beshab.jpgخانمی بیشاپ (ئیزابێللا ئێل بیرد) جیهانگەڕێکی ئینگلیسی، لە یەکی ژانوییەی ١٨٩٠ سەفەرێکی بەناو پارس و کوردستان دا لە بەسرەوە دەستپێکرد کە

دوو ساڵی پێچوو. دوای گەڕانەوە، خانمی بیشاپ بەسەرهاتی ئەم سەفەرەی لە توێی کتێبێکی دوو بەرگی بە ناوی "سەفەرەکانی پارس و کوردستان" بڵاو کردەوە.

نامەی ژمارە ٢٥ کە باسی سەفەر لە هەمەدان بەرەوە ورمێ دەکا بەشی هەرە زۆریم وەرگێڕاوەتەوە و لێرە بە چەند بڕگەیەک پێشکەشتانی دەکەم کە هیوادارم بە دڵتان بێ.ا

........................................................

ئەمە سەفەرێکی دژوارە. ئوروپایی زۆر بە دەگمەن بەم رێگایانە دا ڕۆیشتوون، مەنزڵگەکان لێک دوورن و منیش بە ڕاستیی هێندە ساغ نیم کە سەفەر بکەم، چونکە نەمتوانیوە تاوەکە (تەب) لە کۆڵ خۆم بکەمەوە. بەڵام ڕۆژ و شەوگاری سارد رزگارییدەرمن.
دۆستە هەمەدانییەکانم بەدرەقە (هاوڕێیی بەڕێکردن) یان کردم، خاتوو سی ئێم، ئاغای واتسۆن، قەشە ئۆڤانێس و کوڕەکەی، گشتیان بە سواری ئەسپ، خاتوو واتسۆن و کۆرپەکەی بە سواری گوێدرێژ و چەند خزمەتکارێکیش بە پێیان، و خانمی ئێم و خاتوو ئالێکساندر بە کالیسکەیەکی ئامریکایی کە جووتە ئەسپێک ڕایاندەکێشا، دوکتور ئالێکساندێر، پیاوێکی دوومیتر بەرز و زۆر باریک وەک "پێشقەراول" سواری یەکیان ببو تا کالیسکەکە بە شوێنی دژواردا بپەڕێنێتەوە، ئیبراهیم هەمووکارەی ژنەکان بە تفەنگێک بە پشتییەوە و سواری ئەسپ بەدواماندا دەهات. دوو لە ژنەکان و قەشە خۆجێییەکە شەو مانەوە. گەڕانەوە بۆ ژیانی کەمپی شتێکی خۆش نەبوو، چونکە یوهاننێس هیچی لێ نازانێ و هەموو شتێک تێکەڵ پێکەڵە. یەکەم بەیانییش خۆش نەبوو، چونکە وەڵاغدارەکە، شاربان، هات و بە ناڕەزایەتیی و بە دەنگی بەرز قسەی دەکردن و دەیگوت ئەگەر لەگەڵ کاروانە مەزنەکە نەڕوا و لەگەڵ ئەوان پشوو نەدا ئەوان تەنیا پیاوێکم پێدەدەن و چەند هەڕەشەیەکی تریشی پێوە زیاد کردن. خاتوو ئێم لێی تووڕە بوو، و ڕێککەوتنەکەیانی وەبیر هێناوە و ئیبراهیم پێی گوتن ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەو شێوە کە هەڕەشەیان کردبوو پێشێل بکەن، " لە کاتی گەڕانەوە بۆ هەمەدان هێندە دار بخۆن کە لە ژیانیاندا نەیانخواردووە." ("دارخواردن" دەستەواژەیەکە کە بۆ شولک لە ژێر پێ دان بەکار دێ). بەزم و هەڵڵای بەرەبەیانی شتێکی ئاساییە و خاتوو ئێم پێی وابوو کە هەموو شتێک جێبەجێ دەبێ و ئامۆژگاریی کردم کە بچمە کوولتەپە، یەکەم مەنزڵگە کە وەڵاغدارەکە دەستنیشانی کردبوو.
نزیکەی ١٣ کیلۆمیتری نێوان هەمەدان و بەهار باغ و مەزرایە. جۆگە و دارەبی و گوندی جۆراجۆر بە دارستانی زۆر و بەهار لە باغی میوە و سنەوبەراندا نوقم بووە. ئەوێ شوێنێکە کە ڕێژەی دانیشتووانی ١٥٠٠ کەسە و خانووی ڕێکوپێک، مزگەوتی بچووک و حوجرەی فەقێیانی لێیە. لەوێ مافوورە (فەڕشی تەنک) دروست دەکرێن، و جگە لە گەنم، جۆ، لۆکە، تۆوی ڕۆنی و ڕێژەیەکی بەرچاو میوە بەرهەم دێت کە بازاڕێکی ئامادەی لە شار هەیە.
خاتوو ئێم و قەشە ئۆڤانێس لە یەکەم مایل (مایلی ئینگلیسی دەکاتە ١٦٠٩ میتر) هاوڕێم بوون و لەگەڕانەوە دا تووشی کاروانەکە بوون و داوایان لە شاربان کرد کە بە جیا بڕوا. هەر کە ئەوان لەبەرچاو ون بوون، ئەو پیاوێکی نارد و سەرەڕای ڕێنوێنییەکانی میرزا، ئێسترەکانی منی لەگەڵ کاروانە مەزنەکە تێکەڵ کردن، یەکەم سکاڵا ئەوەبوو کە ئاژەڵە بارهەڵگرەکان هێندە باریان قورس بوو کە نەیاندەتوانی تەنانەت دوو مایل لە کاتژمێرێکیش دا بڕۆن و من پێنج مایل ڕۆیشتووم، بەڵام پێویستە تەنیا سێ مایل بڕۆم بۆ ئەوەی کە وەدوا نەکەوم. من لەوەی کە یوهاننێس لەگەڵمە سپاسگوزارم چونکە خەڵکی ئاسایی لەم ڕێگایەدا زۆر کەم بە فارسی قسە دەکەن.
لەولای بەهار ڕێگاکە بە ناوچەی تەخت و کەمێک بەرزدا تێپەڕ دەبێ کە جۆگە و کانی لێ نییە و ئێستا سووتاوە (بە گەرما هەڵقرچاوە). یەک یا دوو گوندی بچووک لە سەر ڕێگایەن و چەند بورجی وێران لە سەر تەپۆلکان، بۆ چاودێریی چەتان کە بە زەحمەت دیمەنی ئەم ڕێگا یەکدەستە ٢٤ مایلییە دەگۆڕن.
کاتژمێر سێ، دوای نزیکە ٣٠٠ میتر هەڵگەڕان، گەیشتینە گوندی بچووکی کوولتەپە کە دیوارەکانی گەلێک خراپ بوون و چەند مەخزەنی ئاوی لە ژێرەوە هەن ، چەند حەوزێک کە بە جۆگەیەک بەیەکەوە پەیوەندییان هەبوو و شوێنێکی لێبوو بۆ خستنی بار لەگەڵ مەیدانێکی چیمەن کە زۆربەی لە لایەن دوو کاروانی تورک داگیر کرابوو کە هەرکامیان ١٠٠ ئەسپ دەبوون و دە کەس لە هەرکام لە کاروانەکاندا. بارەکان گشتی بە ڕێکوپێکی پێچرابوونەوە و بە بەڕان داپۆشرابوون سەگی مەزن و شەڕانی چاودێرییان دەکردن.
من لە کاتێکدا کە زۆر هەست بە نەخۆشیی دەکەم لە خێوەتە بچووکەکەم دا درێژ دەبم. کاتژمێر چوار-پێنج تاو هەڵات بەڵام کاروانەکە نەگەیشتێ. یوهاننێس نەخۆش بوو بەڵام چوو بۆ ناو گوندەکە تا سەماوەرێک بەکرێ بگرێ و چا و هەندێک پێداویستییتر بکڕێ. نە سەماوەری لێبوو و نە پێداویستییتر، تەنیا خواردنی ئەسپ، پەنیری سندە و نانی پان کە هێندە ترش و پیس بوو کە نەدەخورا. زۆر دوای تاریکبوون کەمێک شیریان هێنا. بۆی (ئەسپەکەی نووسەر) بە ماڵێکەوە بەسترابۆوە، و منیش خۆم لە پەتوەکەی و چەند پەڕۆی ترەوە پێچا کە پێمبوون و هەوڵم دا باشترین کەڵک لە هەلومەرجەکە وەرگرم، هەوڵم دا بخەوم، بەڵام زۆر سارد بوو و شوێنەکە زۆر مەترسیدار بوو و یوهاننێسیش کە ساچمەی لە تفەنگەکەی کردبوونەوە لە جیاتی ئێشک بکێشێ لە ماندوویان خەوی لێکەوتبوو. کاتژمێر یازدە دەنگی میرزا کە گوتی " خانم، ئەم وەڵاغدارانە بەکەڵک نایەن، ئەمانە پیاوی خراپن" زۆر دڵخۆشکەر بوو. ئەوان لە نیوەی ڕێگادا وێستابوون و چواریان، لەناویان دا باوکی شاربان، ئەویان بە زەبری زۆر لە ئەسپی هێنابۆ خوار و بارەکەیان لێ داگرتبوون. ئەو لە شوانی گوندەکە، کە چەند کاتژمێر لەگەڵیان لە سەر چەند ئەسپان بە کێشە هاتبوو، پاڕابۆوە و ڕازی کردبوو کە ئێسترێکی بداتێ، و بە چادری خزمەتکاران، پێخەوی من، و شتی حاوانەوەی تر و دوو ڕێپیشاندەری چەکدار هاتبوونە کوولتەپە.
خێوەتە گەورەترەکە هەڵدرا و من چوومە ناو جێ، بە نەبوونی هەرزاڵەکەی کە لە میچی خێوەتەکەی کابولم هەڵدەواسرا و شتێکی باش دژی جەردان بوو ، هەرچی هەمبوو لە ژێر پەتوەکانم هاویشت و کارێکی وام کرد کە شتەکانیتر لە ناوەندی چادرەکەدا نزیکی خۆم بن. من هەروەها مۆمێکم هەلکرد چونکە بیستبووم کە کوولتەپە شوێنێکی مەترسییدارە. نیوە شەو کاروانە تورکەکان دەستیان بە هەراوهوریا کرد، دەنگی وەڵاغدارەکان، هاواری مێرمنداڵانی گوندەکە، حیلکەی ئەسپەکان، وەڕینی سەگەکان، تەقەی تفەنگان و زرینگەی ٢٠٠ زەنگوڵان هەمووی وەک دەنگێکی زۆربەرز وەک هی زەنگوڵەی بورجی کلیسا دەچوو کە بە مارش بڕۆن.
چوومەدەر تا دڵنیا بم کە هێچ نەقەوماوە، دیتم خزمەتکارەکانم لە خەوی قورس دان و دڵم نەهات وەخەبەریان بێنم، چاوم لە گەرماپێوەکە کرد دیتم یەک پلە ژێر سفر بوو، ڕاکشامەوە و خۆم بە پەتویەک داپۆشی چونکە دۆخی لەرزەی تاوەکەم دەستی پێکردبوو. وڵات بێدەنگ بوو و دوای ماوەیەک لە بێدەنگیی دا دەنگی سەگێک هات کە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو ( هەروەک فکرم دەکردەوە) هەستم دەکرد لە دەرەوەی چادرەکەم بێ. ئاگام لە هیچ نەبوو تا وەژوور نەکەوت، کاتێک کە ڕابووم و هاوارم کرد، دیتم کەسی لێ نییە و گوێم لێبوو کە دەنگی پێی مرۆڤێک دێ کە ڕادەکا. هەڵاتمە دەر و چەند فیشەکێکی بەتاڵم لە ئاراستەی دەنگی هەنگاوەکان تەقاندن بەو هیوایە کە ڕووناکاییەکەی تاوانکارەکە ئاشکرا بکا، بەڵام ئەو لەمن چوستوچالاکتر بوو. میرزا غاریدایە ناو گوندەکە و کوێخای ئاگادار کردەوە، بەڵام شتەکەی بە بێدەنگی وەرگرت و گوتی چەتەکان تورک بوون، کە هەڵە بوو. من پێشنیاری دەستخۆشانەیەکی زۆرم کرد بەڵام بێسود بوو.

درێژەی هەیە ...

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک