hashm_karimi2.jpgلە سایتی “کوردانە” بەیاننامەیەک لە رێکەوتی١٨/٤/ ٢٠١٨ ی زاینی بە ئیمزای ١٧٧ کەسایەتیی سیاسی- کۆمەڵایەتیی ئێڕان بڵاو بۆتەوە

کە بە توندی هێرش کراوتە سەر ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ئینگلیز و فەڕانسە لە سەر هێرشیان بۆ سەر شاری “دوما”ی سوریە کە لەو نێوەدا سەهیونیزمیشیان بێ نسیب نەکردووە.
من لە دەقی بەیاننامەکە و ناوی سێ کەس کە یەکیان دۆستی دێرینمە، واتە دکتور ناسر زڕفشان و یەکی دیكه‌یان كه‌ داژداری ئەدبیاتی کوردە، بەتایبەت شێعرەکانی مامۆستا شیرکۆ بێکە س، واتە مامۆستا عەلی ساڵحی، و ئه‌ویتریان بە نووسین دەیناسم، واتە دوکتور فەریبورز رەئیس دانا. وادەزانم کە دەبێ ئەوانەی کەلە بەیاننامەکە دا ناویان هاتووە کەسانی پێشکەوتنخواز بن.
ئەوان لە بەیان نامەکەداگەڕاونەوە بۆمێژوو و باسی هێرشی ئیمپریالیزم بۆ سەر کورە، ویتنام، میسر، یوگوسلاوی، ئەفغانستان، عیراق،لیبی و سەرەنجام باس له‌ یەمەنیش دەکەن. پێش ئەوەی بچمە سەر مەبەستەکەم دەبێ بەو دۆستانە بڵێم لە زۆربەی ئەو جێگانەی ناویان بردووە تەنیا ئیمپریالیزم تاوانبار نییە، خۆزگە بە وردی تاوانبارەکانی دیکەشیان دەستنیشان بکردایە. بۆ نموونه‌ لە یوگوسلاوی شوینیستە سیربەکانیش تاوانبار بوون، کە رازی نەدەبوون مافی نەتەوایەتیی گەلانی نا-سیربی ئەو وڵاتە بسەلمێنن.
لە ئەفغانستان تەنیا ئیمپریالیزم تاونبار نەبوو، بەڵکوو پاکستان و عەڕەبستانی سعوودیش بە قەدەر ئیمپریالیزم لەوبارودۆخە کارەساتبارەی بۆ ئەفغانستان هاتە پێش تاونبارن. ئێستاشی لەگەڵ بێ پاکستان بە هۆی ریکخراوی سیخوڕیی خۆی لە کاروباری ئەفغانستان دەست تێوەردەدا، دیارە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو نێوەدا بێکار دانەنیشتووە ولە ناوچە شێعە نشینەکان(هەزارەکانی ئەفغانستان) دا تێکدەریی خۆی دەکا و چەندین تاقمی چەکداریی سەربە خۆی پێک هێناوە. لە عێراق ئەوە تەنیا ئیمپریالیزم نی یە کە تاوانبارە، بەڵکوو ئەوە “سوپای قودس”ی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە دەستی خستۆتە هەموو کارو بارەکانی ئەمنی و سیاسی و تەنانەت ئابووریی عێراقەوە. لە هێرش بۆ سەر کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان گەریگەریی خۆی دەرخست. تورکیەش لە باكوورە دوای رووخانی رژیمی بەعس لە نائارامی لە عێراقدا لە هەوڵی بەردەوامی دایە. لە یەمەنیش تەنیا ئیمپریالیزم و هاوپیمانیی عەڕەبی تاونبار نین، بەڵکوو کۆماری ئیسلامیی ئێرانێش بە دانی چەک و تەقەمەنی و ناردنی راوێژکاری نیزامی بۆ “حوسیەکان” لەو شەڕ و ماڵکاولیەدا بەشدارە و بە تێکڕا یەمەنیان کردۆتە دۆزەخێک بۆ خەڵکە هەژارەکەی.
بێگومان هێرشی ئەمریکا و بریتانا و فەڕانسە پێش سەلماندنی بەکارهێنانی بۆمبی شیمیایی بە هۆی سوریەوە لە لایەن ئەو تیمەی بۆ ئەو مەبەستە چووبوون کارێکی هەڵە بوو، هەرچەند پێشتر رژیمی سوریە چەکی شیمییایی دژ بە گەلەکەی ئەنجام دابوو. لە راستی دا سوریە بۆتە جێ تاقیکردنەوەی چەکە تازەسازەکانی وڵاتە زلهێزەکان .لەمبارەوە رووسەکان بە ئاشکرا باسی تاقیکردنەوەی چەکە نوێ کانیان لە سووریە کردوە.
لە ساڵی ٢٠١١ کە ولاتانی رۆژئاوا هێرشیان کردە سەر سوریە، لەبەر ئەوە نەبوو کە بەشار ئەسەد دیکتاتۆڕە، بەلكوو سوریە لە ژیر حیمایەی رووسیەدا بوو، ئەوان دەیانویست بە رووخاندنی بەشار ئەسەد لە نفووزی رووسیە لەو ناوچە کەم کەنەوە. دواییش لە سەرهەڵدانی داعەشدا وڵاتانی تورکیە و قەتەر و عەڕەبستانی سعودی لە پێشدا بە پشتیوانی لە داعەش و بە دژایەتی لە گەڵ هیلالی شێعە لەو شەڕەدا تێوەگلان و لەولاشەوە رووسیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵای لوبنان بۆ یارمەرتیی رژیمی سوریە هاتنە مەیدان. هەر دەستە و تاقمێکی کۆنە پەرستی ئیسلامی بەشێکی لە سوریەی بۆخۆی پچڕی و کوردەکانیش کە قەت لە سوریەدا هیچ مافێکیان نەبووە، کەوتنە خۆ و ناوچەکانی خۆیان لە داعەش پاک کردەوە. ئەمریکاش کە زانی کوردەکان تەنیا هیزێکن کە بە راستی و بە گشت هێزیانەوە بەگژ داعەشدا چوونەتەوە، لە پێشدا بە فرۆکە یارمەتیی کردن و دواییش یارمەتیی نیزامیی بۆناردن. “هەسەدە” کە پێک هاتووە لە کوردەکان و عەڕەبەکان و ئەرمەنیەکان و کەمەنەتەویەتەکانی دیکەی ئەو ناوچە، زۆربەی ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی داعەشیان رزگار کرد و سی کانتۆنی خۆسەرییان لە جەزیرە و کوبانی و عیفرین پێک هێنا کە خەڵک خۆیان ئیدارەی کانتۆنی خۆیان دەکەن.
رژیمی تورکیە کە سەرکەوتنی کوردەکانی رۆژئاوی وەکوو چەقلی چاوخۆی دەبینی، کەوتە خۆ وبە هێزیکی قەبەی تەیار بە فرۆکەی ئەمریکایی و تانگی ئەڵمانی و چەک و چۆڵی وڵاتانی دیکەی “پەیمانی ناتۆ”ی شەڕەنگێز لە حاڵیکدا کە دەیان هەزارکەس لە دەستەو تاقمی کۆنەپەرستی عەرەبی سوریە و تورکی ئاسیای ناوەڕاست و تەنانەت رۆژئاوای چین بۆ راوورووت پێشی سوپای تورکیە کەوتبون، هێرشی کردە سەر عیفرین کە لەوێدا چەند نەتەوەی جیاواز لە ئارامش و ئاشتیدا پێکەوە دەژیان. دیارە پشتیوانی رووسیە و پەیمانی ناتۆ و چەندین وڵاتی دیکە لەوانە ئێرانی بەدەست هێنابوو. لەولاشەوە ئەمریکا کە بەڕواڵەت هاوپیمانی کوردەکان بوو لە گەڵ فەرانسە و بریتانیا بە بێدەنگیان رەوابوونیان بە هێرشەکە دا. دیارە رووسیە سوریەشی رازی کردبوو کە هێچ دژکردەوەیەک پیشان نەدا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەبەر سیاسەتی دژی کوردبوونی خۆی ئەو هێرشەی پێ ناخۆش نەبوو. لە ماوەی دوو مانگدا لە گەڵ بەرگریی قارەمانانەی کچان و کوڕانی یەپەژە و یەپەگە، سەدان ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی عیفرین گیانیان لە دەست دا و دووسەد هەزار کەس لە ماڵ وحاڵی خۆیان ئاوارەبوون و خانوو و گێڵگە و باغ و دەغل و دانیان بە بۆمارانی ئەرتەشی تورکیە وێران بوو و ئەوەشی کە مابوو ئەو عەڕەب و تورکانەی کە هاوڕیی ئەرتەشەکە بوون تاڵانیان کرد.
بۆمبارانکردنی خاکی هەر وڵاتیک لە لایەن هەر هێزێکەوە تاوانە، مەگەر ئەوەی ئەو جیگەی بۆمباران دەکرێ کارخانەی دروستکردنی چەکی قەدەغە کراوی دژی مرۆڤی لێ بێ. بۆمبارانکردنی دوماش ئەگەر نەسەلمێندرێ کە جێی دروستکرنی چەکی کیمیایی یە، تاوانە و من دەستخۆشی دەڵێم بەو دۆستانەی کە بەیان نامەکەیان ئیمزا کردووە.
بەڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ خۆ بۆردمانکردنی عه‌فرین لە لایەن تورکیە وە سەد بەرانبەر زیانی زۆرتر بووە و چەکی کیمیاییشی لێ دروست نەدەکرا هیچ دەوڵەتی تورکیە دەیان جار لە بومبی قەدەغەکراوی فوسفوریی کەڵکی وەرگرت، کە لە روانگەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بە چەکی شیمیایی دێتە قەڵەم. ئەی بۆچی ئەو دۆستانە ئەو کارەستاتە مرۆڤیەیان مەحکووم نەکرد؟ من دووهۆی تێدا دەبینم، یان لەبەر ئەوەی تورکیە دۆستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەم دوایانەدا لە گەڵ رووسیە بوونەتە تاقمی “سێ تفەنگدار” و لە سەرچارەنووسی گەلانی ناوچەکە کۆبوونەوەی پەیتا پەیتا دەکەن ، یان نەکا دەماری شوینیستی بەرامبەر بە بزووتنەوەی کوردەکان لەوانیشدا بوونی هەبێ، کە لە هەر دووحاڵەت دا ئەوکەسانە جێی رەخنەن.