zhnan_nadie.jpgپەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بە کچە کوردی ئێزەدی، خاتوو نادیا موراد

بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبر، لە وڵاتی نۆڕوێژ، نادیا موراد، کچە کوردی ئێزەدی بە هاوبەشی لەگەڵ دوکتور دێنیس موکویگی خەڵکی کۆنگۆ، بوونە براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ٢٠١٨ی زایینی. کومیتەی نۆبێل لە تویتێکدا نووسی: ئەم خەڵاتە لەبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆتایی‌هێنان بە توندوتیژیی جنسیی دژ بە ژنان، بە نادیا موراد و دێنیس موکویگی بەخشرا.

نادیا موراد چالاکی مافی ژنانی ئێزەدییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا و وەک کۆیلەی جنسی کەڵکی لێوەرگیرا. نادیا دوای هەڵاتنی لە دەستی داعش بوو بە دەنگی مەزلوومییەتی هەزاران ژنی ئێزەدی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون؛ بوو بە هاواری هەموو ئەو ژنانەی دەستدرێژی و توندوتیژیی جنسییان بەرامبەر دەکرێ؛ بوو بە نوێنەری هەموو ژنانی ماف‌پێشێلکراو لە سەرانسەری جیهاندا؛ بۆیە وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لەلایەن ناوبراوەوە، ڕوواداوێکی پیرۆز و جێی خۆشحاڵییە بۆ ژنانی ئێزەدی و کورد و بەگشتی هەموو خەباتکارانی ژنانی چەوساوەی جیهان.

نادیا موراد پێشتریش وەک پێزانینێک بۆ ئەو ئازار و نەهامەتییانەی بەسەری هاتوون و هەروەها بۆ رێزگرتن لە خەباتی بێوچانی لەدژی چەوسانەوە و توندوتیژیی جنسیی ژنان، خەڵاتی واتسلاو هاڤێلی پێبەخشراوە، هەروەها وەک باڵوێزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان و، ساڵی ٢٠١٦ش وەک کاندیدی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل دیاریکرابوو، کە بەخۆشیەوە ئەمساڵ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ٢٠١٨ی وەرگرت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خاتوو نادیا موراد دەکا و هیواخوازە کە ئەم خەڵاتە ببێتە گوڕوتینێکی زیاتر لە خەباتی ژنان بۆ بەدەست‌هێنانی مافەکانیان و هاندەرێک بێ بۆ بەربەرەکانیی دژی توندوتیژی و کۆیلەیی جنسیی ژنان.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی