hemid_aziz.jpgتراجیدیای نائومێدی وەکو خۆکوژی وایە بەواتایەکیتر تۆ خۆت بێ ژیان دەکەیت و لەهەمان کاتدا دەتەوێت بژیت ... !!! .
ئەوەی واتایەکی جوان بەژیان دەدات خۆشەویستی و

هیوای مرۆڤەکانە بێ ئەو دوانە بەدڵنیایی یەوە نەژیاوین .
ئەوەتا ئێستا تۆ هەیت بۆیە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی نیت لەبەرئەوەی هیچ هیوایەکی ژیانت نی یە چاوەڕوانی مردنیت ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کەتۆ هێدی هێدی سست و کەم هەنگاو دەبیت بۆیە بۆ سبەینێ یەکی جوانترو خۆشتر هیچ ئامادەییت تێدا نی یە کەواتە کاتەکانت وەکو مردنێکی لەسەرخۆ بەسەر دەبەیت .
بێ هیوایی خراپەو بۆتە سەرچاوەی خەمۆکی و ئاڵۆزی و تێکدانی ژیانی ئادەمیزاد . هەموو حەز دەکەین بژین بەهەموو کێشەکانەوە کەواتە بائاڵۆزیەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی ژیان و ئومێدو بەختەوەریمان دەست بکەوێت .
هەوڵ مەدەن زۆر لەژیان و بوون و ئەم گەردونە تێبگەن بەڵکو چێژی لێ وەربگرن بۆیە تەمەن کورتە فریای هەمووی ناکەوین . بەدڵنیایی یەوە هەزارانی پێش ئێمەو دوای ئێمەش لەم ژیان و بوونە تێنەگەیشتون و تێشناگەن بۆیە مادام هەین باچێژ لەژیان وەربگرین و هیچ ساتێکی بەفیڕۆ نەدەین تەنانەت ناخۆشی یەکانی ژیانیش چێژیان هەیە خۆشیەکانیش چێژیان زیاترە .
باوا بژین کەخۆمان داوای ژیانمان کرودە نەک بەڕێکەوت لەدایک بوبین و بەڕێکەوتیش دەڕۆین و بەجێی دێڵین چونکوم ئەم گەردونە بەبێ مرۆڤ و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان هیچ واتایەکی نی یەو نایبێت .
لەگەڵ ژیاندا سەرقاڵ بن ئاوڕ مەدەنەوە هیوای سبەینێ یەکی جوانترتان هەبێت بۆ ئەوەی بەسەرتۆپکی ئومێدو بەختەوەری یەوە بژین .
چۆن لەبارەی ژیان و بونمانەوە خۆشی و ناخۆشیەکانمان دڵ شکان و هیواکانمان هەناسەی ژیان و سەرکەوتنەکان و بەختەوەریی و .. هتد وتارو نوسین و سەرنجی تایبەتم هەبوەو بەردەوامیش دەبم و تێدەکۆشم و دەنوسم بۆ خوێنەرە بەڕێزەکانم لەبەرئەوەی وەکو کەسێکی گەشبین و خاوەن هیواو ئومێد ژیان بەڕێ دەکەم بۆیە لەبارەی مردنیشەوە پرسیارم لێکراوەو لەشوێنی دیکەدا وەڵامم هەبووەو لێرەداو زۆر بەکورتی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە :
پرسیار :
ئێوە هەمیشە باس لەژیان و هیواو خۆشیەکانی دەکەن دەتوانن باسی نائومێدی و مردنیشمان بۆ بکەن .؟.
وەڵام :
تۆ کەهەیت مردن بوونی نی یە چونکوم تۆ ئێستا لەژیاندای کەواتە بیر لەژیان و چێژ وەرگرتنی بکەروەو کەکاتێکیش مردن هات تۆ نیت بەواتایەکی ئاسانتر تۆ لەوێ نابیت هەتا خەمی بخۆیت کەواتە ژیان و مردن لەیەک کاتدا بونیان نی یە بۆیە ئێمەش هەوڵدەدەین بژین و چێژو خۆشیەکانی ژیان وەربگرین کەکاتێکیش مردن هات بەخێربێت ئێمە لوێ نابین بۆیە هەمیشە ژیان پێکەوە بونەو مردنیش تەنهایەو بەجۆرێکیتر یان بەواتایەکی فەلسەفیانە تەنهایی یە .
ئەگەر من و تۆ وەکو مرۆڤ زۆریش گەشبین نەبین لەژیاندا بەڵام ئەوە بزانە وەکو ئەرکی مرۆڤبونیمان دەبێت ڕێگە نیشاندەری هیواو بەختەوەریی بین بۆ ئەوانیتر نەک ڕەشبینی و ناڕەحەتی و بێ هیوایی کەمرۆڤەکان دەکوژێت .
بەواتایەکیتر من و تۆی مرۆڤ بۆ ئاگالێبون و پێکەوە ژیان و خۆشبەختی و هیوا بەخشینە کەبەیەکەوە دەژین ئەی بۆچی کەسمان ئامادەنین بچین لەدارستانێکدا یان لەسەرشاخێکدا بەتها بژین .؟. بۆیە من بەئەرکی خۆمی دەزانم کەهەمیشە دڵی هاوڕێ و کەس و نزیکەکانم خۆش بکەم ئەگەر تەنها بەوشەیەکیش بێت بۆیە ژیان حەقیقەتەو هەیە ئیتر بۆ نکوڵی لێ بکەین و خۆمان و دەوروبەرمان بێزارو خەمگین بکەین .؟.
ژیان خۆشەو سروشتی یە کەمرۆڤەکان خۆشبەخت بژین کەواتە پێچەوانەکەی ژیانی خۆت و دەوروبەریشت تێک دەدات و خاپوری دەکات ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە کەمرۆڤین بونەوەری هەستیارین پێویستمان بەیەکترە چونکوم بونەوەری کۆمەڵایەتین و خۆشی و پێویستیی و بۆشایییەکانی تەنهایی بۆیەکترپڕ دەکەینەوەو یەکتر بەختەوەردەکەین کەکارێکی مرۆیی جوانەو واتایەک بەژیانمان دەدات تەنانەت ئاژەڵانیش پێکەوە دەژین و ژیان دەکەن و بەیەکەوە بەردەوامیی و بەختەوەرییان بەیەکتر دەبەخشن و بەیەکەوەیە .
ناخی ئادەمیزاد دونیایەکی سەیرو سەمەرەو گەورەو گرنگە ژیان و کەونێکی تری ناوەوەی مرۆڤەکانە بەپێچەوانەی گۆی زەمینی ئاسایی یە لەبەر ئەوەی دونیای ناخی یان ناو دەرونی ئادەمیزادە خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن و دەیگۆڕن و چاک و خراپی دەکەن کەخۆیان لەدواییدا سودمەندو بەختەوەر دەبن یان بەپێچەوانەوە .
بۆیە دونیای ناوەوەی تۆو ناخی تۆ هەروەکو کەونەکەی دەرەوەی ناخی خۆت زۆر گرنگە لەوەش گرنگتر ئەوەیە کەتۆ خۆت حاکمی وڵاتی ناوەوەی دونیای خۆتی بۆیە بڕیاری نائومێدی هەڵوەشێنەرەوەو دەستوری ژیان و گەشبینی بنوسەرەوە دەبینیت سەرکەوتوو بەختەوەر دەبیت .
تۆی مرۆڤ یەکجار ژیانێکت پێ بەخشراوە بۆ دڵخۆش نەبیت کەبەبیرو هزری خۆت ڕەش و سپی دروست دەکەیت هەر بەبیری خۆت هیوا یان نائومێدی دەچێنیت و بەرهەمەکەی خۆشی و ناخۆشی یە دەینۆشیت .
هزرو بیرو ئەندێشەکان خۆیان باجی هەڵەو بەرهەمی ڕاستیی و هەموو کارە تاریک و ڕونەکان دەدەن بۆیە ئەگەر عەقڵ تەواو بوو هزرو بیر ڕاستەوخۆ تەریب و هاوسەنگ دەبێت لەگەڵ ژیان و بونماندا ئەوکات باجی ژیان کەمتر دەدەین و کەمتر ماندو دەبین و ناڕەحەتیەکان کەمتر دەبن .
ئەگەر توانیمان هاوسەنگیەک لەنێوان دونیای دەرەوەو ناخی خۆماندا دروست بکەین و لەسەری ڕابێین و ئاسایی ژیان بکەین ئەوکات تراجیدیا ڕونادات و ئەو ژیانە ئاسایی و سروشتی یەی کەبەمرۆڤەکان بەخشراوە تۆش بەشدارێکی سەلیم دەبیت تێیداو بەختەوەریی یان گەشبینیەکی نیمچە ئاسایی وەردەگریت و پێی دەژیت بۆیە سەرکەوتوو کامەران دەبیت لەژیاندا .
تراجیدیای نائومێدی وەکو خۆکوژی وایە بەواتایەکیتر تۆ خۆت بێ ژیان دەکەیت و لەهەمان کاتدا دەتەوێت بژیت چونکوم ئەوەتا ئێستا تۆ هەیت بۆیە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی نیت لەبەرئەوەی هیچ هیوایەکی ژیانت نی یە چاوەڕوانی مردنیت ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کەتۆ هێدی هێدی سست و کەم هەنگاو دەبیت بۆ سبەینێ یەکی جوانترو خۆشتر هیچ ئامادەییت تێدا نی یە بۆیە کاتەکانت وەکو مردنێکی لەسەرخۆ بەسەر دەبەیت .
بۆیە تراجیدیای نائومێدی واتای ژیانی بێ هیواو بێ ئامانج بۆیە وەکو بینینی هەورو بارانێکی زستانەی تاریکە لەئاسمانێکی ساف و جواندا بەدڵنیایی یەوە بەڕای من مادام ژیانێکت پێ بەخشراوەو هەیت لەسەر گۆی زەوی هەوڵ بدە بەئارامیی و بەجوانیی و بەهیواوە سبەینێ یەکی جوانتر ببینە بۆیە تۆ تەنها خۆت نیت لەگەڵ ئەوەشدا کەبەختەوەریی و هیوات دروست کرد دەوروبەریشت کامەران دەبن و تۆ دەبیتە هۆکاری ژاین و بەختەوەریی بۆ ئەوانیتریش .
لێرەدا زۆر پێویستە باسی عەقڵ و هزری مرۆڤبونیمان بکەین کەجیاواز لەبونەوەرانیتر لەبەر ئەوەی ژیان و بوون دەکەین هەربۆیە ئەوەش جیای کردوینەتەوە لەوانیتر لەهەمان کاتدا ئادەمیزاد فەرهەنگی جوانی و پاکیی و شارستانیەتە ئەگەر وانەبوو لەگەڵ بونەوەرانی تری سەر گۆی زەمین جیاوازیمان نابێت و لەهەندێ ڕوەوە سیفەتە جوانەکانی ئاژەڵان نەگەیشتون بەهەندێ لەمرۆڤەکان کەواتە ئەوان باشتر دەبن لەئێمەی مرۆڤ بەو هەموو هزرو تێڕامان و شارستانیەتەوە .
ئاسان بوونی ژیان و یارمەتی دەری مرۆڤایەتی و ئاسانی هەموو ڕێگرە دەستی یەکانی مرۆڤ کەلەکۆندا هەبوون و ئازارو مەینەتی و ماندوبونیان دروست دەکرد بۆ مرۆڤەکان ئێستا نەماوەو ئاسانکاری زۆر تەکنەلۆجیا دروستی کردوە هەموو جیهانی گەورەی حەوت ملیار کەسی بچوک کردۆتەوەو چی ڕوبدات کەلەمەوبەر دوای ساڵێک دەزانرا یان نەدەزانرا ئێستا هەر ئەو دەقەیە دەزانرێت و .. هتد ئەمانەو تەکنەلۆجیای دونیا بۆ بەختەوەریی و ئاسانکاری ژیانی مرۆڤەکان هاتوەتە کایەوە پێویستە ئێمەی مرۆڤیش وەکو کورد سودمەندبین لێی بەدڵنیایی یەوە بمانەوێت چۆن سودمەندبین لێی .؟.
دەبێت بەڕێژەیەکی باش ئاستی تێگەیشتن و عەقڵیمان بخەینە ئاستی ئەو تەکنەلۆجیایەی بەکاری دەهێنین ئەگەر وانەکەین زەرەرمەند دەبین تێیدا هەروەکو چۆن لەسەرەتای دروست بونی مۆبایلەوە لەنەوەدەکانەوە زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست کردین و چەندەها ئافرەتیان کوشت و چەندەها خێزان لەیەکترازان لەسەر تەلەفۆنی مۆبایل یان گیرفان یان لەوڵاتی ئێمەدا پێی دەڵێن هاند واتای دەست وەهەتا ئێستاشی لەسەربێت ئۆتۆمۆبیل کەتەکنەلۆجیایەکی گرنگە کەبەداخەوە ڕۆژانە چەندین کارەساتی دڵتەزێن دەبینین لەکوردستاندا .
ئەمە هەمووی بەرهەمی هزری مرۆڤە کەعەقڵ دەیکات لەپێناوی خزمەت و ئاسانکاری ژیان بۆ مرۆڤایەتی و بونەوەرانیتر بۆیە مرۆڤ جیاوازە لەبونەوەرانیترو پێویستەو بۆ ئەوەی ژیانت لەکیس نەچێت لێی تێناگەیت چێژی لێ وەرگرە .
بەدڵنیایی یەوە کەعەقڵ بوونی هەبوو ژیان ئاسانترو باشترو کێشەکان کەمترن بۆیە زۆر گرنگە هەر دەوڵەتێک گرنگی بەتاک و ڕۆشنبیریی و پەروەردە بدات یان مرۆڤاکان خۆیان هەوڵ بدەن ببنە خاوەنی عەقڵێکی باش ئەوکات ژیانیان خۆشترو نائومێدیش کەمتر دەبنەوەو بەختەوەریش مسۆگەرە ئەگەریش بەختەوەر بووین ژیانمان خۆش دەوێت و بەهیواوە بۆی دەڕوانین .
لەڕاستیدا ئێمەی ئادەمیزاد ژیانێکمان پێ بەخشراوە دەبێت بەئاسایی و ئەگەر توانیمان بەجوانیی بەڕێیی بکەین بۆیە باشترە مرۆڤ بەهزرو بیری جوانەوە یان بەئایدیاو بۆچونی مرۆیی یەوە ژیان بوونی خۆی دروست بکات باشترە لەوەی هەمیشە بەڕەشبینی یەوە بمێنێتەوەو ئەو کورتە بوونەیشی کەهەیە لەکیس خۆی بدات بۆیە هەروەکو سروشت و بەوەی کەنازانین لەکوێ وە هاتوین و بەهەمان شێوەش نازانین بۆ کوێ دەچین .؟.
بەڵام لەو نێوەندەدا خۆشەویستی و گەشبینیی ژیان واتایەکمان پێ دەبەخشێت بۆیە هیواو بەختەوەریی مرۆڤەکان دروست دەکات و نائومێدی و تراجیدیای کەسەکان دەڕوخێنێت بۆیە مادام دەژیت هەوڵ بدە باش و بەئومێدەوە تەمەنت بەڕێ بکەیت هەڵبەت واتایەکی گرنگ هەیە لەبون و ئامادەییت بۆ ژیان بۆیە لەم کاتەدا هەردوو کەونە هاوسەنگەکەی دەرەوەو ناوەوەی تۆ یەکسان بوون یان نزیک بوونەوە لەیەک بەدڵنیایی یەوە بەختەوەریی دەدۆزێتەوە.
بەواتایەکی تر ئێمەی مرۆڤ هەمیشە دوو کەسین وەکو من و خۆم تۆو خۆت یان ئەوو خۆی یان ئەوان و خۆیان هەربۆیە زۆرجار لەدونیای تەنهاییدا ئەو خۆم و خۆتە دەدۆزینەوەو قسەی لەگەڵ دەکەین هەروەکو لەکوردەوارییدا دەڵێین : لەگەڵ خۆت قسە دەکەیت .؟.
یان لەگەڵ خۆمدا قسەم دەکرد بۆیە ئەو دونیای دەرەوەو ناوەوەیە واتای ئەوەیە کەمرۆڤ زۆر بونەوەورێکی گەورەو مەزن و جوانە بۆیە شایانی ئەوەیە بڵێین خوداوەندێکی گەورەو میهرەبان دروستی کردوەو پێویستە بەختەوەر بژی .
حەمید عەزیز

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک