە و ڕاگیراوە، بۆیە ، ئامۆژگاریمان ئەوەیە، لەو بەرنامانەی دا کە هەموو ڕۆژێ لە مەسکەو و باکۆ را بە زمانەکانی تورکی، فارسی و عەڕەبی بڵاو دەکرێنەوە بارودۆخی ژیانی ئەو کوردانەی لە قەوقاس دەژین ڕوون بکرێتەوە." دوای ئەو وتووێژە تەلەفۆنییە ئیمام مستەفاییف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ویتالی سەمەدۆفی بەرپرسی پرسە ئیدێئۆلۆژییەکانی ڕائەسپارد لەو پێوەندییە دا بە کۆمیتەی ڕادیۆ ئیبلاغ بکا لەگەڵ ئەوە موافەقەت بکرێ. [ ٢٨]

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_hejar.jpgڕاوەستاوان لە ڕاستەوە: عەبدوڵا ڕەزم ئاوەر، قادر مەحمود زادە، حەمەدی مەولوود چرچی دانیشتوان لە ڕاستەوە : ڕەحیم قازی، هەژار، کاتی سەردانی هەژار لە باکۆ ١٩٥٩
سەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتی کورد ڕەحیم قازی بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ئەو کوردانەی لە عێڕاق و ئێران دەژین لەگەڵی لە پێوەندی دان، و بۆ پەرەپێدانی خەبات زۆریان باوەڕ پێیەتی بە ڕێگای سکرتێری کاروباری ئیدێئۆلۆژی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان نازم حاجی یێف نامەی نارد بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت . ئەو لە نامەکەی دا دەنووسێ، لە ٢٠ی مانگی مارسی ساڵی ١٩٦٠ نامەی یەک لە ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەحمەد تۆفیق ( عەبدوڵا ئیسحاقی)ی بە دەست گەیشتووە کە ئێستا لە کوردستان دژی. قازی لە نامەکەیدا دەنووسێ ئەحمەد تۆفیق لە بەر ئەو زوڵم و توندو تیژییەی کە دەستگای حاکمییەتی ئێران بە دژی کوردە دێمۆکڕاتەکان دەیکا ساڵی ڕابردوو لە ئێرانەوە هاتووەتە عێڕاق و بە ڕێگای منەوە ، داوای کردووە بە ناوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێوە ببینێ و b_300_220_16777215_00_images_SIASI_ahmad_tofiq.jpgدەڵێ. " ئەوان زۆریان پێ خۆشە چاویان بە نوێنەرانی حیزبی کۆمۆنیستی یەکەتی سۆڤیەت بکەوێ. ئەو ، دەنووسێ: " باوکی ئێمە " و " برای ئێمە "زۆر و لە زۆریش زیاتر پێیان خۆشە چاویان بە " باوکەکەی دیکە " بکەوێ. هەموومان ئارەزوومانە و داوا دەکەین ، ئەو دیدارە زوو سەر بگرێ ، چونکوو زۆر مەسەلە هەن کە بە بێ مەسڵەحەتی "باوکەکەی دیکە" جێ بە جێ ناکرێن. ئێمە تکاتان لێ دەکەین ئەو داوایەی ئێمە بە “باوکەکەی دیکە " ڕابگەیێنن . ئەمن و هاوڕێیەکی دیکە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەو دیدارە و بێ سەبرانە چاوەڕوانی ئاکامی حەولەکانتان دەکەین."

ڕەحیم قازی لێی زیاد دەکا ، ئەگەر مەسەلەی نێوان حیزبی توودەی ئێران و فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بۆ دامەزراندنی حیزبێکی تاقانەی مارکسیست جێ بە جێ بکرێ ، پێویستە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیش لەو پێواژۆیە دا جێ بگرێ. بەڵام ئەو دەڵێ، لە ناو کوردەکان دا لەو بارەیەوە دوو بۆچوون هەیە، هێندێک لە ڕێبەرە کوردەکان پێیان وایە دەبێ حیزبێکی یەکگرتوو بۆ کوردستان بە بەشداری کوردەکانی ئێران، عێڕاق و تورکیا دابمەزرێ بەڵام حیزبی دێمۆکڕاتی کورد کە ئەو ڕێبەرایەتی دەکا لایەنگری فکری پێکهێنانی حیزبێکی تاقانەی مارکسیستییە بۆ ئێران. ڕەحیم قازی لە کۆتایی نامەکەیدا دەنووسێ" ئێمە وای بۆ دەچین، ئەگەر ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان چاویان بە نوێنەری حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت بکەوێ بۆ خۆیان ئەو مەسڵەحەتانە لە ئێوە دەبیسن و قسەکەتان لە مەر ، بە خێرایی دامەزراندنی حیزبێکی یەکگرتوو بۆ ئێڕان دەکەوێتە سەر ڕێبازێکی دروست . ئەگەر کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت بانگهێشتنی نوێنەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە پێویست بزانێ ئەوە دەکرێ بە ڕێگای سەفاڕەتخانەی سۆڤییەت لە بەغدا جێ بە جێ بکرێ." b_300_220_16777215_00_images_SIASI_hassan_qazi.jpg[٢٩]

پێشوازی لە نووسەری ئەم دێڕانە لە فڕۆکەخانەی باکۆ ، پێنجشەمە ٢٩ی ئاوریلی ١٩٧١ (٩ی بانەمەڕی ١٣٥٠ی هەتاوی) لەڕاستەوە: عەبدوڵا ڕەزم ئاوەر ، عەلی گەلاوێژ، قادر مەحموود زادە، عەلی شانۆف (نووسەری کوردیی قەفقاز)، نەناسراو

بەڵام شێئۆلیاڤ سەر بە لقی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت بە ڕێگای نازم حاجی ئێف را ڕەحیم قازی ئاگادار کردەوە کە، " کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکەتی سۆڤیەت دەست لە کاروبارە ناوخۆییەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان وەر نادا و دیدارێکی ئەوتۆ پێک ناهێنێ." [٣٠]
دیارە هۆی سەرەکی ئەوەش لە بەر ئەوە بوو کە سۆڤییەتییەکان سەرەتییان دەدا بە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ مەلا مستەفا.
ژێدەرەکان
[١] نامەی ڕەحیم قازی بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان 1960. 03. 06
//ARPIISSA, f1,s.89, i.2014,v.63
[٢] نامەی حوسێن نەزەریان بۆ ئێمام موستەفایێڤ 1957.05.20
//ARPIISSA,f.1,s89,i.203,v.146
[٣] نامەی مستەفا سەڵماسی بۆ حەسەن حیسامی و ڕەحمان گەرمیانی . 1955
//ARPIISSA,f.1,s.40,i.530,v.25
[٤]قەیدی قسەکانی ف.ڤڵۆشین لە گەڵ مستەفا بارزانی. 1954.12.18
//ARPIISSA, f.1,s.41,i.133,v.30
[٥]نامەی تەواو نهێنی ئی. ڤینۆگڕادۆڤ بۆ ئیمام مستەفایێڤ 1954.12.18
//APAIISSA, f.1,s.41,i.133,v.31
[٦] پاڤێل سوودۆپڵاتۆڤ . سەرکەوتن لە شەڕی نهێنی دا لە ساڵانی ١٩٤١ تا ١٩٤٥ ، مەسکەو، ٢٠١٨
C.267
[٧] ڕاپۆرتی سێرگێی کروگلۆڤ بۆ ستالین . 1949.02.05
// ئارشیوی دەوڵەتیی فێدراسیۆنی ڕووسیا (RFDA)،f.R. 9401c, s2,i.234, v.183
[٨] ڕاپۆرتی ئیڤان سێرۆڤ بۆ ستالین ، مۆڵۆتۆڤ و بێریا. 1947.06.19
// ئارشیوی دەوڵەتیی فیدراسیۆنی ڕووسیا f.R-9401c,s.2,i.170,v.81-82
[٩] نامەی سەرۆکی ناوچەی جوڵفا لە سنووری ئێران باقرزادە بۆ ئێدارەی سنووریی سۆڤیەت. 23.06.1947
//REDA. f.R-9401c,s.2.i.170,v.98
[١٠] ڕاپۆرتی سێرگێی کروگلۆڤ بۆ ستالین .1949.02.05
//RFDA.f.R-9401c.s.2,i.234.v.183-184
[١١]نیکۆڵای بووگای. ستالین و کورد لە یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت دا : لە کۆچبەرێتییەوە تا شارومەندێتی : 1940-1950 // گۆڤاری زانستیی ڤۆڵگا، 2013 ، ژمارەی 5 (21 ) ، c.33-34
[١٢] ڕاپۆرتی سێرگێی کروگلۆڤ بۆ ستالین .1949.02.05
//RFDA.f.R-9401c.s.2,i.234.v. 184
[١٣] پاڤێل سودۆپڵاتۆڤ، ئیستخبارات و کرێملین . یادداشتی شاهیدە نەویستووەکان.
M. 1997 ، 308-309 c.
[١٤] نیکۆڵای بووگای. ستالین وکورد لە یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت دا: لە کۆچبەرێتییەوە تا شارەومەندێتی . M 1997 ، 310 – s. 309
[١٥] ڕاپۆرتی سێرگێی کروگلۆڤ بۆ ستالین .1949.02.5
//RFDA.f.R-9401c.s.2,i.234.v. 184-185
[١٦] بڕوانە: ڤاسیلی میترۆخین . ک.گ.ب لە ئێرانێ . دەستنووس 1988 , c.84b,
Woodrow Wilson for Scholars
[١٧] ڕەحیم سەیف قازی . ژیاننامە . 1954.02.24
//ARPIISSA,f.1,s.89,i.185,v.25
[١٨] وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت. مەسەلەی کورد و کوردەکانی ئێران . 1946.12.23
//RDSSTA,f.17,s.128,i.988, v.239
[١٩] ڕەحیم سەیف قازی. ژیاننامە .1954.02.24
//ARPIISSA,f.1,s.89,i.185,v.26
[٢٠] بڕوانە نامەی زەینەلعابدین قیامی بۆ کۆمیتەی ناوەندی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان. 1954.07.24
//ARPIISSA,f.1,s.89,i.180,v.26-44
[٢١] هەر لەوێ v.38
[٢٢] نامەی جەعفەر کاویان بۆ ئیمام مستەفایێڤ. 1954.07.19
//ARPIISSA,f.1,s.89,i.180,v.109
[٢٣]داوخوازینامەی ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان. 1958.01.06 //ARPIISSA,f.1.s.45,i.158,v.32
[٢٤] هەر لەوێ ،v.31-32
[٢٥] هەر لەوێ ، v.28
[٢٦]بۆ زانیاری ووردەڕیشاڵ سەبارەت بە مەسەلەی کورد لە ئێران و جمهووری مەهاباد بڕوانە :ڕاپۆرتی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی یەکەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت. 1946.12.23
//RDSSTA,f.17,s.128,i.1988,v.226-242
[٢٧] نامەی تەواو نهێنی میرتەیموور یەعقووب ئۆڤ بۆ میخاییل سوسولۆڤ 1954.01.21
//ARPIISSA, f.1,s.89,i.187,v.150
[٢٨]تەعلیماتی ئیمام مستەفایێڤ بۆ ڤیتالی سەمەدۆڤ 1954.05.22
//ARPIISSA,f.1,s.89,i.187,v.153
[٢٩]نامەی ڕەحیم قازی بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکەتی سۆڤیەت 1960.03.21
//ARPIISSA,f1.s.89,i.204,v.52
[٣٠] ڕاپۆرتی نازیم حاجییێڤ بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان 1960.03.31
// ARPIISSA, f.1,s.89,i.204,v.52
پەراوێزی وەرگێڕ
# لە چەند شوێنی ئەم نووسینە دا ناوی ' حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان' وەک ' حیزبی دێمۆکراتی کورد ' هاتووەکە ئاشکرایە ئەوە ڕاست نییە، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەت حیزبێک بە ناوی ' حێزبی دێمۆکڕاتی کورد' بوونی نەبووە.

# مستەفا سەڵماسی (شەڵماشی) هیچ خزمایەتییەکی لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی نەبووە.

#دەقی ئەسڵی ئەو نامەیەی سەڵماسی پێشتر لە وێبنووسی ڕوانگە دا بڵاو بووەتەوە.لە ماکی نامەکەدا سەڵماسی وەک ' مام ' باسی مەلا مستە دەکا نەک 'خاڵ' بەو شێوەیەی حەسەنلی نووسیویە. بۆیە لەم وەرگێڕانە دا ' خاڵ ' کرایە ' مام' ، دەبێ خراپیان بۆ حەسەنلی وەرگێڕا بێ

#قازیی محەمەد ئامۆزای ڕەحیم قازی بووە ، نەک مامی

# بارزانییەکان سوارە نەبوون بەڵکوو بە پێیان خۆیان گەیاندە ئازەربایجانی سۆڤیەت و بە پێی سەرچاوەیەک ژمارەیان ٥١٨ کەس بووە بڕوانە: ' شەوکەت شێخ یەزدین ' بارزانی لە مەهابادەوە بۆ ئاراس' ، چاپی دووەم هەولێر ٢٠٠٣
لە لاپەڕەی ٥٢٥ – ٥٤١ دا ناوی ئەو کەسانەی چوونەتە سۆڤیەت یەک بە یەک هاتووە.

#بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٤٥ دا هاتوونە کوردستانی ئێران ، بە پێچەوانەی ئەوەی باقرزادە لە گوزارشەکەی دا گوتوویە کەس نەیبیستووە بە ڕێگری ژیا بن.

# دیارە ئەوانەی ژیاننامەی ڕەحیم قازی یان نووسیوە بە هەڵە نووسیویانە 'باوکی ئەبەولحەسەن سەر بە عەشیرەتی دێبۆکری ' و قازی شاری مەهاباد بووە.

#ناوی ڕاستەقینەی کۆمەڵە ژێکاف ' کۆمەڵەی ژیانی کورد ' بووە و لە ساڵی ١٩٤٢ دامەزراوە نەک ١٩٤٣و قازیی محەمەد لە دامەزرێنەرانی نەبووە ، بەڵکوو دواتر بووەتە ئەندامی و دواجار رێبەرایەتی کۆمەڵەی بە دەستەوە گرتووە

#لێرە دا ناوی قازییەکان تێکەڵ کراوە. ڕەحیم قازی ئامۆزای قازیی محەمەد و سەدری قازی و برای پچووکی سەیفی قازی بووە.

# مەبەست لە ئەبولحەسەنی سەیفی قازی ( سەیفولقوزات) ە کە لەگەڵ زۆر لە کەسایەتی ئازەربایجان دا پێوەندیی دۆستایەتی هەبووە.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.