mohammad_suleimani.jpgسێ قۆناخی جیاوازی خەباتی سیاسی و چەکداری کە حیزبی دێمۆکڕات ڕێبەریکردوون، هەر یەکێکیان کە لە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری

بەتەواوی جیاوازدا روویانداوە و، بێگوومان کاریگەری و شوێنی خۆیان لە سەر پرۆسەی سیاسی وڵات و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا داناوە و جەوهەر و بنەمای فیکریان بەتەواوی روون بووە و ئامانجەکاشیان ڕزگاری نەتەوایەتیبووە کە ئەو جووڵانەوە نەتەوایەتیە هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.
چەند سەرنجێك سەبارەت بە " ڕاسانەوە" کە دەڵێم ڕاسانەوە هیچ بەو مانایە نیە کە وشەی ڕاسان و نرخ و هەزینەی گیان فیدای و لە خۆبردووی تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکرات لەبەرچاو نەگرین و دەرکی ئامانج و شوێنی دیار و قووڵی لەسەر سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی سەرفەسڵێکی تازە لە بەرخۆدانی نەتەوەیی نەکرێ و هەنگاوەکان بەگرینگ نەزانین. بە بیروڕای زۆر یەك لە تێکۆشەرانی حیزب، دەستەواژەی "ڕاسانەوە" گشتی ترە و ڕەنگانەوەی قۆناخەکانی تری خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری حیزب بەدژی حکوومەتی شا و دەسەڵاتی ئاخوندی و زوڵموو ستەمی سیاسی و نەتەوایەتیان بەدژی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت. چوونکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ئێستای ڕاسانەوە، سێ قۆناخی مێژووی چەکداری بڕیوە و ئەو کردارەش بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوچەی و نێودەوڵەتی کاریگەری خۆی لە سەر کۆی گۆڕانکاریە سیاسیەکان هەبووە. یەکەم قۆناخ کە دەستپێدەکات، ڕاست پاش تێكچوونی کۆماری کوردستان کە لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ ی هەتاوی بەدژی ڕێژیم شا بەڕێوەچووە و ڕۆڵەی زۆر ئازا و تێکۆشەری حیزب لەو سەردەمەدا ڕۆڵیان بینیوە و بەداخەوە زۆریان شەهیدبوون و زۆر کەم لەو مرۆڤە جوامێرانە ئێستا لە ژیاندان. کە بەداخەوە ئەو قۆناخەی سەرەتای خەباتی چەکداری یان" ڕاسان" ئامانج و ئاکامەکانی زۆر گەورە و بەرچاوبوون و هەنگاوەکانیشی شوێنی بەرچاو و دیاریان لە سەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان دانابوو. ڕێژیمی شا بەتەواوی نیگەرانی بارودۆخی ولاتبوون و هەربۆیەش بە رێگای زۆر ناشایستە و دوور لە مڕۆڤایەتی کەرتی شەپۆلەبەهێزەکانی ئەو جووڵانەوە سیاسی و چەکدارەیی کرد و بەداخەوە بەهاکەی بە گیان لە دەستدانی کۆمەڵێك لە کادری بەوەج و لێهاتووی ڕێبەری و و پێشمەرگەی سیاسی و چەکداری بەتوانا و ناسراوی حیزب کۆتایی هات. دووهەم قۆناخی خەباتی چەکداری، ئەو وەختە دەستی پێکرد کە حکوومەتی ئاخوندی مافی سیاسی گەلی کوردی نەسەلماند و شەری بەدژی گەلی کورد ڕاگەیاند و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش، بۆ بەرگریکردن لە خاكی کوردستان و پاڕاستنی گیان و ماڵی خەڵک و دەسکەوتەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، بڕیاری خۆپاراستنیدا و بەدژی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەتی ناوەندی کەوتە شەرێکی نابەرامبەرەوە. ئەو قۆناخە سیاسی و چەکداریەش درێژەی هەبوو و لە هەموو روویەکەوە دەسەڵاتی ناوەندی تاساند و ئاخوندەکان لە هەستی بەرگریکردن و گیان بەختکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی تێگەیشتن. هەربۆیەش جەند جارێك کەوتنە ئەنجامدانی گفتوو گۆی سیاسی ، دیارە تاکتیکی حکوومەتی ناوەندی بەتەواوی روون بوو کە دەیان هەوێت خۆیان بەهێزبکەن، ئەوجار شەرێکی یەك لاکەرەوە بەدژی جووڵانەوەی کورد دەست پێبەکەن. ئەو قۆناخە پڕشەنگدارەی تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکدارییەش دەوامی زۆریکرد، هەتا بەداخەوە بەهۆی باروودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان ئەو شێوە خەباتە کەوتە ژێر فشار و، بەناچاری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ناوچە سنووریەکانی بەرەو قوولای نێو خاکی باشوور بە جێهێشتوو و ئەو قۆناخەی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتیش پشووی پێدار و دواجار بۆ جارێکی تر حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو دوو ساڵەی دوایدا، بڕیاریدا لە ژێر دروشمی راسان " ڕاسانەوە" دا خەباتی سیاسی و چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەست پێبکاتەوە. ئاکامی ڕاسانەوە گەلێك کاریگەر و بەرچاوە و ئەگەر پۆلێك لە ڕۆڵەکانی گیان دەبەخشن و شەهید