ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

ئه‌گه‌ری لێکهه‌ڵوه‌شانی عێراق له‌ دوای گشتپرسییه‌که‌ی کوردان. وەرگێرانی : که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور

kamal_hassanpour.jpgدانیەل سێروێر، دیپلۆماتی پێشوو و پرۆفێسۆری بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناکۆکیی لە زانکۆی جان هاپکینز، پێی وایە کە کاتەکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان گونجاو نییە.

سێروێر دیپڵۆماتێکی ئامریکایی بوو لە کاتی لێکهەڵوەشانی یوگوسلاوی. دیپلۆماتکارێک کە لە نێوان ١٩٩٦-١٩٩٤ ڕاوێژکاری وەزیر بوو و وەک نوێنەری تایبەتیی لە فێدێراسیۆنی بۆسنیا کاری دەکرد. ئەو هەروەها کاری بەڕێوەبەریی هەوڵەکانی هێنانەکایەی ئاشتی لەلایەن ئەنستیتۆی فێدێڕاڵی ویڵایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی لە عێراق، ئەفغانستان، سودان و باڵکان لە ماوەی ١٢ ساڵ وەک جێگری سەرۆک لە ١٩٩٨ تا ٢٠١٠ ی بە ئەستۆوە بوو.
تۆ پێت وایە کە کاتەکە بۆ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان گونجاو نییە. بەڵام لایەنگرانی ڕێفراندۆم دەڵێن کە ئەوان نزیکەی سەدەیه‌ک ڕاوستاون و هەلومەرجەکە هەرگیز بە تەواوی گونجاو نابێ. لەو بارەیەوە دەڵێی چی؟
دەلیل هێنانەوەی من ئەوەیە کە کاتەکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان گونجاو نییە. چونکە گشتپرسییەکە ڕەوایی دەدا بە داگیرکاریی ڤلادیمیر پوتین لە گورجستان، ئوکراین و مۆڵداوی. ئەوە بۆ ئورووپاش کاتێکی باش نییە چونکە کاتالۆنیا و سکاتلەند هەردووکیان جووڵانەوەی بەهێزی سەربەخۆیی خوازییان هەیە. ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئوروپایی کاتێک کە بڕیار لە مەڕ بە فەرمیی ناسینی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق بدەن یا نادەنگی خۆیان دەدەن. بە بۆچوونی من، ئەوان تا ئەوکاتەی هەولێر لەگەڵ بەغدا رێک نەکەوێ ئەو کارە ناکەن، شتێک کە ئێستا بوونی نیە.
ئەمن دەمهەوێ ئەوەش زیاد بکەم کە کاتەکە بۆ کوردانیش باش نییە، چونکە ئەوان توانایی ئابووریی و یەکگرتوویی سیاسیشیان نیە کە بۆ سەرکەوتنی سەربەخۆیی پێویستن.
لە لێکدانەوەکەی خۆتدا ئاماژەت بەو ڕاستییە کردووە کە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لاون. ئەوە چ پەیوەندییەکی بە پرسی سەربەخۆییەوە هەیە؟
چونکە لاوانی کورد کەمێک یا هیچ ئاشناییەکیان لەگەڵ عێراقی عەڕب نییە، جگە لەو ئاژاوە و ناکۆکییانەی کە هەموو ڕۆژێ لەبارەیاندا دەبیستن. زۆربەی هەرە زۆری لاوانی کورد دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن.
هەندێک کەس دەڵێن وڵاتانی وەک تورکیه‌،، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران تەنیا بە قسە دژی گشتپرسی کوردستانن بەڵام بە کردەوە لەبەر هۆی پراگماتیستی قبووڵی دەکەن. پێت وایە ئەوە ڕاستە؟
بێگومان ئامریکا لەسەر ئەو پرسە شەڕ لەگەڵ کوردستان ناکا بەڵام لەوانەیە بەغدا، تاران یا ئانکارا ئەو کارە بکەن.
پێت وایە ئیسڕائیل بۆچی هێندە پشتیوانیی لە گشتپرسی دەکا؟
ئیسڕائیل بەرهەمی لەت بوونە، ئەو ماوەیەکی دوورودرێژە پەیوەندییەکی باشی سیاسی و سەربازیی لەگەڵ کوردستان هەیە و مامەڵەی نەوت لەگەڵ هەولێر دەکا. بۆ پشتیوانیی لە گشتپرسییەک نەکا کە عێراق لاواز و ئێران تووڕە دەکا؟
ئاخۆ ئەگەری ئەوە هەیە کە عەڕەبستانی سعودی و ئۆردۆن پشتیوانی له‌ سەربەخۆیی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی کە قەڵخانێک بێ لە بەرامبەر پەرەگرتنی دەسەڵاتی ئێران؟ ئاخۆ یەکیەتیی عەڕەب لەسەر ئەو پرسە یەکگرتوویی خۆی لە کیس دەدا؟
من زۆر لەوە دڵنیا نیم. دابەشکردن شتێک نییە کە دەوڵەتانی یەکگرتووخوازی وەک ئۆردۆن و عەڕەبستانی سعودی پێیان خۆش بێ بیبینن. کوردستانی عێراق هەر ئێستاش پارسەنگی ئێرانە، هەر چەند کە سەربەخۆ نییە. تەنیا کاتێک کە بەغدا ڕازی بێ وێدەچێ عەممان و ڕیاز پەسەندی بکەن.
پشتگیریی مۆسکۆ بۆ سەربەخۆیی، شانسی کوردستانێکی سەربەخۆ زۆر زیاد دەکا؟ هەولێر دەتوانێ لەسەر درێژەکێشانی پشتیوانیی (ڕوسیه‌) حیساب بکا؟
هیچکەس نابێ حیساب لەسەر پشتیوانیی بەردەوامی دەسەڵاتێکی ناوچەیی بەرەولێژ وەک ڕوسیه‌ کە بە توندی بە نەوت و گاز بەستراوەتەوە بکا. هۆگریی ڕوسیه‌ بۆ سەربەخۆیی کوردستان وێدەچێ لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کۆتایی پێبێ.
تۆ دەوری سەرەکییت لە هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە یەکێک لە دژوارترین لێک جیابوونەوەکان لە سەردەمی نوێ، واتە ئی یوگۆسلاوی دا هەبوو. ئەو ئەزمونەی تۆ بە چ شێوەیەک یارمەتیدەرە بۆ چاودێریکردنی کوردستان؟
من پێموایە لێک جیابوونەوەی مەخمەلی زۆر لە شەڕ باشترە.
***
بۆ کوردەکانی عێراق، پیتەر گاڵبرەیت دۆستێکی دێرینە، سیاسەتوانێکی پایەبەرز کە بە ئاشکرا پشتیوانیی لە هەوڵی سەربەخۆیی کردووە.
پەیوەندیی گاڵبرەیت لەگەڵ ئەو ناوچەیە بۆ زۆر لەوە پێش دەگەڕێتەوە. لە کۆتاییەکانی هەشتاکان، کاتێک کە رێژیمی عێراق لە کاتی سەددام حوسێن ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی کەم لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان یا نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەبوو.
چەندین ساڵ دواتر کاتێک کە عێراق لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە داگیر کرا و ڕێژیمی سەددام ڕووخێندرا، گاڵبرەیت بوو بە ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە نەوەدەکان کاتێک کە یوگوسلاوی لێک هەڵوەشا گاڵبرەیت کاربەدەستێکی پایەبەرز بوو. ئەو تەنیا چەند مانگ دوای ئەوەی کە واشینگتۆن داوای لە کرۆواتەکان کرد کە وەدوای سەربەخۆیی نەکەون، یەکەم باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کرۆواسی بوو. ئەوەی کە کەمتر زانراوە دەوری گاڵبرەیتە لە سەربەخۆیی وەڵاتیکی خاوەن نەوت لە وڵاتێک کە زۆرینەی دانیشتووانی موسوڵمان بووە: تەیموری خۆرهەڵات. گاڵبرەیت ئەندامی یەکەم کابینەی دەوڵەتی گواستنەوە بوو و زۆر لە خەڵکی تەیموری خۆرهەڵات ڕیز لە دەوری ناوبراو لە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت و گاز لەگەڵ ئوسترالیادا دەگرن.
کوردەکان دەیان ساڵە پڕوپاگەندە بۆ سەربەخۆیی دەکەن بەڵام تۆ پێتوایە کە ئێستا کاتەکە بۆ گشتپرسی گەنجاوە. بۆ ئێستا؟
کوردەکان ١٠٠ ساڵە خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینن. ئەوان خەڵکێکن لە ناوچەیەکی جوگرافیایی دیارکراو کە زۆرینەیان ئەوەیان دەوێ و کاتێک دەبێ کاتی گونجاو بۆ ئەو کارە بێ. ئەوان دەوڵەتێک و سوپایەکیان لەسەر ئەرزی واقع هەیە. بە هۆی شەڕەکەیان لەگەڵ داعش دونیا بەشێوەیەکی بێ وێنە سەرنجی داوەتە سەر کوردان کە ئەوە بۆتە هۆی پەیداکردنی دۆستی زۆر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
تۆ باست کردووە کە وڵاتانی ناوچە و لە ئاستی جیهانیدا، یەکێک لەوان ئێران، لەوانەیە دژی گشتپرسی کوردان لە ئێستا دا بوەستن، بەڵام بە کردەوە ئەوان بە شێوەیەکی پرگماتیستی هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ دەکەن. چۆن دەتوانی ئەوە شی بکەیەوە؟
بە شێوەیەکی گشتی ئەوە بەو شێوەیە کە تۆ گشتپرسییەکت هەیە، تۆ سەربەخۆیی ڕادەگەیەنی و دوایە دونیا خۆی لەگەڵ ئەوه‌ دەگونجێنێ. لە ١٩٩١ بەولاوە بیست و هەشت وڵات سەربەخۆ بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەرەتادا دژی سەربەخۆیی هەموویان بووە جگە لە باشووری سودان. بۆ وێنە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تووندی دژی شێوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن کرۆواسی لە ژوئەنی ١٩٩١ بوو. ئەو کاتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان پاشای ڕەهای جیهان بوو بە شێوەیەک کە ئێمـە چیتر نین. جەیمز بەیکر، وەزیری کاروباری دەرەوە و دۆستی سەرکۆمار جۆرج بوشی باوک بوو. بوش هات بۆ بێلگراد، لەگەڵ سەرکۆماری ٦ کۆمارەکە کۆبۆوە و هۆشداریی لە بارەی لێکهەڵوەشاندنی یوگوسلاوی پێدان.
بەڵام سەرکۆمارەکانی کرۆواسی و سلۆڤێنیا ماوەیەکی کورت دواتر سەربەخۆیی وڵاتەکانیان ڕاگەیاند. بەڕیوەبەرایەتیی بوش هەروەها دژی لێکهەڵوەشانی یەکیەتی سۆڤیەت بوو. لە ئاگوستی ١٩٩١ سەرکۆمار چوو بۆ کییەف و وتارێکی پێشکەش کرد کە بە وتاری ترسنۆکانەی کییەف ناسراوە.
سەرەڕای ئەوە، لە کۆتایی هەمان مانگ، ئوکراین سەربەخۆیی ڕاگەیاند و ئێمە بە فەرمیی ناسیمان، هەر وەک ئەو کارەمان لەگەڵ کرۆواسی و سلۆڤێنیا کرد. ئوروپاش بە هەمان شێوە دژ بوو، بەڵام ئاڵمان و ڤاتیکان بڕیاریان دا کەلە ١٥ ژانوییە بە فەرمیی بیانناسن.
١٩٩٢ یەکیەتیی ئورووپا (کە ئەوکات ناوی هابەشیی ئورووپا بوو) سەربەخۆیی کرۆواسی و سلۆڤێنیای بە فەرمی ناسی و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لە ئاپریلی ١٩٩٢ ئەو کارەی کرد. کە واتە لە ماوەی ٩ مانگ دا ئەوە ڕووی دا.
