qelem.jpgوەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
تەکاوتەپە، ٢٤ی سێپتامبر، ئەم ناوچەیە شوێنێکی مەزنی بەرهەمهێنانی گەنمە و بە هیچ شێوەیەک

هەژار نییە، بەڵام لە ساڵدا تەنیا یەک جار بەرهەمی هەیە، زەوییەکان دوای دروێنە یەکسەر دەکێڵدرێن و ئاودێریی ناکرێن تا کاتی تۆو چاندن. لە ئاکامدا هیچ شتێک لە ناشیرینی ناگاتە دیمەنی مەزراکان. هیچ شتێکی لێ نییە کە قەرەبووی بکاتەوە و لە ماوەی ڕێپێوانە دوورودرێژەکەدا شتێکی ئەوتۆی لێ نییە کە سەرنجڕاکێش بێ. لە ڕێپێوانەکەی دوای بیجاڕ هیچ شتێکی سەوز نەبینرا جگە لە چەند سنەوبەر و دارەبی لە کەنار جۆگەیەک، هیچ ڕووەکێک، هیچ "گژوگیایەکی" سەوز، هیچ شتێک جگە لە گردی قوڕەسوور کە لاپاڵەکانی کێڵدرابوونەوە و شێوەردەکانی ڕەق هەڵاتبوون، و زەوی نەکێڵڕاوی پڕ لە ورتکە بەرد کە بە کەرتەشی ویشکبوو داپۆشرابوو.
هەشت مایل شۆڕبوونەوەی ٥٠٠ میتری ئێمەی گەیاندە قزل‌ئوزون، ڕووبارێکی پان بەڵام تەنکاو، لەوبەری ڕووبارەکە سەلامەت ئابادە، گوندێک کە زۆربەی لە باغێ خاوەن دیوار و خانووەکانی حاکمی بیجاڕ پێکهاتووە. کەمێک سەرووتر پردێکی پتەوی بەردینی هەشت کەوانی هەڵکەوتووە کە ١٠٠ میتر درێژە. ئەم قزل‌ئوزونە یەکێک لە گرینگترین ڕوبارەکانی باکووری پارسە. ئەو ناوچەیەکی مەزن ئاودێر دەکا و پاش مەودایەکی دوورودرێژ و پڕ قۆرت و پێچ دەڕژێتە ناو دەریای مازندەران بە ناوی سفیدرود. یازدە مایل لەم شوێنە ڕا بە ترۆپکی ئەو گردە دا ڕۆیشتم کە ئاوی قزل‌ئوزون و گۆلی ورمێ لێک جیا دەبوونەوە. چەند سوارێک هاتن و منیان بە ناو دەروازەیەکدا بۆ سەر ڕێگایەک ئیسکۆرت کرد کە دیواری بەرز و خانووی لە هەردوو لا هەبوون و دەرگایەکی تر کە دەیگایاندییە ئەندەروونی (ژووری هاوسەران) خان. لێرە دابەزین بەڵام نەماندەزانی هەنگاوی دوایە چییە چونکە دەرگا تەختەییە قورسەکەی کە ئەندەروونی جیا دەکردەوە داخرابوو و هیچ نیشانەیەکی بەخێرهاتنکردن نەدەبینرا. خواجەیەکی پیر سەرە خەمگینەکەی لە کونی قەراغەکەوە دەرهێنا و گوتی خانمەکان چاوەڕوانتن و خواردنی ئاژەڵ و خزمەتکارەکان ئامادەیە، بەڵام دەرگاکە جووڵەی نەکرد. پرسیارم کرد ئاخۆ میرزا دەتوانێ لەگەڵمدا بێ تا کاری وەرگێڕان بکا، سوارەکان پێشنیاریان کرد کە ئەو لە پاش پەردەیەکەوە ئەم کارە بکا، ئەمە شتێکی ئاساییە بۆ نەهێشتنی ئەم گیروگرفتە. خواجەکە گەڕاوە، و دایکی خانی لەگەڵدا بوو، ژنێکی ناشیرینی تەمەن ناونجی کە لە کونێکەوە دەیڕوانی و کاتێک پیاوێکی جوانکیلەی چاو پێکەوت، کشایەوە و گوتی هیچ پیاوێک بۆی نییە لێرە بێ، بە تایبەتی کاتێک کە خان لێرە نییە. گشت پیاوەکان دەرکران و دەرگاکە کرایەوە تا تەنیا ڕێگا بە من بدەن بچمە ژوور، کەسی تر ڕێگای پێنەدرا.
هاوسەری یەکەم لە قاتی سەرەوە لە ژوورێکی جوان بە پەنجەرەی شەبەکەدار کە بەڕووی حەوشێک کرابوونەوە کە فەووارەیەک و چەند دار هەنار و تاقمێک ژنی فارس، کورد و قولەڕەش و مناڵی هەمەجۆرەی لێبوون، پێشوازیی لێکردم. خانمەکە تارانییە و کرداری کراوە و ڕەنگ و بۆی پێتەختی پێوە دیارە. هێشتا موحەڕڕەم ماوە و ئەو چارشێوێکی ڕەشی لەخۆیەوە پێچابوو و تەنیا جوانکارییەکەی سەعاتێکی ئەڵماسدار وەک ملوانکە بوو. خەسووەکەی، کە وەک گشت خەسووی پارس، دەوری مەلەکە دەنوێنێ، منی بە دەبڕینی ڕوخسارە جوانەکەی و پێکەنینە گاڵتەجاڕانە وشەیتانیی خۆی ترساند. دەبێ دانی پێدا بنێم کە بۆ کەیفخۆشکردنی ئەو زۆر بوو چونکە فارسییە کێویلە و خراپ ئەداکراوی من فارسی وەڵاغداران بوو نەوەک هی خەڵکی بەئەدەب، و ئەو لاسایی گشت وشەیەکی دەکردەوە کە لە زارم دەهاتە دەر و هەر وەک پیرەژنی تابلۆی میکێل ئانژ "چارەنووسەکان" دەچوو.
ژوورەکە زۆر جوان ڕازابۆوە، کەلوپەلی ڕوسی تێدا بەکار هاتبوو و زۆر خرتەوپرتەی کە مێزەکانی پێ ڕازابۆوە گشتی هی ڕوسیا بوون. ئەوان چەندین سەعاتی بچووکیان پێنیشاندام و سەعاتی فرە ژیرانەدروستکراو، ئەوانیش هەموو ڕوسی بوون. پێیانگوتم کە شتومەکەکان لە بیجاڕ زۆربەیان هی ڕوسیان و ئەوەشیان زیاد کرد، " ئینگلیسییەکان هەوڵ بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ سەلیقەی ئێمە نادەن بەڵام ڕوسییەکان دەیکەن." خانمە یەکەمەکە ئاواتی ئازادیی زیاتری دەخواست، ئەگەرچی ئەو بەو شێوە بەڵگەی بۆ دێنایەوە کە ئەو پیاوانەی کە زۆر خۆشیان دەوین ناهێڵن هاوسەرەکانیان وەک ژنی ئینگلیسی وەک لە تاران دەیکەن بچنە دەرەوە. ژەمی شەو ئامادە کرابوو، ژەمێکی فارسیی مەزن، بەڵام ئەوان بە میهرەبانییەوە ئیزنیان دام کە لەجیاتان چای بە گەز و کیکێک بە تامی عێل بخۆمەوە. کاتێک فارسییەکەی من و بیرۆکەکانی ئەوان کۆتاییان هات، خواحافیزیم لێکردن و مەلەکەکە بە پێکەنە گاڵتەجاڕانەکەی تا بەر دەرگا لەگەڵم هات.
سوارەکان پێداگرییان کرد کە فەرسەخی داهاتوو "گەلێک مەترسییدارە"، کە وابوو بەیەکەوە ڕۆیشتین. گردەکانی کوردستان کێویی، چۆڵوهۆل، خڕ، زەوییەکی ڕووتی بێ دەوەنن. سوارەکان گەلێک پێداگربوون و زۆر غاریان دا و ڕوانیانە ئەمبەر ئەوبەر و گوتیان سواری تاڵانکەری سوننی کە بە هیرش بردنە سەر شیعان دڵخۆش دەبن، زۆر جار بەم ڕیگایەدا تێدەپەڕن. بێگومان ئەوان زێدەڕۆییان دەکرد تا نرخی خزمەتگوزاریی خۆیان بەرز بکەنەوە. کەمێک دوای پاشنیوەڕۆ گەیشتینە گوندی کوردیی قەرەبوڵاغ، شەست خانووی بچووکی گڵی بە قەراغی گردێکی قوڕی هەڵقرچاو، بە قۆرییە تفاقی ئاژەڵان لە سەر بانەکان کە خانووەکانی ئاشکرا دەکرد. ئاوەکە گەلێک خراپ و کەمە و هیچ شیری لێنەبوو. خەڵکەکە گەلێک هەژار و بەدگوزەرانن و تاقمێکی لاوازتر لەو کەر و گاجووتانەم نەبینیون کە گەنمە شامییەکانی نزیک خێوەتەکەمیان دەکوتا.
ئەگەرچی زۆرینەی دانیشتووەکانی کوردن، هەندێک فارس و تورکیشی لێن و هەر نەتەوەیە کوێخای خۆی هەیە، کە پێیان گوتم کە پاسەوانێک بۆ ئەو شەوی و بۆ ئێسکۆرت ڕۆژی دواتر دەدەن پێم. من ئەوەم پێخۆش نەبوو چونکە سوارەکان تفەنگی باشی جووت لوولەیان پێبوو و یونیفۆرمی فارسیییان لەبەر دابوو و بۆ سێ ڕۆژ پێیان دابووم بەڵام هیچ چارەیەکم نەبوو. کویخاکان گوتیان ئەوان ناتوانن گەرەنتی ئاسایشی من بە کەمتر لە دە پیاوان بکەن، من دەمزانی گشت ئەو مامەڵەیە بۆ کیفە پارە لاوازەکەی من بوو. پێش ئەوەی بگەمە هەمەدان موشکیلەی پارەم بۆ هاتە پێش: نرخی سۆڤێرینێک (سکەی پاوندی زێڕ) لە سی و چوار قڕان بۆ بیست و هەشت قڕان دابەزیبوو، جوولەکەکان بە هیچ نرخێک پارەی کاغەزیی ئینگلیسییان وەر نەدەگرت، من نەمدەتوانی دراوە کاغەزییەکانم بگۆڕمەوە و تەنیا میهرەبانیی میسیۆنێرە ئامریکاییەکان بوو کە پارەم پێبوو، و تەنیا هێندەم پێبوو کە بتوانم تێچووە ئاساییەکانم تا ورمێ دابین بکەم. من پێیانم گوت کە تەنیا پارەی دوو کەس دەدەم، و سوارەکانم بە دیارییەک بەڕێ کردن کە لە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی کە لەگەڵمدا بوون گەلێک زیاتر بوو.
لە کاتی ئەم ڕێککەوتنانەدا هەراوهوریاکە بۆ باس کردن نەدەبوو، بەڵام پیاوەکان زۆر دڵخۆش بوون. سێ کاتژمێر دواتر سوارەکان گەڕانەوە و گوتیان کە دوای هەشت مایل پەیامنێرێکیان بە نامەیەکەوە لە لایەن خان دیتووە کە گوتوویەتی کە دەبێ ڕۆژێکی تر لەگەڵمدا بڕۆن. من داوام کرد نامەکە ببینم، و ئەوان گوتیان پەیامەکە زارەکیی بووە. ئەوان هەرگیز نەچووبوونە دەرەوەی قەرەبوڵاغ! من ئەوە بۆیە بە وردی باس دەکەم تا بزانن مسافیرانی ئەم ڕێگا چۆلانە تووشی کام چەرمەسەرییانە دەبن.
دواتر، دە کوردی کێوی بە تفەنگ و شمشێری جۆراجۆر و چەقووی درێژ، ئاگری مەزنی پاسەوانییان لە هەر لای خێوەتەکەم کردنەوە و "بۆی" یان لەناو خۆیان گرت. ئەم ئاژەڵە حەزی لە ئاگرە و بێ ترس لە ناو ئەم پیاوانەدا لە نزیکی پۆلەکان درێژ بوو.
کەمێک خوارتر لە کەمپەکەم بێستانێکی بچووکی کاڵەکانی لێبوو بە دیوارێکی کورتی گڵی. نیوە شەو بە دەنگی بەرزی تەقەی تفەنگان و هاواری سەر لێشێواوی پیاوان لەگەڵ گریان و هاواری ژن و منداڵان لەخەو هەستام. پاسەوانەکان دوو پیاویان دیتبوون کە بێستانەکەیان تاڵان دەکرد، یەکیانیان پێکا و ئەوی تریان دەستبەسەر کرد. بەیانی من دیارییەکم بە پاسەوانەکان دا و کوێخا نیوەی لێ ئەستاندن.

بەشەکانی پێشووتر

١ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، گاخەود ١٨ ی سێپتامبر. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٢ ـ نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی دووهەم. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

٣ ـ سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی سێهەم

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک