ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

کۆسرەت رەسول عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان : پێویستە جیهان پاڵپشتی لە سەربەخۆییمان بکات

 

kosret_rasoul.jpgجێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بابەتێکی لە ماڵپەری CNNی ئەمریکی بەناونیشانی " گەلی کوردستان بەڵگەی ئەخڵاقی بەدەستهێناوە

کە پێویستە جیهان باوەش بۆ سەربەخۆییمان بکاتەوە" بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئێستا کاتییەتی جیهان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات.

دەقی نووسراوەکەی کۆسرەت رەسول ، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

زۆرێک لەو کەسانەی سەیری پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ئەو پرسیارە دەکەن کە لە جیهانی دوای داعشدا چ شتێک بۆ دەوڵەتە شکستخواردووە پێشووەکانی عێراق و سووریا روودەدات.

بەڵام لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە خۆویستانە پێکهێنراوە، ئەمە حاڵەتەکە نییە. دوای سەرکەوتنی گەورەی گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی، گەلی کورد سوورن لە سەر هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. ئەوان سەلماندوویانە کە پارێزەری ئازادی و دژی تیرۆریزمن، ئەوەش لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا.

بارودۆخی بابەتیانە بۆ دەوڵەتی کوردیی بەهێزە و جێی مشتومڕ نییە. ئێمەی کورد دانیشتووی رەسەنی ناوچەکانی خۆمانین ، هەر لە دێرزەمانەوە بەو جۆرە بووە و لەگەڵ مەسیحی و ئێزیدی و تورکمان و کەمایەتییەکانی دیکەش پێکەوە دەژین.

ئێمەی کورد خاوەنی کولتوور و زمانی تایبەت و تەنانەت چەندین نەریتی ئایینیی پێش ئیسلامی تایبەت بە خۆمانین. ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیی بچووک لە ناوچەکەدا هەن کە مەرجی بابەتیانەی بوون بە وڵاتی جیاوازیان تێدا نییە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دانیشتووانەکانیان لە وڵاتانی دراوسێیان جیانەکراوەن. بەڵام کوردەکان، کە ژمارەیان دەگاتە 35 ملیۆن کەس، گەورەترین گەلی بێ دەوڵەتن لەم سەر زەوییەدا.

پاساوی زاتی ئێمە بەو راستییە دەستپێدەکات کە ئێمە هێشتا بەکاردەهێنرێین و سووکایەتیمان پێدەکرێت، ئەوە سەرەڕای 25 ساڵ دەسەڵاتی نیمچە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی لە بەغدا. جۆرایەتی ژیان و سەقامگیری ئابووریمان بە ویست و ئارەزووی حکومەتێکی ناوەندی ئیفلیجبووە کە لە ژێر کاریگەری دەرەوەیشدایە.

حکومەتی ناوەندی بەردەوام پشکی یاسایی خۆمان لە بودجە رادەگرێت و شتێکی ئەوتۆمان لەو یارمەتییە دارایی و سەربازییە پێنادات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە عێراقی دەدات.

لە ژێر دەسەڵاتی بەغدادا، ئێمە ناتوانین دەسەڵاتمان بەسەر بوارە سەرەکییەکانی سیاسەتی گرنگماندا هەبێت، لە پەیوەندییەکانی دەرەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە سیاسەتی دراوی. ئەوەش ئێمەی لەو دەسەڵاتە بێبەشکردووە کە بۆ تێکشکاندنی تیرۆر و بەگەڕخستنی ئامانجی ئابووریمان زۆر پێویستە.

تۆڵەسەندنەوەکانی بەغدا لە دوای گشتپرسییەکەمان، لەوانەش داگیرکردنی سنوورەکەمان، دوورخستنەوەی بەرپرسەکانمان، راگرتنی گواستنەوە داراییەکانمان و هەوڵدان بۆ داخستنی ئاسمانمان و سنوورەکانمان، گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی سەددام حوسێن و دەریدەخات کە عێراق لە دوای کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی سەددام لە ساڵی 2003ەوە پێشکەوتنی بەدەستنەهێناوە.

مێژووییەکی دوورودرێژ و شێواوی گێڕاوەی چەوساندنەوە و جینۆسایدی کورد هەبووە. سەددام کەمپەینێکی پاکتاوی رەگەزی ئەنجامدا کە لە گواستنەوەی بەزۆر و کوشتنی زیاتر لە 180 هەزار کەسی بێتاواندا خۆی بینییەوە. تەنانەت ئەمڕۆش، ژمارەیەکی زۆر کەمایەتی ئایینی و ئیتنی و سیاسی و رەگەزیی لە هەموو باکگراوندەکانەوە بەدوای ئارامگادا دەگەڕێن، ئەوەش بەهۆی ئەو چەوساندنەوەیەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەغدا و میلیشیا ئیسلامییەکانەوە کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کاردەکەن، ئەنجامدەدرێت.

ئەم هێزانە کە ئێران سپۆنسەرییان دەکات، ئێستا هێرش دەکەنە سەرمان و ئەندامانی حیزبوڵڵا و سوپای قودسی بەدناویشیان تێدایە. هەرکەسێک دوای داعش بێت، پێدەچێت بۆ گەلی کورد و ئەوانەی ئێمە حەواندوماندوونەتەوە هێندەی داعش و تەنانەت خراپتریش بێت.

بەشێکی لەبەر ئەمەیە کە 92.7%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە "بەڵێ" دا لە گشتپرسییەکەی سەربەخۆییدا. ئەمەش نابێت کەس شۆک بکات، بە لەبەرچاوگرتنی رەفتاری هێزە هەرێمییەکان لە بەرامبەر پیاوان، ژنان و تەنانەت منداڵانی کوردستان.

دوای نەمانی سەددام لە 2003، هەرێمی کوردستان بە خێرایی بەرەو دڵنیاکردنی داهاتووی خۆی جووڵا وەک بەشێکی ئۆتۆنۆم لە عێراقێکی فیدراڵی یەکگرتوو.

ئێمە وەک یەک بلۆک دەنگماندا بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی ئەمریکا پێی باش بوو، تا باشترین دەرفەتی مومکین بدرێتە ''عێراقی نوێ''.

یەک سەربازی عێراقیش لە هەرێمی کوردستان نەکوژرا، لە تەواوی ماوەی شەڕی عێراقدا.
سەرەڕای پەنادانی زیاد لە 2 ملیۆن کۆچبەر )زیاتر لە یەکێتیی ئەوروپا و هەر دەوڵەتێکی عەرەبی(، ئێمە دەزگایەکی ئەمنیی زۆر کاریگەرمان هەیە.

هەرێمەکەمان هێڵێکی پێشەوەی 600 میلی لە دژی داعش هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هێرشی تیرۆریستیی گەورە یان رفاندن لە دەیەی رابردوودا رووینەداوە. لە کاتێکدا کە شەڕی تووند لە سەر بە‌غدا و موسڵ دەستی پێکرد، ئێمە پێشوازیمان لە ملیۆنان گەشتیار کرد، زۆربەی ئەوانەیشی دەگەڕێنەوە وەک ئەوەیە کە نیگەرانییەکانیان کە بەهۆی داعشەوە بووە کەم دەبێتەوە.

گەشەسەندنی ئێمە ئەنجامی کردارە، نەک بەخت یان رێککەوت. ئێمە شانازیی دەکەین بە بەردەوامبوون بە راکێشانی وەبەرهێنانی تایبەتی جیهانیی و براندەکان کە هەرێمی کوردستانیان پێ شوێنێکی دڵنیا بووە. هەندێک دەڵێن کە هەلومەرجەکان لێرە ''نەگەیشتوون'' بۆ سەربەخۆیی، بەڵام زۆر وڵاتی سەرکەوتوو دەستیان پێکرد لە شوێنێکی زۆر لەمە خراپترەوە. ئێمە بەگومانەکان بانگهێشت دەکەین بێن بۆ ئێرە وەک میوانی من تا ئەو عێراقە ببینن و ئەزموون بکەن کە دەکرا هەبێت کاتێک کە کۆمەڵگایەک کاریگەرییە تووندڕەوانەکان دوور دەخاتەوە و باوەش بۆ کاریگەرییە ئەرێنییەکان دەکاتەوە.

ئێمەی کورد ئەمریکامان خۆشدەوێت. ئێمە سەرسامین بەو فەلسەفەیەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی کردووە بە مەزنترین وڵاتی جیهان و سەیری توانای خەڵکەکەی دەکەین. ئێمە چیرۆکەکەتان دەزانین: ئێوە بەرگرییتان کرد لە بەرامبەر دەستدرێژیی هێزێکی بیانی، گەلەکەتان یەکخست و مۆدێلێکتان بۆ کۆمارێکی ئازاد و گەشەسەندووی راستەقینە بونیات نا.

بە چاوکردن لە رۆژئاوا، ئێمە دەخوازین و ئامادەکاریی دەکەین بۆ بونیاتنانی شتێک کە هیچی کەمتر نەبێت لەوەی کە ئێوە هەتانە. پاساوەکانی ئێمە بۆ چارەی خۆنووسین هاوشێوەی ئەوانەی ئێوەن لە ساڵی 1776. هەروەها لەگەڵ جەختکردنەوەی سەربەخۆیی وەک برێکزیت لە ئەوروپا، ئێمە تەنیا داوای ئەوە دەکەین کە کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان دەیانەوێت بۆ خێزانەکانیان و نەوەکانی داهاتوو.

بەرپرسان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و شوێنانی دیکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گشتپرسییەکەی ئێمە لە ''کاتێکی نەگونجاودا'' بوو و دەنگدانەکە سەرنجەکان لەسەر تێکشکاندانی داعش لادەبات.

لەگەڵ ئەوەشدا، تەنها ناوچەیەکی زۆر بچوک کە لەلایەن داعشەوە گیرا بوو هێشتا لە سنووری ناوچەی ئێمەدابوو لەو کاتەدا، ئەم ناوچەیەش لەم چەند رۆژەی دواییدا پاککرایەوە. بەرلەوەی تەنانەت کارەکە لە دژی داعش کۆتایی پێ بێت، هێزە عێراقییەکان چەکەکانیان لە دژی ئێمە وەرگێڕا. ئەوەیە لادانی راستەقینەی سەرنجەکان.

ئەوانی دیکە پێیان وابوو گشتپرسییەکە ''رەوایەتیی نێودەوڵەتیی'' نابێت. لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ پەیماننامەی مۆنتێڤیدۆ، بەڵگەنامەکان بەردی بنەڕەتی یاسای نێودەوڵەتی پێکدێنن کە بە روونی دەریدەخەن کە گەلەکەمان مافی چارەی خۆنووسینی هەیە. ئەم رێککەوتننامانە ناڵێن کە گەلێک دەکرێت بێبەش بکرێت لە مافە بنەڕەتییەکانی ئەگەر هێزە دوور دوورەکان هەست بکەن کاتەکە گونجاو نییە بۆ ئەوان.

ئایا پشتگیریی رۆژئاوا بۆ کوردەکان لەگەڵ شەڕی دژ بە داعش دەستی پێدەکات و کۆتایی دێت لەو ساتەدا کە ئێمە داوای مافەکانی خۆمانمان کرد؟ ئایا ئەمریکا بە راستی بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت کاتێک کە ئێمە رووبەرووی شەپۆلی هێزەکانی عێراق و تیرۆری بەکرێگیراوانی ئێران دەبینەوە؟

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئێمە لە شەڕی جیهانیی دژی تیرۆردا هەندێک شەڕی زۆر سەختمان کرد و لەم هەوڵەیشدا باجێکی گەورەمان دا. نابێت و پێویستە داوامان لێنەکرێت کە ئەو ناوچە کوردیانەی لەسەر حسابی خوێنی کورد ئازادکراون بدەینە حکومەتێکی عەرەبی ناسەقامگیر. پارە و چەکی زیاتری ئەمریکی رێگر نەدەبوو لە سوپا لاواز و کاریگەر لە ژێر وڵاتی دەرەکیدا خۆی رادەستی ژمارەیەک سەرپێچیکاری داعش لە ناو پیکاپدا نەکەن. ئەگەر داعش ئەو پێداویستییە سەربازییە ئەمریکییانەی دەستنەکەوتایە، ئەوا ئێمە ژمارەیەکی کەمتر قارەمانمان لەدەستدەدا.

ئێمە ناتوانین وەڵامی داوا بۆ قومارکردن بە داهاتووی منداڵەکانمان و ئەمنییەتمان بدەینەوە، ئەوەش بە خۆشحاڵی دەربڕین بە خەیاڵی مەترسیداری عێراقێکی یەکگرتوو. قوربانی زیاتری ئەمریکی و بڕی زیاتری دۆلاری باجەکەتان ، نەیدەتوانی خەونی عێراقێکی مەدەنی و ئارام بکاتە راستی. تەنیا هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە هاوبەشێکی سەقامگیری ئاشتیە. وەک جێگری فەرماندەی گشتی هێزە کوردییەکان، کە شوێنەواری برینەکانم شایەتحاڵی بەرخودانی دژی دیکتاتۆرییە، کەم کەس هەیە هێندەی من باش بتوانێت پاڵپشتی لەمە بکات.

رۆژ لە دوای رۆژ، رێگا و چارەنووسی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی عێراق بە ئاراستەیەکدا دەڕوات کە گەڕانەوەی نییە. نە هێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیا و نە بەرژەوەندییە جیهانییەکانیش، چارەنووسی ئێمە یەکلایی دەکەنەوە.

یەکلاییکردنەوەی ئەو چارەنووسە لە دەستی خۆماندایە، تەنیا خۆمان. کاتی ئەوە هاتووە جیهان ئەمە قبوڵ بکات. کاتی ئەوە هاتووە کە گەلی کورد باوەشێکی فەرمی بۆ ئەو داهاتوو و گەشە بکاتەوە کە لەبەردەمماندایە.

وەرگێڕانی: عەلی زەڵمی و هۆشەنگ دارا