beshab.jpgڕۆژی ئەمڕۆ جادەکە لێرە و لەوێ بە ڕیزی درێژی دەستەی ١٠٠ کەسی پیاوی پۆشتە گەشابۆوە کە هەرکامیان لە ڕێیە دابوون بۆ مەزارگەی کەربەلا،

باشووری بابل، تا "شایستەیی" کۆ بکەنەوە، بەڵگەنامە وەرگرن و تا کۆتایی ژیان بە کەربەلایی بانگ بکرێن. پیاوی زۆر جوان لە باشترین کاتی ژیانیاندا زۆربەیان کەیفخۆش و سوورهەڵگەڕاو، کڵاوی گەورەی ڕەش لە پێستی مەڕ کە وەک کارگ دەچن، چەکمەی چەرمی قاوەیی، بە گوڵدۆزیی جوان کە لینگی شاڵوارەکانیان تێهاویشتووە و پەستەکی قاوەیی لەبەر، کە نە تەنیا خۆیان پێداپۆشیوە بەڵکو ئەسپە جوان و چوستوچالاکەکانیشیان. چەند ژنی بەساڵداچووی بێ لێچکەشیان لەگەڵدابوو. زۆربەیان لەسەر بوخچەی پێخەف و جلوبەرگیان دانیشتوون و قلیان و کەرەستەی چێشت لێنانیان بە قەراغێوە ڕادەژێ. گشتیان تفەنگ و شمشێریان پێیە. من هەزاریانم دیت، زۆربەیان ژێر دەسەڵاتی ڕوسیان و ئەوانەی کە بە پەنای خێوەتەکەمدا تێپەڕ دەبوون و چاویان پێم دەکەوت بە سەردانەواندیان بۆم نیشانیان دەدا کە بندەستی دەسەڵاتێکی شارستانییانەن. ئەوان بە ڕاستی پیاوی فرە جوان و دڵڕفێن بوون.

ئەو ٢٠٠ کەسەی کە لە گۆی ئاغاج پشوویاندا، لە ژێر فەرماندەیی سەید بوون کە پێش دەستپێک، بەدوای زیارەتکەران دا دەگەڕا و لە هەر یەکەی نزیکەی ٥ قڕانی وەردەگرت. ئەو لەم سەفەرەدا لەبەر ئەوەی کە نەوەی پێغەمبەرە، ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێ. ئەو وەڵاغێکی بارهەڵگر و خێوەتێکی هەیە و "زیارەتکەرەکان" بە سپاسەوە خواردنی بۆ ساز دەکەن، لەسەری ڕادەوەستن، ئاگایان لە ئاژەڵەکەی دەبێ، ئەردی تۆزاوی دەوری خێوەتەکەی بۆ ئاوپڕژێن دەکەن، شامپۆی لە ئەندامی لەشی دەدەن، مێشانی لێ دەردەکەن، و دەستخۆشانەکەیان بۆ ئەم خزمەتانە ئەوەیە کە ئیزنیان پێدەدرێ کە دەستی ماچ بکەن. ئەویش باشترین مەنزڵگەکان و بە مەیمەنەت ترین ڕۆژەکان بۆ سەفەر هەڵدەبژێرێ، و بەڵێنی دەدا کە گاڕانەکە (زیارەتکەرەکان) لە پیلانی بەدخوازانەی جندۆکان و لە چاوی پیس بپارێزێ. لە سەفەرەکەدا ئەو هەم خوتبان دەخوێنێتەوە و هەمیش مەدداحی دەکا.
سەیدی بەرپرسی ئەم ڕێوڕەسمە پیاوێکە خاونی پەیکەری فەرماندەرانە و ڕوخسارێکی سپی وەک هی مردووان. دەم و چاوی دەتگوت لە مەڕمەڕی سارد تاشراوە، ئەو ڕێز و سەرنجی خەڵکەکەی بە بێ تەفاوەتییەکی ڕووحانی وەک هی بودا وەردەگرت. بۆنوبەرامی پیرۆزییەکی دانپێدانراوی پێوە دیار بوو و شانازیی و پاکیی لە قەڵافەتە جوانەکەی دابوو. ئەو شەوەکەی بە نۆحە خوێندنەوە بردە سەر و نیشاندانی هەستەکانی بە شێوەیەک پلان بۆدانراو بوو، کە بە بێخەوشی فێریان ببوو، گوێگرەکانی بەتەواوی وەجۆش هێنا. مەوزوعەکە لەبارەی باشییەکانی حوسێن دابوو و کام نۆحەخوێنە دەتوانێ ئەم بابەتە باس بکا بێ ئەوەی کە لە کۆتایی دا نەگاتە شەهادەتی ئەم پیاوە " پیرۆزە"؟ ئەوکات بەشدارەکان دەگریان، هاواریان دەکرد و لە سینگی خۆیان دەدا، و زۆر دوای ئەوەی کە من ئەم شانۆیە تاقانەیەم جێهێشت، دەنگی سڵاو بۆ پێغەمبەر، عەلی و شەهیدەکان حەسەن و حوسێن، کە سەید بەڕێوەبەریی دەکردن، لە هەوای ئارامی شەودا دەنگی دەداوە. لە نیوە شەودا، دووبارە کاتژمێر چوار دەنگێکی تاقانەی وەک زەنگوڵە لەناو گوندی نوستوو هاواری دەکرد، " تەنیا خودایەک هەیە، موحەممەد پێغەمبەرییەتی، و عەلی یاریدەدەریەتی،" و ٢٠٠ دەنگ بە بەرزی و یەکدەنگی دووپاتیان دەکردەوە، " تەنیا خودایەک هەیە، موحەممەد پێغەمبەرییەتی، و عەلی یاریدەدەریەتی،". زیاد کردنی وشەکانی " پیرۆز و ڕاستە" بە فۆرمولە ئاساییەکە زۆر بەرچاوە و لەو بڕوایە دام کە شتێکی زۆر نائاساییە. سەیدەکە بە فارسی خوتبەی دەخوێند، و زیارەتکەرەکانیش بەو زمانە دەدوان.
لە کاروانی ئەوتۆدا هەستێکی تەواو دێموکراتیک حاکمە. هەموو ڕێز لە سەید دەگرن، جگە لەمە گشتیان یەکسانن. بە بێ جیاوازیی کۆمەڵایەتی، زیارەتکەرەکان هەمان خواردنیان پێدەدرێ، لە هەمان ژووردا دەخەون، لە دەوری هەمان ئاگردا دادەنیشن و بەرامبەر بە یەکتر ئازادیی ڕادەربرینی تەواویان هەیە. سەفەرێکی ئەوتۆ و عیبادەتێکی لەم شێوەیە دروستکەری پەیوەندییەکی ساکاری برایانەیە.
گۆی‌ئاغاج یەکەم گوندی کوردییە کە من لەوێ بە ڕاستی لەگەڵ خەڵک تێکەڵ بووم. من ئەوان خوێنگەرم، میوانپەروەر و گەلێک خۆشمەشرەف دەبینم. هاوسەری کوێخا سەردانی کردم و من دوایی چوومەوە سەردانی. هەر ماڵ یا دامەزراوەیەک دیوی دەرەوەی وەک یەک دەچێ، دیواری بەدەورەدا لێدراوە، و لە نێوان دیوار و ماڵەکە حەوشێکی ناڕێکوپێک هەیە کە بۆ چوونە ژوور دەبێ بەناو دەروازەیەکی دارەبییان دا بڕۆی. لەناوەوە بینای نەوی بە قۆرتوپێچ بە دیواری ئەستووری گڵی تێدان. دیواخانەکە هۆدەیەکە بە دیواری سپیکارییکراو کە بە بازنە و شکلێتر لە ڕەنگی سوور ڕازاواتەوە کە شوێنی کۆبوونەوەی پیاوانە بە تفەنگ و مۆدنەکانیانەوە.
بۆ چوونە ژووری ماڵەکان دەبێ خۆت چاک دوولا بێنییەوە، چونکە دەروازەکە تەنیا نزیکی میترێک بەرزە و بە دەرگایەکی قورسی دار کە بە گیرەی ئاسن بەهێزکراوە، پارێزگاریی لێدەکرێ. دیوی ژوورەوە بە هۆی نەبوونی پەنجەرە، داڵانی پڕ قۆرتوپێچی ژووران کە لە دوو میتر بەرزتر نین، کۆڵەکەی گرێدار و نەتاشراو کە میچەکە ڕادەگرن، تاریکی، ئەستووریی بەرچاوی دیوارە گڵییەکان، ئەو ڕووناکاییەیەی کە بە کڵاوڕۆژنەکاندا دێتە ژوور، ئەسپەکانی کە بەقەدە داران بەستراونەوە و دووکەڵ، ئەشکەوت دەخاتە بیری مرۆڤ. " ژووری دانیشتن" قووڵکێکی بچووکە، کە لە لایەک بە هۆی گۆزەی دانەوێڵە کە هێندە بەرزن کە دەگەنە میچی، و لە لایەکیتر ڕیزی کووپەی ڕۆن کە لەهەر دانەیاندا پیاوێک جێگای دەبێتەوە، بچووک بۆتەوە. ئاوری دەوە/تەپاڵە لە نێوقەدی ژوورەکە دووکەڵێکی تووندی لێ هەڵدەستا و گەرمایەکی کەم. چەند لێفەی ئەستووریان بۆ ئامادە کردبووم و چایان بە سەماوەری ڕووسی لێنا و لە ئیستیکانی ڕووسیشدا بۆیان دانام.
هاوسەرەکە جوان بوو و لە هیچ وڵاتێکیتر کیژێکی جوانتر لە کچەکەیانم نەبینیبوو کە وەک حەزرەتی مەریەم دەچوو. ئەوان پێیان گوتم کە ٥ مانگی زستان بەفر هێندە دەبارێ کە دەگاتە ملان، و کەس ناتوانێ لە گوندەکە دەرکەوێ. پیاوەکان بە ئەسپەکان و ئاژەڵەکان ڕادەگەن و ژنەکانیش فەڕشان دەچنن، بەڵام زۆربەی کاتی هەردوو لا بە خەوتن تێپەڕ دەبێ.
لەگەڵ ئەم کیژە جوانە، کە هەم دڵڕفێنە و هەم جوان، و خزمەتکارێک، سەردانی زۆر کەسم کرد و بۆم دەرکەوت کە گشت خانووەکان بە یەک شێوەن. من لە خاوێنی لەڕاددەبەدەری ئەوان سەرم سوڕ ما. ئەردە گڵییە رەقەکان تا ئەو جێیەی دەکرێ بە گەسک بماڵدرێن، خاوێن دەکرێنەوە و خەڵکەکە هەم خۆیان و هەم جلوبەرگیان خاوێنە. ژنەکان، کە زۆربەیان جوانن، لێچکەیان پێوە نییە، و تەنانەت چارشێویش بە خۆ دانادەن. تاجیلەیەکی ڕەشیان لەسەرە کە زۆر لێیان دێتەوە و زنجیری سکەی زێوی پێوە هەڵواسراون. پەڕۆیەکی سوور بە گرێیەکی نە زۆر تووند لە پشت سەریان دراوە کە لەسەر پرچە ئەستورەکانیان بە دەرزیلەی زێوین هەڵپێچراون. ئەم کچە بێ لێچکەیە بەناو دەستەی پیاوی بێگانەدا، بە ساکاریی و ڕێزداریی کیژانە لەگەڵمدا دەهات کە زۆر دڵخۆشی دەکردم. دوای دیتنی شێوەی ڕۆیشتنی شل و شەوێڵی ژنی بێ فۆرم و داپۆشراوی فارس، دیتنی ڕوخساری جوان، باڵای بەرز و قایم و شێوەی ڕۆیشتنی چستوچالاکی ئەم ژنە کودرانە شتێکی وزەبەخش بوو. پیاوەکانیش بەهەمان شێوە جوانن، و زۆر پیاوانە دێنە بەرچاو.
ئەم گوندە کوردانە سوننین، و لەگەڵ جیرانەکانیان، شیعەکان یەک نین و جارجار گاڕانی یەکتر دەڕفێنن.
بەیانی زوو ڕۆژی دواتر، لە کاتی جێهێشتنی ئەم شوێنە دڵگیرە، کوێخا و چەند پیاوێکیتر یەکەم فەرسەخ لەگەڵمدا هاتن، و لەگەڵ ئەوەی کە ئیسکۆرتی سوارەکانم بە چوار "پارێزەری ڕێگا" کە ڕوخساری کێوییان هەبوو زیاد بوو کە چۆنیان پێ خۆش با ئەسپسوارییان دەکرد، لە پێشەوە یا لە دواوە، هەندێک جار ئەسپەکانیان بە شێوەی بازنەیەکی کە بچووک دەبۆوە غار دەدا، هەندێک جار بە سەر گردە لێژەکاندا هەڵدەگەڕان و دادەگەڕان، بە لای ڕاست و چەپی ئەسپەکاندا تەقەیان دەکرد، بە خەنجەری دەمخوار هێرشیان دەکردە سەر یەکتر و ئاوازی نا هاوئاهەنگیان دەخوێند، ئێمە بەناو خڕێکی قووڵدا رۆیشتین کە ڕووبارێکی باریک کە بە ناو دەروازەی گاشە بەردی ڕەش، سوور و نارنجی دەهاتە دەر و بە ناو دۆڵێکی درێژ دا تێپەڕێن، پاشان بەسەر گردی خڕ و دوایە چووینە خوار بۆ هەوارگەیەکی مەزنی خێڵێک لە قەراخ چەمێکی تەقریبەن وشکبووی قوڕاوی کە خەریکی جەژن گرتن بوون و من لە خێوەتە بجووکەکەمدا حەسامەوە.
ئەم "پارێزەری ڕێگایانە" دوو سێ جار غاریان دا بۆ لای شوانەکان کە چاودێریی ڕانە مەڕەکانیان دەکرد و داوای بەرخییان لە هەر کامیان کرد بۆ پاشماوەی ڕێگا و داواکەیان بەجێ گەیەندرا. وەرزێڕەکان زۆر لەم پیاوانە دەترسن. ئەوان دەڵێن، لە جیاتی پارێزگاریی لە کاروانەکان و مسافیرەکان، ئەوان بەرپرسی زۆربەی تاڵانکارییەکان لە سەر ڕێگان، و ئەوان باشترین مریشک و بەرخەکانیان لێدەستێنن بێ ئەوەی کە پارەیەک بدەن، و ڕۆژانە نزیکەی ٥ کیلۆ جۆ بۆ ئەسپەکانیان دەستێنن و ئەگەر سکاڵا بکەن، چەند ڕۆژ خۆ بە سکاڵاکەرەکە بەخێو دەکەن. لەبەر ئەم هۆیانە من بە تووندی لە شوێنێک کە بەڕاستی لەبەر ئاسایش پێویست نەبێ، دژی ئەو ئیسکۆرتانەم. من ڕۆژانە دوو قڕان دەدەم بە هەر کام لەم پیاوانە، و پێشدا ڕۆژانە نەفەری دوو قڕانم وەک " پارەی ڕێگا" بە خۆیان و ئەسپەکەیان دەدا، بەڵام دوای ئەوەی کە پێمزانی کە خواردنیان بێ پارە وەردەگرت، ئێستا راستەوخۆ پارەی ئەو شتانەی کە بە پیاوەکان و ئەسپەکان دەدرێ بە خەڵکەکە دەدەم. تەنانەت بەو کارەش نەمتوانیوە چاوچنۆکیی ئەم سوارانە بگۆڕم، چونکە دوای ئەوەی کە لە سەر "لیستەی حسابەکە" پێکهاتین، ئەوان هەڕەشەیان کرد ئەگەر کوێخا هەمان پارەی کە من پێمداون پێیان نەدا، لێی بدەن.

بەشەکانی پێشووتر

١ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، گاخەود ١٨ ی سێپتامبر. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٢ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی دووهەم. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٣ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی سێهەم

٤ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی چوارەم

٥ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی پێنجەم

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک