kamal_hassanpour.jpgسەفەرەکانی پارس و کوردستان نامەی ژمارە ٢٧
بەشی دووهەم،وەرگێرانی : کەماڵ حەسەن‌پوور
ئەم شێوە کرێیە هەر ئێستا لە گشت گوندێک 

کەڵکی لێوەردەگیرێ و ئاغاکان بۆخۆیان بۆ پێشگرتن لە ساختەکاریی داوا دەکەن کە دانەوێڵەکە لە لای ئەوان بەباداکرێ. جگە لەمە، خزمەتکارەکانیان شەو و ڕۆژ بە نۆبە، لە شوێنێک کە وەک "کەپرێکی باغی خەیار" یا کاڵەک دەچێ، لەخی گەڵیان لەسەر چوار ئەستۆندەکی ٢ تا ٢،٥ میتری داناون، ئێشک دەکێشن. یاریدەدەری ئاغا هەر چەند وەخت جارێک دێ تا بەشە دانەوێڵەی ئاغا وەرگرێ. ئەم کارە بەشێوەیەکی دڵگیر پاشکەوتووانەیە.

ڕێککەوتنەکان وێدەچێ دادپەروەرانە بن، باجەکان مامناوەندی، و لە هەندێک ڕوانگەوە خاوەنزەوییەکان کریستیانەکان لە بەراورد لەگەڵ جیرانە موسڵمانەکانیان زۆرتر ناچەوسێننەوە. خەڵکەکە ئیعتراف بەوە دەکەن کە لەپەیوەندیی لەگەڵ سەرکوتدا، ئەوان ئێستا وەزعیان زۆر لەجاران باشترە، و لەو بارەوە بوونی میسیۆنەرە ئامریکاییەکان لە ورمێ بە قازانجی ئەوان بووە، چونکە ئەم جوامێرانە هەرگیز لە بەرزکردنەوەی بابەتێک، کە بە وردی بەڵگەی بۆ کۆکرابێتەوە، لەلای حاکمی ورمێ خۆ ناپارێزن، و وەک دوایین شوێن دەیبەنە لای حاکمی ئازەربایجان. چەوساندنەوەی کە لەلایەن ئاغاکان ئەنجام دەدرێ ئەستاندنی باجی زیادی، داوای کاری بەخۆڕایی (سۆغرە) و هەڵگرتنی کچە کریستیانەکان بۆ حەرەمسەرای خۆیان. ئەو یاسایەنە کە تایبەتی کریستیانەکانن و زەرەریان بۆیان هەیە ئامانەن:
١. شاهیدیی کریستیانێک دژی موسڵمانێک قبووڵکراو نییە.
٢. ئەگەر هەر ئەندامێکی بنەماڵەیەکی کریستیان ببێتە موسڵمان، ئەو دەبێتە خاوەنی تاقانەی "ماڵەکە"، کە کەم جار هەڵدەکەوەێ کە لە دوو یا سێ بنەماڵان پێک نەیە. ئەو ئەندامەی کە ئایین دەگۆڕێ زۆر جار کچێکە، کە یا ئاشقی لاوێکی موسڵمان دەبێ یا هەڵدەگیرێ، و بە ڕاستیی یا بە درۆ [کچەکە] دەڵێ کە چۆتە سەر ئایینی کوڕەکە. حاکمێکی باش لە دۆخی ئەوتۆدا هۆشیارە، و هەندێک جار لە مڵکی بنەماڵەکە تەنیا بەشی کچەکە دەدا، بەڵام حاکمێکی خراپ لەوانەیە یاساکە بەڕێوە ببات، یا وەک ئامرازی ئەستاندنی بەرتیلی ماڵوێرانکەر بەکاری بێنێ.٨٦
گشت کریستیانێکی سەرووی شازدە ساڵ ٣٠ شیلینگ باجی ساڵانە دەدا بۆ ئەوەی کە لە سەربازیکردن ڕزگاری بێ، بەڵام ئەم باجە کوێخای گوند، کە هەم کۆکەرەوەی باجە و هەم نوێنەری [ئاغا] ناگرێتەوە. ئەو وەک قەشە حیسابی بۆ دەکرێ و لە لایەن گوندییەکانەوە ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێ. لە ڕوانگەی منەوە کوێخا کریستیانەکان وەک کوێخا فارسەکان بە ئەدەب و ئەمەگناسن.
ئەگەرچی دەوڵەتی پارس تا ڕاددەیەکی زۆر لە هێنانە ژێر ڕکێفی کوردەکانی ناو خاکی خۆی سەرکەوتوو بووە، کریستیانەکانی نشێوەکانی دەشتی ورمێ مەڕوماڵاتی زۆریان لە لایەن کوردە چیاوانەکاەوەن لێ دەستێندرێ، کە (دەبێ بگوترێ) سنووری تورکیە دەبەزێنن و بە دەسکەوتەکانیانەوە دەگەڕێنەوە ناو تورکیە.٨٧
میسیۆنەرە ئامریکایی و ئینگلیسیەکان پێیان وا نییە کە سریانییەکان بێخەوشن، بەڵام ئامریکاییەکان دەبێ ژیانێکی باشتریان بەخشیبێتە سەدان کەس بە هۆی بەخشەندەییانەوە و ئەوانیش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی ژیانیان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر برایانیان هەبووبێ. لەو کاتەوە من هاتووم، چەندین ژنم دیتوون کە وەک باشترینەکانی لای خۆمانن و ئەوە هۆکارەکەی ڕاهێنان و کاریگەریی کۆلێژی ئایینی فیسکەیە. من زۆرتر کەیفم بە ژنەکانیان دێ تا پیاوەکانیان.
کریستیانەکان گلەییەکی زۆریان لە شێوەی بەڕوێوەبەریی "دادپەروەرییە"، و بێگومان هیچ شتێک لەمە خراپتر نییە، بەڵام ئوروپاییەکان دەڵێن کە هۆکاری بەشێکی زۆری ئەم دژوارییانە خۆیانن لەبەر شکایەتکاریی ترسناک و عادەتی چوونە لای دادگا بۆ گشت شتێکی بێنرخ. وێدەچی ڕەزیلیی بەهێز تایبەتمەندییەکی سریانییەکانی دەشتی پارس بێ، و لە جێی مەتمانە نەبوون و درۆزنیدا بەتەواوی وەک ڕۆژهەڵاتییەکانی دیکەن. دەڵین ئەوان زۆر مەست و نەزان و خوڕافاتیین، و خراپەکاریی و وێرانی بەرچاوی کلیساکەیان درێژەدەری هەرچی خراپە کە لە کاراکتەری نەتەوەییان دایە. دەڵین ژنەکانیان پاکن و بە خٶشییەوە هەندێک لە خراپترین شێوەکانی بێ ئەخلاقیی لە ناو سریانییەکاندا نامۆن، ئەگەرچی ئەوان لەگەڵ موسڵمانەکانی دەوروبەریان هاموشۆ دەکەن. میوانپەروەرییەکەیان، سۆزیان بۆ ئایینەکەیان و بەستراوەییان بە بنەماڵەیانەوە دەبێ دادپەروەرانە وەک تایبەتمەندییە باشەکانیان بۆیان حیساب بکرێ، بەڵام بەگشتیی پێموایە لە ڕاددەبەدەر سەرنجڕاکێشن، و من زۆر بەهێز هەست دەکەم کە هۆیەکەی ڕابردوویانە نەوەک دۆخی ئێستایان.
لەم دەشتە، جلوبەرگی پیاوەکان زۆر لە هی فارسەکاندا ئاسیمیلە بووە، بەڵام ژنەکان کەڵک لە جلوبەرگی نەتەوەی خۆیان وەردەگرن. بەرگی ژێرەوە کراسێکی ڕەنگییە، لەسەر ئەوەوە سوخمەیەک لە ڕەنگێکی دیکە لەبەر دەکەن و لەسەر ئەویشەوە کۆتێکی بێ دوگمە کە تا سەر ئەژنۆیان دێ لەبەر دەکەن. شەڵواری گوشاد کە وەک دامەن دەچێ لەپێ دەکەن، و زۆر جار بەرهەڵبێنە دەبەستن و کەمەری زێوی قورس لەسەر ویەوە دەبەستن. سەرپۆشەکەیان زۆر لێیان دێتەوە، و لە شەپکەیەکی بەرز لە قوماش یا ئاوریشم بە گوڵدۆزیی یا خشڵ ڕازاوە پێکهاتووە، بە لێچکەیەکی کەتانی سپی لەسەر ئەوی و بەسەرییەوە، بەڵام ڕوخسار بەدەرەوەیە، مەگەر ئەوەی کە شووی کردبێ، کە بەشێک لە لێچکەکە بەسەر دەمیاندا دێنن. شتێکی پەسندکراو نییە کە تووکی سەریان بەدەرەوە بێ.
شتێکی شێوە ئینجیلیی بە دابونەریت و شێوەی قسەکردنیانەوە دیارە. لە کاتی ژەمی شەو لە گۆک تەپە بۆم دەرکەوت کە ئەگەر پیاوێک پاروەنانەکەی لە شۆرباوەکەی هەڵکێشێ و بیدا بە یەکی دیکە ئەمە نیشانەی دۆستایەتییە، بیرەوەرییەکی هەستبزوێنەر. قەشە بە "سڵاو مامۆستا" سڵاوی لێدەکرێ، بە مامۆستای قوتابخانە دەڵێن "ڕەببان"، کاتی سڵاو کردن دەڵێن "ئاشتی لەگەڵتا بێ"، و وشەی وەک تالیثا کومی و ئێفاتا جار جار لە نێو قسە کردنە ناڕوونەکانیاندا دەگاتە بەر گوێ، زمانی ئارامیی سەردەمی خواوەندەکەمان زۆر لە سریانی کۆن نزیک بووە، کە زاراوەی ئێستا گەشەی کردووە. هەر وەک لەناو موسڵمانان، ڕستەی ئایینی ئاسایین. سریانییەک کە میهرەبانیی لەگەڵدا بکرێ زۆر جار دەڵێ، "خواوەندی من پاشایەتی بەهەشتت پێ بدا"، و کاتێک کە کەسێک شتێکی بکڕێ، یا بۆ خانوویەکی نوێ بگوێزێتەوە، یا جلوبەرگی تازە بپۆشێ، بە پێێ نەریت پێی دەڵێن، "خودا ماڵەکەت، جلوبەرگەکەت پیرۆز بکا" هتد. مناڵێک کە ئەلفوبێی فێردەکەن، فێری دەکەن کە لە کۆتایی وانەکەدا بڵێ "شکۆمەندیی بۆ مەسیح پاشای ئێمە". کۆپیکارێک کە دەست بە نووسین دەکا، لە قەراغێک بە شێوەیەکی جوان دەنووسێ، "بە یارمەتی هێزی خواوەندی ئێمە عیسای مەسیح دەست بە نووسین دەکەین،" و کاتێک پیاوێک دەست بە کارێک دەکا بە گوتنی "ئەگەر خوا بیهەوێ من تەوای دەکەم" ڕێز لە فەرمانی ئایینی دەگرێ٨٨. بە وتەی هەڤاڵەکەم سریانییەکانی کێوی خەڵکێکی جیاوازن، و چیاوانێک لە شەقامەکاندا بە جوانیی خۆی و جلوبەرگەکەی دەناسرێتەوە.
هەشت ڕۆژ مانەوە لە ورمێ زۆر بە بە خۆشی و خێرایی تێپەڕ بوون، هاتووچۆی بەردەوام لە نێوان کۆلێژ، کۆلێژی ئایینی فیسکە، ماڵی قەشەکان و خوشکەکانی ئینگلیسی، میوانداریی لە سریانییەکان لە ماڵێ و پێشوازیی لەوان لە ناو شار، سەردانی حاکم، سەردانی قوتابخانەی دواناوەندیی ئینگلیسی، شوێنێک کە فەقێکان، بە جلوبەرگی جوانی سریانییەوە و خەنجەری بەر پشتێند، زۆرتر وەک چەتان دەچن تا قوتابی ئایینی، و تێپەڕ کردنی ڕۆژێک لە گۆک تەپە، بۆ سەردانی هەتیوخانەی شەماشە خانانێشو (دیاکۆن ئابراهام)، ژەمی شەوم لەگەڵ ئەو و هاوسەرە دڵڕفێنەکەی و هەندێک سریانیی دیکە بە جلوبەرگی سریانییەوە خوارد و چوومە کلیسای قەرەباڵغی گۆک تەپە، شوێنێک کە بەشێک لە ئەردەکەی لە لایەن ژنانێک داگیر کرابوو کە وەک گوڵزاری درەوشاوی گوڵاڵە دەچوو. لێرە، لە ناوەڕاستی نزاکردنەکەدا، قەشەکە گوتی کە خەڵک، بەتایبەتی ژنەکان، زۆر بەپەرۆشن بۆ ئەوەی کە بزانن من بۆچی سەفەر دەکەم، کە وەک کۆنجکۆڵیی هۆشیارانە من لە ڕێگای وەرگێڕێکەوە وەڵامم دایەوە و شانازییەکانی کلیسای مێژوویی ئەوان و خزمەتە میسیۆنەرییەکانیم وەبیر هێنانەوە.

سەفەرەکانی پارس و کوردستان نامەی ژمارە ٢٧ بەشی یەکەم