kamal_hassanpour.jpgسەفەرەکانی پارس و کوردستان
یادداشتەکانی میسیۆنی پرۆتێستان لە ورمێ
بەشی سێهەم. وەرگێرانی : کەماڵ حەسەن‌پوور

ئەم خوێندنەی کە لە قوتابخانە ئاساییەکاندا دەگوترێت لە پلەی خوێندنگەی سەرەتایی خۆمانن. لە قوتابخانەکانی سەنت ماری و سەنت جان، کە قەشە، خوتبەخوێن و مرۆڤی ئاسایی دەرسی لێدەڵێنەوە، کە هەندێکیان چیاوانن، وانەکان ئەمانەن: کتێبی پیرۆز، پرەنسیپەکانی ئایینی کریستیان، جوگرافیای ئایینی، مێژووی گەردونیی، شێوەی نزای ئایینی، خوتبە خوێندن، ئینگلیسی، فارسی، تورکی عوسمانلی، بیرکاریی، سریانی کۆن ٨٢ خوتبەخوێندن بە کردەوە فێر دەکرێ. لیستەیەک لە ١٠٠ بابەت لە بارەی پلانی ئایین ناسیی ئامادە کراوە، و هەر حەوتوویەک دوو لە فەقێکان بابەت لە لیستەکە هەڵدەبژێرن و لەبارەیاندا خوتبە دەخوێنن.
لە ١٨٨٧ قەشەیەکی میسیۆنەکە کورتکراوەی پرەنسیپەکانی ئایینی کریستیانی نووسی کە پێکهاتبوو لە ٢٠٠ تا ٣٠٠ پرسیار، بە "بەڵگەی نووسراوەی ئایینییەوە" کە قوتابییانی سەرجەم قوتابخانەکانیان دەبێ ئەوان بە دڵ فێر بن.
کوڕانی خوێندنگەی ئامادەیی ورمێ و خویندنگەی شەووڕۆژیی لە بینای میسیۆنەکە، هەمیشە لە ژێر چاودێریی قەشە دان. خواردن و داب و نەریتی ژیانیان بە تەواوی ڕۆژهەڵاتییە. هەرجۆرە لاسایی کردنەوەیەکی دابونەریتی ڕۆژئاوایی بە گشتی قەدەغەیە، سیاسەتی میسیۆنەکە ئەوەیە کە وا لە سریانییەکان بکا کە شانازیی بە دابونەریتە نەتەوەییەکەیانەوە بکەن، کە بە پێی عادەت لە وڵاتەکەیان باوە، و گاڵتە بەو کەسانە بکەن کە لاسایی جلوبەرگ پۆشین و نەریتی ئوروپاییان دەکەنەوە. لادان لە دابونەریتی نەتەوەیی بە هەموو شێوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵدا دەکرێ.
ساڵ و نیوێک پێش ئێستا کار لە ناو ژنان لە لایەن چوار خانمی کۆمەڵگەی خوشکانی بێتانی دەستی پێکرد. پێگەی ژنی سریانی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەیی بە هۆی کۆلێژی ئایینی فیسکەوە، ئێستاش گەلێک نزمە، و لە ناو کلیسای قەدیمییەوە بە تەواوی پێویستە بەرز بکرێتەوە، دەبێ شێوە ژیانی بنەماڵەیی و بەخێوکردنی مناڵانیان فێر بکرێ. ئەم خانمانە سی قوتابی شەووڕۆژیی لە قوتابخانەکانیاندا هەیە کە تەمەنیان لە هەشت بۆ شازدە ساڵە، توانایی خوێندن و نووسین کە لە پێشدا لە قوتابخانەی گوندەکان فێری بوون پێویستە بۆ ئەوەی کە ئیجازەی بەشداریی لەم قوتابخانەیان پێ بدرێ. وانەی ڕۆژانە لە فیرکاریی ئینجیل، کە پێشدا پێیان دەگوت دابونەریتی ئایینی، سریانی کەونارا و مودێرن، جوگرافیا، بیرکاریی، و سەرجەم کار و ئیشی ماڵەوە و درومان پێکدێ. ڕێز گرتن لە دابونەریتی سریانی دەگیرێت و جلوبەرگی ڕازاوەی سریانییش لەبەر دەکرێ.
دوای ئەوەی کە خانمەکان زانیاریی سەرەتایی سریانییان وەرگرت بە گوندەکانی ورمێدا دەگەڕێن، کلاسی ئینجیل پێکدێنن، وانە دەڵێنەوە و لەناو نەخۆشاندا دەرمان بڵاو دەکەنەوە. نەزانیی و خوڕافەپەرستی ژنی سریانی تەقریبەن بۆتە شتێکی سەردەمی ڕابردوو.یەکێک لە گیروگرفتەکان کە "خوشکەکان" بەرەوڕووی دەبنەوە بەمێرددانی کچانی کەم تەمەنە، بووکی مناڵ کە یازدە بۆ دوازدە ساڵ تەمەنیانە شتێکی ئاساییە. شتێکی چاوەڕوانکراوە کە بوون و نفوز و میهرەبانی و خۆبەختکەریی ئەم خانمە کریستیانە ڕازاوە و خوێندەوارانە کاریگەریی باشی لەسەر مناڵەکانیان هەبێ، و بە پێی کاتی مانەوەیان لە ورمێ ئەوان بەهێز بکا. موسڵمانەکان هاودەردی و ڕێزیان بۆ دۆخی ئەم خانمە خۆبەخشە زگورتییانە هەیە و لەبارەیاندا وەک " ئەوانی کە دونیایان وەلاناوە" باس دەکەن.
قەشەکانی ئەم دواییانە لە ڕێگای خوتبە خوێندنەوە بەردەوام هەوڵیان داوە ئامۆژگاریی گەورەساڵە سریانییەکانی دەشتی ورمێ بکەن، و هەموو بنەماکان و پرەنسیپەکانی ئایینی کریستیان، و بەکارهێنانی ئەم ئامۆژگارییانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بۆ شی بکەنەوە. ئەوان هەروەها شتی چاپکراویان هەڵواسیوە، و هەر ئێستا چەند کتێبی قوتابخانەیان بە زمانی سریانی چاپ کردووە، ئایینی کریستیان، ڕیبازی ئایینی قوتابیانی مەسیح، پیرۆزترین بەڵگەنامەکانی ئایینی سریانی، کتێبی نزای دووهەم و سێهەم، شێوەی وسڵی تەعمید، ڕێزمانی کەونارا و نوێی سریانی، و کتێبێکی سروودی ئایینی.
ئەمە هیوای ڕووڕاستییانەی گەشەپێدەرانی ئەم میسیۆنەیە کە ئەم کلیسایە ڕۆژهەڵاتییە کەونارایە، کە سەردەمێک یەکەم میسیۆنی جیهان بووە، بتوانێ چاکسازیی و ڕۆشنبیریی تێیدا گەشە بکا، لەوانەیە بتوانێ ئامرازی بە کریستیان کردنی دوو ئایینزای مەزنی موسڵمانان لە ڕێگای میسیۆنەری هاوشێوەی ئەوان بێ لە بواری دابونەریت، تایبەتمەندیی و شێوەی بیرکردنەوەیان، " ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی."
بابەتی میسیۆنی کریستیان لە پارس شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، و زۆر بیرمەند پرسیار دەکەن ئاخۆ ئایینی کریستیان دەبێتە فاکتەرێکی داهاتووی پاشایەتییەکە؟ بە پێی هەلومەرجی ئێستا، هیچ هەوڵێکی ڕاستەوخۆ بۆ گۆڕینی ئایین لە لایەن موسڵمانانەوە بۆ ئایینی کریستیان لە ئارا دا نییە، چونکە سزای کوشتن بۆ گۆڕینی ئایین بە شێوەی یاسایی نەگۆڕاوە، و تەنانەت ئەگەر واش با، دەمارگرژیی جەماوەر بەرەوڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ئایین دەگۆڕن. دەبێ لەبیرمان بێ کە میسیۆنەریی ئایینی کریستیان لە پارس توخمێکی بێزارکەرە. ئەو تەحەممول دەکرێ بەڵام پێشوازیی لێناکرێ، و تا کاتێک تەحەممول دەکرێ کە هەوڵەکانی بۆ وازهێنانی خەڵک لە ئایینی نەتەوەیی بێ ئاکام بێ. میسیۆنەکان پەنجا ساڵە کە لە پارس چالاکن، و لەوانەیە هەر ئێستا حەفتاو وپێنج میسیۆن لەم وڵاتە کار بکەن. ئەگەر نرخی کارەکەیان بە ڕێژەی ئەو موسڵمانانەی کە ئایینیان گۆڕیوە مەزەندە بکرێ دەبێ ڕایگەیەنین کە شکستێکی تەواو بووە.
ئاکامی نامومکین بوونی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسلام ئەوە بووە کە ئەم ژن و پیاوە نایابانە ئێستا لە ڕواڵەتدا خەریکی خاوێن کردنەوەی ئایین و بەڕیوەبەریی کلیسای سریانی و ئەرمەنین، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەندامەکانیان لە بواری ئایینی و ڕۆشنبیرییەوە، و بۆ بە کریستیان کردنی جوولەکان، و خۆڕاگرانە چاوەڕوانی ئەو کاتە دەکەن کە جووڵانەوەیەکی هەڵمەتبەرانە دژی ئیسلام مومکین بێ. لەو ماوەیەدا نووسراوە پیرۆزەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاو دەکرێنەوە، خوتبە خوێنی کریستیان بە گوندەکاندا دەگەڕێن، ئایینی کریستیان بە شێوەیەکی گشتیی دێتە بەر باس، و دوکتورە میسیۆنەرەکان، پێشڕەوی ڕاستەقینەی ئایینەکە، بە هۆی نفوزی تاکەکەسیی خۆیان بەرهەڵستکاریی دەگۆڕن و ڕێگای پێشوەچوونی میسیۆنەرەکانی کە هاوکاریانن خۆش دەکەن.
بە شێوەی گشتیی، و سەرەڕای پێشوەچوونی لەسەرخۆ و دژوارییە ئاشکرا و گەلێک بەرچاو بە هۆی دوژمنکاریی و بێ تەفاوەتیی، پێموایە کە میسیۆنی کریستیان لە پارس، بە تایبەت بە هۆی قوتابخانەکانیان و بڵاو کردنەوەی ئینجیل، جووڵانەوەیکی ژێربەژێری پەرەئەستێن دروست دەکەن، کە دەبێتە هۆی گەشەندنی سێکولار و هەروەها ئایینی، و نفوزیان هەر دێتو زیاتر دەبێ، کە ، بەداخەوە ئەگەرچی گەشە کردنی ئایینی کریستیان لەسەرخۆیە، دوورە دیمەنەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ داهاتووی پارس ناتوانین لەبەرچاو نەگرین.٨٣
-----------------------------------------------------------
٧٨ ناوی شار و گۆلەکە بە چەند شێوە دەنووسرێ،ئورمی، ئورومی، ئورومیا، ئورمیا و ئورومیە. موسڵمانەکان پێی دەڵێن ئورومی، و کریستیانەکان دەڵێن ئورمی و ئەوە شێوەنووسینێکە کە ڕەچاوم کردووە.
٧٩ لەم سەردەمەدا، کاتێک قەڵاچۆکردنی شتاندیستەکان لە ڕوسیا سەرنجی بەرچاو بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، لەوانەیە سەرنجی خوێنەرەکانم ڕاکێشێ تا لە بارەی یەکێک لە یەکەم گەشەپێدەرانی جووڵانەوەی شتاندیست یاقوب دیلاکۆف بوو، سریانی و دەرچووی کۆلێژی کۆنی ئامریکایی. ئەو سی ساڵ لەوەپێش چوو بۆ ڕوسیا، و لە نەزانی و خوڕافەپەرستی وەرزێڕان هێندە سەری سوڕ ما کە دەستی بە فێر بوونی زمانی ڕوسی کرد تا بتوانێ ڕوونیان بکاتەوە، و بۆ یارمەتیدان بەم مەبەستە دەستی کرد بە گەڕان بۆ خوێندنەوەی ئینجیل. خەڵکی " ئاسایی بە خۆشییەوە گوێیان بۆ ڕاگرت،" و هەم لەناو ئورتۆدۆکس و پرۆتێستاناندا یەکیەتی دوعاخوێنان دروست کران، کە ناوەکەیان لەو کەسانەوە پێ بەخشرا کە سەردانیان دەکردن و لە شتوندێ وەرگیراوە واتە کاتژمێر.
دیلاکۆف، کە شتوندیستەکان حەز دەکەن بە " ئوسقوفی ئێمە" بانگی بکەن، چەند جاران کەوتۆتە بەندیخانە، بەڵام دوای ئازاد کران دەستی کردووە بە فێرکاریی لە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی تاقمی ئایینی مۆلۆکان لە ئامور، ئەو شوێنەی کە ئەو بۆ ماوەی سێ ساڵ خوتبەی خوێندووە و خەڵکی فێر کردووە بە ئاکامی جێی سەرنج بە شێوەیەک کە نازناوی " ئاپۆستێلی مودێرن"ی پێدراوە.
٨٠ لە ماوەی بیست و هەشت ساڵ دوای دامەزرانی کۆنفرانسێکی ئوسقۆف، کۆنە قەشە، و فەقێ، پێکهات کە سەرجەمیان لەسەر دەستی کلیسای کۆن ئیجازەیان وەرگرتبوو، بە قەشە، بەساڵداچوو و میسیۆنەر چاو پێکەوتن و گفتوگۆیان کرد. " ئەم کۆنفرانسە شێوەی ئیعترافی تایبەتی خۆی کە جیا لە هی دەوڵەتە داهێنا و دیسیپلین، لە سەرەتادا گەلێک ساکار بوو. هەندێکیان لە ڕێوڕەسم و شێوەی کلیسای کۆن وەرگیرابوون، ئەوانی دیکە لە کلیسای پرۆتێستان وەرگیراون. نەریتەکانی کلیسای کۆن تا ڕاددەیەک ڕێزیان لێدەگیرا، بۆ وێنە، برایانی پێکهێنەر هیچ نفوزێکیان بە سەر کلیساکەوە نابێ مەگەر حەقدەستێکی کەم بۆ خزمەتگوزارییەکەیان نەبێ. قەشەکان تاقمێکی خوتبە خوێنن.
هەمان دامودەزگا لە بارەی مێژووی ئەم کلیسایە بەم شێوەیە دەنووسێ --:
" میسیۆنەرەکان لە ١٨٣٥ لە لایەن قەشە و خەڵکی ئاساییەوە بەخێرهاتن کران و چەند ساڵ هەوڵ درا تا لە ناو کلیسای کۆندا چاکسازیی بکەن" ( کلیسای سریانی) " بێ ئەوەی کە رێکخراوەکە لەناو بەرن. ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا، و وردە وردە کلیسایەکی نوێ بەم هۆیانە دروست بوو:
" (١) ڕاوەدوونان، قەشەی هەرە مەزن هەموو توانای خۆی بەکار هێنا تا کاری ئایینی لەناوبەرێ. ئەو هەڕەشە، لێدان و زیندانی کردنی بە دژی مامۆستاکان و ئەوانی ئایینیان گۆڕیبوو بەکار هێنا و داوای لێکردن کە کۆمەڵگاکەی جێهێڵن.
(٢) نەبوونی دیسیپلین. ئەوانی ئایینیان گۆڕیبوو نەیاندەتوانی چیدیکە ڕێبازی دژی ئینجیلی بگرنە بەر و کەڵکی خراپ وەرگرتن لە پلەی ئایینی کە باو بوو قبوڵ بکەن، وا ئاشکرا بوو کە هیچ شێوازێک بۆ چاکسازیی ئەوان بوونی نییە. لە ئاکامی هەر هەوڵێک دۆخەکە خراپتر بوو.
(٣) نەبوونی فێرکاریی. ئەوانی ئایینیان گۆڕیبوو داوای باشتر کردنی پێڕاگەیشتن، و فێر کردنی خاوێنتر و باشتر و ئامرازی بەخشیش، جیاواز لەوەی کە لە زمانە کۆنەکەدا هەبوو، ڕێوڕەسم و پلەبەندیی کلیسای کۆنیان کرد.
" میسیۆنەرەکان لە نائومێد بوون لە چاکسازیی و خاوێنبوونەوەی کلیسای نەستۆری لەسەر خۆ بوون و ئوسقوفە ئینجیلییەکان هەندێک جار بەشداریان لە خزمەتگوزاریی دا دەکرد، و ئەوە کارێکی دژوار بوو کە هێڵێک دیاری بکەن کەنگێ شێوەی ئوسقوفیی کۆتایی پێهات و شێوەی پرێسبیتەریان لە ناو ڕێکخراوە ڕێفۆرمکراوەکەدا دەستی پێکرد.
" پەیوەندیی نێوان کاری میسیۆنی پرێسبیتەریان لە شێوە ئوسقوییە کۆنەکە شتێکی جیاوازە لەوەی کە لە ناو کریستیانە ڕۆژهەڵاتییەکانی دیکە دا ئەنجام دراوە. ئەسقوفی مەزن کە پەنجا ساڵ لەسەر کار بوو لە سەرەتادا زۆر هەڵوێستێکی دۆستانەی بەرامبەر بە میسیۆنەرەکان هەبوو، و بۆ خۆی وەک تاک یارمەتی سەپەرشتی دروستکردنی خانووەکانی میسیۆنەکەی کرد. لە کۆتاییدا هەموو توانای خۆی لەکار کرد تا میسیۆنەکە تێک بشکێنێ. ئوسقوفی مەزنی ئێستا هەڵوێستێکی بێ لایەنانەی گرتووە، و زۆر جار ئینساف و دۆستایەتیی بەرامبەر بە کاری ئێمە نیشان داوە.
" پلەی دوای ئەو ئەسقوفی مەترانە ( کە بە سریانی بە مانای کەسێکە لە پێتەخت دەژی)، تەنیا یەکدانە ماوە لە ناو بیست و پێنج مەتران کە لە سەدەی سێزدەهەمەوە ناویان هاتووە. ئەوەی کە ئێستا لەسەر کارە لەم دواییانەدا هەوڵی بەکردوەی بۆ نزیکبوونەوە لە کلیسای ئینجلی دا تا لێک تێگەێشتنێک لە ڕێگای پەسەند کردنی هەندێک بنەمای گرینگ بێنێتە ئاراوە، و لە بارەی شتە ناسەرەکییەکان ڕێگای بە ئازادی بیرکردنەوە دا. ڕنگبێ ئەو لە تێگەیشتن لە گشت پرسە ئینجیلییەکانی نێوانماندا ناسەرکەوتوو بێ، بەڵام حەزێکی ڕاستگۆیانەی بۆ هەڵسوکەوتی ڕووڕاستانە و قازانج گەیاندن بە خەڵکەکەی هەیە.
" لە ناو ئوسقوفەکاندا، سێ دانەیان بۆ چاکسازیی یەکیان گرت و لە کلیسای ئینجیلی (پرۆتێستان) دا مردن. سێ ئوسقوفەکەی کوردستان هەڵوێستیان دۆستانەیە و نفوزیان بە قازانجی قوتابخانەکانی ئێمە بەکار دێنن.
" زۆرینەیەکی بەرچاو لە قەشە و فەقێی کلیسای کۆن، لانیکەم لە پارس، تێکەڵی جووڵانەوەی چاکسازیی بوون، و هەروەها بەشێکی بەرچاو لە ئەوانی کە پلەی خوارووی قەشەیان هەیە. لە کۆی نزیک بە حەفتا لەو قەشانەی کە کاریان لەگەڵ میسیۆنەکە کردووە وەک مامۆستا، خوتبەخوێن و قەشە، و زیاتر لە نیوەی ئەوانە بەردەوامن و ئەندامی دەستەی ئایینیی ئێمەن. لە هەندێک شوێن چاکسازیی نزیکەی سەرجەم دانیشتوانی هێناوەتە ژێر نفوزی خۆی. لە زۆر شوێنان ئەوە شتێکی نامۆ نییە کە نیوەی دانیشتووان بەشداریی لە نزاکانی زستانیی ئێمەدا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، زۆر شوێن هەن کە لەوێ ئەندامانی کلیسای کۆن بێ ئەخلاقن و دژی ئێمەن و نەزانیی و گوناهکاریی گەلێک زۆرە و چاکسازیی زۆر بە سستی دەچێتە پێش."
٨١ " بە یارمەتی خودا: (١) بۆ هەستاندنەوە و دروستکردنەوەی کلیسای تێکڕووخاوی خۆرهەڵات و پێدانی شوێنی خۆی لەناو کلیساکانی کریستیان. (٢) بۆ گەیاندنی ژیانی ڕووحانی لە کلیسایەک کە سەرکوتکاریی چەندین سەدە گەیاندوویەتە دۆخی لاوازیی و نەزانیی. (٣) بۆ پێدانی کریستیانە کلدان و ئاسۆڕییەکان (ئـ) خوێندنی ئایینی لە سەر پرەنسیپی بەرینی کاتۆلیکی پیرۆز و کلیسای ئاپۆستێل؛ (ب) خوێندنی سێکولار کە بۆ شێوەی ژیانی ئەوان گونجاو بێ، هەمان هەڵە و مەترسی باو لە بارەی خوێندنی زیادی و بە ئوروپایی بوونی خوێندن زۆر بە وردی سەرنجی دراوەتێ. (٤) بۆ ڕاهێنانی قەشەی خۆجێیی، لە ڕێگای قوتابخانە و سێمینار، کە شیاوی خزمەت بە خواوەند لە بانگهێشتی مەزنیان، و ئەنجامدانی ئەرکەکانیان وەک ڕێبەر و مامۆستای خەڵک لە گوندەکانیان. (٥) بۆ دروست کردنی قوتابخانە کە ئێستا هیچی لێ نییە، بە هۆی هەژاریی لە ڕاددە بەدەر و بێ دەرەتانیی خەڵکەکە. (٦) بۆ یارمەتیدانی قەشەی مەزن و ئوسقوفەکان لە ڕیگای هاوفکری، و لە ڕێگای هاندان، و لە ڕێگای یارمەتی لێبڕاوانە. (٧) ئیعتراف کردن بە کلیسای کلدان لەسەر هێڵە کەوناراکانی، بۆ وەڕێخستنی دامودەزگای ئوسقوفیی کە ئێستا بە هۆی کەڵکی خراپ لێوەرگرتن لەکار کەوتووە، و بۆ بووژاندنەوەی دیسیپلینی ئایینی لەناو پیاوانی ئایینی و خەڵکی ئاسایی. (٨) بۆ چاپ کردنی کتێبە ئایینییە کەوناراکانی کلدانی. ئێستا تەنیا بە شێوەی دەستنووسن، و ژمارەی کۆپییەکانی بۆ کلیساکانی ئەندام زۆر کەمن."
٨٢ " سریانی کۆن وەک وانە بە مانای خوێندنەوەی بەشێک لە نووسراوە پیرۆزەکان و وەرگێڕانیان بۆ سەر سریانی نوێیە."
٨٣ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە نەتەوە کریستیانەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ گەیاندنی بەرەکەتی ئایینی کریستیان بە پارسەکان و باشووری تورکیە نەداوە. ئینگلیس دوو میسیۆنی ناردوون، یەکیان بۆ بەغدا و ئەوی دیکە بۆ جولفا. ئامریکا پێنج پێگەی میسیۆنی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای پارس ناردووە بەڵام لە باشووری تورکیە و عەڕەبستان هیچی لێ نییە.
ناوچە پڕ حەشیمەتەکانی کەنداوی فارس، عەشیرە مەزنەکانی دەشتی دیجلە و فوڕات، کۆچەرەکانی پارس، شارە گرینگەکانی شیراز، یەزد، مەشهەد، کاشان، قوم، کرمانشاە، وە سەرجەم باشوور، خۆرهەڵات و خۆرئاوای پارس ( جگە لە هەمەدان و ورمێ)، لە لایەن هەوڵەکانی کریستیناییەوە دەست لێنەدراون! پرۆپاگاندا [دژی ئایینی کریستیان] لە ئاستێکی هێندە قیزەوندا، کاریگەریی لە سەر موسڵمانی ژیر هەبووە کە جێگای شەرمەزارییە، و زەرەری بۆ ئایینی کریستیان هەیە کە دەڵێن نوێنەرایەتیی دەکات.

بەشەکانی پێشووتر

١ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٦. بەشی یەکەم

٢ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. بەشی دووهەم