ئێران بۆیە نیگەرانە چونکە بۆخۆی هاووڵاتیی کوردی هەن کە زۆر بە خراپی لەگەڵیان دەجووڵێتەوە، بەڵام بژاردەکانی تر یا پەیوەندییەکی دوژمنکارانەیە یا پەیوەندییەکی باش لە گەڵ کوردستانی سەربەخۆ. دەبینی کە عەقڵانییەتێک لەپشت ئەوە. کاتێک کە گشتپرسییەکە کرا و سەربەخۆیی ڕاگەیەندرا، تۆ چۆن دەتوانی جنۆکەکە لە شووشەکەی بهاوێیەوە؟ تۆ ناتوانی!
بۆ ئیسڕائیل وا سەرسەختانە پشتیوانیی لە سەربەخۆیی کوردستانی کردوە؟
بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆستایەتییەی کە ئەوان لەگەڵ کوردی عێراق هەیانە. جولەکەکان لە دوای ١٩٤٨ لە عێراق دەرکران بەڵام کوردەکان هەمیشە پاراستوویانن. ئەو جوولەکانەی کە چوون بۆ ئیسڕائیل بۆچوونی زۆر باشیان لەسەر کوردستان هەبوو، کە دژی بۆچوونی ئەو جوولەکانەیە کە لە وڵاتانی عەڕەب ڕا هاتوون کە زۆر دوژمنی عەڕەبانن و ئەزموونە تاڵەکانیان وای کردووە کە دژی عەڕەب بن و تووندئاژۆ بن. جوولەکەکانی کوردستان، کە فرەچەشنیی ئەو شوێنەیان لەبیر ماوە، داوای بەفەرمیی ناسینی کوردستانیان کردووە.
ئەزمونی تۆ لە بارەی لێکهەڵوەشانی یوگوسلاوی چەندە کاریگەریی لە سەر هەڵوێستی تۆ لە بارەی کوردستان هەبووە؟
کاریگەرییەکی زۆری هەبووە چونکە لەوێ دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن سلۆڤێنیا و کڕۆواسی بە هیچ شێوەیەک نەدەکرا یوگوسلاوی بە یەکگرتوویی ڕاگیرێ. دەکرێ بڵێی کارەسات بوو بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە ئاخۆ باش بوو یا خراپ. یوگوسلاوی لێک هەڵوەشا و نەیتوانی بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.
عێراقیش ناتوانێ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. کوردستان لە سەر ئەرزی واقع بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ سەربەخۆ بووە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەنگ دەدەن هیچ بیرەوەرییەکیان لە بارەی ژیان لە ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە نییە. ئەوان هیچکات سوپای عێراقیان لە وڵاتی خۆیان نەدیتووە، هیچکات دەسەڵاتی عێراقیان بەسەر سنوورەکانیانەوە، گومرگەکان و پلانی قوتابخانەکانیانەوە نەدیتووە. زۆربەیان عەرەبی نازانن. چۆن دەتوانن کوردستان بگەڕێننەوە بۆ عێراق؟ تەنیا لە ڕیگای هێزی بەربڵاو کە من پێم وانییە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەوەی بوێ و عێراقیش ئەو تواناییەی نییە. پێت خۆش بێ یا نا ئەوە ڕاستە و دەبێ قبووڵی بکەی.
شتێکی تر کە لە ئەزمونی کڕۆواسی وەرم گرتووە ئەوەیە کە نەدەکرا یوگوسلاوی بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە بەڵام دەکرا پێش بە شەڕ بگیرێ. شکستی گەورەی دیپلۆماسی ئامریکا ئەوە بوو کە جەختی لەسەر پێشگرتن بە شەڕ نەکرد، کە دەکرا بیکردبا و ئەوە ئاکامی کارەساتباری لێکەوتەوە.
ئەو جار ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕوسیه‌ و ئێران نابێ سەرنجی خۆیان لەسەر ئەرکی نامومکینی یەکگرتوو ڕاگرتنی عێراق کۆ بکەنەوە. ئەوان دەبێ لەوە دڵنیا بن کە لێک جیا بوونەوەکە نەبێتە هۆی بەکارهێنانی زەبرو زەنگ و دوو وڵاتە تازەکە پەیوەندییەکی باشیان بە یەکەوە هەبێ.

سەرچاوە: دەیلی بیست .. وەرگێرانی : که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور
( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)