kamal_hassanpour.jpgمارشەکە بەرەوە جەعفەرئاباد بەناو هەمان زەوییە یەک هەوایەدا، هەڵگەڕان بەسەر گردان بە دەشتی بچووک لە ناویاندا، بە کەمئاویی و

خەڵکی کەم، گوندی خەشمەغەل بە ١٥٠ ماڵ و قەڵای وێران تەنیا شتی سەرنجڕاکێشە.

لە سەر ڕێگا بەرەو جەعفەرئاباد، ناسرئاباد هەڵکەوتووە، کە سەردەمێک هەندێک ویرانە بوو کە بەشێکیان لە ژێر زەوی دابوون و دز لە ناویاندا دەژیان. چەند ساڵ لەمەوبەر پاشای ئێستا لە یەکێک لە سەفەرەکانی بۆ ڕاوکردن لە نزێک ئێرە بارگەی خست و چاوی بە چۆلگەیی ناوچەکە کەوت کە ئاو بەفیڕۆ دەچوو، هەندێک بنەماڵەی بە بەرتیلی پارە و زەوی هاندا کە لێرە نیشتەجێ بن. ئێستا ئێرە شەست ماڵی لێیە کە بە سامانێکی زۆر دەورەیان گیراوە. پاشا ئێستاش ساڵی ١٠٠ تمەن دەدا بەم خەڵکە و باجێکی زۆر کەمیان لێوەردەگرێ. ناسرەددین دەبێ وەڵامدەری گەلێک تاوانکاریی بێ، زۆر ئاکاری ستەمکارانە، و هەندێک خوێنڕێژیی، بەڵام لەناو لێشاوی سکاڵا لە سەرکوت و تاڵانکاریی کە من لە زۆر شوێنان دەیبیستم، تەنیا شتێکی باشم لەبارەی ئەوەوە نەبیستووە، تەنیا باسی پارە بە زۆر ئەستاندن و چاوبرسییەتی بێ بەزەییانەی حاکمەکان و کاربەدەستانی ژێر دەستی ئەوان دەکرێ.
جەعفەرئاباد، گوندێکی ١٠٠ ماڵییە لە شوێنێکی بە پیت، گۆڕەپانێکی خێوەتهەڵدانی هەیە کە چیمەنەکەی نەرمە و هەم پێمان خۆشە کە لەوێ بیخەین و لە هەمان کاتدا مەترسییدارە، ئێمە گشتمان بە هۆی شێ ساردەکەی شەوانەی ڕوماتیسممان گرتووە. ڕێژەی گەرما هەر دێتو نزمتر دەبێ و هەتاویش تەنیا لە نێوان کاتژمێر دە و چوار گەرم دەبێ. جەعفەرئاباد گوندێکی خۆشگوزەرانە، هەر وەک زۆر شتیتر لەم ناوچەیە، خاوەنەکەی حاکمی تەورێزە کە ئاکاری بەخشندەیی هەیە.
هەموو شتێک تەڕ بوو، تەنانەت ناو خێوەتەکەم. بەڕاستی سارد بوو. لەگەڵ کازیوە گوێم لە دەنگی بەکەیفی میرزا بوو کە دەیگوت، " مادام، ئەوان پێیان وایە کە ئەسپەکەت تۆپیوە!" بەستەزمانە دوو کاتژمێر لەناو هەرا و هوریای بارکردندا بێ جووڵە درێژ ببوو. داوام لێکردن توربێنەکەی لە ملی داماڵن، کە تەقریبەن پڕ بوو، بەڵام هەر جووڵەی نەکرد. من چوومە لای و بە تووڕەییەوە گوتم، " وەرە دەی هەستە، پیرە بۆی" و ئەو بە زەحمەت کەوتە سەر پێ، خۆی ڕاوەشاند و دەستبەجێ بۆ خواردن دەمی بۆلای گیرفانەکانم هێنا و وەک هەمیشە کاتێک کە هیچی نەدیتەوە سەرێکی لێڕاکێشام. ئەو بە هۆی نووستن لە شوێنی شێداری خاوەن سیخوار سڕ ببوو. شەوی دواتر بە پرخەپرخی بەرز لەبەر هەیوانی خێوەتەکەم خەوت. ئەو بۆتە هەڤاڵ و هاودەمێکی باش.
لەکۆتاییدا سوارەکان لێرە جێیان هێشتم، و کوێخا لەگەڵ دوو نۆکەرەکانی ئیسکۆرتیان کردم، پیاوێکی مەشرەفخۆش و ژیر کە خاوەنی سامانێکی بەرچاوە. دەڵێن قۆناخی داهاتوو " گەلێک مەترسیدارە،" و زۆر کەس کە لە چوون بۆ گوندی دواتر نیگەرانن بوونە هاوڕێی کاروانی من. خێوەتەکانم لە لایەن هەشت کوردی گوندی کە وەک کێوییان دەچن و گۆپاڵ و تفەنگی درێژیان پێیە دەپارێزرێن. بە کوێخام گوت کە دوو کەس بەسن و ئەو گوتی کە تەنیا پارەی دوو کەس بدەم، ئەوانیتر بۆ دڵنیایی ئەو لەگەڵم بوون، ئەگەر دوو کەس بن لەوانەیە پیلان بۆ تاڵانکردنم بڕێژن، بەڵام ئەگەر زۆرتر بن یەکتر دەخەنە ژێر چاودێریی و چەتەکانی ئەم ناوچەیە بە یەک و دوو نایەن بۆ دزیکردن، بەڵکو تاقمی مەزن هێرش دەکەنە سەر خێوەتان.
ڕێپێوانی دواتر زۆربەی ڕۆیشتن بەناو دۆڵی درێژ لە ناو گردی نەوی دابوو. کوێخا بێهۆ زۆر دەیڕوانییە ئەمسەر ئەوسەر و ئێمە زۆر نزیک لە یەکتر دەڕۆیشتین. تاقمێک پیاوی پۆشتە بە سواریی هاتن و تێکەڵی ئێمە بوون. میرزا خۆی گەیاندە من و بە دەنگە کەیفخۆشانەکەی خۆی گوتی " مادام، ئەوانە چەتەن." ئەوان پیاوی تاقمی بەناوبانگی حەسەن خان بوون. ئەوان بە فارسی قسەیان دەکرد و میرزا بۆی وەردەگێڕامەوە کە چی دەڵێن. دەیانگوت کە شەو و ڕٶژێک لە ڕێگادابوون و هیچ دەسکەوتێکیان نەبووە، بۆیە دەبێ بار و ئەسپەکانمان ببەن، ئەوان زۆر پێویستیان بە ئەسپان بوو. کوێخا کە زۆر بە باشی دەیناسین، دژیان وەستایەوە و مشومڕەکەیان ماوەیەکی باشی پێچوو، ئەوان پێداگر بوون و ئەو بە سەربازخانەی بیجاڕ هەڕەشەی لێدەکردن، بەڵام هەرچی گوتی بێسوود بوو تا ئەوکاتی کە پێی گوتن کە من هاوسەری حاکمی تەورێزم و سەردانی هەمەدانم کردووە و قەرارە میوانی خانمەکانی حاجی بابا، حاکمی ئاچاز بم، و من بەڵێنیم پێداوە و ئەو بەرامبەر بە ساخڵەمیی من بەرپرسیارە. " دەزانی، من پیاوێکم کە بەڵێنی خۆم دەبەمە سەر." ئەوە ئاکامگیریی ئەم درۆ ژیرانە بوو کە بۆ مەبەستی خۆی شایستە بوو، چونکە ئەوان گوتیان کە دەیناسن و لەبەر ئەو هۆیە تاڵانم ناکەن.
ئەوان چەند مایل لەگەڵ ئێمەدا هاتن، ئەوەی ڕاستیی بێ رێبەرەکەیان، کە پیرەپیاوێکی خاوەن ڕوخساری شەڕانیی بوو مێزەر بەسەر و عەبایەکی قاوەیی وەک عەڕەبانی لەبەر بوو، ئەسپەکەی هێندە لە من نزیک کردبۆوە کە لوولەی تفەنگەکەی بێ پسانەوە وە زینەکەم دەکەوت. ئەوان جگە لە دەمانچە، تفەنگی جووت لوولەشیان پێبوون. کاتێک کە گەیشتینە بەشێکی وڵات کە کوێخا گوتی خاوەن ئاسایشە و بەلەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە چەتەکان بە لایەکیتر دا ڕۆیشتبوون، من کاروانەکەم لەگەڵ خزمەتکارەکان بەڕێکرد و بۆ کاتژمێرێک وچانم دا. دوای وەڕێکەوتن و قۆرت کردنەوەیەکی تووند بە دەوری گاشە بەردێکدا، هەموویان لەوێ بوون، دابەزیبوون و هێرشیان کردە سەرمان. لەگەڵیان دەستەویەخە بووین و چونکە من تەنیا دوو پیاوم لەگەڵدا بوون، ئەوان دوو بە یەک بوون، و بێگومان بەسەر ئیسکۆرتەکانمدا زاڵ دەبوون ئەگەر لەبەر چەند ئەسپسوارێک نەبا کە لە دوورەوە دەر کەوتن، ئەوان سوار بوونەوە و ڕایان کرد. یەکێک لە ئەسپەکان بریندار بوو و من بە شێوەیەکی نەخوازراو یەکێک لە جومگە دەستەکانم بڕی. ئەوان پێیان وابوو کە من پارەیەکی یەکجار زۆرم پێیە. کوێخای تەکاوتەپە گوتی کە ئەوان چەند ڕۆژ لەمەوبەر گوندی ئەویان تاڵان کردووە و چەند سەر ڕەشەوڵاغیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
تەکاوتەپە گوندێکی سی و پێنج ماڵییە، چێکەرێکی تفنەگ کە وێدەچوو "بازاڕێکی گەرمی" هەبێ. لە ماوەی سێ ڕۆژ من زۆر کەم پیاوی بێ چەکم دیتووە. میرزا بە نامەی من لە لایەن حاکمی بیجاڕەوە چوو بۆ لای حاکمی ئاچاز کە شەش مایل لێرە دوورە، و ئەو زۆر بە ئەدەب بوو. ئەو ڕاوێژکارێکی نارد و داوای کرد کە یەک دوو ڕۆژان لە ماڵی حاکم بەرمە سەر و پێی گوتبوو کە ئەگەر ناتوانم میوانی بم، ڕاوێژکارەکە شەو لەوێ بمێنێتەوە و ئامادەکاریی بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسایشی من بکا، بڕیارێک کە زۆر بە باشی بەڕێوە چوو. ٧٢
ئەو پەیامی نارد کە ئەگەر من نامهەوێ میواندارییەکەی قبووڵ بکەم، هێشتاش میوانی ئەوم و پێویست ناکا پارەی شتێک بدەم، ئەوە میهرەبانییەکە کە بە چەند هۆ، ناتوانم قبووڵی بکەم. ئەوەشی زیاد کرد کە ئەگەر چی ڕێگاکە ئەمینە، بەڵام ئەو سێ سواران دەنێرێ " تا ڕێز لە خانم بگرێ،" و ئەوان فەرمانیان پێدرا بوو کە هیچ دیارییەک وەرنەگرن. ئەو پیاوانەی هەوڵیاندا کاروانەکەم تاڵان بکەن، شەویان لەوێ تێپەڕ کرد، و چونکە پێشدا گوندەکەیان تاڵان کردبوو، خەڵکی گوندەکە بە پارێزگاریی ڕاوێژکارەکەی حاکم و سوارەکانی من گەلێک کەیفخۆش بوون.
ساوجبڵاغ، ٢ی ئۆکتۆبر، دوای ئەوەی کە "بەڕێزەوە داوام لێکردن"، کاروان و خزمەتکارەکانم بەڕێکردن، و ئێستا کە سوارەکان لەگەڵمدان دەمتوانی مارش بەرەو جیاکەهاز بە خێرایی تێپەڕ بکەم. سوارەکان سێ کوردی ڕوخسار کێوی بوون و کاتێک کە چوارناڵ دەڕۆیشتن، بۆی ناچار بوو بە شێوەیەکی بەرچاو تین بۆخۆی بێنێ تا بتوانێ هاوشانی وان غاردا، دیاربوو ئەوان هەوڵیان دەدا ناچاری بکەن بە خێرا غار بدا.
ڕۆژێکی سارد بوو، هێندە سارد کە پێویست بە پٶشینی پەستەک بی، و هەوایەکە دڵگیر بوو. وەرزی ئارامی سەفەری پارس هاتبوو، دژوارییەکان تێپەڕ ببوون و تاوەکەم (تەب) لەکۆڵ ببۆوە. ڕێگاکە بەسەر گردی قاوەیی، ڕووت و بێ دەوەندا تێپەڕ دەبوو، ئەوە شتێکی نامومکین بوو کە چێژ لە غاردانە چوارناڵییەکان بەسەر گڵی بێبەرد، هەوای وشک و فێنک، ئاسمانی شینی درەوشاوە و بەرزایی گۆڕاوی هەتاو، وەر نەگری کە لە خراپترین دوژمنەوە بۆتە دۆستێکی ژیر. ئەوە ڕاستە کە ئەو شوێنەی پێیدا تێپەڕ دەبم هێندە سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام، وەک هەر شوێنێکیتری پارس، چیای بەرین دیارن، ئارام بە چارشێوی شینی ئاسمان و ئەم وڵاتە، ئەگەرچی سەرنجڕاکێش نییە، دەردەکەوێ کە بە پیت و بەرەکەت بێ و خەڵکێکی زەحمەتکێش و تا ڕاددەیەک خۆشگوزەرانی هەبێ ٧٣ ، لێرە تەقریبەن تەنیا بە تورکی دەدوێن.
گشت ڕێگای ئەمڕۆ ڕۆیشتن بەرەو هەوراز بوو و شوێنی حاوانە تەقریبەن ٣٠٠٠ میتر بەرز بوو. من لە ڕووباری سەرەخ بە سەر پردێکی خشتەیی سێ کەوانییدا تێپەڕ بووم و پاشان گەردەنی تیر ماچی، کە لەوێڕا دیمەنێکی بەربڵاو دەبینی، و بە ڕێگای سەخت و پڕ نشێو کە زۆرجار بە سەر هەڵدێری قووڵدا دەڕوانن ، گەیشتینە جیاکەهاز. تەڕترین شوێنێ ئێرە نزیکی گوندێک بوو و بۆ ئاشی ئارد کەڵکی لێوەرگیرابوو. سەرچاوەیەکی زۆر و هەر وەک هەر شوێنێکی خاکی پارس کە ئاوی لێیە، ئەم گوندە، کە هی کوردانە، یەکجار دەوڵەمەندە. حەوت خەرمانەکەی بە تەواوی خەریکی جیاکردنەوەی گەنم لە کا بە باوەشێن بوون و کارەکە هێندە وەستایانە دەکرا کە لە کۆتاییدا جگە لە گەنم هیچ شتێک لە سەر ئەردە ڕەقە گەچییەکەیان نەدەمایەوە و ئەو وشانەی باپتیست (ئینجیل) دەهاتەوە بیرت، " هەرکەس باوەشێنەکەی بەدەستەوە، ئەو بە باشی ئەردی خۆی خاوێن دەکاتەوە." گەنم لە هەموو جێیەک بوو کە " لە ئەمباری دانەوێڵە"، مەخزەنی گەورەی گڵی دەکرا کە هەر یەکەی جێگای ٢٠ پوتی دەبێ و پێویستیی گشت ماڵێک دابین دەکا.
ئەم گوندە تەنیا ٢٠٠ ماڵە و خاوەنی ٧٠٠٠ سەر مەڕ و بزن، ٦٠ ئەسپ و جوانوو، ٤٠٠ سەر ڕەشەوڵاغ و تەنیا ٢٣٠ تمەن باج دەدا. ئەم گوندە و ژمارەیەکی زۆر گوندی دیکە هی حەیدەر خان، حاکمی ئاچازن کە دیهاتییەکان وەک ئاغایەکی میهرەبان باسی دەکان. باغی قەیسی و هەرمێی زۆر، و لە شوێنێکی شیناوردی دڵگیری یەکێک لەم باغانە بارگەم خست. کوێخا و چەند پیاویتر بۆ چاوپێکەوتنم هاتن، بە ڕاستی ئیستیقباڵەکە (دەستەی بەخێرهاتنکردن) لە سورای کورد پێکهاتبوون. گوندەکە بەتەواوی پڕ بوو لە پیاو و ئەسپ، ئەمشەو ٢٠٠ زیارەتکەر لەوێ حاوابوونەوە.

بەشەکانی پێشووتر

١ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، گاخەود ١٨ ی سێپتامبر. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٢ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی دووهەم. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٣ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی سێهەم

٤ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی چوارەم