دەکرێن، نابێت نائومێد بین و لە بڕیار و بیروباوەڕی سیاسی و شۆڕشگێڕانەمان دڵ سارد و نائومێد بین و، پێمان وابێت ئیدی تازە کارێك ناکرێ و ڕێژیم توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هەموو کوردستان بکات. گەلی کورد و حیزبی دێمۆکڕات وەختێك گەورە ڕێبەر و سەردارەکەی لە دەستدا، دوژمن پێیوابوو تازە حیزبی دێمۆکڕات و شۆڕشی ئەو بەشەی کوردستان دووچاری لێك بڵاوبوون و تێکچوون دەبێت. بەڵام خۆڕاگری حیزب و بڕیاری ژیرانەی توانیویەتی مەودای خەبات و تێکۆشانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی درێژتربکا و ئەو بزووتنەوە سیاسی و چەکداریەش تائەو کاتەی بەتەواوی ئامانجەکانی دەگات، دڕێژەی دەبێت بەدژی ڕێژیمە زۆردار و کۆنەپەرستەکان. خەڵکی کوردستان و حیزبە کەیان پاش تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو و شەڕەفکەندی چۆکی بۆ دوژمن دانەدا و بۆ جارێکیتر خۆی رێکخستەوە و ئیدامەی بە خەباتی خۆی بەدژی ڕێژیمی دژی گەلی ئاخوندی دا. هەر وەك ئاشکرایە و لە هەموو لایەك دیارە ، ژینگەی پەروەردەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە جۆریکە، کە وێڕای ددان بەخۆداگرتن و ئارامگرتن لە بەرامبەر ئەو برینەی دەخرێتە سەر جەستەی. بەڵام بە هێوری لە درێژی خەباتی خۆیدا تیماری دەکا و لە ژێر سایەی خۆڕێكخستنەوە و دۆزینەوەی میکانیزمی لەبارتر و کەڵك وەرگرتن لە هێزی ژیری و ئەزموونی دووروو درێژی هاوڕێیانی شارەزای قۆناخە سەخت و دژوارەکانی ڕاسانەوەی نوێ بەرخۆدان لە پێناوی رزگاری سیاسی و نەتەوەیدا، تۆڵەی هەر تێکۆشەرێکی کورد لە دوژمن دەستێنەوە و خوێنی بە ناهەق ڕژاویان بە فیڕۆناڕوات. بێگوومان ڕێبەری حیزب بە ژیری و وردبینیەوە، بەرەورووی ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمەکانی سەر ڕێگای خەباتی دەبێتەوە و لە ئەمرۆشدا، بەتەواوی لەو ڕاستیە گەیشتووە کە ناردنەوەی تیمی بچکۆڵانە بۆ نێوخۆی کوردستان بەهاکەی گەلێك قورسە و پێویستە تاکتیکی قۆناخەکان بە گوێرەی هەلومەرجی سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامی ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت. ڕێژیم و هێزەکانی وەختێك خۆیان لە رووبەرووبوونەوەی پێشمەرگەکانی حیزب دەبوێرن و خۆ لە رووبەرووبوونەوەیان بەدوور دەگرن، کە گورزی باشیان لە بدرێ و زیانی گەورەیان پێبگات لە یەکەم هەڵمەتی خێرا و هەڵۆئاسادا. ڕاسانەوە لە مێژووی نوێدا،بەسەرەتای سەرفەسڵێکی درەوشاوە و زێڕین لە قۆناخی بەرخۆدانی نەتەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەیردەکرێ و ئەگەر کەسێك یان دەستەیەك وێڕای دەربڕینی خەم و ئەسەف بۆ لە دەستدانی تێکۆشەرانی حیزب و گەل دەردەبرن و پاشانیش سەرنجی ڕخنەگرانەیان دەخەنەروو، نابێت والێکبدرێتەوە کە ئەوان دژی ڕاسانەوە و ئامانج و کردارە بێوێنەکانی ئەو بزووتنەوە تازەیە هەڵوێستی دژبەریان هەیە. بەڵکوو دەربڕینی هەر جۆرە سەرنج و تێڕامانێکی دڵسۆزانە دەبێت وەك نیەتی باش و خێر و کۆدەنگی سیاسی و نەتەوەیی تەماشابکرێ. وەختێك پۆلێك پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ دەکەونە بۆسەی دوژمن و بەسانای شەهید دەکرێن، بۆ هەموو لایەك و ئازادیخوازی کورد جێگای داخ و پەرووشیە و هەموولایەك بۆ نرخی ئەو جووڵانەوە تازەیە کە دەستیپێکردۆتەوە، زۆر بەداخن. کەس دڵی بەوە خۆش نیە ڕۆڵەی خەباتگیڕ و نەتەوەیی بە پۆل بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم شەهید و بریندار بکرێن. چوونکی گەشەکردن و بەهێزبوونەوەی حیزب و پەرەگرتنەوەی شۆڕش لە کوردستاندا جێگای ئومێد و دڵخۆشی هەر تاکێکی نیشتیمانپەروەری نەتەوەکەمانە. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەردەم وەك سەر قافڵەی خەبات و تێکۆشان لە مەیدانی بەکردەوەدا بووە و بەو کارەشی کە دەست پێکردنەوەی ڕاسانەوە لە کوردستاندا، نیشانەی گەورەی و هەستی وڵات پاڕێزی ئەو هێزە دەگمەنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت. حیزبی دێمۆکرات نە بەسەرکەوتنەکان لە خۆی بای دەبێت و لە خۆی دەردەچێت، نە لە کاتی شکەست و پاشەکشەکردنیشدا دەبێتە ماستی مەیو و بێجووڵادەوەستێت. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەستپێکردنەوەی خەباتی بەکردەوە لە نێوخۆی کوردستان، بۆجارێکیتر ملوانکەی شانازی پێشڕەوبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی وەرگرتەوە و هیوای بەخەبات و بەرخۆدان زیندوو تر کردەوە.
محەممەد سلێمانی
04.09.2018

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک