kurdi_sawjoblag.jpgڕۆژی دواتر لە کاتی پشوودان، ئەسپەکان بە جۆشەوە لاسک و ڕیشەی شتێکی خڕیان دەخوارد کە بۆنێکی تووندی لێدەهات و بنکەکەی

تەقریبەن لەسەر زەوی بوو و هەموو بەیەکەوە تووشی هەستێکی سەیر بوون. مووی بەدەنیان ڕاست بۆوە و سەریان بە شێوەیەکی بێ ئیختیار و هاوئاهەنگ بەرز و نەوی دەکرد (وەک زکر کردن)، لە کاتێکدا کە چاویان لەشتێکەوە بڕیبوو. ئەم کارە تا ٢٠ کاتژمێر درێژەی کێشا، بۆی وەک هەمیشە بەدوامەوە بوو، بەڵام لەبەر ئەم سەرڕاوشاندنە بێزارکەرانە، کە هیچ ئیختیاری بەسەرەوە نەبوو، نەیدەتوانی ئەو شتە خۆشانە بخوا کە زۆری پێخۆش بوون و من هیوادار بووم ببنە هۆی وەستانی ئەم سەر ڕاوەشاندنانە، کە بۆم شتێکی ناخۆش بوو. پاش ئەم حاڵەتە هەردوو ئاژەڵەکە ئارەقەیەکی تووندیان کرد. ئاویان بەلەشیدا دەچۆڕاوە. سەرڕاوشاندنەکان وردە وردە ئارامتر بوونەوە و وپاشان کۆتاییان پێهات و دواتر هیچ ئاسەوارێکی لێ نەما جگە لەوەی کە گەروویان ئەستوور ببوو. هەردووکیان جۆیان لە توربێنەکەی دابوو، بەڵام لەخۆیان داماڵین تا لەم گیایە، کە شێوەیەک لە گیای بنکە پیوازییە بخۆن (ڕەنگبێ تاڵیشک بووبێ و.).

کاتێک کە بۆی حاڵی هێندە باش ببۆوە کە بتوانم سواری بم بەرەو دەشتێکی مەزن داگەڕاین، کە زۆر گوند و ڕێگای لێ هەڵکەوتبوون. دەشتی حاجی حوسێن لە ڕاستییدا تەنیا بەشێکی دیکەیە لە دەشتی جەغەتو، کە پاناییەکەی چوار تا دە مایل دەبێ، مەودایەکەی دەگاتە 40 مایل و نزیکەی گشت ڕووبەرەکەی بە پیت و خاوەن حەشیمەتە. لە نزیکترین گوند سەرجەم پیاوەکان لەسەر کێڵگە خەریکی کار بوون، و ڕێنوێنییان نەکردم، لە شوێنی دواتر کوێخا، پیاوێکی لاو، پێش هەموو شتێک داوای پارەی کرد.
دوای تێپەڕبوون لە دەشتەکە، کە زۆر گوندی لێک نزیک لەسەر پەڵە چەوی دەورەگیراو بە گڵی ڕەشی بەپیت و ڕەق هەڵکەوتبوون، لە شوێنێکی تەنکاو لە جەغەتوی پان پەڕینەوە و گەیشتینە قەراغ، نەوەک گوندێکی بێ بایخ، بەڵکو هەر وەک چاوڕوانیم دەکرد، شوێنێک بە ٥٠٠٠ حەشیمەتەوە. جادەیەکی پان کە هەردوو لای داری لێچێنرابوون و جۆگە لە هەر دوو لای هەڵکەنرابوون، بە باغی زۆر باش ئاودێریکراو، سنەوبەری خاوەن سێبەر، دارەبی، داری میوە، کە چەندین مایل، لە چۆمەکە ڕا تا شارەکە دەبوون کە لەگشت لاوە بە باغی لەم شێوەیە دەورەی درابوو، وەک دارستانی چغوری دەنواند. ڕەزی مێوەکان گەلێک نایابن و ئەندازە و تامی ترێیەکان شتێکی نائاسایی بوو. کاڵەک، تریاک (خەشخاش)، تووتن، لۆکە، ڕۆن گەرچەک، کونجی و باینجان هەموو فرە زۆر بوون.
میانداب بەشێکی وێرانەیە، بەڵام ڕووبەرێکی بەرچاوی بە ١٠٠٠ ماڵەکانی داگیر کردووە، کە ١٠٠ دانە هی جوولەکانە و ٢٠ دانەش هی ئەرمەنیان. خەڵکی پێنج عەشیرەتان لێرە دەژین، بەڵام بە پێچەوانەی ساین قەڵا، کە سوننی و شیعە لە ئاشتیدا دەژین، موسڵمانەکان گشتی شیعەن، پاش هێرشی کوردان دە ساڵ پێش ئێستا، کە سوننییەکان خەیانەتیان لێکردن و شارەکەیان دا دەستی هاو ئایینەکانیان، ڕێگا بە هیچ سوننیەک نەدراوە کە ببێتە دانیشتووی هەمیشەیی.
ئێرە چەند مزگەوتی هەیە، بازاڕێکی باش بە میچی گومبەزیی، کە لە بەشێکی جوانکاریی مسی لێبە کە لە خودی شارەکە ئەنجام دراوە و سەربازخانەیەکی ١٠٠ کەسی. من سەرجەم میاندابم دیت، چونکە کاروانەکەم ون بوو و کاتژمێرێک بەدوایدا گەڕام، لە هەموو کەسم دەپرسی ئاخۆ کاروانێکی چوار ئێسترییان دیتووە، بەڵام بێسوود بوو، تا گەیشتینە ئەوبەری شار، کە دیتم ئەوان تازە گەیشتوونێ و پیاوەکان خەریکی هەڵدانی خێوەت لە شوێنێکی چول لە نێو ڕەزی مێوی بەرگرتوودان. شاربان ڕێگای ون کردبوو و دوای گەڕانێکی زۆر گەیشتبوو گۆمی جەغەتو، شوێنێک کە پێیان گوتبووم خۆی لێ بەدوور بگرم، لەم شوێنە کاروانەکە لەناو گێژاوێکی قووڵ کەوتبوو و ئێسترەکان سەرسام ببوون و هێندەی نەمابوو کە ئەوان و خزمەتکارەکان بخنکێن. میرزا گەڕابۆوە بۆ ناو شار تا لە کاربەدەستان داوای پاسەوانێک بکا، چونکە شوێنی مەنزڵگەکە زۆر نا ئەمین بوو و کاتژمێر ١١ی شەو ژەمی شەو ئامادە بوو.
ڕۆژی دواتر من نەخۆش بووم و توانیم تەنیا ١٢ مایل سەفەر بکەم، چونکە زۆربەی کاتەکەی بەناو دەشتی مەزنی حاجی حوسێن دا تێدەپەڕین، تا ڕێگاکە شۆڕ بۆوە بۆ نشێوە جوانەکانی گوندی ناخۆشی ئەمیرئاباد، حەڤدە کاول لەسەر گردێکی باگر و کەم ئاو. بەشێکی ڕۆچۆتە ژێر زەوی، ئەم گوندە لە کەمێک دوورەوە تەنیا بە کەڵەکی مەزنی گیا و دەوە/تەپاڵە دەناسرێتەوە، کە بە جوانی داپۆشرابوون و زۆر لەو ماڵانەی کە قەرارە گەرمیان بکەنەوە مەزنترن.
لای ڕۆژئاوای دەشتە مەزنەکە پڕ بوو لە ڕەشماڵی هەشت گۆشەی خێڵی کۆچەر و خێوەتی ئەوتۆ کە وەک چەتر دەچوون و لە قەراخەوە بە سینگی ئەستوور ڕاگیرابوون. گاڕانی مەزنی وشتران، مێگەلی مەڕی دووگقەڵەو، بە ڕەنگی جیاواز لە قاوەیی پڕڕەنگ ڕا تا ڕەنگی زێڕی سوور، وشتر کە تفاقیان لێ بار کرابوون و پیاوانی خێڵەکە کە نزیک ئاو تفاقەکەیان لەسەر یەک هەڵدەچنی دەکرد، بەڵام دوو میتر ئەولاتر، پەرژینیان لە دەوری بیشەڵانێک دابوو کە لەشوێنی لماو زۆرن و پڕن لە زیندەوەر. ژنانی خێڵەکە کاسەی شیر و پەنیری تەڕیان هێنا و لە خیوەتەکانیاندا میواندارییان لێکردم.
کاتێک بەناو گاڕانێکی وشتراندا تێپەڕین کە خەریکی لەوەڕ بوون، یەکدانەی پیری، دداندرێژی، ڕوخسار شەیتانیی بە زاری ئاواڵا و بە حیلە حیل غاری دایە بۆی. بێچارە بۆی زەندەقی چوو لە ترسان ( بوێریی تایبەتمەندییەکی دیاری ئەو نییە) و بە چوارناڵیی تێی فڕکاند، و ئێستا هەرکات لە دوورەوە وشتران دەبینێ، دەست دەکا بە مشەمشێ و هەموو شتێک دەکا تا بچێتە لایەکیتر و ترسنۆکییەک لەخۆی نیشان دەدا کە مرۆڤ بەزەیی پێدادێ.
کاتێک کە بەیانی ڕۆژی دواتر کاتژمێر ٦:٣٠ ئەمیرئابادم جێهێشت گەلێک سارد بوو، و سیخوار لەسەر ئەردی کەوتبوو. بەردەوامیێ چوونە خواری گەرماپێو لەم وەرزەدا هەروەک هەڵکشانی پلەی گەرما لە بەهاران، و نەبوونی کەمترین هەڵکشان و داکشانی گەرما لە هاویندا، سەرنجڕاکێشە. ڕێگای ساوجبڵاغ بەسەر دەشت و نشێوی گردان کە بەهۆی گیای هەڵقرچاو زەردی مەیلەو قاوەیی دەنوێنن تێدەپەڕێ، و دوای پەڕینەوە لە چەند پەڵە کانێژەی شینی جوان، داگەڕاینە ناو دۆڵێکی بە پیت کە بە ئاوی چۆمی ساناک ئاودێر دەکرا. ئەم دۆڵە کە تیایدا ئیندا خۆش (ئیندرقاش) و گوندی مەزنی تر هەڵکەوتوون، زۆر بە باشی ئاودێرکراوە و گشتی کێڵگەیە. پڕە لە داری میوە، تەواو بە پێچەوانەی نشێوە وشک و ئاگرینەکانی کە بەسەریاندا دەڕوانن.
زۆر پێش ئەوەی کە بگەینە ساوجبڵاغ، نیشانەکانی نزیک بوونەوە لە شوێنێکی گرینگ دەرکەوتن، کاروان بۆ هەردوو سەر دەچوون، گوێدرێژی بارکراو بە بەرهەمی ناسک، مسافیری سوار و پیادە، لەناویاندا زۆر ژنی جوانی کوردی بێ لێچکە، کە بە هەنگاوی قایمی نێرانە دەڕۆیشتن، تەنانەت کاتێک کە منداڵیان بە کۆڵێوە بوو.
چەند مایل پێش شارەکە دوو سوار تووشم بوون، بەڵام دوای ئەوەی کە هێندێک ئیسکۆرتیان کردم جێیان هێشتم، و بە ڕێگای دیکەدا ڕۆیشتن، لەناکاو خۆم لەسەر نشێوێکی دیتەوە کە بەسەر شار دا دەڕوانێ، نەوەک لەناو زیندوواندا بەڵکو لەناو مردووان. شارێکی مردووان کە نموونەکەیم هەرگیز نەبینیبوو. کاتژمێرێکی تەواو بەناویدا بە سواریی ڕۆیشتین بێ ئەوەی کە بگەینە سنوورەکەی. دەڵێن پەنجا هەزار کێل لەسەر تەختە بەردی سوور- بۆر لە نێوان گردەکە و دیواری شارەکە هەڵکەوتووە، تەنیا بەردی زبری بۆر کە لە چەند ئینچ تا چەدنین پێ بەرز بوون، ڕیز بە دوای ڕیز تا ئەو جێیەی چاو کاری دەکرد، دەڵێن ٣٠٠ هەزار کەس لێرە نێژراون. هیچ نیشانەیەکی "ژیان و نەمریی" دیار نییە. سەیر، خەمگین و بۆنی ناخۆش کە ئاکامی قەبری تەنکە، دیمەنی ئەم گۆڕستانە تەنیا بەژانە. کێلەکان تا دیواری شارەکە و تەنانەت تا ناو ماڵەکانیش درێژەیان هەیە، و شتێکی کە لێرە زۆر ئازارت دەدا دیمەنی کەلـلە سەر و ئێسکی مرۆڤە کە لە مەیدانێ کەوتوون و سەگان دەیانکرۆستنەوە.
لای گۆڕستانی ساوجبڵاغ بێزراوترین و پیسترین شتە کە دیتوومە و بۆگەنەکەی، تەنانەت لەم هەوا خۆشەدا ترسناکە. لە ناوەڕاستی هەر کۆڵانێک جۆگەیەکی ڕووخاو لەگەڵ پیادەڕۆیەکی ڕووخاو لە هەر دوو لا هەیە. ئەم جۆگانە دیارە بۆ ئاو دروست کراون، بەڵام ئێستا تەنیا لیجاوێکی ڕەش و ڕاوەستاوی تێدا، کە بە دژواری دەتوانی ناوی بنێی شلەمەنی کە بە هەمەجۆرە زبیلێک گیراوە. بازاڕەکان باریک، تاریک و شڵوغن، پڕ لە شتومەکی ڕوسیی، کاڵای چەرمیی، جلوبەرگی ئامادە، کاڵەک، ترێ و گەنمە شامی. ئاپۆڕای پیاوان زۆربەیان جلوبەرگی کوردی و تورکییان لەبەردابوو، بەڵام سەیدی مەندیل سپی و عەباڕەش و مەلاکان بە شێوەیەکیتر بوون.
ساوجبڵاغ، پێتەختی باکوری کوردستانی پارس، و شوێنی ژیانی حاکم، دەروازەی هاوردەکردنی پێستە، کە لەوێ بازرگانیی مەزن لەگەڵ ڕوسیا دەکرێ و لە قسان کۆمپانیایەکی فەڕانسەیی ساڵانە بایی سەدان هەزار فرانک فەڕش دەکڕێ. ئەو (ساوجبڵاغ) هەروەها بازرگانیی بەرچاو لەگەڵ خێڵە کوردەکانی کێوەکانی جیران و کۆچەرە تورکەکانی دەشتەکان و بازرگانییەکی بەرچاو بە مازوان دەکا. ئێرە بیست مزگەوتی بچووک، سێ حەمام، چەند کاروانسەرای خراپ، و چەند قاوەخانەی هەن. بازاڕەکانی گەنم و دانەوێڵە گەورە و پڕ لە شتن.
دەڵێن ڕێژەی دانیشتووانی ٥٠٠٠ کەسە. کوردەکان بەشی سەرەکیی پێکدێنن، بەڵام هێندەی تورک لێن کە دەوڵەتی تورکیا لەم دواییانەدا کۆنسولخانەیەکی مەزنی دروست کردووە کە وەک قەڵایەک دەچێ و سەرکۆنسولێکی دیاریی کردووە تا بەرژەوەندییەکانی شارۆمەندەکانی بپارێزێ. ١٢٠ ئەرمەنی لێرە دەژین کە شەڕاب و ئارەق دروست دەکەن و ئاسۆڕین و وەستای زێڕ و زێون. جوولەکەکان ژیانی خۆیان بە دانی قەرز، دەرمانفرۆشیی، ڕەنگڕێزیی قوماشی لۆکە، فرۆشیاریی شتومەک، دروستکردنی خشڵی زێڕ و زێو بەڕێوە دەبەن. ڵێرە سەربازخانەیەکی ١٠٠٠ کەسی لێیە، چونکە شارەکە و ناوچەکە هەندێک ناسەقامگیرە و ناکۆکیی نێوان کورد و تورک، کە سوننین و ڕێژەی کەمی فارس کە شیعەن هەمیشە نزیکی قەومانە. بەرزایی ساوجبڵاغ ٤٧٧٠ پێیە (١٤٥٤ میتر). لێرە من شوێن پێی ئیدا فایفرم دیتۆتەوە کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە سەفەر بۆ پارس پڕ مەترسیی و لە زۆر بوارەوە گەلێک دژوارتر بوو بۆ ناوچەی ورمێ سەفەری کردووە.

ساناک، ئەگەرچی ڕوون و گەشە بەڵام بەو هەموو شتە پۆخڵەی کە تێیکراوە بە شۆردنی بێ پسانەوەی جلوبەرگ لە سەرەوەی شارەکە پیس بووە. هیچ چاڵاوی خاوێنی لێ نییە، و هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ خاوێنیی ئاوی خواردنەوەیان بەپەرۆشن بێ پسانەوە بە گوێدرێژان لەو شوێنانەی کە ئاوی ڕووبارەکە پیس نەکراوە ئاو دێنن کە چەندین مایل دوورە.
تەنانەت حاکمیش کەڵک لەو ئاوە وەردەگرێ. لە مەنزڵگەکەم ڕا ساوجبڵاغ گەلێک جوانە، بە چۆمە گەشەکەی لە پێشەوە و لەسەرەوە، گەڕەکی خانووی ناڕێکوپێک لە کەناری ڕووبارەکە، نمای خانووەکان، هەیوانەکان و بورجەکانی کۆشکی حاکم، کۆنسولخانەی تورکیا کە لە شێوەی قەڵایە، و چەند دانە خانووی باش بە باڵەخای شین و سووری کاڵ یا بە کاشیکاریی عەڕەبیی سوور داپۆشراو، پەنجەرەی موشەببەک لە دارگوێز کە ئاواڵەن و باڵکۆن کە بەسەر ئاوەکەدا دەڕوانن.
ئەم کەنار ئاوەی من بارگەم لێی خستووە ناوچەی دەوڵەمەندنشینی شارە، و ئەم ئێوارەیە زۆر قەرەباڵخە، چونکە ژمارەیەکی زۆر کورد، ئەسپەکانیان لێرە غاردەدەن و لە بەر چاوی ستایشکەری سەدان پیاسەکەر، نێر و مێ، سوارچاکیی خۆیان پێشان دەدەن و زۆربەی ژنەکان سەرڕووتن. لەبەر ئەوەی کە هەموو دەبێ لەو بەشەی چۆمەکە بپەڕنەوە کە ئاوەکەی چەند ئینچێک لەسەرووی ئەژنۆیانە، دیمەنێکی سەرسوڕهێنەرە، و تەنانەت ژنەکانیش موشکیلەیەکیان لەگەڵ نیشاندانی قاچوقولە خڕەکانیان لەناو ئاوە ڕوونەکەدا نییە. خانمەکانی ئەندەروونی حاکم پەیامیان نارد کە خواردن و شوێنی حاوانەوەیان لە نیوەڕۆیەوە بۆ ئامادە کردووم، بەڵام من بە هۆی ماندوویی لە ڕاددەبەدەر داوای لێبوردنم لێکردن. بەدوای ئەم پەیامەدا دایەنی حاکم سەردانی کردم، ژنێکی زەلامی ڕووخۆشی سەرڕووت، بە دامەنێکی گەلێک کورت کە لاقولەتەرە وەک کۆڵەکەکانی دەردەخست. ژنێکی کورتەباڵای لەگەڵدابوو و چەند پیاوی کورد، کە جلوبەرگی زۆر جوانیان لەبەردابوو، و شمشیریان پێوەبوو کە دەسکی لە عاجی فیل و رازاوە بە جوانکاریی ناسکی زێو بوو. ئەم چەکانە لێرە دروست دەکرێن. خانمەکە زیارەتی مەککەی کردووە و دەرکەوت کە گەلێک ژیرتر لە ژنی تەریک کەوتوویە. ئەو خەنجەرێکی لە یەکێک لە ئامادەبووان ئەستاند و بە وزەیەکی زۆرەوە هەندێک خەنجەر وەشاندنی پێ نیشاندام کە دەبنە هۆی کوشتن.
شێوەی هەڵسوکەوتی ناسکی بۆی هەمووانی کەیفخۆش کردبوو. ئەو لە کاتی کڕینی شتومەک لە شار لەگەڵمدابوو و هەر وەک هەمیشە، بە هێنانی گوێکانی بۆ ژێر چەنەگەی من داوای دەکرد ئاوسارەکەی لێکەمەوە، کاتێک، کە دەستبەجێ گوێی نادەمێ، ئەو سەرهەڵدێنی و بە سەبری پاڵێکم پێوە دەنێ یا لووتی لە چەنەگەم دەخشێنێ. پیاوەکان سەرسامی بەهێزیی و خاوێنیی لاق و پەلی بوون کە باشترین شوێنەکانی ئەون. شەوی ڕابردوو گوێم لێبوو زۆر نزیکی من پرخەی دەکرد، پێموابوو کە پاسەوانەکانن کە خەویان لێکەوتووە، چوومە دەر تا وەخەبەریان بێنم، بۆم دەرکەوت کە ئەسپەکەیە کە لە ژێر هەیوانی خێوەتەکە چوارپەلی هاویشتبوون، بۆ خۆ گەرم کردنەوە خۆی گەیاندبوو ئەوێ. من لەگەڵ بۆی میوانەکانم تا شوێنی پەڕینەوە بەڕیکرد، لەگەڵ کەیفخۆشیی ئەوان، و هەروەها هی من، خانمە بەخۆوەکە چوو کۆڵی یەکێک لە کوردەکان و لەسەر کۆڵی ئەو لە ئاوەکە پەڕییەوە.
ئەم دوانیوەڕۆیە نەحەساومەوە. حاکم سەرانسەری ڕۆژەکە لە ڕاو بووە و جێگرەکەی یا لەحەمام بووە یا لە ڕێوڕەسمی ئایینی. تەنیا لە گەڕەکی جوولەکان شیر دەست دەکەوێ، شوێنێک کە نەخۆشی ئاوڵە لێی بڵاو بۆتەوە، ئاوی ساناک زۆر پیسە کە بۆ چالێنانێ نابێ، و هیچ پیاوێک بەو درەنگوەختە دوو مایل ناچێ ئاوی خاوێن بێنێ. یوهاننێس، زۆر بێگوێ و ناکارامەیە، هیچ ئالیکی ئەسپی نەهێناوە و بێچارە بۆی دوو کاتژمێرە داوای دەکا، دێتە ژووری خێوەتەکە، توربێنە گەورەکەی کە هەمیشە جۆی بۆ تێدەکەم ڕادەوەشێنێ و لە برسان کالەک و تڕێی سەر مێزەکە دەخوا. بەڵام ئەمانە، تەنیا بەشێکی بچووکی ناخۆشیی سەفەرن.
کاتژمێر ٩ی پاش نیوەڕۆ حاکم گەراوەتەوە و تاقمێکی پاسەوانیی پێکهاتوو لە ٢٥ سەرباز، لەگەڵ بانگهێشتی سەردانی خانمەکان پێش ئەوەی کە سبەی ڕۆژەکەم دەست پێبکەم بۆ ناردووم.

b_525_290_16777215_00_images_SIASI_kurdi_sawjoblag1.jpgکوردی ساوجبڵاغ

بەشەکانی پێشووتر

١ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، گاخەود ١٨ ی سێپتامبر. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٢ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی دووهەم. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٣ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی سێهەم

٤ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی چوارەم

٥ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی پێنجەم

٦ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی شەشەم

٧ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی حەوتەم

٨ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی هەشتەم