b_300_220_16777215_00_images_SIASI_refrandum2017.jpgدەنگدان بە " بەڵی" لە ڕۆژی ٢٥ی مانگدا، بە جێگەیاندنی ئەرکی سیاسی و نەتەوەیی هەر تاکێکی کوردستانە و بە ڕێگای بەشداریکردنی گشتپرسیدا و سەرخستنی

پرسی سەربەخۆیدا، نیشانەی رەدکردنەوەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد دەگەیەنێت. هەر بۆ یە لە ڕۆژە گرینگ و مێژوویەکەی سبەیدا با هەموومان دەنگ بە بەڵێ بدەین هەتا روحی شەهیدان شاد بکەین و بزەی شادی بخەینە سەر لێوی ئەو دایك و باوکانەی ڕۆڵەکانیان لە پێناوی ڕۆژێکی وەك ٢٥ی مانگدا گیان بۆ ئازادی و سەربەستی کوردستان بەخشی. بێگوومان سبەی کوردی تێکۆشەر و ئازادیخواز و نیشتیمانی دەنگ بە نەخێر نادات و بیر لە نەهامەتی و ڕۆژە ڕەشەکان دەکاتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان نزێك بە دە دەیە خەڵکی کوردستانیان لە پێناوی ئامانجی فاشیزمی خۆیاندا چەوساندۆتەوە و کیمیاباران و ئەنفال کرا. کورد هەرگیز وەك گەلانی بەختەوەری گێتی بڕیاری لەسەر چارەنووسی سیاسی و داهاتووی نەتەوەی خۆینەداوە و ئەزموونی حوکمڕانی هەڕیمی کوردستانیش کە خەڵك ڕەخنە و گلەیان لەسەر هەیە، خۆی لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراقدا ئیدارەی خۆیکردوە و بەربەست و گیروگرفتی زۆری بۆ دروستکراوە و سیاسیەکانی ئەو وڵاتە وەك سەردەمی بەعس ویستیان دەسەڵاتی خۆیان بەکار بێنن. دەنگدان بە بەڵێ لە پێناوی نیشتیمانێکی ئازاد و دێمۆکراتیك و دادپەروەردا، هەنگاوێکە بەرەو سەربەخۆی کوردستان و لە گۆڕنانی ستەمی سیاسی و نەتەوایەتی بە دژی گەلی کورد. سەرەرای چاوسوورکردنەوەی وڵاتانی ئێران و تورکیە و بەڕادەیەکیش عێراق و پەکخستنی پرۆسەی نیشتیمانی ریفراندۆم، گەلی کورد لە باشووری کوردستان سبەی زۆر بە شانازی و سەربەرزییەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگی بەڵێیان، تەوقی کۆیلایەتی دەشکێنین. سبەی رۆژێکی گەورە و پڕشەنگدارە لە مێژووی نوێێ گەلەکەماندا و هەنگاوێکە بەرەو دروستکردنی ژینگەیەکی سیاسی و دێمۆکراتیك کە لە کوردستاندا هەموو پێك هاتە و کەمینەکان تێیدا هەست بە ئازادی و بوونی خۆیان وەك مرۆڤی سەربەست بکەن. کوردستان کاتێك بەتەواوی بەرەو گەشەکردن و دێمۆکراتیزەبوون دەچێت کە خاوەنی ئیرادەی سیاسی و نیشتیمانی خۆی بێت. زۆر بە خۆشحاڵیەوە بینیمان هێزە سیاسی و ئۆرگانە باڵاو بڕیاردەرەکان، ئەمڕۆ زۆر ئازایانە و کوردانە، سەرەرای هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە وڵاتانی دراو سێ، کورد سبەی بڕیار لە سەر داهاتوو و ئایندەی سیاسی خۆی دەدات. هەر وەك چاوەڕواندەکرێت، سبەی دەنگی بەڵێ کە دەربرینی ویستی خەڵکی تێکۆشەری کوردستانە لە پێناوی کوردستانێکی ئازاد و ئاوەدان و دادپەروەردا، بەڕێژەیەکی باش بەسەر جووڵانەوەی نەخێردا سەردەکەوێت.

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_refrandum-2017.jpgبەداخەوە زۆر شەرمە بۆ کوردێك لە ڕۆژێکی وەها مێژوویدا بە ڕێگای دەنگانی نەخێردا خۆی بخاتە نێو ئەو سەنگەرەی دوژمن لە ناویەتی. خۆزگە ڕۆڵەکانی کورد ، ئەگەر تەنیا بۆ جارێکیش بووایە بە ڕێگای ئاشتی و کۆدەنگی نەتەوەیدا و هەموویان بە یەکەوە بەرەوپیری پرۆسەی رێفراندۆم چووبان. ئەو گلەیەی لە براکەتی دەکەی ، بەو شێوەیە لە داگیرکەری کوردستانی ناکەیت،چوونکی ئەو دوژمنی خاك و خەڵك و نیشتیمانەکەمانە و زۆر ئاسایە دژایەتی پرۆسەی دێمۆکراتیکی گشتپرسی کوردستان بکات، بەڵام کە کورد لە نێو خۆیدا لە ژێر ناوی جووڵانەوەی نەخێردا دژایەتی ریإراندۆم دەکا. بەڕاستی ئەوە کارەساتی سیاسی و نەتەوەیی کە لەو هەلومەرجە زێڕێنەدا بەرۆکی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گرتووە. کەسانێك زۆر هەرزەکارانە دژایەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەکەن و دەڵێن ئەگەر دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی ڕێزدار بارزانی ڕابگەیەندرێت، ئەوە شانازییەکەی بۆ ئەو دەبێت وەك قارەمان و ڕزگاریدەری نەتەوەی ناوی دەچێتە ناو پرتووکە مێژوویەکانەوە. زۆر بەداخەین بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوە تەسك و خۆویستانە. بنەماڵەی بارزانی زیاتر لە نیو سەدەیە لە پێناوی مافی سیاسی کورد دا خەبات دەکەن و ئەگەر ئەویش دەوڵەت ڕابگەیەنێت، شانازی گەورەیە بۆ هەموو کورد. بەو هیوای ئاکامی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە دڵی ئەویندارانی سەربەخۆی کوردستان بێت.
محەممەد سلێمانی
24.09.2017

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد