ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

قەیرانی ڕووناکبیر. لە نووسینی جەماڵ عەڵیاڵی

jamal_aliali.jpgنووسەر لێرەدا، لە گۆێرەی جاران، وەکوو کوردێک دەئاخەوێ و خاوەنی قسەی خۆیەتی. شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی نەتەوەی کورد، لە هەر ئاستێکیدا بوبێت، تا ئێستا

سەرنەکەوتووە. هۆکارەکەی لە چی دایە؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارە، دەکرێ زۆر هۆکار هەژمار بکرێ. هۆکار ئەوەندە زۆرن کە مرۆڤێکی خاوەن خامە دەتوانێ دەیان نامیلکە تەرخانی دەسپێکەکەی بکات. نووسەری ئەو بابەتە، وەکوو دەروێشێکی زورهان، تەنیاسووکنا بە دوو هۆکاران دێنێت. بەو هیوایە کە کەسانیتر، هۆکارەکانیتر بخەنە سەر دمەوڕە. دوو هەڵە، واتە دوو هۆکار لە سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی کورد بۆ ئازادی و دێمۆکراسی دیاردەیەکی ئاشکرایە.
هۆکاری یەکەم: کورد هەتا ئێستا هەرگیز هێرشی نەکردۆتە سەر ماڵی داگیرکەر، دیارە لەو بوارەدا، هێرش بۆ سەر ماڵی کەسی خۆ، نایەتە ئەژمار. ئایا تۆسقاڵێک پیرۆزێ لەوەدا بەدی دەکرێ؟
هۆکاری دووهەم: هەتا ئێستا هەمبانەبۆرەکەی کورد جگە لە کردەوەکانی پێشوو چیتری تێدا نەبووە. واتە: خۆی پاراستووە یان ڕای کردوە یان داوێنی خەڵکانیتری بۆ ناوبژێوی گرتووە، یان خۆی بە دەستەوە داوە. لە باشترین حاڵەتدا، وارگەی خۆی جێ هێشتووە. ئەو باوبللۆێرەش هەرگیز نەبڕاوەتەوە بەو هیوایەی کە ئاکامێکیتری لێ وەدەرکەوێت! ئەگەر ئاینشتاین ئێستا زیندوو بێتەوە، بە متمانەوە دەڵێ نەتەوەی کورد "دەهرییە" چوونکە کارێک دەکات کە دەزانێ ئاکامەکەی چیە بەڵام دووپات و دەپاتی دەکاتەوە بەو هیوایەیە کە ئاکامێکیتری لێ دەرکەوێ!
بۆ سڕینەوەی ئەو دوو هۆکارە پێویستە بزانین کێ بەرپرسیاری هەڵقووڵانی ئەو هۆکارانەیە. بە باوەڕی نووسەر، بەرپرسیاری ئەوانە و بگرە هۆکارەکانیتریش، تەنیا ڕۆناکبیرە بە گشت چەشنەکانیەوە، واتە: لە سەرکردایەتی سیاسی ناکارەمەوە بگرە هەتا قوڵە سیاسەتوانی فەیسبووکی. ئەمانە هەتا دەتوانن سووکایەتی بە یەکتر دەکەن! کە چی ئەگەر نیوەی ئەوەندەیان کات بۆ هێرشی هاوبەش، بۆسەر داگیرکەر تەرخان کردبا، ئێستا کاری کورد لە قۆناخێکیتر دەبوو.
ڕاپرسی گشتی کە لە باشوور بەڕێوەچوو، سەڕەڕای گشت ئەگەر و بەڵامێک، رێچکە شکێنی بوو لە سەر هۆکاری دووهەم کە لە سەروو باسی کرا. بۆ یەکەم جار، کورد کارێکی جیاوازی کرد! تەجرەبە نەکرابوو، ئەوا تەجرەبە کرا! ساویلکەییە ئەگەر لامان وابێ کە داگیرکەر لە هەمبەر بەهێزبوونی بەری کوردی بێدەنگ دەبێت، ئەوان هەرچی لە دەستیان بێت دەیکەن وجگە لە یێکێتی نەتەوەیی لە هیچ ناپرینگێنەوە (هەر بۆیە هەتا نووکە لە ڕیگەی دۆستەکانیان هەوڵیان ئەوە بووە کە تەگەرە بخەنە سەر پێک هێنانی یێکێتی نەتەوەیی لە ناو ماڵی کورد). کەواتە بابەتی ڕاپرسی باشوور نەبۆتە هۆکارێک بۆ هێرشی هاوبەشی ئێران و تورکیا بۆ ئەو بەشە.
هەر ئێستا لایەنەکانی جیاواز سەرقاڵی ئەوەن کە ئەو ئاش بەتاڵە سووچی کێیە و ددان لێک تیژ دەکەنەوە و هەتا دێت، ئاگری گرژیی دۆخەکە تووندتر دەبێت. ئەگەر ڕووناکبیری بەوەج لە ناو کوردا هەبێت، لە بڕی ئەوە، بە پاڵپشتی "خەسارناسی تێکشکان/نەکسە" ئەکەوێتە هەوڵی پەرەپێدان بە بیرۆکەی یەکریزی ماڵی کورد. ئەوە تەنیا مەتاڵێکە کە لە هەمبەر هێزی زلی داگیرکەری زەبەلاح، خۆڕاگری هەیە. ئەی بۆچی بە ڕۆژی ڕووناک بە لەنتەرەوە ناکری ڕووناکبیری لەو چەشنە بدۆزرێتەوە؟هەرچەند وڵامی ئەو پرسیارە زۆرن بەڵام نووسەر تەنیا سووکنا بە یەک بژاردە دەکات: چارەڕەشی نەتەوەی کورد لەوەدایە کە بە خڕی فرچکی بە فەرهەنگی داگیرکەر گرتووە، جا چۆن دەکرێ لە ڕووناکبیر بپرسی؟. ئەگەر ڕووناکبیری سەربەست هەبێ نەتەنیا ئەو دوو هۆکارەی سەروو بەڵکوو گشت هۆکارەکانی سەرنەکوتنی سەرهەڵدانەکانی کورد دەسڕنەوە.
ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە سەر ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو ئەوە دەسەلمێنی کە بارودۆخی هەنووکەیی جیهانی، پێویستی بە سەرکردایەتی کارامە هەیە. سەرکردایەتی کورد لەو قەوارەدا جێناگرێ و هەر بەو هۆکارە، پێویستە بڕوات. کاتێک لە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵدا جگە لە گەندەڵی و دزی چیتر لە دەزگایەک بەدی نەکرێ، ئیتر ئەو دەزگایە پێویست بوو زۆر زووتر بکەوێتە ناو مۆزەخانە و لاپەری مێژوو بەڵام بە هۆی نەبوونی ڕووناکبیری سەربەخۆ، مرۆڤی کورد هەستی بە کەمایەتییەکان نەکرد.
ئێستا با خاڵی کۆتایی دانێینە سەر گازندان و بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا ڕووناکبیری کورد دەتوانێ دەرفەتێکی تێگەیشتن بۆ بووژاندنەوەی یەکێەتیی نەتەوەیی بە هەر ناو و لە هەر شکڵێکدابێت وەکوو پێداویستێکی بەپەلە، زۆر زۆر بەپەلە، ئاراستەی مێشکی تاکی کورد بکات؟
جەماڵی عەڵیاڵی ١٨/١٠/٢٠١٧