ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

سڵاو لە پێشمەرگە و ڕۆژی پێشمەرگە. عەبدووڵا حەسەنزادە

abdulla_hassanzadeee1.jpgلە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان­داین. بە درێژایی مێژووی خەباتی پێشمەرگە و پانایی کوردستان و قووڵایی باوەڕی پێشمەرگە و بەرزایی

ورەی پێشمەرگە لە قەڵافەتی پڕشانازیی پێشمەرگە دەڕوانم. تەمەنی “پێشمەرگە”، واتە لەو ڕۆژەوە کە ئەم ناوە دڵچەسپەی لەسەر دانراوە (١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤) کەمتر لە ٧٢ ساڵە و تەمەنی “ڕۆژی پێشمەرگە”ش تەنیا ٣۳ ساڵە (سەرماوەزی١٣٦٣). بەڵام تەمەنی خەباتی پێشمەرگە بۆ وەدەست­هێنانی ماف و ئازادی­یەکانی خەڵکی کوردستان سەدان ساڵ و ڕێک بەقەدەر ئەو مێژووەیە کە نەتەوەی کورد وەک کۆمەڵە مرۆڤێکی جیا لە هەموو نەتەوەکانی دیکە هەستی بە بوونی خۆی کردوە و بۆ وەدەست­هێنانی مافە زەوتکراوەکانی دەستی داوەتە خەبات و تێکۆشان و قوربانی­دان.

‎چاوخشاندنێک بە مێژووی خەباتی ڕزگاری­خوازانەی خەڵکی کوردستان­دا بۆمان دەردەخا کە پێشمەرگە لەم­سەر تا ئەوسەری کوردستان چ­فیداکاری­یەکی کردوە، چەندی حەماسە خوڵقاندوە و چۆنی ناوی کورد و داخوازە ڕەواکانی بە دنیا ناساندوە. ناتوانم داخ و کەسەری خۆم لەوە بشارمەوە کە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە هێندێ بەشی کوردستان­دا تێکۆشەری چەکداری کوردیان لە ناوی پڕشانازی و ئیلهام­بەخشی “پێشمەرگە” بێ­بەش کردوە و بەجێگای ئەوە ناوی نامۆ و بێگانەی وەک “گریلا”، یان ناوی بێ­ناوەرۆکی وەک “شەڕڤان”یان بەسەردا بڕیوە. بەڕاستی حەیف و مخابن نیە ئەو خەباتگێڕە چەکدارە فیداکارانە کە ناوی کورد و بزووتنەوەی کورد لە تورکیەیان زیندوو کردەوە و گەیاندیانە لووتکە، یان ئەو کیژ و لاوە بە هەیبەت و بەهەڵمەتانەی لە خۆرئاوای کوردستان سەری کوردیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی­دا بەرز کردەوە بە ناوێک جگە لە “پێشمەرگە” بە دنیا بناسێندرێن؟ ئاخر هەرکەس چەکی هەبێ و شەڕی پێ­بکا دەکرێ پێی بڵێین “شەڕڤان” بەڵام تەنیا ئەو چەکهەڵگرە بەدیمەنانە “پێشمەرگە”ن کە بۆ ئازادی و بەختیاریی کورد هەوڵ دەدەن.

b_525_290_16777215_00_images_SIASI_mamosta_hassanzadeh.jpgخەفەتێکیش لەوە دەخۆم کە تەنانەت ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی­یانەی ناوی پێشمەرگەشیان بۆ تێکۆشەرە چەکدارەکانیان پەسند کردوە تا ئێستا ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزیان وەک ڕۆژی پێشمەرگە دانەناوە و هەرکامە ڕۆژێکی دیکەی ساڵیان بۆ ئەو مەبەستە هەڵ­بژاردوە. دەگەڵ ڕێز و شانازیم بۆ هەموو بۆنەکان پێم وایە هەم بۆ یەکدەنگیی هێزەکانی نێو بزووتنەوەی کورد و هەم بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی مێژوویی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ کە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە، (ئێستاش نەچووە بچێ) هەق وایە ئەو ڕۆژە لەلایەن هەمووانەوە بکرێتە ڕۆژی پێشمەرگە.

‎داخی گرانتر لەسەر دڵی من ئەوەیە کە هێندێک دەنگی ناساز بە ناوی ئەوە کە سەردەمی خەباتی چەکدارانە بەسەر چووە و دەوران دەورانی خەباتی ئاشتیخوازانەیە، دەیانەوێ پێمان بسەلمێنن کە پێشمەرگایەتییش باوی نەماوە و تەنانەت وشەی بێگانە و ڕەزاگرانی “ئیکسپایەر”ی بۆ بەکار دەبەن. غافڵ لەوە کە ئەو هێز و لایەنانەی هەوڵ دەدەن ئەم بۆچوونە لە مێشکی کوردی زۆرلێکراو بچەسپێن هەموو ڕۆژێ لە فکری دروستکردن و بەرهەم­هێنان و وەدست­خستنی چەکی تازەتر و ماڵوێرانکەرتردان و بەناهەقی ناڕەوا هەوڵ دەدەن کورد کەمترین ئامرازی خۆپاراستنی بەدەستەوە نەمێنێ و بە قەولی کوردەواری “بەنبڕی ددان بێ”.

‎بەش­بەحاڵی خۆم لە سەرەتای لاویمەوە بە بیروباوەڕی حیزبێک گۆش کراوم کە پێی­وابووە مەسەلەی کورد ڕێگاچارەی نیزامیی نیە و خەباتی چەکدارانەی بە شێوەیەکی داسەپاوی خەبات داناوە. کەوایە پێویست نیە کەس تێم­بگەیەنێ کە خەباتی چەکدارانە کام گیروگرفتی لەسەر ڕێیە و کامە ئاکامی نەخوازراوی لێ­ دەکەوێتەوە. بەوحاڵە پێم­وایە هەتا دیکتاتۆری و حاشاکردن لە مافە ڕەواکانی کورد لەلایەک و تێکۆشانی ڕزگاری­خوازانەی نەتەوەکەمان لەلایەکی دیکە لە ئارادا بن هەمیشە مەترسیی ئەوە هەیە کە بۆ وێنە ڕێژیمی ئازادی­کوژی کۆماری ئیسلامیی دەورێکی دیکە لە بەرەنگاریی چەکدارانە بەسەر بزووتنەوەی هەق­خوازانەی گەلەکەمان­دا بسەپێنێ. کەوایە دەبێ گەلی کورد و هێزە خەباتکارەکانی هەمیشە گیانی بەرهەڵستی و بەربەرەکانی لە هەموو شێوەکانی­دا بپارێزن و نەهێڵن ئەو زەمینەیە بڕەخسێ کە کۆنەپەرستیی دەسەڵاتدار بێ­ترس لە بەرخۆدانی شۆرشگێڕانە پەلاماری گەل و وڵاتەکەمان بدا. ئەمەش پێویستیی بەوە هەیە کە پێشمەرگایەتی و ڕووحی پێشمەرگایەتی ئەگەریش لەباری چەندی­یەوە نەبێ لەباری چۆنی­یەوە هەمیشە لە گەشە و پێشکەوتن­دا بێ.

b_525_290_16777215_00_images_SIASI_mamosta_hassanzadeh1.jpgلەوەش بگەڕێتەوە، نەخشی پێشمەرگە هەر لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی کورددا کورت ناکرێتەوە و ئەرکی گرنگتر و درێژخایەنتری ئەو، پاراستنی ماف و ئازادی­یەکانی کورد دوای بەدەست­هێنانیانە. بەڵێ، ئەو ڕۆژەی گەلەکەمان لە سایەی هەوڵی هەموو ڕۆڵەکانی و بەتایبەتی فیداکاریی پێشمەرگەدا بەئاوات دەگا و مافە زەوتکراوەکانی وەدەست دێنێ، تازە پێویستیی زیاتر بە دەستی ئەمینی پێشمەرگە پەیدا دەکا کە دەسکەوتە گران­وەستاوەکانی بۆ بپارێزی و ڕێگا نەدا مافخۆران با بدەنەوە سەری و بە کەلک­وەرگرتن لە خەمساردی و کەمتەرخەمی، باغی ئاواتەکانی بدەنە بەر شەختەی چاوچنۆکیی خۆیان.

بێجگە لە هەمووی ئەمانەش، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە پێشمەرگە تەنیا لە خەباتی چەکدارانە و لە سەنگەری بەرگری­دا دەتوانێ خزمەت بەگەل و نیشتمانەکەی بکا. پێشمەرگەی ئەمڕۆ دەگەڵ تازەترین دەسکەوتەکانی زانست و تەکنۆلۆژی­دا دەژی و لە مەیدانی کاری مەدەنی و بنیاتنان­دا دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ و تەنانەت لەو بوارەش­دا هەر نەخشی پێشەنگایەتی بۆخۆی بپارێزێ. دووپاتەکردنەوەش بێ، دەڵێم کە پێشمەرگە هەر ئەوانە نین کە چەک­لەشان خزمەت بە وەدیهێنان و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بەڵکوو هەمووی ئەوانە کە لە هەر بوارێک­دا خشتێک لەسەر دیواری کۆشکی بەختەوەریی کورد دادەنێن پێشمەرگەن. بەڵێ نەخشی پێشمەرگە و سوپای پێشمەرگە ئێستاش و لە دواڕۆژیش­­دا زۆر لەوە مەزنترە کە هێندێ کەس بە کورت­بینی­یەوە لێی دەڕوانن.

با هەموومان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە سڵاو لە ناوی پێشمەرگە، لە مێژووی پڕشانازیی پێشمەرگە، لە شەهیدانی پێشمەرگە و لە کەس­وکاری سەربەرزی پێشمەرگە بکەین و زۆر بە گەشبینی­یەوە چاوەڕوانی ڕۆژی سەرکەوتنی یەکجاریی پێشمەرگە بین. کوێر بێ ئەو چاوەی بە پێشمەرگە هەڵنایە.